بەرەی “جود” و هەڵوێستێکی مێژوویی ” پاسۆک”

Thursday, 03.11.2021, 10:19

466 بینراوە


 گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە کۆنە، لەو ڕوانگەوە نییە، بمانەوێ بە قسە خۆ بکەینە پاڵەوانی ڕۆژانێکی بەسەرمان بردووە و تێیدا تێکۆشاوین. ئاخر هەرچیمان بۆ دۆزی نەتەوەکەمان کرد بێت،
نە منەتە بەسەر کەسەوە و بە لای خۆشمانەوە لە ڕووی پرنسیپیشەوە هێشتا لە ئاستی گەورەیی و قوربانی دۆزە  پیرۆزەکەدا نین. بۆیە ئەوەی لێرەدا بەرچاو دەخرێت ، زیاتر  وەڵامدانەوە و پێداویستییەکی ناچارییە بۆ ئەوانەی پێشوەخت بڕیاری خۆیان داوە، هەر خەریکی دژە کوردایەتی بن و نکۆڵی بکەن لە واقیع و مێژوو و بەردەوام بە مەبەست و بێ مەبەست کوێرانە تفەنگ بەتاریکییەوە بنێن و شەلم کوێرم بەدەوری خۆیاندا زرمەزلێی کوتەک وەشاندنیان بێت. دەستی ئەوانە ئاشکرایە کە ئەم کارە دەکەن بۆ گەیشتن بە مەرامی گڵاوی خۆیان. هەروەها دیسان ئێمە دەزانین بۆ؟! ئەوانە لە پەستا ھێرشی نا بەرپرسایەتی دەکەنە سەر بیروباوەڕی نەتەوەیی و بە دیارکراوی ئەو ڕۆژە گەشانەی کە پارتی سۆسیالیستی کورد ـ  پاسۆک لە سەرەڕێی خەباتێکی ھۆشەکی/ عەقلانی دا بۆ دۆزی باڵای کورد و کوردستان و لە ڕۆژگارێکی ھێجگار سەختی فیکری و سیاسی و سەربازی ئەنجامی داوە.

جۆری ھێرش و ڕەخنە و بیانووی داتاشراویان کە بەردەوام دەیکووتنەوە بریتییە لەوەی:

” کوردایەتی، دابڕا و داخراوە و نەیوانیووە لەسەر گۆڕەپانەکە نزیکی جەماوەر و ھێزە سیاسییەکانی دیکە بێت.. نەتەوەییەکان، نیگاتەسکن بەرامبەر بە بزافی دیموکراسی لە عێراق و ڕزگاریخوازی عەرەب لە دژی دوژمنەکانی .. و دابڕاون و باوەڕیان بە چ ھاوپەیمانێتێکی نێو گەلان نییە”.. و ڕستێ تۆمەتی تریش، کە زادەی دەروونی نەخۆش و باوەڕی سەقەتی خۆیان و حەزە نەزۆکەکانیانن.
نابێت بیشارمەوە، ئەو دەستە و تاقمەی خەریکی ئەم ورووژاندن و پف هەڵدانەن، هەر ڕۆژە لەسەر پەتێک سەما دەکەن و لەژێر دەمامکێکی سەیروسەمەردا ڕوخسیان داپۆشیووە، دەیانەوێ ڕاستییە مێژووییەکان بشێونن، بەمەبەستی  ورووژاندنی هەرزانە و بەرزکردنەوەی گێجی چاوی دۆڕاوەکانی مەیدان و شەڕانگێزەکانیان و ختووکەدانی ھەستی ئالوودەبووانی ژەھر و تاعوونی ئایدۆلۆژی. . دەنا کەسێک بیەوێ قسەی ڕژد و گردەبڕی بابەتی ھەبێت لەسەر پرسێک، لێکۆڵینەوەیەکی ئاکادیمی ئەنجام بدات، یاخود خودی مێژووی ڕووداوەکان وەک خۆی بنووسێتەوە و تۆمار بکات، دەبێت کەمێک لە باسەکەدا قووڵ بێتەوە و سەراسوێییەک بکات و بگەڕێ بەدوای ئارگومێنت و بەڵگەکان دا.
ئەو دەستەیەی تووشی ئەم ئینتەلا و ھیستریا حیزبی و ئایدۆلۆژییە بوون، ڕوخاسارێکی ئاژاوەگێڕ و قەڵەمێکی ڕووزەردن، دەنا بایی خوێندنەوەیەکی واقعی خاک و نەتەوە و پرنسیپێکی چەسپاوی دنیای مۆدێرنەی دیموکراسی و گەرەکە ئەوانی دیکەیان قبووڵ بێت و گەر بە پەڕۆشیشن وا  دەبێ ئەتمۆسفێڕێکی ئایەتییان بخوڵقاند بۆ گفتوگۆی پرسە هەستیارەکان. بەواتای ئەوەی واقیع و ڕاستییەکانیان لە خەڵکانی نەتەوەیی دەسەلماند- ھەر نەبێت لە کاتێکدا ھەموو ، بێ جیاوازی ملمان لەژێر ڕەحمی چەقۆی داگیرکەردایە- نەتەوەییەکانیش پێویستە ھەبن و ئازادانە بیروڕای خۆیان گوزارشت لێ بکەن.
لەبەر ڕۆشنایی واقعی ڕووداوەکان دا، من کە بەشێکم لەو مێژووە پڕ لە سەروەرییە و ھاوکات کەسێکم باوەڕی قوڵم بە ڕاستی و ھەق ھەیە، ناچارم لێرەدا، لە سێبەری گەڕانەوە بۆ رووداوگەلێک کە بوونەتە مێژوویەکی تۆمارکراو و تازە ھێز نییە بتوانێ بیان سڕێتەوە، بەدەنگ بێم و جارێکی تر بە بەڵگە و نووسین ئەو دڵ ڕەشانە بێدەنک بکەم،کە بەداخەوە بێدەنگ نابن،وەک بڵێی ڕاسپێردراون.
وەڵامەدانەکەشم ڕاگەیاندنی شەڕ نییە، بەڵکو تووڕەبوونە لەو دیاردەیەی ئەو دەستەیە! ھەوڵی ڕەوایەتی دانی بۆ دەدەن،دیارە شێوندنی مێژوو و هەڵبەستنی چیرۆکی ناڕاست، لە مەیدانی مێژوو و فیکر و سیاسەت دا. ھەر وەک چۆن هەموو شتێکی ناهەق و دزێو تووڕەمان دەکات.
ئەم بەڵگەنامەیەی پاسۆک کە لێرەدا بەرچاوتانی دەخەین کە بەرپەرچی بەیاننامەیەکی بەرەی جودە کە (بزووتنەوەی نیشتمان عێڕاقی”واتە جودی!” بە بەشێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبی داناوە). ئێمە هەوڵ دەدەین  لە پاڵەوە داوە تیشکێکی ڕووناککەرەوە بخەینە سەر مێژوو و پێشخان و پاشخانی باسەکە. لە ڕاستیدا وەک فاکت خودی بیرخەرەوەکەی پاسۆک بۆ خۆی  سەروبۆری بۆ گشت وشە و ڕستە و چەمک و ستراتیژ و ریال پۆلەتیکی ئەو ڕۆژگارە کردووە. بێ شەرم و منجەمنج گەڵاڵەی بیر و کاری خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی و عێراقی و عەرەبی و جیھانی خستۆتە ڕوو. بە کورتی وەک مانیفێستێکی نەتەوەیی هێڵە درشتەکان و شادەمارەکانی بیروباوەڕ و تێڕوانین و ئامانجی خۆی لە خەباتی فیکریی و سیاسی نەخش کردووە. لەوانە قسەکەردن لەسەر :{{ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی چەوساوەی جیهان، پرسی دیموکراسی، پرسی دژە بەرەی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و کۆنەپەرست و دارودەستەکانیان، داوای هاوکاری و هەرەوەرزی نێوان نەتەوەکان، خەبات بۆ بەرەی بندەست و جەوساوان و بەرەو سۆسیالیزم، داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس، هەقیقەتی هەبوونی بزووتنەوەی کوردایەتی و ناسنامە و پێگەی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و باسوور بەتایبەتی..هتد}}. ئێمە لێرەدا دەتوانین ئەم مانیفێستە / بیرخەرەوەیە، یاخود بەیاننامەی ناڕەزاییە کە لە خودی خۆیدا هەڵوێستێکی بێ هاوتا و نیشانەیەکی گەورەی هەڵوێستی نەگۆڕی پاسۆکە بۆ گەلێ پرسی گەوهەریی و چارەنووسساز بە دوو دیودا بخوێنینەوە:
١ـ  دیوێکی بریتییە لەو بەرچاو ڕوونی و باوەڕ و دیدە گەش و فراوانەی تۆمار کراوە، بەرامبەر بە ھێز و لایەنەکانی تر سەر گۆڕەپانی خەبات و سەنگەری بەرەنگاریی لە قۆناخێکی هەستیاریی خەباتی چەکداری دا. لە دروسترین فۆڕمدا قبووڵکردنی ئەوانی دیکەیە !! و سەنگەری خەباتەکەیانە. لە کاتێکدا بەشێکی دیاری ئەوانی دی، سەرمەستی یۆتۆپیای ئایدۆلۆجی و خەونی پەمەیی پارتی پێشڕەو و تەنیا چینی کرێکار بوون. پێم وایە ھەڵوێست و دید لەم ڕوونتر و گەشتر و واقیعیتر و پرەنسیپیتر و ڕاستگۆیانەتر نییە، بەرامبەر بە واقعی سیاسی لە عێراق و جیھانی عەرەبی و ھەڵوێست بەرامبەر بەھێزە کۆلۆنیالیست و جیھانخۆرە خوێنمژە دژە دیموکراسی و مافی گەلان..
ھاوکات ھەڵوێستی بێ گەرد و تۆز لێنەنیشتووی کورد لە ھەمبەر پرسی ناوەندی عەرەب، کە کێشەی فەلەستینە. کەس هەڵوێستی وا ڕوون و ئاشکرای دەرنەبڕیووە. لە کاتێکدا ھیچ مەرامێکی سیاسی نەبێت، بەڵکو زادەی پرنسیب  و بنەمای باوەڕی چەسپیویی بێت. بەڵام دیارە ئەوان ئەوەیان لە ئێمە دەوێ، واز لە کوردبوون و دۆزەکەی بهێنین و بچین یەخەی ئیسرائیل بگرین بۆ خاتری عروبە!!.  کەواتە ئەوەندەی لە حیزبێکی نەتەوەیی کورد چاوەڕێ بکرێ، کە ھەر نەبێت! ئەوە مێژوویەکی دوورودرێژە بە ناوی عروبەوە دوو پارچەی نیشتمانەکەی بندەستی عەرەب بێت و دەسەڵاتدارانی ئەو دوو دەوڵەتە بە نامرۆڤانەترین ڕەفتار دژی کورد وەستاونەتەوە و ھەوڵی لەناوبردنی دەدەن.
ئیدی بۆچی ئەم ڕاستییانە کەس باسیان لێوە ناکات بەدوایاندا وێڵ نییە؟!، یاخود بۆ مەبەستگەلێک ئاماژەی پێ نادەن!. ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە،کە ئەوان پێڕەوی لێ دەکەن و دەچێتە خانەی ئەو شێواند و پروپاگەندانەوە کە خودی بکەرەکانیش چ سوودێکی ستراتیژی لێ نابین، ئاخر ھەق و ڕاستی گەورەتر و بەھێزترن لە ناھەقی و درۆ.
٢-  دیوەکەی تریشی بریتییە لە جەخت کردنەوە لەسەر ڕاستینەیەکی مێژوویی. ڕاستە پاسۆک ئەندامی بەرەی « جود » بووە. ئەندام بوونەکەشی بەناچاری بوو،لەبەرئەوەی باوەڕی بە بەرەکی عێراقی نەبووە،با هەموو هێزەکانی پێکهێنەرەکانیشی هێزی کوردستانی بوو بێت. هۆکاری هەرە سەرەکی  ئەوە بوو پاسۆک  بەرگەی گورزی ھێزێکی گەورەی وەک یەکێتی نەدەگرت، کە لەو سەردەمەدا! مافی ڤیتۆی بە ڕووی بوونی پاسۆکدا ڕاگەیاند بوو.
دروشمی پێکهێنانی “بەرەی کوردستانی” شتێکی نوێ نەبوو لە فەرهەنگ و ئەدەبیات و بیرکردنەوەی  ھاوبیرانی نەتەوەیی دا. پێش ھەرەسی شۆرشی ئەیلوول داوای پێکھێنانی بەرەیان کرا. دوای ھەرەس بە پرۆژە و بەرنامەوە چوونەتە لای ھەموو لایەنەکانی سەر گۆڕەپانەکە و داوای پێکھێنانی « بەرەیەکی ھاوتای یەکسانیان کردووە» . کەچی کە بەرەی نیشتمانی عێراقی/ جود لە مانگی1/1980 دروست بوو، پاسۆک دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە مانگی 1982/5 تێیدا بووە ئەندام بە پارێزەوە و چوار سەرنجی تایبەتییەوە.* بنۆڕە ل ٨٥،( کورتەباسێکی بەرەی کوردستانی) ئازاد مستەفا ١٩٨٨ سوید. جود بۆ خۆی بەرتەکێکی/ ردفعل بەرەی جبهە وطنیە قومییە دیمراطیە”جوقد” بوو. لە جوقد دا یەکێتی وەک ھێزێکی کوردستانی داینەمۆ بوو! لە جوددا پارتی ھێزی سەرەکی و مەیدانی بوو . ھەلومەرجێکی سەربازی پاسۆکی ناچار کرد درەنگانێکی درەنگ بێتە ئەندام.  بۆ مێژووش دەبێ بڵێین کاتێ لە جودیشدا ئەندام بووین،  بەردەوام داوای پێکھێنانی بەرەیەکی کوردستانی جیاواز لە جود و جوقدی بە بەشداری هەمووان دەکرد…
کەواتە کاتێ پاسۆک دەبێتە ئەندامی جود نێتی ئەوە نەبووە شەڕی ناوخۆ گەرم تر بکات و برینەکان قوڵتر بکاتەوە. بەڵکو بۆ خۆپارێزی و مانەوە بووە، ئاخر یەکێتی لە خوێنی پێشمەرگەکانی شەڕی ھەکاری خۆش بوو لەگەڵ پارتیدا ڕێک کەوت، کەچی سەرکردایەتییان ھەمیشە دژی ڕێکەوتن بوو لەگەڵ پاسۆک بەهۆی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی گەڕەدێ- شەڕی نێوان پاسۆک و یەکێتی-..
بەڵێ پاسۆک ئەندامی جود بووە، لێ لەسەر ھەژماری پرسە نەتەوەییە گرنگ و پرنسیپە ھەستیارەکانی دۆزەکەی نەبووە. لە هیچ هەلومەرجێکدا پاسۆک ئامادە نەبووە دەستبەرداتی بنەما سەرەکییەکی دروشمە گەوهەرییەکانی دۆزی نەیەوەی کورد بێت. ئەم هەڵوێستەی پاسۆک لە چوارچێوەی جوددا، بەرامبەر بە سێ هاوپەیمانی “پارتی و سۆسیالیست و حشع”  کەموزۆر لایەنگر و خاوەن باوەڕ و نووسەری بەیانەکە بوون،شتێکی تاقانە و چاوەڕوان نەکراوە. هاوکات بۆ پاسۆک لەو بارودۆخە گەمارۆدراوەدا، ئازایەتییە ئەدەبییەکە ئەوەیە، ھەم بیروڕای ئازادانە خۆی دەبڕی و لەسەر لادان و بەھەڵەدا چوونەکان بێدەنگ نەبوو. ھەمیش سەربەخۆیی فیکری ناسنامەی دۆزی نەتەوەیی خۆی پاراست و لەدەست نەدا.
ئەم بەڵگەنامە لە زۆر ڕووەوە دەکرێ قسەی لەسەر بکرێ، من وەک دیکۆمێنتێ هێناومەتە بەردەم ڕۆشنبیرانی کورد و تیشکێکی ڕووناککەرەوەم خستۆتە سەری.  ھەروەھا وەک وەرامێکی توند بۆ ئەوانەی نکۆڵی لەمێژووش دەکەن… کورد وتەنی « مشت لە درەوشە دەگەڕێتەوە» بریا ناچاری ھێنانەوەی ئەم بابەتە نەبووینایە، بەڵام کاتێ لۆژیک و زانست و بابەتێتی پێشێل دەکرێ، ناچار دەبێت بچیتە خانەی بەرگری سەختەوە و بەھەر ئامڕازێک بێت داکۆکی لەو ھێرشە دڕندانە بکەیت کە کراوەتە سەرت.
دیارە شێواندنی مێژوو یاخود پەردەپۆشکردنی ھەق و ڕاستی نە بۆکەس دەچێتە سەر و نە خزمەتی ڕاستەقینەش بە کەس دەبەخشێ… دەبا جارێکی تر دەست بە نووسینەوەی مێژووی ڕاستەقینە و بێ گرێ و گۆڵی نەتەوەکەمان بکەینەوە. نە کەس بکەینە سۆپەرمان و فریشتە و بلیمەت و ئەندازیار و پێشڕەو و نە کەسیش بە گەندەپیاو و دێوزمە و هیچ لەباردا نەبوو و تێکدەر و پاشکۆ و پەراوێز… نە  تاقە بیر و ڕێبازێک بپەرستین و نە یەکێکی تر بەر نەفرەت بدەین. پێویستە  قوڕێکی ڕەشی خەست بدرێ بە سەرچاوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەدا. لاپەڕەیەکی نوێی نووسینەوەی ڕاستییە مێژووییەکان هەڵدەینەوە. بە بێ ئەنجامدانی ئەم کارە لە پێویست پێویسترە، ناتوانین لە ڕابوودومان بگەین و مەحاڵیشە ئایندەش بە دروستی بخوێنینەوە….
هیوادارین ئەوانەی لەمەودوا دەیانەوێ مێژووو بنووسنەوە، توێژینەوە لە بیر و هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکاندا بکەن، تیشکێ بخەنە سەر مێژووی فکر لە کوردستان دا، باشتر و بە پەرۆشانەتر خۆیان ماندوو بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەرێتی قەرەبالغی و میدیای زارقەرەباڵغ و هەوڵە گوماناوییەکانی ئێرە و ئەوێ و سیاسی و نووسەرە درۆزنەکانەوە.
شایانی گووتنە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لەم چەشنە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابووردی خەباتی نەتەوەیی و سیاسیدا بەرچاو ناکەوێت. بەوپەڕی ڕاشکاویشەوە دەڵێین: لە ئەرشیفی هیچ حیزبێکی تردا نییە. بۆیە بیرخەرەوەیە چەند وەک مانیفێست دەبین هاوکات هێندەش لامان پارچە گەوهەرێکە.  شانازی پێوە دەکەین،چونکە هی ڕۆژە سەختەکانە وپاسۆک دەرفەتی فراوانی دەربڕینی دیکەشی هەبوو. بەڵام هەڵە و نەزانی و نێت خراپی ئەوان، ئاسۆی بیرکردنەوەی بەردەم پاسۆکی لێڵ نەکرد. هەربۆیە “کانی” بیری نەتەوەیی چەند ئاوەزمەند و هەبووەیکی ئەقڵی خۆڕسک و هەڵقوڵاوی نێو واقعی ژیانە و چەند سازگار و ڕوونە، بیر و هەڵوێستی پاسۆکیش زادەی ئەو هەڵکەوتە و جۆگەلەی ئەو کانیاوەیە.

سەرنج: بەیاننامەکەی “جود” هی سەرەتای مانگی 1.1984 وەڵامەکەش هەر بۆ ئەودەمە دەگەڕێتەوە.. من وەک خۆی بیرخەرەوەکەی پاسۆکم چاپکردۆتەوە،وەک ئاسانکارییەک بۆ خوێندنەوە،تاوەکو  بۆ خوێنەر ئاستەنگ دروست نەبیت. هاوکات هەندێ و  وشە و زارەوەی عەرەبی تێدایە،کردوومەتە کوردی.