درۆی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەرە زەبەلاحەکانی مرۆڤی کۆن و وێنە ساختەکان!

Friday, 12/03/2021, 3:12

14044 بینراوە


چیرۆکی مرۆڤە زلەکان 

لە پێناو بەرگریکردن لە ڕاستییەتی ئەو چیرۆکانەی لە ئاینەکانیاندا هەن ئاینداران، بەتایبەتیش موسڵمانان گەلەک جار لە ماڵپەڕەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنەیەکی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە زل و زەبەلاحەکان بڵاو دەکەنەوە. ئەو وێنانە وامان لێ دەکەن ڕاستەخۆ بپرسین، ئایا دەبێ ئەو جۆرە مرۆڤانە بوونیان هەبووبێ و ئێمە نەوی ئەم بوونەوەرە مەزنانە بین؟ ئایا زانست بوونی هیچ کامە لەو ئێسکەپەیکەرانە پشتڕاست دەکاتەوە، یاخۆ تەنیا شتگەلەکی پووچباوەڕیی و ئەفسانەیین؟ بە دەربڕینێکی دی، ئایا وێنەی ئەم پەیکەرانە ڕاستن، یان ساختە و دروستکراون؟
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، چیرۆکی زەبەلاحەکان لە ئەفسانە و داستانی چەندان شارستانییەتە کۆنەکاندا دەبیندرێت، زۆربەشیان بۆ شانازیکردن بە پێشینەکانیان بەمەبەستەوە زێدەڕۆییان تێدا کردووە و شتی ناسروشتییان پێوە ناوە. جگە لەمانە لە ئاینەکانیشدا دەگوترێت، لە کۆندا ئەو مرۆڤە زل و زەبەلاحانە لەسەر زەوی ژیاون، بەڵام کاتێک تووشی فیز و خۆبەزلزانین بوون لەبەر هێز و مەزنی لەشیان، بوونە خراپەکار و ڕووبەڕووی خواکان وەستانەوە، بەمەش ئاسمان سزایانی داو و هەموویانی لەناو برد. سێ ئاینەکەی جووەکان و کرستیان و ئیسلام، پڕن لە هاوشێوەی ئەم چیرۆکانە و بابەتی دیکەی جۆراوجۆر. لە ئاینی ئیسلامدا لە قورئان ئاماژە دراوە بە هۆزی عاد، لای موسڵمانان گوایە مرۆڤانێکی مەزن و زەبەلاح بوونە، لە گوتەی پەیامبەرەکەشیان باس لە درێژی نێزیکەی 30 مەتری (60 باڵ) ئادەم کراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەندێ کەسی نائاینیش باوەڕیان بە بوونی ئەو جۆرە مرۆڤە زلانە هەیە، پێیان وایە بۆ نموونە، هەرەمەکان و باڵەخانە فرە بەرز و مەزنەکانی وڵاتی پێروو، ئەگەری زۆرە لەلایەن ئەو زەبەلاحانەوە دروست کرابن. لێرەدا دیسانەوە بیردۆزی پیلانگێڕی خۆی قوت دەکاتەوە و لایەنگرانی دەڵێن، بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتەکانی جیهان لەبەر چەندان مەبەست، هەموو ئەو پەیکەر و بەڵگانەیان لە شوێنە تاریکەکاندا شاردۆتەوە و نایانەوێت خەڵک زانیاری هەبێ لەسەر ناسنامەی مرۆڤایەتیمان، زاناکانیش لە ترسی ژیان و لەدەستدانی ئیشوکاریان، ناتوانن هیچ بدرکێنن.
پێش ماوەیەک بانگەشە بۆ ئەوە دەکرا، زاناکان کۆمەڵێک ئێسکەپەیکەری مرۆڤە زەبەلاحەکانیان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان دۆزیەوەتەوە. بۆ ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵانە لێرەدا هەوڵ دەدەین، بە پشتبەستن بە زانست و سەرچاوەی ڕاستەقینەی وێنەکان، گشت ئەو چەواشەکاری و بۆچوونە نازانستییانە بەهەڵە بخەینەوە.

 بەدرۆخستنەوەی فڕوفێڵ و ساختەکارییەکان

ئەم بابەتە کاتی خۆی (2002) بە وێنەیەکی ژمێرەکی (Digital) دەستکاریکراو، بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە نێردرا بۆ ماڵپەڕی (Worth1000)، دەستی پێکرد. لە وێنەکدا پەیکەرێکی زەبەلاحی ڕاکشاوی ناو چێوەیەکی دارین، لە نێزیکییەوەش زانایەک بێڵێکی بەدەستەوەیە دەبیندرێت. خاوەنی ئەم وێنە چاککراوەیە کەسێکی وڵاتی کەندا بوو، توانی خەڵاتی سێیەمی ئەو پێشبڕکێیە بباتەوە. لە بنەڕەتەوە وێنەکە پێش دەستکاریکردنی، بۆ ناوچەیەکی نێزیک لە نیویۆڕک دەگەڕێتەوە کە ئێسکەپەیکەری ئاژەڵی ماستدۆنی (هاوشێوەی مامووس و فیل) بنەبڕبووی تێدا دۆزرایەوە، دروستکەری وێنەکەش دێت، کەلـلەیەک و دوو شوێنەوارناسی بۆ زیاد دەکات. ئەو دەمەشی (2004) خەڵکانێک ئەو وێنانە بە ناوی "دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤی زەبەلاح" بڵاو دەکەنەوە و لەڕێی ئیمایلەوە (پێش فێیسبووک) بۆ هەموو لایەکی جیهان دینێرن، وای لێدێت بەتەواوی دەناسرێ و ناوبانگ دەردەکات، پاشان ژمارەیەک لە وێنەی دیکەی هاوشێوە، لە ئەنتەرنێتدا دەبیندرێن.
داهێنەری وێنەکە (پێی خۆش نەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات لەبەر هەستیاری بابەتەکە لە ڕووی ئاینی و مێژووییەوە)، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵەی ناشناڵ جیۆگرافیک (The National Geographic Society) دەبێژێت: "هەرچەندە وێنەکەم پلەی سێیەمی بەدەست هێنا، بەڵام پێم سەیر بوو چۆن خەڵکی ئەو هەڵە زەقانەیان نەبینی؟ چونکە کەسەکەی کە لە گۆشەی سەرەوەی لای ڕاستی وێنەکەم داناوە، دارێکی بەدەستەوەیە نەک بێڵ، لەبەرئەوەی من هەوڵم دا لایەکی بێڵەکە بسڕمەوە، تا لەگەڵ کەلـلەسەرەکە تێکەڵ نەبێت". لەگەڵ ساختەکارییەکانی ئەو وێنەیە و ڕوونکردنەوەی خاوەن وێنەکە و لایەنی بەرپرس، تا ئەمڕۆکە بەهەزاران کەس ئاماژە بەو وێنەیە دەدەن و پێیان وایە وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە زلەکانە. لە چەندان وڵاتانی جیهانی وەک، پرتوگال، سلفادۆر، مالیزیا، دۆمەنیکان، یۆنان، میسر، باشووری ئەفریکا و کەنەدا، بەبەردەوامی ژمارەیەکی یەکجار زۆری نامە بۆ ناشناڵ جیۆگرافیک دەچێت، دەربارەی ڕاستییەتی ئەو وێنەیە پرسیار دەکەن.
ئەوەی جێی داخە، گەلەک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر، بەبێ گوێدان بە متمانەداریی، وێنەی ئێسکەپەیکەرەکان بڵاو دەکەنەوە و شوێنەکانیان بۆ وڵاتی خۆیان دەگێڕنەوە. ئەمەش ئەو دەمە دەیزانین، ئەگەر لە گووگڵ بنووسین (دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەرێکی زەبەلاح)، دەبینین بڵاوکەرەوەی ئەو هەواڵانە هەریەکەیان دەیداتە پاڵ وڵاتەکەی، بیابانەکانی کوێت و سعودیە، یەمەن، ئێران، یۆنان، ئەفریکا و ئەمریکا و زۆر وڵاتانی دیکەی جیهان.
ئێستە دوور لە ساختەکاری، ئەو کەسەی بەڕاستی مەبەستی بایەخدانە بەو بابەتانە، چەند دۆزوەیەکی ڕاستەقینە هەن. وەک ئەوەی لە هەواڵیکی ناشناڵ جیۆگرافیک، ئێسکەپەیکەرێکی مەزنی بەبەردبووی مرۆڤێک لەناو گۆڕێکدا لە نێزیک ڕۆما دۆزرایەوە کە لە باری ئاسایی درێژتر بوو، ئەم کەسە زەبەلاحە بۆ سەدەی سێیەم دەگەڕێتەوە، لە تەمەنی 16-20 ساڵیدا مردووە. پاش پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ئێسکەکانی بەدەر دەکەوێت، کەسەکە تووشی نەخۆشی زەبەلاحیی (Gigantism) ببوو، درێژیی باڵاکەی خۆی دەدا لە 202 سانتیمەتر! ئاشکرایە ئەم درێژییە هیوابەخش نەبوو بۆ زۆربەی ئەوانەی باوەڕیان بە بوونی ئەو بابەتە ئەفسانەییانەیە، چونکە گەلەک کەمترە بە بەراورد بە درێژی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە زلەکانی وێنە ساختەکان (18-24 مەتر). زەبەلاحیی گشت کاتێک وەک پووچباوەڕی و ئەفسانە ڵێی ناڕواندرێ، بگرە نەخۆشییەکی یەکجار دەگمەنە (یەک کەس لە 3 ملیۆن)، بەهۆی شێوانی کاری لووڕژێن و زێدەیی هۆڕمۆنی گەشەکردن ڕوو دەدات، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئێسکەکانی لەش بشێوین و کەلـلەسەر و ئێسکەکانی دەموچاو زل و گەورە بن، بێهێزی و کەمی جووڵە و چەندان نیشانەی دیکەی جۆراوجۆری هەیە ئەو نەخۆشییە.

لە لایەکی دییەوە گەلەک کەلـلەسەری زل و شێوە سەیر و نامۆ لە هەندێ شوێنی جیهاندا بینراوە. بۆ نموونە، کەلـلەسەرێک (Starchild) لە ئەشکەوتێکی وڵاتی مەکسیک دۆزرایەوە کە بەشێوەیەکی نائاسایی ئاوسا و گەورە بوو، بۆیە کەسانێک پێیان وابوو هی بوونەوەرێکی ئاسمانی، یان زەبەلاحێکی کۆن بێت. بەڵام کاتێک پزیشکەکان تۆژینەوەیان لەسەر کرد، بۆیان دەرکەوت کە کەلـلەسەری مناڵێکە تووشی نەخۆشی (Hydrocephaly) بووە، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەمەنییەکی زۆر و هەڵئاوسانی تەواوی کەلـلەسەر. کۆمەڵە کەلـلەسەرێکی دیکەش هەن شێوەیان زۆر درێژە (The Peruvian Coneheads)، ئەمانەش چەندان ڕاڤەی ناسروشتییان بۆ دەکرێت، بەڵام زانراوە کە جۆرە ڕەفتارێکە لە وڵاتی پێروو ئەنجامی دەدرێ، بەوەی کە سەری منداڵی ساوا بە قایش دەبەستن، تا ئەو شێوە سەیرە وەربگرێت. جگە لەمانە بانگەشەی ئەوە هەیە کە ژمارەیەک کەلـلەسەری مەزن بەبوونی دوو ڕیزە ددان، لە چەند ناوچەیەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەمەش وەک هەموو بابەتەکانی دی، بێ بەڵگەیە و دوورە لە ڕاستییەوە.
بۆ بەرزی و درێژی باڵاش، بەگوێرەی تۆماری گینیس بۆ رێکۆردەکان، درێژترین مرۆڤی جیهان ئەمریکایی ڕۆبەرت وادلۆ (Robert Wadlow) بوو، بە درێژییەکی 2.72 مەتری، لەساڵی 1940 لە تەمەنی 22 ساڵیدا مردووە. ئەمڕۆکەش درێژترین باڵا لە جیهاندا کە کەسەکە لە ژیاندا مابێت، پیاوێکە بە ناوی سوڵتان کۆسین (Sultan Kösen)، لەدایکبووی ماردینی کوردستانی باکورە، درێژییەکەی 2.51 مەترە. لە ڕاستیدا کۆی هەموو ئەوانەی درێژی باڵایان پترە لە هەشت پێ (2.4 مەتر)، لە سەرتاسەری جیهاندا 10 کەس نابن.
لێرەدا دەکارین بپرسین، ئایا هیچ سەردەمێک هەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەسانێک هەبن باڵایان لەو ژمارانە تێپەڕی بێت؟ زانستی هەڵکۆڵدراوەکان پێمان دەڵێن، پێشینەکانی مرۆڤ باڵایان کورتتر بووە لەوانەی ئێستە، درێژبوونی باڵا هەمیشە بەرەو زێدەبوونە نەک بەپێجەوانەوە بێت. هۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، بەرەبەرە خۆراک و هەلومەرجی ژیان چاکتر دەبن، پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشیتی، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی زایەندی لە بەرژەوەندی مرۆڤی باڵادرێژ هەنگاو دەنێن. واتاکەی ئەوەیە کە تۆماری هەڵکۆڵدراوەکان بە هیچ شێوەیەک، درێژیی زیاتری باڵای پێشینەکانمان لەوەی ئێمە پشتڕاست ناکاتەوە. لێرەدا بەڵگەی یەکلاییکەرەوە ئەوەیە، لە گشت مۆزەخانەکانی جیهاندا یەک ئێسکەپەیکەری ئەو مرۆڤە زل و زەبەلاحانە نابیندرێن، ئەوەی هەیە تەنیا کۆمەڵە وێنەیەکی ساختەیە لە تۆڕی ئەنتەرنێت و مێشکی ئەوانەی بەبێ بوونی بەڵگە، باوەڕ بە گەلەک شت دەکەن. کەواتە نە ئێسکەپەیکەری هۆزی عاد و نە میسرییە کۆنەکان، نە لە سعودیە و نە لە هیندسیان دۆزراونەتەوە، بابەتەکە جگە لە پێشبڕکێیەکی سادە بۆ خۆشی هیچی دی نەبووە. کەسانێک بەشدارییان کردووە بە مەبەستی داهێنان لەو وڵاتانەی هاندەری کاری هونەرین، کەچی بەداخەوە لای ئێمە بووە هاندەری باوەڕهێنان بە شتگەلە پڕوپووچ و ئەفسانەییەکان.

دواجار پوختەی ئەم بابەتە لە دوو خاڵدا کورت دەکەینەوە؛

یەکەم: پێویستە باوەڕ بە هەموو شتێک نەکەین کە لە ئەنتەرنێتدا بەرچاومان دەکەوێت، بەوەی هەر کاتێک گومانمان لە هەواڵێک، یان زانیارییەک کرد، دەبێ دەستبەجێ پشکنینێکی بۆ ئەنجام بدەین، بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڕاستەقینەی زانستی متمانەدار. دەشێ یەکسەر لە لاپەڕەی یەکەمدا دەستمان بکەوێت، یاخۆ پێی بزانین کە وەک وێنەکانی ئەم بابەتە درۆیەکی ئاشکرایە.
دووەم: ڕێ بە هیچ کەسێک نەدەین، زانیاری بێ بەڵگە و ساختە بڵاو بکاتەوە، هەر یەکێک وێنەکی لەم جۆرەی بینیبێت، ڕاستەوخۆ وتارێکی هاوشێوەی ئەمەی بۆ بنێرین. 

ڕاستییەتی وێنەکان و سەرچاوەکانیان

لەم وێنانەی خوارەوە و سەرچاوەکانیانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گشت ئەو زانیارییانەی بڵاو دەکرێنەوە دەربارەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە زەبەلاحەکان، هیچ بەڵگەیەکیان نییە، تاکە یەک تۆژینەوەی زانستیش پشتەوانی ئەو بۆچوونە هەڵانە ناکات.
کۆمەڵە وێنەیەکی ساختە و دەستکاریکراو و چەندانێکی ڕاستەقینە؛
بەشە ڤیدیۆیەک دەربارەی چۆنەتی دروستکردنی ئێسکەپەیکەرێکی مەزن لەڕێی بەرنامەی (فۆتۆشۆپ).
https://www.youtube.com/watch?v=LQM1HsQGilM&t=6s
وێنەیەکی پێشبڕکێی ماڵپەڕی (Worth1000) بۆ دروستکردنی ئێسکەپەیکەرێکی مەزن 

وێنە ساختە و ڕاستەقینەکەی هونەرمەندە کەنەدییەکەی بەشداربوو لە پێشبڕکێی (Worth1000). http://www.worth1000.com/contests/447/contest

دوو وێنەی دیکەی دەستکاریکراوی ماڵپەڕی (Worth1000).
 
دەستەی گەشتوگوزار و شوێنەوار لە سعودیە، هەواڵی ئێسکەپەیکەرەکانی کە گوایە لەکاتی گەڕان بەدوای نەوتدا دۆزراونەتەوە، بەدرۆدەخاتەوە.
 http://mz-mz.net/434830
هەڵبژاردنی گۆشەیەکی تایبەتی وێنەگرتن بۆ ئەوەی ئێسکەپەیکەرەکان گەورە دەرکەون 

ئەمەشیان دەستکاریکردنێکی دیکەی زەق بۆ دەرخستنی زلی کەلـلەسەر
 
قەبارەی زاناکە بچووک کراوەتەوە تا ئێسکەپەیەکەرەکە زلتر نیشان بدرێت

 
نامەی فەرمیی بەرپرسانی شوێنەوار لە ناوچەی کوروکشیترای وڵاتی هیندستان، بۆ بەدرۆخستنەوەی هەواڵی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەرە زەبەلاحەکان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە