پاپا لە عێراق، پەیامێکی سیاسی بۆ ناوچەکە!

Tuesday, 09/03/2021, 23:43

3346 بینراوە


سەردانی چەند ڕۆژەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس، بۆ عێراق و کوردستان دەکرێت لێکدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت کە مەبەستی من لێرەدا ئەوە نیە کە ئەوانە بدەمە بەر لێکۆڵینەوە، بەڵکو تەنها ئامانجە سیاسی یەکانی پشتی ئەم سەردانە لە چەند خاڵێکی کورتدا دەخەمە ڕوو.
پاپا و سیستانی و هەر فیگورێکی کەی دینی، سەر بە هەر دین و تائیفە و مەزهەبێک بن، لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا تەنها و تەنها بریتین لە نوێنەرانی پاراستنی قازانجەکانی نیزامی سەرمایەداری و وەبەرهێنانەوەی ئەو نامۆییەی کە مرۆڤەکان لە یەکتری دوور دەخاتەوە و وەک تاکی بێ ئێرادە بەرامبەر خوداوەند ڕایاندەگرێت تا نەتوانن لە هێزی یەکگرتووی خۆیان هەم تێبگەن و هەم بەهرەمەندبن بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی مەینەتباری ئەمڕۆیان. ئەمە ئەو ئەرکە سەرەکییەیە کە دین دەیگێڕێت لە دوورخستنەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە دوژمنی ڕاستەقینە و چینایەتی خۆی، چینی پرۆلیتاریا. بۆیە هەر کات ئەمە پێویستی بە تەبایی بوو، ئەوا بە تەبایی دەیکەن و هەرکاتیش پێویستی بە جەنگی خوێنین بوو ئەوە مرۆڤەکان بەردەدەنە گیانی یەکتری و تا ئاستی پاکتاوی ئایین و مەکتەب و مەزاهیبە جیاوازە دینیەکان دەیبەن. مێژوو شاهیدی ئەم ڕاستییەیە. 
پەیامێکی تری ئەم سەردانە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاسایکیردنەوەی پەیوەندیییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا. پرۆسەیەک کە لەژێر ناوی پێغەمبەری هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، ابراهیم، دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە و ناوی ئەویان لێناوە بۆ ئەوەی نە شیش بسوتێ و نە کەباب. تا دوێنی بە ناکۆکی و ئەمڕۆ بە ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە، چونکە ئەمڕۆ پێویستیەکانی بازاڕ و بەرژەوەندیەکانی سەرمایە لە ناوچەکەدا پێویستی بەم جێگیریە سیاسی و ئابورییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشەبکات و خۆی بەرهەمبهێنێتەوە. پەیامی پاپاش لە سەردانیکردنی بۆ ئور و مەنزڵگای ابراهیم نیشاندانی ئەم پشتیوانییە یە. مەسەلەکە ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێت لە چوارچێوەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل دا ناوچەکە ڕێکبخاتەوە بە عێراق و سوریا و ئێرانیشەوە.
مەسەلەیەکی تری ئەم سەردانە مۆلەقەیی و ناجێگیریی باری سیاسی عێراق و ساغنەبوونەوە و یەکلایینەبوونەوەیەتی کە لە چ بەرەیەکدا سەقامگیردەبێت. لە لایەک ئەمریکا و خۆرئاوا دەیانەوێت پێگەی ئێران لە ناو عێراق دا لاوازبکەن و بە قازانجی خۆیان بیشکێننەوە. لە لایەکی تریشەوە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەم پێگە بەهێزەی خۆی بهێڵێتەوە. مانەوەی پێگەی بەهێزی ئێرانیش واتە فراوانبوونەوە و جێبەجێبوونی پرۆژەی چینی کە بووەتە ترس و دڵەڕاوکێی خۆرئاوا. بۆ لێدان لەم پێگەیەی ئێران، پاپا سەردانی سیستانی دەکات و بە بەردێک دەیەوێت دوو چۆلەکە بپێکێت. لە لایەک دەیەوێت بڵێت ئێمە لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی دینی کێشەمان نیە و لەلایەکی ترەوە دەیەوێت  وا نیشانبدات کە مەرجەعیەتی شیعە سیستانی یە نەک ئێران بۆیە لەگەڵ ئەوپەیوەندیدەگرین. بە مانایەکی تر یانی پەراوێزخستنی ئێران  وەک مەرجەعیەتێکی شیعی و ڕۆلی لە ناوچەکەدا. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە لە نێوان زلهێزە جیهانیەکان و نوێنەرە ناوچەییەکانیاندا کە ئەوروپا دەیەوێت ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت تیایدا وێڕای جەڕانی لە نێوان ئەمریکا و چین دا. 
چونی پاپا بۆ کوردستانیش وێڕای ئەوەی کە لەڕووی تەشریفاتی یەوە شوێنێکی ئامنترە لە چاو سەرجەم شوێنەکانی تری عێراقدا و بۆ ئەو کارە گونجاوە، بوونی ژمارەی زیاتری مەسیحیەکان و نزیکایەتیەتی لە موسڵ و شارۆچکە مەسیحی نشینەکانی دەشتی نەینەواوە. هاوکات دەیەوێت پەیامێک بدات بە مەسیحیەکان کە بگەڕینەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێدا ژیانیان دەستپێبکەنەوە و موسڵ ئاوەدانبکەنەوە بە جێگای ئەوەی کۆچبکەن و ڕوو لە ووڵاتانی ئەوروپا بکەن. پەیامی کەمکردنەوەی مەسەلەی کۆچ و ڕووکردنە ئەوروپایە، کە ئەمە پەیامی ئەوروپایە و ڤاتیکانیش بەشیکە لێی. سەیریش لەوەدایە کە مەسعود بارزانی هیچ پۆستێکی نیە، بەڵام دەڵێی هەر سەرۆکی هەرێمە و پاپا و هەموو میوانەکان دەبینێت. 
لە کۆتاییشدا دەتوانم بڵێم ئەم سەردانەی پاپاش لە چوارچێوەی هەمان ئەو کێشمەکێشانەدایە کە لە ئەمڕۆی جیهاندا لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی دەسەڵات و بەشکردنی کێکەکە لە لایەن زلهێزە جیهانیەکانەوە  بەڕێوەدەچێت. هاوکات سەردانەکەشی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی و خۆرئاوادایە وەک لەسەرەتاوە باسمانکرد کە ئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل دا لەژێر ناونیشانی تەبایی لە نێوانی دیانەتی ئیبراهیمی دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە