بۆچی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا داهێنان کەمە ؟

Sunday, 14/03/2021, 0:55

9471 بینراوە


دوای شارستانیەتی سۆمەر و شارستاینیەتی فیرعەونەکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا داهێنان بووە دیاردەیەکی دانسقە، بەجۆرێک کە ڕۆژئاواییەکان خاوەنی ئەو شارستانیەتانەیان بە مرۆڤی دەرەکی و و دور لە ناوچەکە هەژماردەکرد، ناشتوانین ڕەخنەیان لێبگرین لەبەر ئەوەی کە دابڕانێکو جیاوازیەکی ڕادیکاڵ هیە لە نێوان ئەو دانیشتوانەی ئێستاو شارستانیەتی ڕابوردودا. کاتێک دەمانبینی کابارایەکی میسری مۆمیای فیرعەونەکانی دەفرۆشێت لەسەر جادە وەک هەمو کەلوپەلێکی ئەنتیکیتی، یان کەسانێک لە سەر تاشەبەردەکانی سۆمەر نوێژیان دەکرد، بەبێ ئەوەی پریسار لە خۆیان بکەن ئەم نوسراوانە چین، بۆچی کراون، بە چ مەبەستێک ؟ پرسن نەبو بە گەڕان بەدوای زانیاریدا.
وەک بینیمان هەمو نوسراوەکان و زانیاریەکان لەسەر ئەو شارستانیەتانەی رابوردو: سۆمەر، بابل، ئەکاد و ئەنکاو ...تاد، لەلایەن کەسانی پسپۆر و پرسنی ڕۆژهەڵتیەوە بە ماندوبون و کارکردن و شەونخونیەوە دۆزراونەتەوە.
لەسەردەمی مۆدێرنیشدا سەرنجماندا، کاتێک لە میسر ئیخوانەکان حوکمیان گرتەدەست، یەکەم پێشنیاریان لە پەرلەمان، ڕوخاندنی هەرەمەکانی میسربو وەک گوناحێک دژی بۆچونو دینی ئەوان. داعشەکانی سوریاو ئێراقیش چونە مۆزەخانەکانو هەمو شوێنەوارەکانی ڕابوردویان بە کوفور دەزانی و وێرانیان دەکردن. ( لەو کاتەدابو کە من پێخوشحاڵبوم بەوەی کە زۆر لە شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵات لە مۆزەخانەکانی ئەروپادا پارێزارو بون ). ئەم گەڕانەوەیە بە کۆمەڵ بۆ بەها کۆمەلایەتیەکان لە تاکیشدا لەهەمو سەردەمێکدا بونی هەیە.
هۆکاری چیەو بۆچی ڕۆژهەڵاتیەکان پرسن نینو بەدوای زانیاریدا ناگەڕینو، داهێنان ناکەن ؟ بە جۆڕێک کە بونەتە کۆیلەی ئەوروپاو وەک کەسانی مەسرەفگەرایی دەبینرێنو بەرهەمو داهێنانیان نیە ؟ وەک کەسانێکی بێ سود بۆ مرۆڤایەتی دەبینرێن ؟
بە تیۆری زانستی سەلمێندراوە کە تاکەکانی مرۆڤی ساپیان جیاوازن لە توانادا، هەر یەکەیان بە دی ئای ئینێکی جیاواز یەک لەوی تر دێنە ژیانەوە، بەڵام ئەمە لە نێوان تاکێکو تاکێکی تردایە نەک لە نێوان کۆمەلگەیەکو کۆمەڵگەیەکی تردا، واتە، کۆمەڵگەیەک بونی نیە زیرەکتر بێت لەوی تر، جیاوازیکردن لە نێوان کۆمەڵگەیەکو کۆمەڵگەیەکی تردا لە توانادا، لەسەر بنەمای زانستو کەڵچەر و یاسا کۆمەڵایەتیەکانە، هەروەها ئەو سیستەمەیە هەتا چەندە هانو یارمەتی و بوار دەڕەخسێنێت بۆ تاکەکانی لەو بوارەدا، ئەگەرنا ئەوە تیۆری فاشیستو نازیەکانە و زانست بەدرۆی دەخاتەوە کە کۆمەڵگەیەک لەوی تر بێ تواناتر بن. ئەوەی کاریگەری هەیە لەسەر تاک، کەڵچەر و پەروەردەیە. بۆیە لەهەمو کۆمەڵگەیەکدا مۆزارتو ئاینشتاینو مارکس بونیان هەیە.
بە پێێ تیۆری فرۆید، پێكهاتەکانی کاسایەتی، بریتین لە سێ پێكهاتە کە بەرپرسن لە هەڵسو کەوتی هەر مرۆڤێک:

1- ( ئەو) : 

 گشت خولیا و ئارەزو و غەریزەکانی مرۆڤن، هەمیشە دەیەوێت رەفتارەکانمان ئاراستە بکات بەرەو تێرکردنی غەریزەکان،( ئەو ) بەلایەوە گرنگ نیە چۆنو بە چ شیوەیەک ئارەزوەکانمان تێر دەکرێت، گرنگ ئەوەیە تێر بکرێن، بۆیە هەمیشە فشار لەسەر تاک دروست دەکات بۆ تێرکردنی ئارەزوەکانی.

2- منی باڵا ( سوپەر ئیگۆ ):

ڕێک دژی  ( ئەو) ە،  هەمیشە چاودیرە بەسەر غەریزە و ئارەزوەکانمان، منی بالا لەهەر یەکێکماندا لایەنی بەها کۆمەڵایەتیەکانو ویژدان دەگرێتەوە. منی باڵا هەمیشە دەیەوێت سنور بۆ غەریزەکانمان دابنێتو سەرکوتیان بکات .

3- من ( ئیگۆ )

کاری پاراستنی خودە، یەکانگیریەک لە نێوان : ( ئەو) و ( منی باڵا) دا پێک دەهێنێت. لە پێناوی پاراستنی خود، بۆ نمونە هەوڵ ئەدات غەریزەکانی خود تێربکات لە ناو بەها و یاسا و کۆمەڵایەتیەکان، فشارەکان لە نێوان ئەو و منی باڵا کەم دەکاتەوە. بەمەش هاوسەنگی بۆ دەرونی تاک بەدی دەهێنێت.
بە پێی ئەم تیۆریەی فرۆید، منی باڵا کە بریتیە لە بەها کۆمەڵایتیەکان، لای تاکی ڕۆژهەلاتی  بەتایبەتی لە کەڵچەری ئیسلامیدا، هێندە زاڵە و هێزی خۆی دەسەپێنێت بەسەر هزر و هەڵسوکەوتی مرۆڤدا کە منی ئێگۆ ناچارە بەلای ئەودا بیشکێنێتەوە.
بە پێی ئەزمونی خۆم کە لە ئەروپا سەرنجم داوە، تاکی ڕۆژهەڵاتی کاتێک توشی روداوێکی نەخوازراو دەبێتەوە، ڕوبەڕوی کارەساتێکی دژوار دەبێتەوە لە ساتیکی ژیانیدا ،  ئەگەر ئیمانداریش نەبێت، ئەوا ئەو روداوە دەبەستێتەوە بە هۆکاری ئەوەی کە نەیویستوە بەهەر هۆکارێک بێت، ڕێنمایەکانی کۆمەڵگە جێبەجێ بکات وەک ئەوەی داوای لێکراوە، واتە ڕێنمایەکانی ئیسلامو کەڵچەرەکەی کە لە نەستی ئەو تاکەدا خۆیان حەشارداوە، کە تاک خۆی خەتاباردەکات بە جیبەجێ نەکردنی، بۆیە ئەو کەسە ئەو روداوە ڕاستەخۆ دەبەستێتەوە بەو هۆکارەوە. خۆی خەتاباردەکات وەک ئەوەی ئەو ڕوداوە لە خوداوە وەک پەیامێک بۆی نێردرابێت بەمەبستی ئاگادرکردنەوەی، وەک تؤڵەسەندنەوەی هێزێکی نادیار لە کەسی بێ ئاگا، هەتاوەکوبگەڕێتەوە بۆ خواپەرستی و بەها کۆمەڵایەتیەکانو دەستبەرداری ئەو ڕێگەیە بێت کە توشی ئەشکەنجەی کردوە. نەک تەنهار ڕوادوێکی نەخوازراو بەڵکو هەڵبژاردنی جۆرێک لە ستایلی ژیانیش کە دورە لە جۆری ژیانی باو و باپیرانیەوە. حاشا هەڵەنگریشە کە هەمو مرۆڤێک کاتێک ڕێگای شەونخونی و داهێنان دەگرێتە بەر لەهەر بوارێکدا بێت، کەبریتیە لە لێکدانەوە بۆ ژیانو بنەماکانی ژیان، روبەڕوی  ترسو شکو هیلاکی دەبێتەوە لە قۆناغێکی ئەو پرۆسەیەدا.
بێگومان ئەم هەڵسوکەوتە لەهەمو تاکێکی کەڵچەری جیاوازدا بونی هەیە، بەڵام لەکەڵچەری ئیسلامیدا وەک وتمان یاسا کۆمەڵەتیەکانی هێندە زالەو خۆ سەپێنەرە، کە تاکی موسڵمان پاشگەز دەبێتەوە لەو رێگایەی گرتویەتیەبەر، واز دەهێنێت لە بەردەوامبونو توشی ترس دەبێت، بەوەی کە لەلایەن منی باڵاوە لە نەستیدا خۆی حەشارداوە و زاڵە، لەبەر ئەوەی کە منی بالا لەکەڵچەری ئیسلامیدا دەورێکی دیکتاتۆری هەیەو جێگایەکی گرنگی گرتوە لە هزری مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدا، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، خۆی وەها سەپاندوە و چەپۆکی بەسەر تاکەکانیدا داوە کە هەناسەی لێ بڕیون، بەجۆرێک هەرکاتێک توشی تەنگژیەک دەبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕازیکردنی منی باڵا کە بریتیە لە بەها کۆمەڵیەتیەکان. ئەگەر لەئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی لەسەردەمی ڕێنیساندا کۆمەڵگەی ئەوروپی پشتی لە دینکردو بەرەو زانست هانگاویان نا لەبەر ئەوەی کە دین ڕیگربو لە داهێنان، لە سەرەونخونکردنی بەهاکانی لەلایەن زانستەوە، لەهەمان کاتا لە دینی مەسیحیدا تێكستی خودایی نیە کە خۆی بسەپێنێتو ڕێگر بێت لە بەردەوام بونی تاک، ببێتە بەربەست، ئەوەی هەیە سەرزنشتیەکانی عیسان، ئەگەر تێکستی دکتۆرەکانی کۆڵەکەی مەسیحی لەوانە سانتۆگوستان (  Saint Augustin  ) بەشیوەیەکی زەق ئارەزوەکانی تاک تەواو دەچەپێنێت ( کپ دەکات)، ئەوا وێنەی عیسا لەسەر خاچو بەردەوامبونی هەتا دواهەمین هەناسەی کاریگەریەکی گرنگی هەیە لەسەر تاکی ئەوروپی و ڕەوایە و دەگونجێت لەگەڵ ئەو کەسەی کە ڕێگای داهێنان دەگرێتە بەر، داهێنان کە ڕیگایەکەی شەونخونی و تەنیای و ئەشکەنجەیە. بەڵام جەوهەری عیسا خۆی بریتیە لە تێپەڕبون بە ئەشکەنجەدا بۆ گەیشتن بەئامانج، دەبێتە هاندەر بۆ تاکی داهێنەر، تاکی مەسیحی واتە گەیشتن بە ڕۆحی عیسا، ڕۆحی عیساش واتە خۆ بەختکردن. هەروەها باسکردن لە ناخی خود کە بنەمای داهێنانە، باسکردنی خود لە کەڵچەری مەسیحیدا مێژویەکی کۆنی هەیە، بە پێچەوانەوە ئەو هەڵسوکەتە لای ئیسلام وەک مۆدێلێک پەیڕەوی نەکراوە، زیاتر پەیڕەوی شاردنەوەی باسەکان دەکەنو زۆر چەمک بە شاراوەی دەهڵێڵنەوە لە کاتێکدا لە مەسیحیەتا هەر تاکێک دەبێت بەلایەنی کەمەوە ساڵی جارێک بچێت ڕازو نایازی، هەڵەو تاوانەکانی، ئەوەی لە ناخیدایە بۆ پیاوێكی دینی باس بکات لە کەنیسەدا. بە بڕوای میشیل فوکۆ، ئەمە دیاردەیە بوە هۆی پاڵنەری سەرەکی بۆ بەدەست هێنانی توانای دەربڕین، بوە بنەمای شیکاری دەرونی، پاشان بنەمایەک بۆ داهێنانو گەڕان بەدوای زانستا لەهەمو بوارێکدا.
بە لێکؤڵینەوە سەلمێندراوە، هەر تاکێک لەهەر کەڵچەرێکدا، کاتێک ڕوبەروی ترس دەبێتەوە پەنا دەباتە بەر هێزێکی دەرەکی، میتافیزیکی، ئەگەر باوەڕداریش نەبێت. هەمو داهێنانێکیش مرۆڤ بەرەوە تەنیایی دەبات، بەرەو شکو ئەشکەنجەی دەرونی دەبات، لەبەر ئەوەی کە تۆ داهێنەریت کەواتە تۆ مرۆڤێکی تەنیایت، ئاکامی  تەنیایش ئازارو ئەشکەنەجەیە، ئەگەر کەڵچەڕیک نەتوانێت بەتەنیشتەوە هانت بدات، وەک عیسا پێت بڵێت : بەردەوام بە هەتا سەر خاچ، بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی. ئەوا تۆ بەردەوام نابیت لەبەر ئەوەی کە هەڵبژاردەیەکی ترت هەیە، هەڵبژاردەی باشترت هەیە، ئەویش وازهێنانو سەردانەواندنە بۆ ئەو کەڵچەرەی کە لە نەستا خۆی حەشار داوە و لەڕۆژی پێویستا دێت بەدەمتەوە هەتاوەکو تۆ نەتوانیت ببیتە تاکێکی سەربەستو داهێنەر.
بۆ باشتر تێگەیشتن لە هەندێک تێۆری فرۆیدا لەسەر خود (من)، گوێ لەم ڤیدیۆیە بگرن بەکوردی. دەستخۆی لەو بەڕێزانە دەکەین کەئەم کارەیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان .

خەبات بەردەوامە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە