رزگار رانگور

https://www.facebook.com/rzgar.rangur/


ڕەغدی سەدام حسێن چیدا بە گوێماندا 

Thursday, 03.11.2021, 22:15

2620 بینراوە


کەمایەسی میللەتەکەمان لەوەدایە کە دوژمنەکانی ناخوێنێتەوە، هەرکاتێکیش دوژمنەکەت نەناسیت، ئەوە نەک ناتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنی..! بەڵکو هەمیشە دۆڕان دەچنیتەوە.لەدوایی ڕوخانی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی عێراق، گرتنی سەدام حسێن و دادگایی کردنی، دوایش لەسێدارەدانی، کچە گەورەکەی سەدام " رەغد" بووە کارەکتەری ناو کایە سیاسییەکان و دەم وچاوێکی نوێ بۆ سیاسەت.
 لەیەکەم دەرکەوتنی کە کەیسی دادگایی باوکی گرتە ئەستۆ بە لەچکێکەوە خۆی نمایش کرد، وەک باوکە دیکتاتۆرێک دەرکەوت بە قورئانێکەوە لەناو دادگادا وەک قوربانیەک و زوڵم لێکراوێک خۆی پێشانی جیهان دەدا.
هەردووکیان زۆر ئاگایانە پەیامیان دەدایە جیهانی ئیسلامی، کە ئەوانە قوربانین و زاڵمێک زوڵمیان لێدەکات.لەو سەرو بەندەدا بەردەوام هێرشی چەکداری و تەقینەوە عێراقی کردبوو بە بەدۆزەخ، هەمووان وایان دەبینی کە" ڕەغد" لەپشتی ئەو گۆڵمەزانەوەیە کە ڕوودەدەن.
نوری مالیکی: سەرەک وەزیرانی ئەوسای عێراق لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی "ئەنتەرپول"وە داوای دەستگیرکردنی رەغدیان کرد، بەڵام پاشای ئوردن ئامادە نەبوو رەغد ڕادەستی کەس بکات، ئەستێرەی ئەم ژنە لەچک بەسەرە دەستی بەدرەوشانەوە کرد و وەک تارمایی مایەوە و هەواڵی گرتنەکەی تەنها مێدیاکانی ڕەش کردەوە.پاش چەندساڵێک دوایی لە سێداردانی سەدام حسێن کچەکەی رەغد واتە کچەزاکەی سەدام حسێن بەکتێبێک گۆمی بێدەنگی خێزانی سەدامی شڵەقاند.
دایکە مۆدێلەکەی یارمەتی داوە تا کات و مێژووەکەی بۆ ڕاستکاتەوە و ناوی هەندێ کەسی پێبڵێت کە هەڵە نەبێت لەناوهێنانیاندا.
 من کتێبەکەم نەخوێندۆتەوە، بەنیازیش نیم بیخوێنمەوە نە ئەم کتێبە و نە کتێبە چاوەڕوانکراوەکەی دایکە مۆدێلەکەی.
 بەر لەوەی باسی ئەم چاوپێکەوتنەی رەغد سەدام حسێن بکەم، لام باشە ئاماژە بە دووخاڵ بکەم کە بەڕاستی سەرنجیان راکێشام.
یەکەمین: تاکی چ گەلێک هەیە جگە لە ئێمەی کورد ئاوا بەعەشقەوە، ئەم قسە پوچانەی دوژمنەکەی وەرگێڕێت و بەدەنگێکی ناسک و پڕسۆز دۆبلاجی ئەم قسانە بکات ؟ کە نەک سودی بۆ گەلەکەمان نییە، بەڵکو زیانە و ئەو چەواشەکردنی ئەو مێژووەی کە بەعس و بسەدام بەرامبەر بە کورد کردوویانە و مێژووی هەموو ئازارەکانمان بەدرۆ دەخاتەوە، ئەو پەیامە دەدات کە "سەدام حسێن" هیچ خراپەیەکی بەرامبەر بە کورد نەکردووە و بۆ خۆی پەپولەیەک بووە کە لەم چڵ ئەڕوات بۆ ئەوچڵ.
دوهەمین: چ شەرمەزاریە کە " ڕەغد سەدام" لە هەولێرو گەڕەکی وەزیران ئەم چاوپێکەوتنە بکات و دەیان چەکدار و پاسەوان پارێزگاری لێبکەن، خاوەن بەرنامەش گاڵتە بە بینەرەکەی بکات بڵێت: خانمی ڕەغد بەخێر بێیت بۆ دوبەی و بۆ قبوڵکردنی ئەم میواندارییە، ڕەنگە بێتەوە بیرتان کە "نێچیربارزانی " جارێک لە جاران ووتی: هەولێر دەکەمە دوبەی.
سڵاو گەنجەکان...!
خانمێک بەدەمامکێکەوە قژی مێش کردو ەو بەرگێکی شیکی لەبەردایە، دەمامکە لادەدات و دەڵێت: چیتان بوێت باسی دەکەم، بەڵام نهێنی نادرکێنم.
 تەلەفیزۆنی "عەرەبیە" ئەم چاوپێکەوتنەی کردووە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆمن وەک بینەرێک پێشکەشکاری بەرنامەکە 
"سەهیب شراید" کە پێشکەش کارێکی بەئاگاوە و بەڕاستی هەستت دەکرد خۆی نەک ئامادە کردبوو، بەڵکو زۆر وردەکاری هێنایە باسەکەوە، کە شایستەی ئەوەیە پێشکەشکارە کوردەکان لێوەی فێربن، پێشکەشکارەکانی نیشتمانە کڵۆڵەکەم ئاوا خۆیان فێری ئەتەکێت بکەن، کاتێک کەسێک دەهێنن لەسەر بابەتێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکەن، لایەنی کەم کەسی بانکراو بخوێنەوە و بیناسن و خۆیان هیلاک بکەن، نەک پرسیاری لاواز و هیچی لێبکەن، کە دوواجار مرۆڤ شەرم دەکات ئەو کاتەی کوشتوە بەدیار ئەم چاوپێکەوتنەوە کە پڕە لە پوچی و هیچی لێ فێرنابین.هەرئەوەشە کە وای کردوە یەک بەرنامەی ئێمەی کورد وەرنەگێڕێت، جگە لە دەزگا مخابەراتەکان کە سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکەن و ئەرشیفی هزر و بیرکردنەوەمان کۆ دەکەنەوە و وەک چەکێک دوایی لەدژمان بەکاری دەهێنن.
 دوا نیوەڕۆیەک کە ڕەغد لە خەو بەئاگا هاتووە باوکە پەپولەکەی لەسەر چرپاکە دادەنیشێت و ڕوو لە ڕەغد دەکات و لێی دەپرسێت کچە نازدارەکەم هاتونەتە خوازبێنیت، تۆ ئازادیت، دەتوانی وەڵام بدەیتەوە بەدڵی خۆت، هاوسەری داهاتووت هەڵبژێری، سەدامی باوک دەڵێت: دەپرسم دەتەوێت شوبکەیت بە "حسێن کامیل" 
رەغد سەدام تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بووە، هەست دەکەیت لەناو خێزانی سەدام حسێن دا نەک باوکسالاری، بەڵکو نێرینە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە، رەغد ڕازی دەبێت، بەڵام وانمایش دەکات، کە بەڵێ عەشق ئەو بڕیارەی پێداوە، بیرمان نەچێت، دواجار ئەو کچی سەدام بوە و هیچ هەڵبژاردنێکی تری نەبووە.کورد ووتەنی حەدی چییە ڕازی نابێت !
لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئەی "حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی " لە کوێ ئەم بەشودانە جێگەی گرتووە، کە سۆسیالیم ئایدیای بووە ؟ 
ئایا ئەمە یاسای هۆزەکان و قەبیلەکانە جێگەی بە ئایدۆلۆژیا تەنگ کردووە، یان تەنها ئایدۆلۆژیا فریودانێک بووە کە پڕبووە لە پوچی ؟ 
ڕەغد دان بەوەدا دەنێت: کە سیستەمی عەشایەری، یان هۆز لەسەرو هەموو یاساکانەوە دانراوە، ئەوەتانێ کاتێک سەدام لە لە"حسێن کامیل " دەبوورێت و رەغدی پێتەلاق دەدات و دووری دەخاتەوە، عەشرەت و هۆز ڕێگە نادەن و ئەم لێخۆشبوونە بەهەند وەرناگرن، لەماوەی ١٦ دەمژمێری شەڕدا هەموویان بە براو لایەنگر و پاسەوان و چەکدارەکانیەوە لەناو دەبەن و کۆتایی بە پیاوە دراوشەواکەی عێراق دەهێنن.کە ئەڵێم درەوشاوە ئەوە قسەی سەرکردەیەکی کوردە، هەروەها ڕەغد سەدام کاتێک باسی حسێن کامیل دەکات، وەک خۆی ووتەنی "گرێند دایزەر" بووە و درەوشاوەتەوە، ئازا بەهەڵمەت پیاوی کارو کردار بووە، دیارە ڕەغد بەخۆی دەڵێت: "گرەیند دایزەر" کاتێک ئەنتەرپول ناوی دەخەنە لیستی داواکراوەکان.
 کە دێتە سەر خێزانەکەی وا وێنەیان دەکات، کە خێزانێک بوون پڕبوون لەج وانی، نمەک حەڵاڵ، دینداری، نمونە لەسەر عودەی برای دەهێنێتەوە و دەڵێت: عودەی برام هەموو هەفتەیەک دوو ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو، ڕۆژی دووشەمە و ڕۆژی پێنج شەممە، عودەیمان لێدەکاتە حەلاج.من کتێبی "من کوڕی سەدام بووم "بیرکەوتەوە کە هاوشێوەکەی عودەی باسی کەسایەتی عودەی دەکات تەنها بۆ بیر هێنانەوە کە بەدڕەوشتێکی وەک عودەی لە سەیرانگەی "حەبانیە" چۆن دەستدرێژی دەکاتە سەر بوک و زاوایەکی گەنج و بە دڕەندەترین شێوە لەناویان دەبات، داخۆ ڕۆژووگرتن دەکارێت ئەم بەدڕەوشتیەی بۆ دیزە بەدەرخونە بکات، یان لە یوتوب سەیرکەن کە چۆن سەرسەریەکی وەک عودەی تەقەدەکات لە بنمیچی هۆڵەکە لە دیسکۆتێکێکی بەغداددا، پێدەچوو تازە ڕۆژۆکەی شکاندبێت.
هەمیشە عودەی دەمانچەیەکی پێبوو تەنانەت ئەو دەمانەی کە شەل و گۆچیش ببوو دوایی بریناربوونەکەشی.عودەی کەسایەتیەک بوو وەک دەڵێن: سەربازێک لەهیچ جەنگێکدا شەڕی نەکردبوو، تەنها وەک کۆمەڵێ داماوی تر بەچەکەوە وێنەدەگرن وادەزانن بەوە ئازا دەبن و خۆیان نمایش دەکەن و پوچی خۆیانیان بە وێنەگرتن لەگەڵ چەک پڕدەکەنەوە.
ڕەغد کە دێتە سەر حسێن کامیلی مێردی و باس لەچاوپێکەوتنێک دەکات لە کەناڵەکانەوە لە ئوردن کراوە و رەغد لەکەناڵی تێڤێوە دەیبینێت، کە حسێن کامیل باس لەگۆڕینی ڕژێمی عێراقی دەکات.
 ئاوا دەڵێت ڕەغد: پێم سه‌یربوو، كه‌ ووتی: ده‌بێت سیسته‌می حوكمڕانی له‌ عێراق بگۆڕدرێت، دوایی ئه‌وەی کە گەڕایەوە ماڵەوە شەڕێکی توندمان کرد، راستەوخۆ بڕیارمدا جێی بهێڵم و بگه‌ڕێمه‌وه‌ عێراق.
لە بارەی بڕیاری کوشتنی حسێن کامل، رەغد سەدام حسێن وتی، "بڕیاری كوشتنی حسێن كامل زیاتر عه‌شایەرى بوو نه‌وه‌ك بڕیارێكی حكومی، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم بڕیاره‌كه‌ له ‌دواییدا ره‌زامه‌ندی باوكم درا و عوده‌ی رۆڵی هه‌بووه‌ له‌و رووداوه‌کەدا، ڕەغد دەڵێت: من له‌ باوكم زویر بووم و باوکیشم هه‌ستیپێكرد کە نیگەرانم و هەوڵیدا قه‌ره‌بووم بكاته‌وه‌، به‌ڵام رازی نه‌بووم.
 کە باس دێتە سەر ناو هێنانی نیوە مامەکانی هەست دەکەیت ڕەغد زۆر بە سوکایەتی ناویان دەهێنێت، پێیان ناڵێت مام، بەڵام کاتێک دێتە سەر "عێزەد دوری" وەک مام وێنەی دەکات و چیرۆکی ئەبوو ئەحمەد چیرۆکێکە کە شایستەی ئەوەیە بیبیستیت.چونکە ئێستا "ئەبوئەحمەد" دوا پاڵەوانی بەعسییەکانە کە زۆرترین چیرۆکی لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت.زۆر بەدووری نازانم کە سبەی یان دوو سبەی لەهەرێم ڕۆحی پیسی دەرچێت، وەک "ماهیر عەبدول ڕەشید و تەها محێدین مەعروف " یان دەیان فەرەیکە بەعسی و تاوانباری تر کە دەسەڵاتی کوردی پەنایان داون.
 بێ مەڵامەت نیییە کوڕەکانی جەلادی ئەنفالەکان لەقەڵای هەولێرەوە وێنەی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، کچی "عێزەت دووری" دەمێکە لەهەولێر هەواری هەڵداوە و ژیان دەکات، هەموو سەیرانگاکان چەندین تاوانباری بەعس تێیدا نیشتەجێ کراوە، تەنانەت ئەم چاوپێکەوتنە "تاریق ڕەمەزان" فڕۆکەوانەکەی هەڵەبجەی بۆردمان کرد بەبیری هێناینەوە، لەگەڵ نامەکەی "جەلال تاڵەبانی" بۆ سەدام حسێن، کە داوای لێکردبوو خێزانەکەی بنێرێتە شمال ئەوان دەیان پارێزن، لاتان سەیر نەبێت لە دەیان جبورکە بوونەتە موستەشاری سیاسیە کوردەکان.ئەمە لە مرۆڤ دۆستیمان نییە و گەیشتبێتینە لوتکەی مرۆڤ دۆستی "تۆلێرانس " بەڵکو لەبچوکی و خۆبەکەم زانینمانە.
لەم ڕۆژانەدا سەیری "یوتوب"م دەکرد یەکێک لە یوتوبەرانی عێراق دەچێتە هەورامان و لە کەبابخانەیەک فیلمبەرداری دەکات، لەخاوەنەکەی دەپرسێت، کە عەرەبیەکی تێک شکاو دەزانێت وەک من.دەڵێت: ئەم گۆشت و پیاز و تەماتانە عێراقین ؟ ئەویش دەڵێت: ئا بەڵێ سەد لەسەد عێراقین.لێرەوە دەگەڕێنەوە لای ڕەغد سەدام کە باسی عێراق دەکات دەڵێت: ئێمە لەسەر جێگە نامرین، بەپێوە دەمرین، نیشتمان هەموو شتێکە عێراق ووڵاتێکە کە قوربانی زۆری داوە، ملیۆنان ژنی عێراقی وەک من بێوەژن بووە.
 یەکێک لە موستەشارە ئەمەریکییەکان دەڵێت: کاتێک سەیری مێژووی نمایشەکانی سەدامان دەکرد، لامان وابوو کە سەدام کۆڵان بەکۆڵان لەگەڵمان شەڕدەکات، نەک لەکونە سەگێکدا ئاوا ئاسان بیگرین، چونکە سەدام لەهەموو دەرکەوتنێکدا تۆپ و تفەنگی دەتەقاند.ڕەغدیش دەڵێت، کە مادەی هۆشبەریان بە باوکی داوە، بەڵام ناڵێ کێ پێێ داوە ؟ ڕوونی ناکاتەوە کە لەدوایی گرتنی پێیان داوە، یان پێش گرتنی؟ 
 پاشان ڕەغد لە کۆمەڵێک وەڵام خۆی وادەردەخات کە لێێ دەزانێت، بەڵام قسە ناکات، لەوەڵامەکاندا دیارە کە جگە لەخۆ دەرخستن هیچی تر نییە و خۆهەڵکێشان دەبێتە مەغزای وەڵامەکانی، چونکە لەسەرەتاوە دەڵێت: کچانی عەشیرەتەکەمان بۆیان نەبووە بەشداری سیاسیان هەبێت، یان ڕاوبۆچونیان هەبێت لەکاتی ڕووداوەکاندا.
 سیاسەت چەند ئاژەڵێکی قورس و ڕەزاگرانە، کاتێک باسی جێهێشتنی بەغداد و دوایش عێراق دەکات، وەک پاڵەوانێک خۆی نمایش دەکات کە بەقاچاغ سنورەکانی بڕیوە و دوایش باسی بەرگری دەکات، سەیرە هەڵهاتویەک باسی بەرگری لە نیشتمان دەکات.
کە دێتە سەر باوکی وا وێنەی دەکات کە باوکێک بووە گوڵ لەچاویدا بەرد بووە، منداڵەکانی هەڵکێشاوە لە دیجلە و چاوی لەسەریان بووە، کە مەلەیان کردوە و لەسەرمێز نانی لەگەڵدا خواردوون، بەردەوام وەک باوکێک گەڕاوە بەسەر ماڵە عێراقییەکاندا و مەنجەڵەکانی هەڵداونەتەوە تامی خۆراکەکانی کردوون.
بە ڕاستی نازانین پێبکەنین یان بگرین، ڕەغد چونکە ئاگایان لە تراژیدیای خەڵک نەبووە، نازانێت چەندین چیرۆکی ترسناک لە دوای نمایشی باوکییەوە کە لە دوو کەناڵەکەی ئەوسەردەمەی تەلەفیزۆنی عێراقەوە پەخش دەکرا چ بەڵایەکیان بۆ خەڵک خوڵقاندبوو؟ چیرۆکی ئەو پیاوە هەژارەی لەبەردەم کەبابخانەیەکدا بە گاڵتەوە ووتبووی، یەک دوو شیشی وەک سەدامم بۆ لێدە، سەدام لەیەکێک لەسەردانەکانیا شیشێک گۆشتی گەورە لێدەدات دەیخاتە تەنورەوە، کابرا دەدەنە بەرشەق و بۆ هەتاهەتایە وونی دەکەن، چونکە لای بەعسییە جەلادەکان ئەم پیاوە گاڵتەی بە سەدام کردبوو، کورد دەڵێت: "زمان بوەستێت سەر ڕەحەتە " پەندێکە پڕە لە ترسنۆکی و داماوی بەڵام پەندێکی گوندیی جوانە.یان ئەو پیاوەی لە وەڵامی ئاسایشەکەدا کە لێی پرسیبوو کاتژمێر چەندە؟ ووتووی سەدامی یان عادی، ئەو پیاوە دراوسێمان بوو چوارساڵ کەس نەیزانی لە چ دۆزەخێکدا گیری خواردبوو، دوایش بە لێبوردن ئازادبوو.خەریک بوو لە گەڕەک شێتیان دەکرد، جارێک ووتی دەسەلاتم هەبێت کاتژمێری دەست و سەردیوارناهێڵم.
 زۆرلام گرنگە ئاماژە بەنامەیەکی "مەسعود محەمەد" بکەم کە بۆ وەزیری ڕۆشنبیری سەردەمی سەدامی دەنوسێت، خۆزگە هەموو تاکی نەتەوەکەم ئەو نامەیەی دەخوێندەوە، ئەوسا وێنەیەکی ڕاستی سەردەمی دیکتاتۆرت لا دروست دەبوو، دەتزانی عێراق لەسەردەمی سەدامدا چ جەهەنەمێک بووە؟ خاڵێکی سەرنج ڕاکێش لەنامەکەدا ئەوەیە کە خەڵکی بەغداد خۆراک دەکەنە سەفەر تاسێوە و دەچن لەسەر شەقامەکان دەوەستن تا دیمەنی ڕۆحکێشانی زیندانییەکان ببینن، چۆن گوللەباران دەکرێن.
 جگە لەوەش هەرکەسێک ڕۆمانی شێتخانەی "عەبدولستار ناسر" بخوێنێتەوە دەزانێ سەدام چ دراکۆلایەک بووە بۆ مژینی خوێنی خەڵک؟ 
 ڕەغد دەڵێت: باوکم عەشقی شەڕ نەبوو، کەچی لەهەموو دەرکەوتنێکیدا تفەنگێکی دەتەقاند لە باڵەخانەکانەوە، لەسەر شەقامەکەوە خۆشی هەمیشە وەک خاڵە ڕینگۆ دەمانچەیەکی بە لاقەوە بوو.تەنانەت بەپێڵاوەکانیەوە لەسەر بەرماڵ نوێژەکانی دەکرد، لە حزوری خواکەشیا دەمانچەی هەرپێبوو.
  
 پرسیارێک لە بارەی کە سەدامی باوک چی بۆجێهێشتوون؟ وەڵامێکی سەرنج ڕاکێشت دەداتێ وا نیشان دەدات کە ئەمان بەجلی خەوەوە عێراقیان جێهێشتوە، سەدامی باوک تەنها میراتیەک بۆی جێهێشتوون شکۆ و خۆشەویستی خەڵکی، شەهامەت، ئازایەتی، نیشتمانپەروەرییە بەمیرات بۆی جێهێشتوون.
بەڕاستی زۆر دەبەنگیە باوەڕ بەم قسەپوچانە بکەیت، تۆیەک بەس پۆتۆکسکەت موچەی سەدان کەسی دەوێت، جگە لە سەفەرو کۆشک و قوتابخانە و پارەی حاکمەکانی بۆ باوکە لە داردراوەکەت و چاپی کتێب و خێزانێکی گەورە چۆن دەژین ؟ 
خۆ ئەم حەساماتە بە سەمون فرۆشت بەڕێوە ناچێت، یان نانی تەنور بۆماڵێ پاشای ئوردن ناکەنەوە؟ دەشڵێت هەموو ئەو قەسرانە موڵکی دەولەتە، جەلال تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ئێمە مانگانە پارە دەنێرین بۆ خێزانی مەرحوم بەرزان تکریتی، چونکە لەخانۆکەیداین و مافی خۆیەتی کرێیان بدەینێ.
 زۆر شارەزایانە دەیەوێت عەرەب لەگەڵ یەک ئاشت بکاتەوە، وەک ڕەچاو دەکرێت کە هەڵەکانی باوکی چاکاتەوە باسی برا کوێتییەکان دەکات و دەڵێت: براکان لەگەڵ یەک شەڕدەکەن، زویردەبن، بەڵام برای یەکن و دەچنەوەلای یەکتر.
 ڕەغد لە تەواوی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: ئێمەی ئافرەتانی عەشرەت هیچ کاتێک خۆمان لە کاروباری سیاسەت هەڵنەقوڵتاندوە، دوایش دەڵێت: من پێت دەڵێم لە دەمی منەوە هیچ نهێنیەک نابیستی، وەک سیاسیەکی بەئەزموون یاری بە ووشەکان دەکات.
کە لێی دەپرسێت سەدام لەمێدیاکانەوە وەک دیتاتۆرێک وێنەکراوە و جیهان وای دەناسێت، ڕەغد دەڵێت: ئەمە گۆرانییەکی کۆنە جیهان هەمووی دیکتاتۆرە.بزانە لە مابەینی ئێمەو مردندا تاڵە موویەک هەبووە، بۆیە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، لە ڕێگەی لە داردانی باوکمەوە، سمبوڵێک تێک دەشکێنن، نەک دیکتاتۆرێک ڕۆحی بکێشن.
 لە ڕاکردنەکەدا دەڵێت: ئێمە بوینە میوانی هۆزێکی عێراقی، ناوی نابەم بەڵام ڕۆژێک دێت مێژوو باسی ئەم هۆزە دەکات، ئەمە بەو مانایەدێت کە ئەمە پڕۆژەیەکە ڕەنگە بەعسییەکان لەبەرگێکی تردا بگەڕێنەوە و دەسەڵاتی عێراقیان بخەنە دەست و، نایزانین.
 قەشمەری ئەم خانمە لەوەدایە، کەباس لەجەنگ دەکات وەک جەنەڕاڵێکی بە ئەزموون قسەدەکات و دەڵێێی کابرای" شەنشەلە" وەزیری بەرگری عێراقی کۆن، بیرمە لەشەڕگەی قەیوان ماوەت، ڕۆژێک هات بەبیکەیسی و دۆشکە نەمانهێشت لەچیاکان نزیک بێتەوە، داخ بۆ ئەوڕۆژانە.
 یان باسی تاریق ڕەمەزان دەکات وەک باوکێتی، دەڵێت: "کاتێک دەچیتە جەنگەوە هەمووهەڵبژاردەکان بەردەست دەبن، لەوکاتەدا خاوەن بڕیارەکان دەبێت لە مرۆڤایەتیان داماڵێ" ئەمە قسەی جەنەڕاڵێکە یان خانمێک هەموو گیانی نەشتەرگەری و بۆتۆکس بێت؟ 
 کە دێتە سەرعێراق دەڵێت "عێراق ووڵاتێکی ئاسایی نییە " دەوڵەمەندە سەردەمی سەدام سەردەمێک بوو پڕپڕبوو لەشکۆمەندی.
ناوی کورد لەم چاوپێکەوتنەدا غایبە: 
 لە هەموو ئەم چاوپێکەوتنەدا یەک جار باسی کورد دەکات ئەویش وەک سونە، شیعە، کورد، یش ڕیزدەکات، پیاوانی عەشرەتەکەی بە جەنگەوە سەرقاڵ بوون، ژنەکانیش بە ژیانی ئاسایی خۆیان و دروستکردنی منداڵەوە سەرگەرم بوون، کە باس دێتە سەر خائینەکان وەک بودایەک باسی لێبوردن دەکات، حسابیان بۆ ناکات و بە بچوک و توڕەهات دەیان شوبهێنێت.
کە باس لەمردن دەکات، دەڵێت مرۆڤ لە چرکەیەکدا دەمرێت، باوکی لە گۆڕێکی هەیە لە زەوی فراوانی خوادا نێژراوە.بەڕاستی گەرچی من ئەمانە بە دوژمی گەلەکەم دەزانم و لەسەردەمی سەدامیشدا، زۆر بە بڕواوە شەڕی ئەو ڕژێمەم کردووە و ئەوانەش بەهیچ دەزانم کە لەو سەردەمەدا ترسنۆک و ڕاڕابوون و ئێستا دێن ڕەخنە لە کۆمەڵێک بەرپرسی فاشل و گەندەڵ دەگرن وا دەزانن لەو چیایەدا ئەمانە بەرگریان کردووە و مێژوو لای ئەمانە هەڵقوڵاوە.
 ڕەغد زۆرجوان یاری بە ووشە دەکات رەنگە زۆربەی عەرەبە ساویلکە و سادەکانیش بڕوا بەقسەکانی ئەم خانمە مۆدێلە بکات و سەرسامی خۆیان پیشان بدەن.ڕەغد دەڵێت: من بۆیە بوومەتە دەموچاوی خێزاکەم چونکە، براکانم لەبەرگری لە نیشتماندا شەهید بوون، خۆشم توانای ئارام گرتم هەیە، پێش ڕووداوەکان ناکەوم، شتگەلێک ڕوودەدات با چاوەڕوان بین، ئاخر عێراق حوکمێکی هەیە، سنورەکانی کراونەتەوە کێ دێت کێ دەڕوات، کەس خاوەنی نییە، ئەمە سیمای دەولەتی عێراقە توانای نییە پارێزگاری لە خۆی بکات.دوایش دەڵێت: من نیشتمانێکی ڕۆیشتووم هەیە، ڕەغد قسەکانی پڕە لە کۆد کە دەڵێ ئێمە پاڵەوانی ووڵات بووین، ئێستا مەیدانەکە پڕە لەقەشمەر، کەباسی حیزبی بەعسی لێدەپرسێت زۆر زانایانەدەڵێت: ئازیزەکەم ئێمە باسی حیزب ناکەین باسی نیشتمان دەکەین، نیشتمان.
 لە بڕوای بودیسمدا خاڵێکی سەرنج ڕاکێش هەیە، کە بودایەکان پێی دەڵێن: "کارما" بەواتای ئەوەی دەیکەیت دێتەوەڕێت، نامەیەکی سەدام لەزیندانەوە پیشان دەدات کە ناوەڕۆکەکەی سڕاوەتەوە، واتە نووسینەگرنگەکەی ڕەشکراوەتەوە، ئەمە کارمایە، چونکە زیندانەکانی ئێمەش نامەکانیان لەسەر پاکەتی جگەرە بەکوێرەوەری دەگەیشتە دەرەوەی زیندان " کارما" نەبێت ئەمە چییە؟ 
 ئەم چاوپێکەوتنە یادگاریەکی هێنایەوە بیرم کە سەردەمێک خەریکی کاری سیاسەت بووم، هەرزەیەکی بزێو وام دەزانی گەر من سیاسەت نەکەم ئەوە هیچ ناگۆڕێت، خزمێکی ترسنۆکمان هەبوو نەیدەزانی من خەریکی چیم بەڵام دەیزانی سەرگەرمی شتێکم کە بڤەیە، هەمووجارێک دەهات بۆماڵمان دەیووت: ئەوەی یەک تۆز هۆشی هەبێت سەری خۆی کز دەگرێت، چۆن مێروولە ناتوانێت ماڵی فیل تێک بدات، سیاسەتیش دژی حوکمەت وایە لەم دەورو زەمانەدا.
دوایی ڕاپەڕێن ئەم خزمە قەشمەرەمان هەموو ڕۆژێک بیستم کە دەچووە مەڵبەند و خۆی بادەدا، دەیووت: لە شەستەکانەوە بێدابڕان من سیاسەت دەکەم، ئێستا لەژیاندا نەماوە.
ئەم چاوپێکەوتنە هیوایەکی لا دروستکردم کە زۆرنابات، لەدەمی یەکێکەوە چیرۆکی ٣٠ساڵ حوکمرانی کورد دەبیستین، کە چیان لەخەوە گەورەکەی میللەتەکەمان کرد و چۆن شکۆی خۆیان و میللەتیشیان تێکشکان.