گۆڕانخوازەکان کوا چیتان گۆڕی؟

Friday, 12/03/2021, 1:20

11704 بینراوە


چیتان گۆڕی جگە گۆڕینی پیشەکانتان لە گۆرانیبێژ و فەرمانبەر و مامۆستاییەوە بۆ وەزیر و پارێزگار و پەرلەمانتار 


ئاشکرایە لەھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان نیوەی دەنگەکانی لەدەستدا و توانی «١٢» کورسی پەرلەمانی بەدەست بھێنێت، سەرکردایەتی گۆڕان بەکۆمەڵێک درووشمی چاکسازییەوە و «وەک خۆیان دەڵێن» بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و باشکردنی دۆخی ھەرێم لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە بڕیاری چوونە حوکمەتیدا، بەشێک لەجومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و کۆمەڵێک پۆستی سیادی گرنگیان وەرگرت.
دوای  ساڵێک و هەشت مانگ لەپێکھێنانی ئەم کابینەیە، حەقی خۆیەتی لێیان بپرسین، ئایا چی چاکسازیەکتان کرد و  چیتان گۆڕی؟ بەداخەوە دوای ئەم ماوە زۆرە، ھیچ چاکسازییەکمان نەبینی بۆ باشکردنی سیستەمی حوکمڕانی و خزمەتکردنی خەڵک، بگرە لەھەندێ ڕووەوە دۆخەکە بەرەو خراپتریش ڕۆیشتووە، ئەوە دۆخی مووچەیە بە دوو مانگ جارێک بەلێبڕینی «٢١٪‏» دەدرێت. ئەوە تاڵانی نەوت و قاچاخچێتێ دەروازە سنوورییەکانە بەردەوامە، بگرە ھەر پەرەی سەندووە، ئەوەتا نوسینگەی فەرمیان کردووەتەوە بۆ ھێنان و ناردنی کەلوپەلی قاچاخ و قەدەغە. لە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری هەر مەپرسە، دەست نراوەتە بینەقاقای میدیای ئەهلی و ئازاد خەریکە بەتەواوەتی دەخنکێندرێت، تووندوتیژی و زەبروزەنگ و تۆقاندن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی بووەتە زمانی قسەکردنی دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و دەنگە ئازادەکاندا. ئەوە دامەزراوەی دادوەرییە وێرانەیەکە و لەخراپترین باردایە و لەکەیەکی گەورەی بۆ حوکمڕانی و ڕەنگ و ڕووی خەڵکی کوردستان درووستکردووە. ئەوە دۆخی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستانە، ئەوەتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بنکە سەربازی و ھەواڵگرییەکانی تورکیا و ئێران لەھەرێم زیاتر دەبن، بینیمان ساڵی پار سوپای تورکیا تا ناوەڕاستی ھەولێر و دھۆک لەشکرکێشی کرد، هیچ کەس و لایەنێک نوزەی لێوە نەھات.
ئێستا پێمان بڵێن چیتان گۆڕی ؟ ئێوە نەتانووت بەشداری ئێمە لەحکومەت لەپێناو سیستەم و عەدالەت و چاکسازیدایە..!!

کوا سیستەم، کوا عەدالەت، کوا چاکسازیتان؟

دڵنیام خۆشتان باش دەزانن جگە لەتایتڵی خۆتان کە لە (گۆرانی بێژ و فەرمانبەر و مامۆستایەکی ئاساییەوە بوون بەوەزیر و پارێزگار و پەرلەمانتار) ھیچی ترتان نەگۆڕیوە ..!! 
بەداخەوە ئێوە ھۆکاربوون بۆ ھەڵوەرینی ھیواکانی خەڵک و نائومیدکردنیان، بەڕاستی ھیچ کاتێک وەک ئێستا خەڵکم ئاوا ھیوابڕاو نەبینیوە...!!  دەبێت ئێوە دان بەوەدا بنێن کە ھیچ نین و تەنھا دیکۆرن و ماکیاژی سیستەمی دەسەڵات دەکەن، دوای بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی خۆتان کەوتوون، جارێکی تر نابێت ڕووتان بێت پێ بخەنەوە بەرەی خەڵک و بەیت و بالۆرەی خزمەتی خەڵک لێ بدەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە