گفتوگۆی راشکاوانەی کوردستان تایمز لەگەڵ مایکل رۆبن (بەشی دووەم)

Wednesday, 03.17.2021, 19:08

2051 بینراوە


وەڕگێڕان و داڕشتنەوەی: حەیدەر غەفور
“ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ نوخبه‌ی ده‌سته‌ڵاتداری كوردستانی عیراق هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ هاوسۆزیی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی پێگه‌ی خۆیان به‌كاربێنن، بەڵام ‌پێموایه‌ ئیتر لێره‌وه‌ دۆخێكی پێچه‌وانه‌ ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌. زۆر به‌ ساده‌یی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر به‌رامبه‌ر ئسلوب و كرده‌وه‌ی ناهه‌مواری سه‌رانی هه‌رێم به‌گشتی و خانه‌واده‌ی بارزانی به‌تایبه‌تی هه‌راسان و ماندون.”

كوردستان تایمز: به‌ڕای ئێوه‌ هیچ ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ ده‌نگۆی ناكۆكیه‌كانی نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤانی ئامۆزای پشتڕاست بكاته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی میدیای كوردی ده‌یوروژێنن؟

مایكڵ ڕۆبن: ماڵی بارزانی خێزانێكی گه‌وره‌ن و هه‌میشه‌ش ناكۆك نین. به‌ڵام پێم وانیه‌ ناكۆكی نێوان مه‌سرور و نێچیر ته‌نیا ده‌نگۆبێ. من وای ده‌بینم ئه‌و ناكۆكیه‌ له‌ واقیعدا بونی هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی له‌م دواییانه‌دا سه‌ره‌داوه‌كانی ئه‌و ناكۆكیه‌ ڕونتر ده‌ركه‌وتن، كاتێك نێجیرڤان به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌نگاوه‌كانی مه‌سروره‌وه‌ له‌مه‌ڕ دادگایی و حوكمدانی ڕۆژنامه‌نوس و چالاكانی بادینان ڕه‌فتاری كرد و جۆرێك له‌ ناڕه‌زایی نیشاندا. له‌ڕاستیدا ناكۆكی نێوان ئه‌م دوانه‌ ته‌نیا ململانێیه‌كی ئاسایی نێوان دوو ئامۆزا نیه‌. ئێسا وا ده‌رده‌كه‌وێ نێچیرڤان به‌ بێزاری و نائومێدیه‌وه‌ له‌ ڕه‌فتار و كه‌سایه‌تی مه‌سرور بارزانی ده‌ڕوانێت و به‌هۆكاری زیان گه‌یاندی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كوردی ده‌زانێ.‌ له‌م نێوه‌نده‌دا دواین وه‌ڵامه‌كه‌ی مه‌سرور له‌ تویته‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پرسی چالاكوانانی بادینان، زیاتر ئاكتێك بو بۆ ده‌مكوت كردنی ئامۆزاكه‌ی. هه‌رچه‌نده‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی مه‌سرور توڕه‌ و ناپرۆفیشناڵانه‌ بو، به‌ڵام په‌رده‌شی له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی په‌یوه‌ندیه‌ی نێوانیان بۆ هه‌مومان هه‌ڵدایه‌وه‌.

كوردستان تایمز: (داستان جاسم) ده‌پرسێ، ئیداره‌كه‌ی بایدن چۆن هه‌ردو ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی به‌ كورده‌كانی سوریا و ئه‌وانه‌ی عیراقه‌وه‌ پێكه‌وه‌ گرێده‌دات، له‌كاتێكدا له‌لایه‌كه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی زیاتر گرێدراو و ڕو له‌ توركیایه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا (ئه‌نتۆنی بلینكن) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ توركیادا هاوڕێیانه‌ نایه‌ته‌ به‌رچاو، له‌ بارێكی وادا مه‌وقعی ئیداره‌ی بایدن له‌كوێی ئه‌م هاوكێشه‌دایه‌؟

مایكڵ ڕۆبن: له‌ بنه‌ڕه‌تدا جیاوازی هه‌یه‌ له‌نێوان كه‌سێكدا كه‌ ده‌گوترێ هاوڕێی توركیا نیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كه‌ به‌ ڕێز و ئه‌ده‌به‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مولایه‌كدا ده‌كا. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی هه‌ردو كابینه‌كه‌ی ئۆباما و دۆناڵد ترامپ بكه‌ین ده‌بینین ئێستا توركیا كه‌مترین هاوڕێی له‌ ئیداره‌كه‌ی بایدندا هه‌یه‌. له‌م ڕوه‌وه‌ كۆده‌نگیه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئه‌وپرسه‌ له‌م ئیداره‌ نوێیه‌دا هه‌یه‌. لێره‌دا خاڵی گرنگ و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ كوردان بونیاد ده‌نێ پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردو وڵات و كۆمه‌ڵگای كوردی-ئه‌مریكی بێت نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی له‌هه‌ردولا. له‌م ڕوه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مریكا زیاتر له‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كوردی نزیكبێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی پێگه‌ی بارزانی لاوازتر ده‌بێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌یه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگای كوردی. بێگومان خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ناوه‌ندی ده‌زگای هه‌واڵگری و وه‌زاره‌تی به‌رگری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌گۆشه‌ نیگای خۆیانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ستاتیۆی كوردستانی عیراق بێزار و نیگه‌رانن هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌فتار و هه‌نگاوه‌كانی خێزانی بارزانی و ئه‌و لاوازیه‌ی ئه‌و خێزانه‌ له‌و هه‌رێمه‌ خولقاندویانه‌. پرسێكی دیكه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕه‌چاو بكرێت و پێشڤه‌چون به‌خۆوه‌ ببینێ، پرسی كوردانی سوریایه‌. ئه‌وان له‌ڕێی گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌وه‌ تێڕوانینی نه‌رێنی ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌واڵگریانه‌یان گۆڕی كه‌ پێشتر وه‌ك تیرۆریست ته‌ماشایان ده‌كردن. لێره‌دا ئیتر ئه‌ركی ئێمه‌ی ئه‌مریكیه‌كانه‌ له‌ڕێی گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی پرسه‌كان پشتیان پێ ده‌به‌ستین، له‌ سروشتی هه‌ردو كۆمه‌ڵگای كوردستانی سوریا و عیراق تێبگه‌ین. من پێم وایه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ به‌رخورد و مامه‌ڵه‌ ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و پێشڤه‌چونی پرسه‌كه‌. ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ ڕۆشنایی بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو بێمانایی و تیۆری موئامه‌ره‌یه‌ی له‌ توركیاوه‌ به‌رامبه‌ر كورده‌كان گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێن و له‌ڕێی زانیاریه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی هه‌واڵگریه‌وه‌ بڕیار بده‌ین كێ تیرۆریسته‌ و كێش به‌ ناهه‌ق له‌ ڕه‌زبه‌ندی تیرۆریستاندا پۆلێن كراوه‌.

كوردستان تایمز: پرسیارێك له‌لایه‌ن (شڤان فازیل). ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید (ئان لینده‌) له‌سه‌ر پرسیارێك كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌(ئامینه‌ كاكه‌باوه‌) ڕوبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان هاته‌ ده‌نگ. ئایه‌ كاتی ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا هه‌مان پرسیار له‌سه‌ر هه‌مان پرس ڕوبه‌ڕوی ئه‌نتۆنی بلینكن بكه‌نه‌وه؟

مایكڵ ڕۆبن: بێگومان وه‌ده‌نگ هاتنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا خاڵێكی ئه‌رێنیه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌گشتی و كوردانی عیراق به‌تایبه‌تی. لێره‌دا پێویسته‌ كه‌سانێك هه‌بن ده‌ستیان به‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بگات و وایان لێبكات هه‌مان پرس ڕوبه‌ڕوی بلینكن بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كوردستانی عیراق هیچ نوێنه‌رێكیان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و نماینده‌ی ئه‌جێندای ئه‌و حیزبه‌ ده‌كات. بێگومان له‌م ڕوه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆنگرێس ناچێته‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كوردیه‌وه‌ به‌گشتی. بۆیه‌ هه‌نگاوی پێویست و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كورد له‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سیناتۆره‌كان بونیاد بنێت و چیتر نه‌هێڵن به‌ته‌نیا به‌یان سامی مۆنۆپۆڵی په‌یوه‌ندی كوردی-ئه‌مریكی بكات و به‌ناوی هه‌موو كورده‌وه‌ قسه‌ بكات.

كوردستان تایمز: (كامه‌ران عوسمان) كه‌ خۆی كه‌سێكی چالاكه‌ و له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی دروستکردنی ئاشتیی کریستیاندا كارده‌كا ده‌پرسێ، یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕوبه‌ڕوی شێروان شێروه‌ندی كراوه‌ته‌ و له‌سه‌ری حوكم دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، ناوبراو چاوی به‌ سه‌فیری ئه‌مریكا كه‌وتوه‌ له‌ هه‌ولێر. دیاره‌ ئه‌م كاره‌ی شێروه‌ندی وه‌ك كارێكی نایاسایی له‌ دادگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌ و له‌سه‌ری كراوه‌ به‌ ماڵ. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌بێ دیداری ڕۆژنامه‌ نوسێك له‌گه‌ڵ سه‌فیری ئه‌مریكا وه‌ك كرده‌یه‌كی نایاسایی لێكبدرێته‌وه‌؟ ئایا به‌رپرسیاریه‌تی جه‌نابی سه‌فیر نیه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆچونی ئاشكرای هه‌بێت و ڕونكردنه‌وه‌ بدات؟ چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ وای له‌ ڕۆژنامه‌ نوس و چالاكوانان كردوه‌ نه‌وێرن هیچ قسه‌یه‌ك بۆ دبلۆماتكارانی بیانی و سه‌فاره‌ته‌كانی ناو هه‌ولێر بكه‌ن. له‌كاتێكدا سه‌رانی كورد خۆیان هه‌ركاتێك دبلۆماتكارێكی بیانی ده‌بینن به‌شانازیه‌وه‌ له‌ تویته‌ر و فه‌یسبوك نمایشی ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ئه‌و په‌یوه‌ندیان دژی ئێمه‌ به‌كار ده‌هێنن و له‌ڕێی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ گشتیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن ئه‌وان پشتگیری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیان له‌گه‌ڵه‌.

مایكڵ ڕۆبن: دواین جار من له‌هه‌ولێر بوم وابزانم كانونی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٩ بو چاوم به‌ سه‌فیری ئه‌مریكا كه‌وت. به‌ڕاستی لاوازی ئه‌و پیاوه‌ و گرنگی نه‌دانی به‌ پرسه‌ جه‌وهه‌ریه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی توشی سه‌رسوڕمانی كردم. هه‌ڵبه‌ت تێكڕای دبلۆماتكاران وه‌ك ئه‌و نه‌بون، هه‌ندێكیان له‌م ڕوه‌وه‌ به‌هره‌دارتر بون. دیاره‌ هه‌میشه‌ دبلۆماتكارانی به‌هره‌دار ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرترین گه‌ڕان و جوڵه‌ی مه‌یدانیان هه‌یه‌. من وه‌ك ئاماژه‌م پێدا ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ سروشتی كاره‌كانی سه‌فاره‌ت له‌هه‌ولێر توشی سه‌رسوڕمان بوم. من له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا به‌ته‌نیا نه‌بوم له‌ جه‌نابی سه‌فیرم پرسی له‌كاتێكدا هه‌ولێر له‌ڕوی ئه‌منیه‌وه‌ شارێكی گونجاوه‌ تێیدا بسوڕێینه‌وه‌ ئێمه‌ بۆ لێره‌ین؟ ئه‌و له‌وه‌ڵامدا وتی ئێمه‌ ته‌نیا له‌كاتی كاری فه‌رمیدا ده‌توانین له‌ سه‌فاره‌ت بڕۆینه ده‌ره‌وه‌. ئه‌و پسپۆڕ و چاودێر و ئه‌كادیمیانه‌ی ئه‌وكاته‌ له‌وێ بون به‌ سه‌فیریان وت (باشه‌ بۆ ناگهێشتی كه‌سانێك بۆ خوانێك ناكه‌یت له‌ خواردنگه‌یه‌كدا چاوت پێیان بكه‌وێت و ناویشی بنێی كاری فه‌رمی؟ به‌هانه‌ دروست مه‌كه‌ له‌ جێیه‌كی دیاریكراودا بچه‌قیت و ته‌نیا چاوت به‌ سه‌رانی حوكمڕانی هه‌رێم بكه‌وێ). به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. لێره‌دا پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌ویه‌، چۆن ده‌بێ ڕۆژنامه‌ نه‌وسێك به‌ كاری سیخوڕی تۆمه‌تبار بكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ دبلۆماتكارێكی ئه‌مریكی كردوه‌ له‌كاتێكدا سه‌رانی حوكمڕانی هه‌رێم خۆیان به‌رده‌وه‌م قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان دبلۆماتكار ده‌كه‌ن؟ ئایا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌كان ڕاستیه‌كان ده‌دركێنن؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئایا ئیتر كاتی ئه‌وه‌ نیه‌ دبلۆماتكاران له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ درۆیان له‌گه‌ڵ كراوه؟ ‌ئه‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌ نوسانی كورد بیانه‌وه‌ ده‌توانن بیگه‌یه‌ننه‌ په‌گه‌یه‌كی وه‌ك واشنتن پۆست كه‌ بێگومان له‌ ئاستێكی زۆر به‌رفراوانتر له‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كان ده‌وروژێنێت و ڕوناكی ده‌خاته‌ سه‌ر بابه‌تی ئۆتۆكراسی (حوكمی تاكڕه‌وی) سه‌رانی هه‌رێم و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری. له‌كاتێكدا بۆ مه‌سرور بارزانی ئاسایی بێت دبلۆماتكارێك ببینێ به‌ڵام دیداری ڕۆژنامه‌نوسێك له‌گه‌ڵ هه‌مان دبلۆماتكاردا حسابی كردوه‌ی جاسوسی بۆ بكرێ ئه‌مه‌ دۆخێكی ناڕه‌وایه‌ و بایی ئه‌وه‌نده‌ پاڵنه‌ری لۆجیكی هه‌یه‌ مه‌سرور بارزانی ڕوبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ بكرێ.

كوردستان تایمز: بەڕێزێک به‌ ناوی (ئارام مه‌حمود) ده‌پرسێ، داڕمانی ئابوری توركیا و ناكۆكیه‌كانی ئۆردوگان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌په‌یوه‌ند به‌ كێشه‌ی (ئێس ٤٠٠) چ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا وه‌ك پێشتر خۆت ئاماژه‌ت پێدا هه‌رێم گرێدراوی توركیایه‌؟

مایكڵ ڕۆبن: داڕمانی ئابوری توركیا ئاریشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. پێشتر ئۆردوگان باسی ئابوری توركیای وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌ باڵاترین ‌ئابوریه‌كانی جیهان ده‌كرد، به‌ڵام له‌ به‌دواچونێكی ئه‌م دواییه‌مدا بۆ نوسینێك ده‌ركه‌وت ئێستا ئابوری توركیا له‌ پله‌ی نۆزده‌مین دایه‌ و خه‌ریكه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی بیست ئابوریه‌ گه‌وره‌كه‌ی جیهانیش ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌نوكه‌ سیسته‌می ئابوری توركیا هاوشێوه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان وابه‌سته‌ كراوه‌ به‌ سه‌رانی حوكمڕان یان خێزانه‌كانیانه‌وه. بۆ نمونه‌ له‌كاتێكدا مامۆستایانی قوتابخانه‌ و ‌خزمه‌تگوزارانی مه‌ده‌نی موچه‌كه‌یان بۆ دانین ناكرێ، به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده‌ داهات بۆ گه‌شت و گوزار و كڕینی باڵه‌خانه‌ی نوێ له‌ له‌نده‌ن و دوبه‌ی له‌به‌رده‌ست مه‌سرور بارزانیدا هه‌یه‌، یان بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ به‌م دواییه‌ سێ سه‌د هه‌زار دۆلاری له‌ دوبه‌ی خه‌رج كرد. ئێستا له‌ توركیاو هه‌ولێر به‌رده‌وام داهات و سامانی خه‌ڵك به‌هه‌ده‌ر ده‌درێ. ئه‌وه‌ش بێگومان ده‌بێته‌ هۆكاری بێئومێدی زیاتر بۆ خه‌ڵك و ناسه‌قامگیری سیاسی له‌ توركیا و هه‌رێم. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش بایی ئه‌وه‌نده‌ ژیری و وشیاری له‌ ئۆردوگان و خێزانه‌كه‌ی یان بارزانی و خێزانه‌كه‌یدا نابینم له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ دۆخێكی ئاوا پایه‌دار نیه‌ و ئیمكانی به‌رده‌وامیی نابێت.

كوردستان تایمز: بەڕێزێکی دیکە به‌ناوی (جیهاد) دەپرسێ به‌م دواییانه‌ له‌ وتارێكدا داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ لیستی تیرۆری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرته‌كانی ئه‌مریكا ده‌ربكرێ. هه‌رچه‌نده‌ پرسیاره‌كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی دیاریكراوی ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌وه‌ نه‌بێ، به‌ڵام بۆچی پێتوایه‌ هه‌نگاوێكی ئاوا پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌ییه‌؟

مایكڵ ڕۆبن: دیاره‌ من له‌به‌ر دوو هۆكار ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ كرده‌یه‌كی گرنگ و پێویست ده‌زانم. یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركیا و پارتی په‌كه‌كه‌ وه‌ك به‌هانه‌ یان چه‌ترێك بۆ په‌رده‌پۆشی سیاسه‌ته‌كانیان به‌كار ده‌هێنن. له‌ بری ئه‌وه‌ی پارتی كرێكاران وه‌ك گروپێكی زۆر تایبه‌ت و دیاریكراو ببینین پێویسته‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ململانێكه‌ و وه‌ك لایه‌نێك لێی بڕوانین كه‌ خه‌ریكی پێشكه‌شكردنی نمونه‌یه‌كی جیاوازه. بۆیه‌ پێویسته‌ ‌‌له‌ پێناسه‌كردنی په‌كه‌كه‌دا ڕون و ڕاشكاوبین. له‌بارێكدا ئه‌گه‌ر دان به‌وه‌دا بنێیین كه‌ خۆم پێموایه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ڕابردودا له‌ كاری تیرۆریستی تێوه‌گلاوه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ریشم نوسیون. به‌ڵام له‌ناو هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ی له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردودا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ خه‌ڵكانێكی ”گێره‌شێوێن” هه‌بون كه‌ له‌ هێڵه‌ گشتیه‌كانی خودی ئه‌و گروپانه‌ لایانداوه‌. ئێمه‌ ئه‌و واقیعه‌مان له‌ نێو سوپای ڕزگاریی ئایرلاندا به‌راورد به‌ سوپای ڕاسته‌قینه‌ی ڕزگاریی ئایرلاندا به‌ڕونی هه‌ستپێكردوه‌. هه‌روه‌ها له‌ نێو ڕیزه‌كانی ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فه‌له‌ستیندا به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌ دواجار حه‌ره‌كه‌ی تنظیم و چه‌ند گروپی دیكه‌ له‌و ڕێكخراوه‌ جیا ده‌بنه‌وه. لێره‌دا ئه‌مریكا و ڕوژئاوا خواست و پێزانینیان هه‌بوه‌ جیاوازی له‌ نێوان ئه‌و ڕێكخراو و گروپانه‌ و خه‌ڵكانی لاده‌ری ناو ڕیزه‌كانیاندا بكه‌ن و له‌یه‌كتر جیایان بكه‌نه‌وه‌. بۆچی ئێستا ئێمه‌ به‌هه‌مان پێوه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كرێكاراندا نه‌كه‌ین كه‌ بێگومان مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌قانیه؟ ئه‌مه‌ لاكاتێكدا ده‌بینین په‌كه‌كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ر و ستانداردێكی جیهانی ساڵانێكی زۆره‌ له‌ كرده‌ و هه‌نگاوی تیرۆریستی دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌ و قه‌تیش هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ئه‌مریكایان نه‌كردوه‌ته‌ ئامانج. هه‌ر ئێستا به‌لجیكا له‌بری تیرۆریست په‌كه‌كه‌ وه‌ك گروپه‌كی یاخی ده‌ناسێنێ، به‌ڵام ئایه‌ جیاوازیه‌ك له‌نێوان گروپی تیرۆریستی و یاخیبواندا هه‌یه‌؟ بێگومان ئه‌م پرسیاره‌ له‌هه‌ركه‌سێكی ئه‌م دنیایه‌ بپرسی وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێیه‌. ‌ئه‌م حوكمه‌ بۆ هه‌ردو كوردستانی سوریا و عیراقیش حوكمێكی هاوشێوه‌یه‌. به‌رگریی كوردانی سوریا به‌رامبه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د و داعش پێویسته‌ ڕێزی لێبگیرێ. هه‌روا به‌رگری جارانی پارتی و یه‌كه‌تیس به‌رامبه‌ر ڕژێمی صه‌دام به‌هه‌مان شێوه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌هه‌مان پێوه‌ر له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و لقه‌كانی له‌ عیراق و شوێنه‌كانی دیكه‌ش مامه‌ڵه‌ بكه‌ین. با له‌بری سه‌ركۆنه‌ كردن ڕێزیان لێبگرین كه‌ به‌رامبه‌ر حوكمی تاكڕه‌وی و ئه‌وانه‌ی ده‌یانكوژن به‌رگری له‌خۆیان ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ بۆ ئێستای شه‌نگالیش چونیه‌ك و ڕه‌وایه‌.

كوردستان تایمز: (سامان عومه‌ر) ده‌پرسێ پێتوایه‌ هه‌ڕێمی كوردستان هاوپه‌یمانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ دژواری و ته‌حه‌دیه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ چین؟

مایكڵ ڕۆبن: ئه‌وان هاوپه‌یمانی ئه‌منیی ئه‌مریكان ته‌نیا له‌ كوردستانی عیراقدا نه‌ك له‌ سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، بۆیه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕای پێچه‌وانه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ كورده‌كاندا هه‌یه‌. ‌له‌په‌یوه‌ند به‌ شه‌ری داعش سه‌رانی هه‌رێم داهاتێكی زۆریان له‌ئاستی په‌یوه‌ندیه‌ گشتیه‌كاندا خه‌رج كرد وه‌ك لۆبیه‌ك بۆ نیشاندانی هه‌مئاهه‌نگیان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ڵام هاوكات بینیمان كه‌ تكریت و فه‌لوجه‌ و ڕومادی و بێجی و زۆرینه‌ی موسڵیش له‌لایه‌ن هێزه‌ شیعه‌كانی عیراقه‌وه‌ ئازادكران. هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پاراستنی كه‌ركوك و به‌شێكی ئاقاری موسڵ هێزێكی زۆر كاریگه‌ر بون به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ كاریگه‌ر و به‌شدار نه‌بون كه‌ له‌ لۆبی و په‌یوه‌ندیه‌ گشته‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ڕاسته‌ش واده‌كا ئێستا ئه‌مریكا زیاتر له‌گه‌ڵ كاراكته‌رێكی كاریزمی وه‌ك مسته‌فا كازمیدا مامه‌ڵه‌ و سه‌روكاری هه‌بێ.

كوردستان تایمز: كه‌سێك به‌ ناوی (بانۆ) ده‌پرسێ، هه‌میشه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد هاوده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی و هاوده‌نگی ئه‌مریكایان به‌تایبه‌تی وه‌ك كارتێك بۆ مۆنۆپۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵات و قایمتر كردنی پێگه‌ی خۆیان به‌كار هێناوه‌. ئێستا به‌ له‌به‌رچاو گرتنی سیاسه‌تی نوێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئیداره‌ی بایدن پرسی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین بنه‌مای ئه‌و سیاسه‌ته‌ نوێیه‌یه‌، تۆ پێتوایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان فشارێكی زیاتر بخاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و هاوكاری زیاتری ئۆپۆزسیۆن و گروپه‌ سه‌ربه‌خۆكان بكات؟ له‌كاتێكدا بێگومان نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم له‌هه‌مبه‌ر پرسه‌ دیموكراسیه‌كان زۆر له‌ ئاستی تموح و چاوه‌ڕوانی ئه‌مریكاوه‌ دورن.

مایكڵ ڕۆبن: له‌ڕاستیدا هه‌موو ئیداره‌یه‌كی نوێی ئه‌مریكا له‌كاتی ده‌ستبه‌كار بوندا لافی ئه‌وه‌ لێده‌ده‌ن كه‌ بنه‌مای سیاسه‌تی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی مافه‌كانی مرۆڤ داده‌ڕێژن، به‌ڵام هیچكامیشیان به‌رمه‌بنای ئه‌و سیاسه‌تانه‌ ناجوڵێنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كار بوندا جاڕیانداوه‌. ئێستا هه‌موان ده‌توانین له‌ڕێی ئه‌و ئامرازانه‌وه‌ كه‌كۆنگرێس فه‌راهه‌می كردون په‌یوه‌ستبین پێكه‌وه. ئامرازگه‌لی وه‌ك (پرۆژه‌ یاسای سزاكانی ماگناتسكی) یان (پرۆژه‌ یاسای سزاكانی خاشوگچی). ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانی عیراق هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ هاوسۆزیی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی پێگه‌ی خۆیان به‌كاربێنن، ‌پێموایه‌ ئیتر لێره‌وه‌ دۆخێكی پێچه‌وانه‌ ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌. زۆر به‌ ساده‌یی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر به‌رامبه‌ر ئسلوب و كرده‌وه‌ی ناهه‌مواری سه‌رانی هه‌رێم به‌گشتی و خانه‌واده‌ی بارزانی به‌تایبه‌تی هه‌راسان و ماندون. له‌سه‌روه‌ختی ئیداره‌ی ترامپدا من بێزاری خۆم به‌رامبه‌ر یه‌كێك له‌ دبلۆماتكاره‌ ئه‌مریكیه‌كان ده‌ربڕی كه‌ له‌ وڵاتی ئوردونه‌وه‌ ده‌ڕۆشت بۆ عیراق. ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غداد بكات ڕاسته‌وخۆ خۆی گه‌یانده‌ لای مه‌سعود بارزانی. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بارزانی ته‌نیا پیاوێكی خانه‌نشین كراو بو! له‌بارێكی وادا كۆبه‌نه‌وه‌ی دبلۆماتكارێكی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی یان وشیار زێباری پێچه‌وانه‌ و پێشێلكردنی پرۆتۆكۆله‌. ئه‌ركی ڕۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆی كوردیه‌ دبلۆماتكارانی بیانی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتی هاتنیاندا بۆ هه‌رێم، له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نیا چاویان به‌ ئه‌ندامانی خێزانێكی دیاریكراو بكه‌وێ، هه‌وڵ بده‌ن لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی ببینن و بیاندۆێنن. هه‌قه‌ ئێوه‌ به‌ڕاشكاوی به‌و وه‌فد و دبلۆماتكارانه‌ بڵێن ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ته‌نیا چاوتان به‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كی دیاریكراو بكه‌وێ، باشتره‌ بڕۆن بۆ ئاهه‌نگه‌ تایبه‌تیه‌كانی یادی له‌دایكبونیان. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خه‌می كۆمه‌ڵگای كوردی و حكومه‌ته‌كه‌یدان پێویسته‌ به‌ڕێزێكی زیاتره‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

كوردستان تایمز: (په‌یكان عارف) ده‌پرسێ، ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٧ چ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێم كردوه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا؟

مایكڵ ڕۆبن: له‌راستیدا ڕیفراندۆم به‌ شێوازێكی هه‌ڵه‌ به‌كارهێنرا. ئه‌وكات (برێت مه‌كگۆرگ) پێی ڕاگه‌یاندن ئه‌گه‌ر ته‌نیا دوو ساڵ دان به‌خۆیاندا بگرن له‌ په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه‌ نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكردایه. هاوكات هه‌وڵێكی ئاوا بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ‌كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌ده‌خولقاند. گرفته‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌ناوه‌ هه‌بو. ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌وكێشانه‌ش ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ر كردنیان هه‌بو، به‌ڵام ئه‌و هه‌مو حیقد و په‌لاماره‌ شه‌خسیه‌ی له‌لایه‌ن مه‌سعود و مه‌سروری كوڕیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تی برێت مه‌كگۆرگ، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ده‌رچه‌یه‌ك هه‌بو بۆ چاره‌سه‌ر كردنیان به‌ جۆرێك ئاڵۆز كرد، چاره‌سه‌ر كردنیان گه‌یشته‌ ئاستی مه‌حاڵ، لانیكه‌م له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا. ڕه‌نگه‌ من پێشتریش ئه‌و قسه‌یه‌م به‌ ئێوه‌ وتبێ، وه‌ك لێكۆله‌رێك من پرسیار ده‌كه‌م بۆچی ٢٠١٧؟ بۆچی ڕیفراندۆم به‌ دیاریكراوی كه‌وته‌ ئه‌و ته‌وقیته‌وه؟ بۆچی ئه‌و هه‌موو عینادی و پێداگریه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌و كاته‌ دیاریكراوه‌دا؟ ته‌نیا ده‌ره‌نجامێك وه‌ك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ پێیده‌گه‌م ئه‌وه‌یه‌، ‌له‌وكاته‌دا كۆمه‌ڵێك حوكم و پرسی گشتی ڕوبه‌ڕوی هه‌ندێك له‌ بارزانیه‌كان كرابونه‌وه‌ كه‌ كۆده‌نگیه‌كی ده‌سته‌جه‌معیان له‌سه‌ر بونیاد نرابو. به‌تایبه‌ت………… له‌ له‌نده‌ن من باوه‌ڕم وایه‌ مه‌سرور بارزانی له‌و ته‌وقیته‌ دیاریكراوه‌دا ڕیفراندۆمی وه‌ك چه‌ترێك یان حه‌صانه‌یه‌كی سیادی كه‌ پێشتر نه‌یبو به‌كارهێنا. بۆیه‌ ڕیفراندۆم له‌و ساته‌وه‌خته‌ دیاریكراوه‌دا زیاتر به‌رمه‌بنای كۆمه‌ڵێك هۆكاری چه‌وت و شه‌خسی بو كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و شكسته‌ بو له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا. هه‌روه‌هائه‌و كاره‌ساته‌ سه‌ربازیه‌شی لێكه‌وته‌وه‌ به‌رامبه‌ر كورده‌كانی عیراق.

كوردستان تایمز: (ڕاینا هانا) ده‌پرسێ، ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان زۆرجار وه‌ك سه‌رزه‌مینێكی پارێزراو بۆ كه‌مینه‌كان چاوی لێده‌كرێ، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خه‌ریكه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی هه‌رێم ده‌شێوێ. خه‌ریكه‌ واقعی سه‌ركوت و چه‌پاندنی كه‌مینه‌كان له‌سایه‌ی حوكمڕانانی هه‌رێمدا له‌جاران زه‌قتر ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ بابه‌تێك بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر. له‌دۆخێكی وادا چۆن بتوانین له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئاگایی زیاتر بۆ ڕای گشتی بڵاوكه‌ینه‌وه‌ و تیشكی زیاتر بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و سه‌ركوت و چه‌پاندنه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كه‌مینه‌كان پیاده‌ ده‌كرێ؟) هه‌ر بۆ به‌رچاو ڕونی جه‌نابتان له‌ماوه‌ی ڕابردودا به‌شێك له‌ ئاشوری و مه‌سیحیه‌كان، به‌نیاز بون خۆپیشاندانێك له‌ هه‌ولێر ڕێكبخه‌ن وه‌ك نیشاندانی ناڕه‌زایی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گونده‌كانی ئاكرێ به‌شێك له‌ زه‌ویه‌كانیان له‌لایه‌ن هه‌ندێك خێڵی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراته‌وه‌ زه‌وت كراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێره‌وه‌ ڕێگه‌ی ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌یان پێنه‌درا. هه‌ڵبه‌ت ڕێگری كردن له‌ خۆپیشاندن و ناڕه‌زایی خه‌ڵك مۆركێكی تایبه‌ت و هه‌میشه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

مایكڵ ڕۆبن: له‌ڕاستیدا له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانمدا بۆ كوردستان كه‌ پێموایه‌ مانگی ئاب یان ئه‌یلولی ساڵی دوهه‌زار بو، هه‌ستم كرد ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێم دروست كردنی گروپی پرۆكسی و وابه‌سته‌یه‌ له‌ناو كه‌مایه‌تیه‌كانی وه‌ك مه‌سیحی و كلدانی و ئاشوریه‌كان، له‌ڕێی ئه‌و گروپانه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ ئه‌جێندای پارتیه‌وه‌ نزیكن. ته‌نانه‌ت گروپێك له‌ یه‌زیدیه‌كانیش. هیچ ڕێكخراوێك نه‌ماوه پارتی هه‌وڵی قوتدان یان لانیكه‌م ده‌سته‌مۆ كردنی نه‌دابێ. ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ده‌نگی به‌رز ئاشكرا بكرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ربه‌خۆ به‌هاداره‌ و ده‌توانێ پشتڕاستی ئه‌و واقیعه‌ بۆ هه‌موان بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و یه‌زیدیانه‌ی لێره‌ و له‌وێ ده‌رفه‌تی قسه‌كردنیان پێده‌درێ، له‌ڕاستیدا خۆیان ده‌سته‌مۆ و وابه‌سته‌ی ئه‌جێندای پارتین و پشگیریه‌كی ئه‌وتۆیان له‌ناو كۆمۆنیتی یه‌زیدیه‌كاندا نیه‌. ته‌بعه‌ن ئه‌م دۆخه‌ بۆ كرستیان و ئه‌وانی تریش هاوشێوه‌یه‌. لێره‌دا ئه‌ركی میدیای سه‌ربه‌خۆیه‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كۆمۆنیتیانه‌ وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نێ. له‌م ڕوه‌وه‌ كاری به‌شێك له‌ ڕۆژنامه‌نوسانی ئه‌مریكا به‌رز ده‌نرخێنم كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ساڵی دوهه‌زار و سێوه‌ له‌ ئاستێكی باڵاتردا ئاگاییمان به‌رامبه‌ر ئێم پرسه‌ په‌یدا كردوه‌ و زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نوسان له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ كرده‌وه‌كانی پارتی تێگه‌یشتون و خواستانه‌ بوار و پلاتفۆرمی زیاتر بۆ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كۆمۆنیتیانه‌ بخولقێنن كه‌ وابه‌سته‌و گرێدراوی په‌ده‌كه‌ نین. 

كوردستان تایمز: به‌شێك له‌ سیاسه‌توان و میدیاكار و لێكۆڵه‌رانی سه‌ر به‌ پارتی دیموكرات به‌رده‌وام خه‌ریكی بیرخستنه‌وه‌ و وروژاندنی باسێكن، گوایه‌ پێشتر (جۆ بایدن) له‌ وتارێكی هاوبه‌شدا پێشنیاری دابه‌ش بونی عیراقی كردوه‌ بۆ سێ پارچه‌ی جیاواز، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی ئه‌تنیكی و مه‌زهه‌بی. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا هه‌نوكه‌ ئیداره‌ی بایدن پشتگیری عیراقێكی یه‌كگرتو ده‌كه‌ن، یان بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سێ هه‌رێمی فیدراڵیی جیاواز هێشتا لای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌یسێكی زیندوه‌؟ مایكڵ ڕۆبن: له‌ كاتێكدا بایدن ئه‌و وتاره‌ی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (له‌س گێڵب) له‌ نیویۆرك تایمز بڵاو كرده‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ هه‌ندێك له‌ سیناتۆره‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن خۆیان له‌هه‌ندێ باس و بابه‌ت هه‌ڵقورتێنن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیناتۆره‌كان مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵیان ده‌رباره‌ی هه‌رێمێكی تایبه‌ت و دیاریكراو نیه‌. دیاره‌ سه‌روه‌ختی ئه‌و وتاره‌ بایدن خۆیشی یه‌كێك بو له‌و سیناتۆرانه‌ و هێشتا نه‌ببو به‌ جێگری سه‌رۆكیش. ڕه‌نگه‌ له‌وكاته‌دا بایدن ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی به‌باش و گونجاو بۆ عیراقیه‌كان زانیبێت، به‌ڵام كاتێك زیاتر له‌م پرسه‌ی كۆڵیه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ دۆخه‌كه‌ تێگه‌یشت به‌تایبه‌تیش كاتێك بو به‌ جێگری سه‌رۆك وازی له‌و بیرۆكه‌یه‌ هێنا. هه‌ر ئه‌وكاتیش له‌ گوتارێكدا له‌ (زانكۆی پاراستنی نیشتمانی) ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بوه‌. به‌ڕاستی ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌مریكا خواستێك بۆ دابه‌ش كردنی عیراق له‌ئارادا نیه. سه‌ره‌كی ترین كێشه‌ و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م جیابونه‌وه‌ی كوردستانی عیراقدا، ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانن. سه‌رباری ئه‌وه‌ ئێرانیش یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كان. چونكه‌ ئێران هه‌ر هه‌وڵێك ‌بۆ دابه‌شكردنی عیراق به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌بینێت و ترسی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان بیرۆكه‌ی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی هه‌یه‌. بۆیه‌ له‌دۆخێكی وادا ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی ئێران له‌پێناو شكست پێهێنانی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دا ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌. لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بچێته‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران؟ به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ ده‌ڵێم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌خێره‌. (هه‌ڵبه‌ت ئه‌م حوكمه‌ به‌رهه‌می ڕوانین ولێكۆڵینه‌وه‌ی خۆمه‌). هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد پشتگیری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نه‌كه‌ین، چونكه‌ ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بو ئێران له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ په‌لاماری هه‌رێم بدات و دۆخه‌كه‌ بگاته‌ ئاستێك نه‌توانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین.