شەوی نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ و ڕزگار کردنی شاری کەرکوک

Saturday, 03.20.2021, 0:57

590 بینراوە


(لە پردێوە بەرەو کەرکوک)

بڕیاری ئازاد کردنی شاری کەرکوک لە شەوی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی، سەلمێنەری کوردی و کوردستانی شاری کەرکوکە بۆنەتەوەکەمان ھەتا ھەتایە.

من وەک کوردێک و وەک گەنجێکی ئەودەم، بەھۆی پیشەکەم لەگەیاندنی ھاوکاری فریاگوزاری بە پەلە و سەرەتایی پزیشکی، دوو شەو بوو لەپردێ بووین لای مەلا فەرمان و سەرباز ساڵەیی و سابیر حەداد و سەرکەوت و سەرتۆپی ئازاد کردنی شاری کەرکوکێش شەھیدعەبدولڕەزاق.
لەوێ ھەستم کرد کورد بەتەنیا خاوەنی ئەو شارە ئەزەلیە پیرۆزەی دانیال پێغەمبەرە، چونکە ھەر ئەو نەتەوەیە بەتەنیا ئامادەیە بەسەخاوتەوە،شیرین ترین و پیرۆزتیرن و جوانترین کوڕەکانی خۆی لەشەوەزەنگێک بکاتە قوربانی ئەو شارەی کە لەبونیەوە بەھی خۆی دەزانی،بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تری بەر بەخششی خێر و بێری ئەو زێڕە رەشەی سەد ساڵە فوارەی قەڵەبزەی بورکانی بەر نەوتەکەی جگە لە کوردھەمووان باشتر دەژیێنێ!
لەبەر ئەوەی دەور و بەری پردێ ھەر ھەمووی عەینە و مەخازنی چەک و کەرەستە و بەرگی عەسکەری بوو، دەست بەسەر ھەمووی داگیرابوو.
مودیر ناحیە دیار بوو ڕایکردبوو، ئۆتۆمبێلە سوپەرە سوورەکەی جێھێشتبوو. دوو کەسی بەتەمەن دەستیان بەسەر داگرتبوو لەبەینی خۆیانپێک نەدەھاتن و تەماعیشیان لێبوو، لەناچاری دوایێ ھێنایەنە ئەوێ گوتیانە مەلا فەرمانی ئەوە لۆ تۆمان ھینایە و بالۆ ھیچمان نەبی ئەوە بادیاری بێ لۆ ئێوە! ھەرچەندە گرنگیەکی ئەوھاشی پێنەدان و ئەودەم کەس بیری لەوەنەدەکردەوە ھەر ھەمووی لەغەمی خۆ ڕێکخستنی شەوینەورۆزێ بوون بۆ ھێرش و شاڵاوی سەر کەرکوکێ.
چەکێکی زۆری بیکەیسی و کڵاشنۆف و ئاڕپیجی تازەیان لەبارەگاکەی مەلا فەرمانی دانابوو. دوو شەو زووتر لەنەورۆزێ لە دەور و بەرییازدەی شەوێ زۆرمان لە لۆریەکی بارکرد. شەھید عەبدولڕەزاق لەگەڵیان ڕۆیشت. بە ئیختیفا دیار بوو بردبوەیانەوە ناو کەرکوکێ.
بەڕۆژیش بەردەوام کۆپتەر لە بڵندایی ئەو ناوچەی دەفڕی کەس نەبوو چەکی پێ نەبێ، بە بیکەیسی و ئاڕپیجی ئەفلاقیان دەکرد، تەیارەکاننەدەوێران بێنە پێشەوە.
ئەو چەند ڕۆژەی لەپردێ، دیار بوو خەڵک لەبۆ نان خواردنێ لەدەرگای ھەموو ماڵێکیان دەدا بەماڵە کورد و تورکمانەوەش. سەیرەکە لەوە بووماڵە تورکمانەکان نەیاندزانی و نەشیان دەتوانی خەڵک نان نەدەن. زۆر دەترسان لەپێشمەرگە و لە ترسی گەڕانەوەی حکومەتیش. بە زۆریلەماڵێ دەبوون. حەقیان بە ھیچەوە نەبوو.
لە ئێوارەی شەوی نەورۆزێ لەوێ ئامادە بووین لە سەعات یازدەی شەو بەرەو ناوشوان بە ڕێکەوتین سەدان سەیارەی یەک لە دوای یەکیبەرازیلی و پیکاب و سۆپەری پڕ لە پێشمەرگە و خەڵکی چەکدار بووین دەبابەیەکیش پێش ھەموو کاروانەکە کەوتبوو. 
باران نم نم دەباری ..
شەوێکی بەھاری شێداری خۆش بوو.
ئەمن لە کۆستەرێک بووم زیاتر پێشمەرگە و خزمی یەک بوون لە تیپی بیست و یەکی کەرکوکی زوو، سەیارەکان بێ لایت ڕێگا قوڕەکانیاندەبڕی کەس وورتەی لێوە نەدەھات خەیاڵ لە نێوان ترسی مردن و حەماسی ئازاد کردنی کەرکوک بوو لە شەوێکی مێژووی نەورۆزێ، کەدوورە جارێکی تر قەت دووبارە ببێتەوە.
ھەمووی ھەشت ڕۆژ بوو لە ٣/١٢ سی و سێ کەسی کوردی کەرکوکیان لە شۆریجە گووللە باران کردبوو، ھێشتان خوێنەکەیان وشک نەبووبۆوە. 
لەناو کۆستەرەکە، کەسێک دیار بوو لەوانی تر گورج و گۆڵ تر بوو خوێندەواریەکی خراپی ھەبوو یەکە یەکە ناوەکان و گەڕەکەکانمانیانینووسی.
وەخت و ناوەخت لە لرمەی تەقینەوەی تۆپەکانی حکومەت ڕادەچڵەکین کە بە درێژایی ئەو چەند شەوە دەورەی کەرکوکی بۆردومان دەکرد.
بە ڕێکەوت یەک دوو تۆپ لە نزیک ڕەتڵەکە تەقیەوە ھەموو کاروانەکە وەستا و گوتیان ئەھا ئاشکرا بووین! ئیتر کەس نەبووە برای کەس، بەڕێکەوت کۆستەرەکەی ئێمە لە نزیک سیمی دەورەی کۆنە ڕەبایەکی عەسکەری وەستا کە ھەمووی کەمینی ئەلغام بوو. خەڵکەکە لەو ناوە پەرتبوو چەند کەسێک کەوتنە ناو حەقڵی ئەڵغامەکە و لەو شەوە ئەنگوستە چاوە لەبەر لێزمەی ئاگری تەقینەوەی ئەڵغامێک و دەنگێکی ڕەقیناخۆشی تەقینەوەکە زەلامێکی بۆ حەوای خست و بەرزی کردەوە و فڕێی دا نزیک سیمەکە و دەم و دەست قاچێکی لە دەست داو زۆر بەخراپی بریندار بوو، من و یەک دوو کەسی تر لە دکتۆرەکان ھەموو ئەو پارچە گۆزە گەورە و لەفاف و یۆدەی پێمان بوو بەو شەوە لە قاچیمانداو بەستمانەوە و دوای ئەوەی بە تۆڕنیکە ڕانیمان بەستاوە ناردمانەوە پردێ. ھێشتا ھیچ نەبوو بو ھەموو جەستە و جلی بەرمان بۆن خوێن وخوێناوی ببوو.
دیسان بەڕێ کەوتینەوە پێش تاریک و ڕوون، زۆر زووتر ھەموومان دابەزین بە پێ لە بەر ئەو بارانە نەرمە بە ناو قوڕی ئەو دەشت و دەرە لەوسەرمایە بەر بەیانیە بەھاریە سەدان گەنجی کوردی خۆشی نەدیو چوست و چالاک بەرە و سلسلە ڕەبایەکانی پشتی ڕەحیماوە ھەنگاویاندەنا کەسێکم نەدی لە مردن سڵ بکاتەوە. 
تەنیا گوێت لە دەنگی لێک خشانی شەڵوارە تەڕەکانیان و دەنگی تاقم و تڤەنگیان دەبوو، بە داخەوە ئێستا دەیان کەسی سەر بەدەسەڵاتیکوردی بە پارە گیراو گاڵتە بە پیرۆزی شەڵواری کوردی دەکا و بە قێزەوەن و باڵۆن  وەسفی دەکا.
شەو تەواو ڕاشکا بوو ھەر ھەموو ھێزەکان بە بێ دەنگی لە بن ڕەبایەکان بوون. ئەو دەمەی بوو کە خەو لەھەموو شتێ خۆشترە. ئێمە تۆزێکدوور تر لەوان لە ناو چۆمێک بووین کە ئاوی بە ژێریەوە دادەڕۆیشت. ئەو چەند ساتە بێ دەنگیە زۆر ناخۆش بوو ھەر ھەمووی لە چاوەڕێیدەققە وسەعاتی سفر بووین.
خەیاڵ بۆ تۆزێک دەست بەردارت نەدەبوو. ئەو ھەموو گەنجە جوانە داخوا لە مێژووی دێرینی بەربەرەکانێی قڕ کردنی میللەتەکەمان، چەندانشەوی تر ئەوھا ئێشکگر و یاساوڵی قەڵای دم دم و خەرەندی ڕواندز و لوتکەی تەندورەک و ئاگری چیای ئارارات و مەیدانی چوار چرا وبارزان و زنجیرە شاخەکانی دابان و ھەزار ھەزار ھەڵەت و پەڵەتی ئەو نیشتمانە ڕەنگینەیان کردبێ.
دوای بێ دەنگیەکی کەم بەڵام زۆر درێژی قەت تەواو نەبوو ئاسمانی دەور و بەری شار لە گەڵ لێزمەی ئاگری ئاڕپیجی و بیکەیسی وکڵاشینکۆف وەک یاریە ئاگرینە لە سەری ساڵی کوردی موژدە و خرۆشی ئازاد کردنی کەرکوکی کوردستانی لەو پێدەشتە پێ دەدای.
لە ناو ھێرش و دەنگی تەقینەوە و ھەڵھاتنی دوژمن. لە ساتەکانی ھەوەڵی دەیان کوڕە کورد بەکۆڵی ھاوڕێکانیان و بە جەستەی پڕ برین وفوارەی ھەڵقوڵانی ئەو خوێنە گەرم و گەشەیان بۆ ڕەوانە کردینەوە دواوە.
کەسێک بەر من کەوت ناوی موحەمەد بوو خەڵکی کۆیە بوو قەمسەڵەیەکی مونەقەطی مغاویری لە بەر بوو لای چەپی بە تەواوی وەک بێژینگیلێ ھاتبوو. فریای بەستنەوەی برینەکانی نەدەکەوتم دواتر چوومە ژێر باڵی بۆ دەمێک بەناو چۆمەکە بۆ دواوەم برد گولە ھاوەنەکانی دوژمن لەوناوە دەکەوتنەوە ناو قوڕەکە کەمتر ساچمەیان لێ دەبۆوە تا یەکێکیان زۆر لە نزیک ئێمە کەوتەوە و تەقیەوە ، من لەو دەم ئەمخستە ژێر باڵیڕاستەم دیسان لاکەی تریشی ھەموو بریندار بۆوە و من سەلامەت دەرچووم ئێستاش لە بیرمە گووتی ( وەڵا دایکی ... )!
تا نزیک غەسالەکانی ڕێگای شوانم برد لەوێ لێیان وەرگرتم. بۆ ڕۆژ ھەڵاتن گەیشتینە ڕەحیماوە لە مونەزەمەکەی ئەوێ شازدە ڕەفیق حیزبیجلک لەبەری زەیتونیم بینی کوژرابوون لە سەر دیواری حەوشەکە ڕێزیان كردبوون لەتۆڵەی ئەو سی و سێ کەسەی حەفتەیەک زووتر لەشۆریجە شەھیدیان کرابوون.
نیوەڕۆیەکەی ھەر لەڕەحیماوە بووین لەماڵەکان تەوزیع ببوین نانماندەخوارد، دیار بوو کۆپتەرێک ساروخەکی ڕاوەشاند دووکەڵێکی زۆریڕەشی لێ بڵند بوو. ھەموو ژن و منداڵی گەڕەکێ لەزریکەیان دا گۆتیاندەرمانی لێداین. شەوەکەی من و دووکەسی دی لەماڵێک ماینەوە. کارەبانەبوو زۆر تاریک بوو. خواردنیان ھینا. گۆتیان وەڵا دوو جوندیعارەبیشی لێیە زۆر دەترسێن پەنایان لۆ ئێمە ھێنایە. گۆتمان با بێنەئێرە کنەمە. ھاتن ھەردووکیان جلکی مەدەنیان لەبەر بوو، ئەمنعارەبیەکەم باشتر بوو. گومانم ھەبوو ئەمن بن بەس لەبەر ژن و منداڵیماڵەکەی دەنگمان نەکرد. لەچاویشیان دیار بوو پێیان خۆش بووکێشەیان لۆ دروست نەبی. یەکیان زوو داوای لەمن کرد گۆتی ڕەسمیجەلال تاڵەبانیم پێ بێ نیشانی دەم!
دواتر باش بوو. پێم خۆش بوو گۆتم خوایە لەدەمی شکانی کورد و جێھێشتنی کەرکوک ئەو دوو کەسە فریای ئەو ماڵە ھەژارە کەوتبوونایەوە. شەوەکەی بەخۆمان لەترسی وان نەنووستین، تاریک و لەھەموو لایەکی تەقە بوو کەس بەکەس نەبوو.
دیار بوو بابم ئۆقرەی لەبەر بڕابوو لەگەڵ کاک سیامەند رەشەی برادەرم ھاتبوونە سۆراغم، کەس ھەواڵی کەسی نەدەزانی.
ڕۆژی دوای نەورۆزێ لەتەنیشت چوار شمشێرەکەی لەبۆ شەریکەی بەستێکی لێ بوو قوت خاسەی حیمایە شەریکەی لێبوو بە بیکەیسیتەقەیان دەکرد و کۆپتەرێکیش یەک دوو جار دابەزی دواتر زاندرا ماڵی مودیر شەریکەی نەوتیان قورتار کردبوو. مەعەسکەرێکی گچکەی لێبوو یەکێک گۆتی ئەمن لێرە عەسکەر بوومە دەزانم مەشجەب و دەمانچەکان لە کێندرێنە. چووین ھەمووی جەمەلۆن بوو گەلەک گەڕاین بەسکڵاشنکۆفی سینی بەحەڕبەی لێ بوو کەس نەیدەویست. حانووتەکی عەسکەری لێ بوو کێک و بیبسی و گۆریە و پێداویستی عەسکەریلێبوو.
لۆ شەوەکەی خەڵکەکی زۆری چەکدار و بێ چەک گەیشتینە ناو شەریکەی. کارەبا بەس لەوێ مابوو، گڵۆپی جادەکان مابوون کۆمەڵێک بینایسێ قاتی لێ بوو. دیار بوو ئەجنەبی دروستیان کردبوو. ھەر کەسە بەکەیفی خۆی تێیدا دەگەڕا. دوایێ گەیشتینە ماڵی مودیر شەریکەی. دیاربوو لە ژیانێکی ڕەفاییەتی کەم وێنە بوو لە ماڵ و سیسەم و قەنەفە و مەتبەخی بیانی دوا مۆدێل کەسمان بەڕەسمیش نەمان دیبوو. ڕەسمێکیگەورەی مودیرەکە و صەدامی لێ ھەڵواسرا بوو. کتێبخانەکەی زۆر گەورە بوو. ھەندەک بارزانیش لە ژوورێ دانیشتبوون دوو سێ یەکیانئیختیار بوون. کتێبەکان ئینگلیزی بوون موجەلەی لایفی ئەمێریکی لێ بوو. لەسەرتەباخی موتبەخەکە برنج ھەرلەناو مەنجەڵەکەی بوو کەسنەیدەوێرا بیخوا.
خەڵک خەریکی کێشانەوەی شتەکان بوون. ھەبوو لەسەرە سووچەکان زۆری سەلاجە و شتی خڕ کردبۆوە لە تراکتۆریان بار دەکرد. یەکەمجارم بوو موەلیدەی گچکەی کارەبای ببینم. سەیارەی ھەمە جۆر و مێخ زەمینی پیکابی لێ بوو خەڵک خەریکی چەتاڵی بوون. لەبۆ خۆیشارێکی گەورە بوو زۆر جیاواز بوو لەگەڵ گەڕەکە ھەژار نشینە کورد و تورکمان و مەسیحیەکانی وەک قەڵات و عەرەفە و تەپە و ڕەحیماوە وئیمام قاسمی.
شەڕ و پێکدادان ھەر مابوو لە مەعەسکەر خالیدی. دیار بوو ئەگەر ئەوێ بگیرابوایە کورد بەرنامەی بەرگری ھەبواویە لەو شارە، ھاوکێشەکانبەجۆرێکی تر دەبوو. بەڵام دیار بوو لە جێھێشتنی شار لەلایەن حکومەتی کوردیش دەستی شل بوو لە ھێرش کردن و مانەوەی. بەرگریمەعەسکەر خالیدیش وای کرد خەڵک بەگشتی لەدڵەڕواکێ بژی و زۆر متمانەی بە مانەوەی خۆی نەبێ لەکەرکوک. ئەوە بوو کەس بەکەسنەبوو. ووردە ووردە لەو چەند ڕۆژەی دواتر ئەو ھێز و خەڵکەی لە ھەولێرێش دەھات ڕێک و پێک نەبوو ھەر لەگروپی خزم و برادەر دابوون.
بۆ دواجار سێ برا و ئامۆزایەکیان کە ھەر ھەموو برادەری نزیکم بوون ھەر لە زوو لەسەر جادەی کۆیە پشت حەی زوباتی گەڕەکی سێتاقانلۆری سەلاحەدینیان ھەبوو. بەنەزانی لەگرتنەوەی کەرکوکێ بەئەڵبیەکی ھاتبوون لەلایەن حەرەس جمھوری و موجاھیدین خەڵق کەوتنەکەمینی قوات خاسەی بە بیکەیسی لێیان درا. بەدرەدین و عەزەدین کە تەڵەبەی کولیەش بوو لەگەڵ نوورەدینی برا گچکەیان کەپێشمەرگەییەکێتی بوو لە شاخ و ئامۆزایەکەیان پێکەوە پێکران و شەھید بوون. مەیتی ھەر چواریان گەڕایەوە گەڕەکی نەوت و دووی ھەولێرێ. کەرکوکبەلای ھەولێرێ داگیرکرایەوە و مەترسی گەیشتە سەر پردێ و ئەو شەوەی قوەتەکی زۆری پێشمەرگە و خەڵک بەپێشڕەوی کۆسرەت ڕەسولبەرپرسێکی بارزانیش لە قوشتەپەی بوو دیار ھەندەک بارزانی و خەڵکی موجەمەعی قوشتەپەیان لەگەڵ بوو. 
حیمایەکی زۆر لەدەوری کۆسرەت ڕەسولی بوون، خەڵک پرسیاریان کرد پلانمان چ بی؟ گۆتی تەواو بەپان و پانی دەڕۆین!
دیار بوو موجاھیدەکی زۆر ھاتبوون دەبابەشیان پێ بوو. بەبەردەوامی بە کاتێۆشاش ئەو دەشتەی پێش قوشتەپەیان ڕاجیمە باران دەکرد. ئەودەم یاوەری تیمێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسیم دەکرد بەو شەوەی، دیار بوو بەرەی جەنگیان دیتبوو کە دەنگی ھاویشتنی کاتیۆشەکاندەھات، دەبوا لەگەڵەوان ھەموو خۆمان بەعاردی دا بدەین. وەختێک ھێزەکە پەرش و بڵاو ببوو خەڵک لە پاشەکشێ و پاشا گەردانی و ڕاکردنبوون. بە ئاسایی گوێمان لە موجاھیدەکان دەبوو بەکوردی جنێویان دەدا!
لەگەڕانەوەم ژنە بارزانیەکانی قوشتەپەم دەبینی بەو شەوەی ھەر وەک ئەوەی چارەنووسیان ھەر بێ ئۆقرەیی بێ، بە پێیان دەستیمنداڵەکانیان گرتبوو ھەریەکەی کۆڵێ بەتانی و شتی لەخۆ بار کردبوو، بێ پرسیار و بەبێ دەنگی لۆ ھەولێرێ دەھاتنەوە. ژنێکم بینی زۆرم پێسەیر بوو بەتاقی تەنیا سەلاجەیەکی لە پشتێ کردبوو بە پێ ڕێی دەکرد.
رۆژنامەنووسەکانمان گەیاندەوە فندق زەیتونەی.
لۆ بەیانیەکەی چوومەوە ماڵێ گەڕەک ھەموو بەژن و منداڵ و گەورە و گچکە لەکۆڵانێ بوون. ھەموو خەڵک ئەبڵەق ببوون کەس نەیدەزانی چبووە. ھەزاران پرسیاری بێ وەڵامت لێ دەخوێندنەوە کەسێ نەبوو وەڵامیان بداتەوە.

سەرنج:-

ھێزێکی گەورەی پێشمەرگە و خەڵکیش لەسلێمانی و بەرە و کەرکوکێ ئەوان بە سەرکردایەتی نەوشێروان موستەفا لەگەڵ ھێزەکەی ھەولێرێلەپردێ ڕا ناو شاری کەرکوکیان بۆچەند ڕۆژێک ئازاد کرد.