دیارە شێواندنی مێژوو یاخود پەردەپۆشکردنی ھەق و ڕاستی نە بۆکەس دەچێتە سەر و نە خزمەتی ڕاستەقینەش بە کەس دەبەخشێ… دەبا جارێکی تر دەست بە نووسینەوەی مێژووی ڕاستەقینە و بێ گرێ و گۆڵی نەتەوەکەمان بکەینەوە. نە کەس بکەینە سۆپەرمان و فریشتە و بلیمەت و ئەندازیار و پێشڕەو و نە کەسیش بە گەندەپیاو و دێوزمە و هیچ لەباردا نەبوو و تێکدەر و پاشکۆ و پەراوێز… نە تاقە بیر و ڕێبازێک بپەرستین و نە یەکێکی تر بەر نەفرەت بدەین. پێویستە قوڕێکی ڕەشی خەست بدرێ بە سەرچاوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەدا. لاپەڕەیەکی نوێی نووسینەوەی ڕاستییە مێژووییەکان هەڵدەینەوە. بە بێ ئەنجامدانی ئەم کارە لە پێویست پێویسترە، ناتوانین لە ڕابوودومان بگەین و مەحاڵیشە ئایندەش بە دروستی بخوێنینەوە….
هیوادارین ئەوانەی لەمەودوا دەیانەوێ مێژووو بنووسنەوە، توێژینەوە لە بیر و هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکاندا بکەن، تیشکێ بخەنە سەر مێژووی فکر لە کوردستان دا، باشتر و بە پەرۆشانەتر خۆیان ماندوو بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەرێتی قەرەبالغی و میدیای زارقەرەباڵغ و هەوڵە گوماناوییەکانی ئێرە و ئەوێ و سیاسی و نووسەرە درۆزنەکانەوە.
شایانی گووتنە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لەم چەشنە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابووردی خەباتی نەتەوەیی و سیاسیدا بەرچاو ناکەوێت. بەوپەڕی ڕاشکاویشەوە دەڵێین: لە ئەرشیفی هیچ حیزبێکی تردا نییە. بۆیە بیرخەرەوەیە چەند وەک مانیفێست دەبین هاوکات هێندەش لامان پارچە گەوهەرێکە. شانازی پێوە دەکەین،چونکە هی ڕۆژە سەختەکانە وپاسۆک دەرفەتی فراوانی دەربڕینی دیکەشی هەبوو. بەڵام هەڵە و نەزانی و نێت خراپی ئەوان، ئاسۆی بیرکردنەوەی بەردەم پاسۆکی لێڵ نەکرد. هەربۆیە “کانی” بیری نەتەوەیی چەند ئاوەزمەند و هەبووەیکی ئەقڵی خۆڕسک و هەڵقوڵاوی نێو واقعی ژیانە و چەند سازگار و ڕوونە، بیر و هەڵوێستی پاسۆکیش زادەی ئەو هەڵکەوتە و جۆگەلەی ئەو کانیاوەیە.