رێواز فایەق، رێواسەکەی دەستی هێمن هەورامی

Monday, 15/03/2021, 23:30

7499 بینراوە


ئەم ئافرەتەی کە ناوی رێواز فایەقە و سەرۆکی پەرلەمانی هەولێرە، لە ئیستاوە وەک زۆربەی دەسەڵاتدار و بەرپرسەکان خۆی خستۆتە بەر نەفرەتی مێژوو. لە سیما و رووخسارییدا بۆتە موسوڵمانێکی عەیارە 24 و بە حیجابەکەیدا وا خۆی دەردەخات گوایا مرۆڤێکی پاکژ و خواناسە. بە باڵاپۆشیی بیچم و هەیکەلەکەی دەیەوێت لە بینەر و خوێنەری سادە و ساویلکە وا بگەیەنێت، تا ئەو هەستە لەلایان دروست بێت و، بڵێن ئەم ژنە بە راستی موسوڵمانێکی لەخواترس و حەقبێژ و دەست و داوێن پاکە. (دال)ـەکەش بڕوانامەی زیرەکی و توانایی و رووناکبیرییەتی.
 لە زمانی کوردییدا وشەی (رێواز) بوونی نییە بەڵکو (رێواس) هەیە، ئەویش ناوی مێوەیە. کورد زۆربەی سەوزە و میوەی کردووە بەناولێنان بەتایبەتی ناوی کیژان زیاتر، ئەو توخمانە بۆ ناوی کچ بەکار دەهێنرێن، هەر لە کۆنیشەوە ناوی مێوە و سەوزەی زۆر بۆ ناوی کچان بەکار هێنراوە، وەکو (هەرمێ، ترێ، هێشوو، بەهێ، لیمۆ... هتد).بەڵام رێواس بۆ ناوی کچ بەکار نەهێنراوە. بۆ رێواس خەڵکی ناوچە کوێستانیەکان وتویانە (مام رێواس) واتە لێرەدا ریواس کە پێشگری مامی خراوەتە سەر بۆتە ناوی نێرینە. (رێواز) وەکو ناوێک لە کچ نەنراوە. لە فەرهەنگی کوردییدا رێواز بە مانای رای گشتی (راە عموم)ی فارسی لێکدراوەتەوە، ئەمەش مانای (رێباز) دەگەیەنێت. (سەیری هەمانە بۆرینەی هەژار موکریانی بکە / لاپەڕە ٣٦٨). ئەوانەی شارەزای کەلتور و زمانی کوردیی و عادەت و عورفی کوردەواریین، ناوی کچەکانیان بە (رێواس) ناو نەهێناوە، چ جای رێواز مەگەر لەم دواییانەدا زمانەکەمان کە شێوێنراوە کەم کەس ئاگاداری رابردوو و شارەزای تەواویان هەیە، ئەو ناوە کوردییانەش نەک تەنیا بۆ جیاوازی نێر و مێ، بەڵکو بە هەڵەش بۆ کەسانی هەڵە بەکار دەهێنرێت.
ئەم درێژدادڕییەم بۆیە لەسەر ناوی سەرۆکە خانی پەڕلەمان کرد، تا بڵێم (رێواز) نەک تەنیا ناوەکەی بەڵکو زۆر شتی تریشی تا دەگاتە حیجاب و پۆست و رابردووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و هەموو شتێکی تری ئەم ژنەی کە کردوویانەتە سەرۆکی پەڕلەمان، هەمووی هەڵەیە. یەکێتیی نیشتیمانی ناکوردستان، کە بەناو سۆسیال دیموکراتە، ئەم نمونە سەیرە حیجابپۆشەی هێناوە بۆ ناو پەڕلەمانی هەولێر و کردوویەتی بە نوێنەری خۆی، کە دەبوو (رێواز) نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی، یان یەکگرتوو بوایە، جگە لەوە لە کاری رێکخراوی سیاسییدا (سەرۆک رێواز) پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتییدا نەبووە، بەڵکو لە رێگای کۆسرەت رەسوڵ و کوڕەکەیەوە لە یەکێتیی نزیک بۆتەوە و ئەستێرەی گیرفان و بەختیی کەوتۆتە درەوشاندنەوە.
ئەمڕۆ ئەم ژنە نورانییە بۆ ریکلامی پاکیی و خاوێنی خۆی جگە لە بالاپۆشییەکەی زۆر جار لە دەستور و پرۆتۆکۆلی کاری پیشەیی و کۆبوونەوەکانی نێو پەرلەمان لادەدات، بۆ نمونە دەڵێت وا بانگی دا، بێدەنگ بن، با بچم نوێژەکەمی بۆ بکەم. رێواز چونکە ژنێکە لە هیچەوە بووە بەم شتە، وردە وردە لە ژێر حیجابەکەیەوە خەریکی ساختەچێتی و دزییکردن و لاساریی و لادانە.
لە تازەترین هەواڵدا کە دەستمان کەوتووە، رێواز فایەق دوو جار بە مەبەستی بازرگانیکردن لە بودجەی پەرلەمان پارەی داوە بە براکەی، جارێکیان بە بڕی 30 ملیۆن دینار، جاری دووەم بە بڕی 45 ملیۆن دینار. کۆی پارەکان دەکاتە 75 ملیۆن دینار، ئیستا ئەو هەواڵە لەناو یەکێتیی و تەنانەت لەناو پەرلەمانی هەولێریشدا دەنگی داوەتەوە، گوایا براکەی لە پرۆژەیەکی بازرگانییدا بەکاری هێناوە و زیانی کردووە، خۆی خستۆتە سەر ساجی عەلی، بەڵام ئەوەی راستیی بێت رێواز و براکەی هەر لە سەرەتاوە بە مەبەستی دزینی ئەو پارەیەی پەرلەمان شانی کردووە بەو پارەیەدا، بۆ خۆیان بردوویانە. سەرچاوەکەی ناو یەکێتیی ئەوەی ئاگادارکردمەوە، کە هەر ئەم هۆکارەشە رێواز فایەق تەسلیمی پارتیی بووە و بە ئارەزویی دڵی پارتیی کاغەزی سپییان بۆ واژوو دەکات، پارتیی چی بوێت لە فەرمایشتیان دەرناچێت. واتە خاڵی لاوازی زۆرە، جگە لەو 75 ملیۆن دینارە، هەموو نهێنییەکانی (خاتو دکتۆرە رێواز فایەق) لەبەر دەستی پاراستن و پارتییدایە، فزە ناکات.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت کاتی خۆی چۆن ئەرسەلان بایزی سەرۆک پەرلەمانی پێشوو زەلیلی دەستی پارتیی بوو، رێواز فایەق زیاتر و بە پێی رای عمومی (😆) لە ئەرسەلان بایز خراپترە و سەنگی زۆر سوکە، ئیستا هێمن هەورامی بڕیاردەرە نەک رێواز فایەق. جگە لە بڕیاری یادکرنەوەوەی مەلا مستەفا لەناو پەرلەماندا، دیسان ئەو بڕیارە خیانەتکارانەش بوو، کە بە دڵی پارتیی بۆ (نەسر حەریری) دەرکرد.
نەسر حەریری بەرپرسی هێزەکانی سوریایە دژی کورد لە عەفرین و لەگەڵ سوپای تورکدا خەریکی کوشتنی کوردەکانی سوریا و دەربەدەرکردنیان بوو. لە سەرێکانی ساڵی 2019 ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ئەو ناوچەیەیان کوشت و دەستدرێژییان کردە سەر کچ و ژنان. ماڵ و موڵکیان تاڵانکردن،
پەرلەمان بە فەرمی بانگێشتنی ئەو جەلادە خوێنڕێژەی کرد. رێگایان دا نەسر حەریری وتارێک بخوێنێتەوە و بڵێت (یەپەگە) تیرۆریستە، سوکایەتییەکی زۆری بە کوردی رۆژئاوا کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە