دەقی گفتوگۆی راشکاوانەی کوردستان تایمز لەگەڵ مایکل رۆبن (بەشی یەکەم)

Sunday, 14/03/2021, 16:18

7350 بینراوە


“مەسرور بارزانی، کەسێکی زۆر ڕێز لێگیراو نییە لە واشنتۆن. بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ سی ئای ئەی، بەڵام [سی ئای ئەی] وەک جاران خۆشحاڵ نیین بە مەسرور. هەندێک لە جەنەڕاڵە خانەنشینەکانیش کە پەیوەندییان لەگەڵ مەسروردا هەبوو، وەک ڕاوێژکار ئیشیان لەگەڵدا کردووە، ئەمانیش وەک پێشو نایبینن و پەیوەندی لەگەڵدا ناکەن،  چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی زۆر جار وەک بەشار ئەسەدیش سەیری بکەن.”

ئێوارە باش، بەخێربێن بۆ کوردستان تایمز، بۆ قسەکردن لەگەڵ بەڕێز مایکڵ ڕۆبن.

هەر وەک ئەزانن ئیدارەی بایدن، وەک یەکێ لە نزیکترن دۆستەکانی کورد دادەنرێ و سەرۆک بایدنیش وەک نزیکترین دۆستی کورد ناسێنراوە، بە تایبەتی لە نەوەدەکان، بە تایبەتتریش بۆ کوردیی عێراق و بونی پەیوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد.
هەروەها قسەکردنی لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی پرۆسەی ئازادیی عێراق، کە تا ئێستاش لە خەیاڵی زۆر کەسدا ماوە. لە کاتێکدا کورد کەمترین دۆستی هەبووە.
بایدن، بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بۆ سێ هەرێم هەبووە، لەسەر بنچینەی جیاوازی نەتەوەیی و دینی. لە ساڵی 2021 وە وا دیارە بایدن بە شێوەیەکی جیاواز نزیک دەبێتەوە لە عێراق و ناوچەکە.
پشتگیریکردنی ئازادیی قسەکردن و ئازادیی میدیایی بایدن لە سیاسەتی دەرەوەیدا، ڕەنگە بۆ هەندێ سیستم و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکەش باش نەبێ، نموونەی ئەردۆگان لە تورکیا و محەمەد بن سەلمان لە سعودیە و مەسرور بارزانی لە کوردستان.
لەم دواییانە و لە ڕێگەی پۆستێکی تویتەری وەزیری دەرەوە (بلینکن) گۆڕانێکاریێکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بەدی دەکرێ لەچاو ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترامپ.
ئەم ئێوارەیە قسە لەسەر چەند بابەتێک دەکەین لەگەڵ مایکل روبن. تا بزانین چۆن ئیدارەی بایدن پەیوەندییەکانی بەتایبەتیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکدەخاتەوە و کورد لە ناوچەکەدا بەگشتیی.
دەزانم بۆ زۆر کەس مایکل ربن ناسراو و بەناووبانگە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا، ماوەیەکی درێژە لەسەر کورد و پرسی کورد دەنوسێ. بەڵام ئەوەش بە دەرفەت دەزانم زیاتر مایکل رۆبنتان پێبناسێنم.
مایکل رۆبن لێکۆڵەری نیشتەجێیە لە دەزگای ئینتەرپرایزی ئەمریکیی. پسپۆڕە لە سیاسەتی عێڕاق و ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وانە دەداتە ئەو بەرپرس و مارێنزانەی کە لە ئەمریکاوە دێن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن. ئەو بەرپرسێکی پێشوی پێنتاگۆنیشە کە لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دواتریش لە ئێران ژیاوە، لە عێڕاقی پێش ئازادکردنی و دوای ئازادکردنی و هەروەها لە یەمەنیش. لەگەڵ گروپی تاڵیبانیش لە ئەفغانستان بوە پێش روداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر. زۆر کتێبی نوسیون و لەگەڵ نوسەرانی تریش نوسیونی، بەو دوایییانە کتێبێکی زۆر سەرنجڕاکێشیشی بە ناوی “هەستانەوەی کوردستان” نوسی. کتێبەکانی دەربارەی کەلتوری عەرەب، دیپلۆماسی، شەڕ، تیرۆریزم، سیاسەتی شیعە.

جارێکی تریش مایکل رۆبن بەخێربێی، لە جیاتی ئامادەبوانیشەوە بەخێرهاتنت دەکەم.

بەڕێزانی ئامادەبو دەتوانن بە هاشتاگی #FreeKRGDetainees تویت بکەن وەک پشتیوانییەک بۆ بەناهەق-حوکمدراوانی هەرێمی کوردستان کە پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوان لەسەر هیچ بنەمایەک شەش بە زیندانیکردن حوکمدراون.
بەڕێز رۆبن دەمەوێت پرسیاری یەکەمت بەو جۆرە ئاراستە بکەم، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا چۆن دەبێ و بەرەو کوێ دەڕوات، لە دوای هاتنی بایدن بۆ کۆشکی سپی؟
مایکڵ ڕۆبن: زۆر سوپاس بۆ ئەو ناساندنە بەخشندانەیە. بەڵام لە راستییدا پێویستە هەرکەسێک بیەوێت لە دۆخی هەرێمی کوردستان تێبگات کارەکانی تۆ بخوێنێتەوە. تۆ و بەشێکی کەم لە رۆژنامەنوسەکان باسی راستییەکان دەکەن. باشی و خراپیی و ناشیرینییەکان باسدەکەن، نەک تەنها نوسینی هەڵمەتی پێشخستن لەڕێی پەیوەندییە گشتییەکانەوە کە زۆر کەس دەمێکە لە ئەمریکاوە بینیویانە. پەیوەندی نێوان هەرێم و ئەمریکا لەم کاتەدا ئاساییە. ئەم پەیوەندییە چەند ئیدارەی ویستوە تا گەشتۆتە ئەم ئاستە، بەڵام ئێمە وەک جاران گرنگی نادەین بەوەی حکومەتی هەرێم چۆنە؟ کوردەکان کێن؟ یان چۆن پێشوازی لە مەسعود بارزانی کرا؟ لە باڵەخانەیەکی حەوت قاتی یان پێشوازیکردنی لە لایەن کارمەندێکی نووسینگەی وەزارەت؟
بە شێوەیەکی گشتی حکومەتی هەرێم وەک جاران پەیوەندی لەگەڵ ناگیرێت. لەبەر ئەوە من نازانم ئەم پەیوەندییە لە نێوان هەرێم و ئیدارەی بایدن دەگاتە کوێ، بە تایبەتی لە سەردەمی مەسرور بارزانیدا.
لەم دوایانەدا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەند گوللە هاوەنێکیان نا بە فرۆکەخانەی هەولێر. کە تیایدا کۆنتراکتەرێکی ئەمریکییەکان کوژرا. ئەمە لە ڕێی نێودەوڵەتییەوە هەندێ سۆزی بۆ هەرێم و حکومەتی هەرێم دروست کرد. هاوخەمی دروست بوو بۆ نێچیروان بارزانی و مەسرور بارزانی هەندێ پەیوەندی تەلەفۆنییان پێگەشت، بەڵام ئەمانە پێچەوانە بووەوە دوای دەستگیرکردنی پێنج ڕۆژنامەنووس لە دەهۆک.
ئێستا بەشێکی خەڵکی کوردستان تێگەشتوون کە نێچیروان بارزانی دڵنیا دەداتە دیپڵۆماتەکان کە ئەمە کۆتایی بڕیارەکە نییە. بڕیاری دادگایی تێهەڵچوونەوە بۆ ئەو پێنج ڕۆژنامەنووسە گۆڕانی بەسەردا دێ.
هەرچی مەسرور بارزانییە هەموو شتێک بە شەخسەنە دەکات، حەزی لە ڕەخنە لێ گرتن نییە و زۆر هەستیارە. هەر دوای بڕیاری دادگا لە ڕێی جریوەیەکی توویتەرەوە وتی ئەبێ هەموو لایەک ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن، بەڵام حەز ئەکەم سەریحبم لەگەڵتان، کەس ڕێز لە دادگاکانی حکومەتی هەرێم ناگرێ. لەبەر ئەوەی زۆر بە سیاسیی کراوە و تەواو گەندڵ بووە و سەروەری یاسا لە هەرێم نەماوە.
بۆ نموونە، لە سەرەتادا و لە ڕێی بەیاننامەیەکەوە وتیان ئەمانە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیر کراون، بەڵام دوای دادگا لەسەر گومانی سیخوڕی کردن بۆ وڵاتانی دەرەکی و قسەکردن لەگەڵ دیپڵۆماتکارە ئەمریکییەکان حکومی دابوون.
من، لەگەڵ چەندین دیپلۆماتکاری ئێرانی و تورکی و عێراقی قسەم کردووە. لە کاتێکدا من سیخور نیم، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە.
لە کۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم، لە ئێستادا دیاردەیەکی خراپ هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕێگر دەبێت لە گەشەسەندنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ئەمریکا.
لە ئێستادا حکومەتی هەرێم لەگەڵ دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە دەکات، کە زەرەری زۆری پێدەگەیەنێ.
بۆ نموونە، لە پەیوەندی لەگەڵ برێت ماککۆرگ دا، بارزانی زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کرد، ئەوان دەهریبوون لە ماککۆرگ لەبەر سیاسەتەکانی و کردارەکانی بە تایبەتی دوای ڕیفراندۆم.
هەرچەندە لە ڕاستیدا ماککۆرگ سیاسەتی ئیدارەی حکومەتی ئەمریکای جێبەجێ کردووە. زۆر ڕەخنەیان لێگرت و دژی بوون.
لە ئەمریکا کاتێک کەسێک لە پۆستێک دەڕوات ڕەنگە پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە! لە بیری ئەمێنێ کاتێ لایەنێک یان حکومەتێک چۆن بووە لەگەڵیدا.
یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە بەرهەم ساڵح کەسێکی سەرکەتوو بێ لەچاو بارزانی ئەمەیە. بەرهەم ساڵح زۆرترین تەرکیزی لەسەر ئەو کەسانە بوو کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و ئەیزانی ئەو کەسانە ڕۆژێک دێنەوە دەسەڵات.
لە کۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم، ئەمریکا کاتێ دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین تەرکیزی و فۆکسی لەسەر ئیسڕائیل و ئێرانە. کاتێ باسی عێراق دەکەین زۆرترین تەرکیزیان لەسەر مستەفا کازمییە، کە پەیوەندیێکی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا هەیە، یان کەسێکی وەک عەلی عەللاوی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ واشنتۆن و دیپڵۆماتکارانی واشنتۆن هەیە. لە کاتێکدا بارزانی ئەیتوانی هەموو ئەو پەیوەندییانەی بەرەو پێش ببردبا.
کوردستان تایمز: مەسرور بارزانی کاتێ هاتە سەر دەسەڵات، هەموو توانی خۆی بەگەڕخستووە بۆ کوردستانێکی بەهێز و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی. ئەمریکا چۆن لەم هەوڵ و کارانەی مەسرور بارزانی ئەڕوانێ؟
مایکڵ ڕۆبن: مەسرور بارزانی، کەسێکی زۆر ڕێز لێگیراو نییە لە واشنتۆن. بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ سی ئای ئەی، بەڵام [سی ئای ئەی] وەک جاران خۆشحاڵ نین بە مەسرور. هەندێ لە جەنەڕاڵە خانەنشینەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ مەسرور هەبووە وەک ڕاوێژکار ئیشیان لەگەڵ کردووە، ئەمانیش وەک پێشو نایبین پەیوەندی لەگەڵ ناکەن و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی زۆر جار وەک بەشار ئەسەدی سەیر بکەن.
زۆر لەمان گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی تەعاموول کردن لەگەڵ مەسعود بارزانی زۆر باشترە لە مەسرور بارزانی، چونکە مەسعود بارزانی ئارامتر و تێگەشتووترە، ئەزانێت کردارەکانی دەرئەنجامیان دەبێت.
هەتا خەڵک نێچیروان بارزانییان پێ باشترە، ئەمە نیشانەی ئەوە نییە نێچیروان بارزانی گەندەڵ نییە، بەڵام نێچیروان باشتر قسەی لەگەڵ دەکرێ و گوێ دەگرێت.
لە کۆتاییدا من بەرگری لە کەسیان ناکەم، چونکە تەواوی سیستمەکە گەندەڵ و نادیموکراسی و نەبوونی میدیای ئازاد تێیدا زاڵە. نەک تەنها ڕۆژنامەنووسەکان بەڵکو خەڵکێکی زۆر ئەزانن کە چەندین دیکتاتۆر هەنە زۆر چاوبرسی و بڕوای بە ئازادیی میدیا و ئازادیی ئیشکردن و ئازادیی قسەکردن نییە.
دیارە کوردستانیش چەند ملیۆن کەسێکە، ئەو خەڵکەش مافی ئەوەی هەیە ژیانێکی باشتر و ڕێزلێگیراوی هەبێت.
کوردستان تایمز: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکی هەیە لەگەڵ بەغداد، هاتنە ناوەوەی تورکیا لە باکوور و قەندیل، ئایا خەڵکی کوردستان بە موعارەزە و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی چۆن بتوانن سوود لە دیموکراسی ڕۆژئاوا ببینین تا بتوانن زیاتر فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم ؟
مایکڵ ڕۆبن: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، ئەمەوێ پێت بڵێم سەروەری کوردستان فرۆشراوە، هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەک وایە بۆ تورکیا. لە ڕاستیدا دژ بەریەکی زۆر و بەهێز لە نێوان تورکیا و ئەمریکا دا هەیە، هەتا ئێستاش کێشەی پاسەوانەکانی ئەردۆگان لە دادگای واشنتۆن چارەسەر نەبووە، کاتێک لە کۆمەڵێ خەڵکییان دا لە واشنتۆن لە ساڵی٢٠١٧ بایدن و جەی سولڤیان کە ڕاوێژکاری نیشتمانی و بلینکن پەیوەندییەکی دژبەیەکیان لەگەڵ ئەردۆگان هەیە. هەروەها بایدن و جەی سولڤیان و بلینکین دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن لەگەڵ ئێران.
مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێم و هەرێم ئەخاتە بەرەی تورکیاوە، کە ئەمە لە ڕاستیدا خزمەتی هەرێمی کوردستان ناکات لە ڕووی دیپلۆماسییەوە. لە هەمان کاتدا لە سلێمانی کە لە ڕووی کلتوورییەوە تا ڕادەیەکیش لە ڕووی سیاسیشەوە لە ئێران نزیکترە.
سەبارەت بە پرسیارەکەت، ئەو ڕۆژنامانەی وەک کوردستان تایمز و ئەوانی تر لە لایەن دیپلۆماتکارانەوە ئەخوێندرێنەوە. هەروەها هەوڵ بدەن لە ڕێی قونسوڵیەتی ئەمریکی و فەرەنسی و بەریتانی ئاگاداری دیپلۆماتکاران بکەن لەسەر بابەتی جیاواز. بە تایبەتی قونسوڵیەتی فەڕانسا لە هەولێر کە زۆر چالاکن، یان هەندێ لە میدیای کوردیی برێت ماککۆرگ ئاگادار بکەن، یان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و میتین بتوانن ماککۆرگ ببینن. لە کاتێکدا ئەم بینینانە خۆی کێشەن، چونکە تۆ لە وڵاتێکی پۆلیسی دای و جگە لە دیکتاتۆری زۆربەی وزیرەکانی حکومەتی هەرێمیش سەر بە دەزگاکانی ئەمنی و پاراستنن. لە کاتێکدا ئەمە شتێکی باش نییە بۆ کۆمەڵگایەک کە ئەمریکا ئەیناسێت و لێی تێگەشتوە.
لەبەر ئەوە یەکێ لەو هۆکارانەی کە بایدنی 2021 لە بایدنی 2006 جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە بایدن ئێستا زیاتر لەسەر کێشەکانی کورد ئەزانێت بە هۆی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەردەوام لە ناو ئەو سیستەمەی هەرێمدا دەژین و بەردەوام بەیانی ئەو کێشانەی تووشیان دەبێت دەکەن.
کوردستان تایمز: ئایا ئەتوانین بڵێین پابەندبوونی ئەمریکا و ئیدارەی بایدن بە ڕۆژنامەی ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنی بگۆرێ بۆ هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد لە کوردستان؟
مایکڵ ڕۆبن: لە ڕاستیدا لە واشنتۆن دووریەک هەیە لە نێوان نووسین و هەنگاوی کرداری، بۆ نموونە لێرە ئێمە بەرنامەی ماگنێتسکی یا خاشوگچی یان بەرنامە هەیە کە پێدانی ڤیزا بەو کەسانە ڕادەگڕێت. بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسەکان ئەتوانن کەسێک دیاری بکەن، کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تووشی ئازار و کێشە بووە بە دەستییەوە، وەک مەسرور بارزانی کە ڕۆژنامەنووسێکی زۆر بوونە قوربانی دەستی، وەک کەمال سەید قادر، یان سەردەشت عوسمان.
پێویستە ئەم نووسینانە وەربگێڕدرێن بۆ زمانی ئینگلیزی بۆ ئەوەی زۆرترین کەس لە واشنتۆن بیخوێنێتەوە، تا ئەو کەسە بخرێتە لیستی ماگنێتسکی یا خاشوگچی.
کوردستان تایمز: بەڕێزانی ئامادەبو دەتوانن پرسیارەکانتان بۆ من یان بۆ رێنوار نەجم بنێرن. یەکێک لە ئامادەبوەکان پرسیاردەکات کە بۆچی مەسرور بارزانی دژی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی دەوەستێ و دژایەتییان دەکات؟
مایکڵ ڕۆبن: لەبەر ئەوەی مەسرور بارزانی کەسایەتییەکی هەیە زۆر بێ تەحەمولە بۆ ڕەخنە لێگرتن. هیچ شتێکیش لەوە ترسناکتر نییە دیکتاتۆرێک بێ تەحەمول بێ. ئەو وێنەیەکی وای بۆ خۆی دروستکردووە کە ڕەخنە لە هیچ کەسێک قبووڵ نەکا و دژی بێ. بڕوای وایە هەر بونی ڕۆژنامەنووسی ئازاد و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەیە، لەبەر ئەوە مەسرور بارزانی ئەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو زانیارییەک بکات. سەبارەت بەو پێنج ڕۆژنامەنووسە کە بە کارکردن بۆ وڵاتان حوکم دراون، کاتێ ڕۆژنامەنووسەکان لەگەڵ دیپلۆماتکارە ئەمریکی و سویدییەکان قسەیان کردووە، ئەمەش جیاوازی نێوان سەرۆکێکی ئۆتۆکراتی و سەرۆکێکی شمولییە، هەرچەندە ئەمەش ترسناکە. لە ڕاستیدا مەسعود بارزانی کەسێکی ئۆتۆکرات و دیکتاتۆر بوو، بەڵام ئەم نەوە تازەیەیان زیاتر شموولین. من بڕوام وایە بۆیە مەسرور بەم شێوەیە تەسەروف ئەکات.
کوردستان تایمز: چەند پرسیارێکم بەدەستگەییشتون. براد فیشەر دەپرسێ کە تۆ بڕوات وایە پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەربی و ئیسڕائیل بەرەو پێش چووە؟ ئایا ئەم پەیوەندییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسڕائیلیش بەرەو پێش دەچێت؟
مایکڵ ڕۆبن: هەندێ ڕاپۆرت هەیە کە باس لە پەیوەندی ناڕەسمی نێوان کوردستان و ئیسڕائیل دەکەن. هەرچەندە سیاسەتی دەرەوە بە دەست بەغدادە. سەرەڕای ئەوەی هاوسۆزیەکی مێژووی هەیە لە نێوان کودستان و ئیسڕائیل، بەڵام ئەم پەیوەندییە ئەگەری تێکچوونی زۆرە، بە هۆی کوردستان و بەغدادەوە نییە، بەڵکو بە هۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوەیە، کە ئەردۆگان لە سەدەی 21 ئەژی و سعویەش لە سەدی 20!
کوردستان تایمز: بەڕێز سێوە پرسیارێکی ناردوە و دەڵێت ڕا و هەڵوێستی ئیدارەی بایدن چۆن دەبێت لەسەر پە کە کە، بە تایبەتی دوای دەستگیرکردنی پێنج ڕۆژنامەنووسەکە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی دەنگی لە نێوان شێروان شێروانی و کارمەندێکی هەواڵگری پە کە کە، لە هەمان کاتیشدا سێ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئەو تاوان و تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی ئەو پێنج ڕۆژنامەنووسە کرابوون. بە تایبەتیش دوای ئەو گروپەی لە فەیسبووک دروست کرابوون، گوایە ئەم گروپە چەکدار بوون و هەوڵی کوشتنی خەڵک و بەرپرسانی هەرێمیان داوە. ئایا ئەم تاوانبارکرنەی مەسرور بارزانی دژی پە کە کە هیچ کاریگەرییەکی ئەبێت لە ئەمریکا دا؟
مایکڵ ڕۆبن: با لەو تاوانبارکردنەی تورکیاوە دەست پێبکەین، کە بە شێوەیەکی بەردەوام پە کە کە تاوانبار دەکات. ئەمە وای کردووە گرنگی ئەو تاوانبارکردنە کەم ببێتەوە. بۆ نموونە کۆمەڵەی ئازادیی دینی لە واشنتۆن زۆر تەرکیزکرا لەسەر بەند کرنی پاستۆر بە بیانوی پێدانی نان و ئاو بە کەسێک گوایە پەیوەندی لەگەڵ ‌پەکەکە هەیە!
ئەم جۆرە لە بەلاڕێدا بردنی خەڵک و سیاسییەکان لە ئەمریکا هەنگاوی عەقڵانی نین و جێی باوەڕ نین .
مەسرور بارزانی، کاتێ هەنگاوی نا بەدەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ساڵی پار کارمەندێکی هەواڵگری تورکیایان کوشت لە هەولێر، کە ئێستا هەڵگەڕاوە و کەیسەکە ڕەفز کراوە. ئەمانە هەمووی کاریگەری خراپیان لەسەر مسداقییەتی مەسرور بارزانی هەیە لە ئەمریکا و واشنتۆن.
یان ئەم کەیسانەی زیاتر ئەگەنە ئاستی قونسوڵی ئەمریکی و وزارەتی دەرەوە و پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، چونکە مەسرور هەڵەیەکی گەورە دەکات، کاتێ هەڵە لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەکات.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەم چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە، وا دیارە مەسرور بارزانی ئەو هەنگاوەی زیاتر ئەنێت بەرەو تورکیا. لە ڕاستیدا بایدن بۆیە ماککۆرگی داناوە لەو پۆستە باڵایەدا، کە ڕاوێژکارە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی.
برێت ماککۆرگ، بۆ ماوەیەکی زۆر سەرۆکی ئەمریکای بینیوە. بۆیە من پێشنیاز ئەکەم لەمەو دوا ئەمریکا زیاتر سەیری کەیسی پە کە کە بکات.
کێشەکە لەسیاسەتی ئەمریکادایە، کە لە مێژووی ۱۰ ساڵی ڕابردوو پە کە کەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سەیرکردووە. بە تایبەتتر دوای ڕێککەوتنی 1997 نێوان تورکیا و ئەمریکا، کە ڕێگر بووە لە پەیوەندی ڕاستەخۆی نێوان پە کە کە و ئیدارەی کلینتۆن.
بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ڕێکخراوە کوردییەکان ئەوەیە، کە هەوڵ بدەن لۆبی بۆ کێشەی کورد بکەن لە ڕێگەی ئەو سیناتۆرانەی ئەمریکاوە. تا بتوانن بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەوڵبدەن کار لەسەر لابردنی پەکەکە بکەن لە لیستی تیرۆر.
من بڕوا وایە مەسرور بارزانی هەڵەی گەورە ئەکات بە‌ موبالەغە کردن بە کارت و تۆمەتەکانی. کە ئەمەش شتێکە مەسرور بارزانی بڕوای پێی نییە، ئەگەر بڕوای پێ هەبووایە سەرکەتوو ئەبوو لە ئەجێنداکانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە