هەڵەبجەی جیاواز

Monday, 15/03/2021, 2:41

2843 بینراوە


- ئایا بۆچی یادی هەڵەبجە ئەکرێتەوە؟،
- کێ  ئەیکات و بۆ کێ ئەکرێت؟.
- بۆ وەبیرهێنانەوەی تاوان و تراژیدیایە؟
- بۆ غەمباری و پرسە و عەزاداری و شین و شەپۆڕە؟
- بۆ ئەوەیە، ئیتر دووبارە نەبێتەوە؟
- بۆناساندنی ماڵوێرانی و ستەمە، بۆ بێگانەکان؟
- ئەسڵەن خۆشمان ئەزانین چی ڕوویداوە، تا یادی بکەینەوە؟.


هەڵەبجە، نەک بە تەنیا هەر لە هەشتاوهەشت ڕووی داوە، بەڵکو هەموو ڕۆژێک ڕوو ئەدات، بە ئێستاشەوە.
پێنج هەزار، تۆ بڵێ دە هەزار، نەخێر تەنیا با بڵێین دە کەس،  خۆ گۆڕستانێک بوونی نییە، بەڵکو تەنیا ژمارە و ڕەقەم  مەوجودە، بۆ حکومەتەکان و بۆ خەڵکەکەشی، هەر ژمارە و هەر عەدەدن.
هەڵەبجە، لە دوای کیمیاڕژانەوە، بوو بە ژمارە، بوو بە کەرستە و بوو بە ناوبانگی و بوو بە پارە.
هەر کەس ژمارەی ١ و ٢ و ٣ و ٤ و ٥ی گیانی نەماوە،  
بەڵام ١ و ٢ و ٣ و ٤ و ٥ ملێونی دیناری بۆ ماوە،
تا ژمارە زۆرتر بێت، پارەش زۆرتر ئەبێت.
هەڵەبجە، ئەو کاتەی سەددام ویستی کیمیایی لێدا، ڕووی نەداوە، ئەو کاتە ڕووی دا، کە بوو بە ژمارە.
هەڵەبجە، قەد ئامانج و مرۆڤ نەبوو، بەڵکوو کەرەستە و ژمارە بوو، هەر وەک چۆن بۆ سەددام کەرەستە بوو، بۆ یەکێتی و بەرەی کوردستانی و فەیلەقی بەدر و فەجر و اللە اکبری سوپا، کەرەستە بوو، مرۆڤ نەبوو،،.
بۆ یادی هەڵەبجە، چی وێنایەک و بیرێک بە یادی خۆمان بهێنینەوە و چی بە جیهان بڵێین؟، چی هاندەرێک وای لە سەددام کرد، کە  ئاوا فەرمانێک دەربکات؟،  و تاوانێکی لەم چەشنە بکات؟.
ئایا ئەو توانایی و ئامادەباشییەی کە لە سەددامدا هەبوو، بۆ هەڵەبجە و ئەنفال و بارزان، ئێمە ساڵانە یادی ئەکەینەوە، گوایە لە دژی  فەرمانەکەی سەددام ئەوەستین و بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، ئایا ئەو تواناییە چی بوو، ئایا بە سازدانی ئەم بۆنەیە، ڕێگری ئەکەین لە دووبارە بوونەوەیدا؟.
ئەمە خۆی سەرەکیترین ئەو ئیستعدادەیە کە ئەم ڕووداوەی خوڵقاند، وە بەڵام  ئایا تەنیا سەددام حسێن، ئەم تواناییەی تێدا بوو؟.
من لە نامەکەی کە ناردم بۆ پاپای ڤاتیکانیش، نووسیم کە چۆن بە هەمووتانەوە هەڵەبجەتان لە خاج دا، هەر ئەو ئیستعدادەی کە مرۆڤ ئەکات بە ئاژەڵ و بە ژمارەی سەر ئەیژمێرێت؛ یەک سەر، دوو سەر، سێ سەر، سەد سەر، هەزار سەر، پێنج هەزار سەر و هەڵەبجەی کرد بە ژمارە، هەر ئەوەش بوو مام جەلال داوای زیادکردنی ژمارەکانی ئەکرد (ئاخ بۆ چەند هەڵەبجەیەکی تر)،  و خۆشمان یەکتر بە ژمارە ئەناسین ، هەر وەک چۆن سەددام بە  عەدەت  و ڕەقەم ناسیویەتی.
تاوانی هەڵەبجە هەر لە ٨٨ ڕووی نەداوە، بەڵکو ئەمڕۆ ڕوو ئەدا، دوای ٣٣ ساڵ، کوان ئەوانەی کە ڕۆحیان بوو بە ڕەقەم، ئێستا لە کوێن؟.
ئاخر کام قەرەبووی مادی (دینار)، جێگەی بۆشی باوک و دایک، خوشک و برا، ژن و مێرد، پڕ ئەکاتەوە؟، ئەمە نەک بۆ خۆمان کە ماوین، بەڵکوو بۆ ئەو گیانانەی کە کوشتیان، تەنیا بوون بە ژمارە و ژمارەش بوو بە  موچە و موچەش بوو بە بڕێک پارەی قەرەبوو، لە ڕێزی سەرەدا، بۆ سەرە ژماردووەکان، سەرشۆڕانە سەرەی بۆ ئەگیرێت.
 ئاخر کوا لە فەرهەنگی سەرزەمینی کوردەواردا، خوێن بە پارە قەرەبوو کراوەتەوە؟.
ئەمە بە تەنیا لە خو و ڕەوشتی بادییە و بیاباندا، خوێن بە حوشتر و کوژراو بە کاڵا، سوڵحی پێکراوە، نەک لە ناوجەرگەی جاف و گۆراندا.
هەر بۆیە ئەوانەی  وەک سەددام، هەڵەبجەیان کرد بە ژمارە و کەرەستە و شوهرەت و پارە، وەک سەددام مەیل و شایستەیی ئەوەیان هەیە، کە مرۆڤەکان وەک سەرە مەڕ، بکەن بە ژمارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە