گۆم تا قووڵ بێ، مەلەی خۆشە

Wednesday, 10/03/2021, 20:03

8073 بینراوە


هەریەکە لە ئایینی ئیسلام و سیستمی پادشایەتی بەریتانیا هەمان تەمەن و هەمان کێشەیان بۆ مرۆڤایەتیی هەبووە و هەیە، نەك هەر ئەو کەس و تاقم  و گەلانەی فەرمانڕەوایەتیان ئەکەن، بەڵکو بوون بە کێشەیەکی جیهانی و یەکە بە یەکەمانی تووشی دەیان دەرد  و بەڵا و ئاریشەی دوور و درێژ کردوە. 
ئایینی ئیسلام گەرچی 300 ساڵێك پێش سەردەمی ڤیکتۆریا و پادشا و شاژنی بەریتانیایە، بەڵام هەردووك بەردەوام خەریکی گەمژە کردنی کۆمەڵگاکانن و برسکیان لێ بڕیوون.
دیارە ئەو ماوە دوور و درێژەی ئەم جووت سیستەمە باڵا دەستیان کردوە و بەزەبری بەهەشتی فرە مێینە و هەنگوین و ژیانی سەرمەدی دوور لە هەر بەرپرسیارێتییەك، دوور لە ئیش و کارێك کە ئەرکی رشتنی ئارەقی خۆیانی پێویست بووبێ.. لەتەك ئەمەشدا شمشێر هەردەم  ئامادەیی هەبووە، گەر باوەڕیان پێ نەکردبێ.. بۆیە ئەوەی شاژنیش لە ناوەڕۆکدا هەر هەمان بەیت و بالۆرەیە کە بۆ نیشتمان و خەڵکەکەی بەرهەمی هێناوە.. خێزانێکی هەڵبژاردە بە زەبری ئایینی مەسیحی و شمشێرە دەنووك تیژەکەی هەرچی هاتبێتە بەر ڕێگایان وورد و خاشیان کردووە.. نەسڵەمینەتەوە لەهیچ کارێکی نامرۆڤانە بۆ ئەوەی بەردەوامی 1000 ساڵە بە خۆیان بدەن. دیارە بەرهەمی ئەو ماوە زۆرەش خستنەوەی کۆمەڵگایەکی تا سەر ئێسك، خۆبەزلزان، شەڕانگێز بووە. ئاشکراشە کۆمەڵگای خۆبەزلزان واتە کۆمەلگای ناووشیار و کۆمەلگای ئایینی و کۆمەلگای مێشك و هزر لە چاواندا. بەریتانیەکان گەرچی بە شەڕانگێزییان توانیان زۆربەی ووڵاتان بخەنە ژێر ڕێکفی خۆیان، لێ ئەوان هیچ کات خۆشبەخت و خۆشەویست نەبوون، لەهەر شوێنك بوونیان هەبێ، لەوێ شەڕ و کاولکاری و ماڵوێرانی تاکە دیاری دەستیان بووە بۆ ئەو گەل و وڵاتانە.
گاندی ئەڵێ؛ گەر دوو بۆق لەژێر ئاودا بەشەڕ بێن، ئەوا دەستی ئینگلیزی تێدایە. دیارە ئەمە لەخۆوە نەووتراوە و بەڵگەی زۆر لەبەردەستدان.. ئەمە هەمووی سەرچاوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەوایی شاژنی بەریتانیا و ئەو کلتوورەی لەگەڵ خۆیدا، دروستی کردووە. دیارە کوردیش پڕیشکی ئەو ئاگرەی بەرکەوتوە و ‌‌بەر غوبنی ئەم کەلتوورەی شاژن و دارو دەستەکەی کەوتوە و ئەو دابەشکارییەی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، باشترین دیاری ئەمانە بوو بۆ ئێمەی کورد.
بەداخەوە زۆر هەن ڕەخنە لە شێخی مەزن ئەگرن بەوەی دەستی نەخستۆتە دەستی ئەمانەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەمانە داگیرکەر بوون و هاتوون تەنها بۆ نانەوەی کێشە و بەرپاکردنی جەنگ، لە تەك ئەمەش دزینی سامانی ووڵات. شێخی مەزن بەڕێزەوە ئاڵاکەیانی زۆر بەجوانی پێچایەوە و داوای لێکردن ئەم ئاڵایە لە لەندەن هەڵبکەن گەلێک باشترە وەك ئەوەی لێرە بێ.
لەبەر زۆری چەوتی و هەڵە کەڵەکە بوەکانی (ئیسلام و شاژن) کات چیتر ناتوانێ داکۆکی لەمانەوە و بەردەوامیان بکات، ئەوەندە ناڕێکی و چێڵیان هەیە ئێدی کار لەکار ترازاوە و بەهیچ هێزێك ناتوانرێ بخرێنەوە سەر ڕێگای ڕاست.. ئەم دوو سیستمە توانای چاکسازیان نەماوە و ئەوەندەی کون و کەلەبەری تیا دروست بووە کە ئەستەمە چاک بکرێنەوە
ئیسلام لە دوای قاعیدە و داعش و هاوشێوەکانی و شاژن لە ڕێگای سیستمی ڕەگەزپەرستیانەی بۆ خاتوون (مێگان مێرکل) ئەو ڕاستیەی بۆ هەموان دەرخست، کە ئەم شاژنە و سیستمەکەی بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان دەچێ، چیتر ناتوانێ بەردەوامی بۆ خۆی بدا. ئەو 2 دەمژێرەی (ئوپرا) لەگەڵیاندا دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەوا چۆن شاژن و دارو دەستەکەی جگە لە کۆمەڵێک مرۆڤی رەگەزپەرست و تەمەڵ و تەوەزەل ، هیچی تر نین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە