ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێیی بۆ حیزبی کومونیستی ئێران

Thursday, 03.18.2021, 1:21

1360 بینراوە


پێش هاتنی دەسەڵاتدارانی سەفەوی لە ئیڕان، ئایینی رەسمی لەو وڵاتی ئیران سووننە بووە. بەهاتنی سەفەویەکان دینی رەسمی لە سوونی کرا بە شیعە. ئێستێ زۆرینەی دانیشتوانی ئێڕان سەر بە شیعەن و باوەڕیان بەوەیە کە ئیمامی عەلی یەکەم خەڵیفەی موسڵمانانە، ئەوە یەكێک لە جیاوازیەکانی ئەو دوو دینەیە دەگەڵ یەکتر.
لەو گووتاردا باس لە ئەو دوودینە نییە و شڕۆڤەی لە سەرناکرێ. بەڵام چەپ و رێبازیی چەپگەرایی و کومونیزم چۆن لەو وڵاتە چەکەرەی هەڵێنا بە شێوەیەکی سەرپێیی باسی لێوە دەکرێ.
دوای شۆڕشی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٧ و تێکڕووخانی تێزارەکان و سەرهەڵدانی و سەرکەوتنی کومونیزم لە شووڕەوی، بۆ یەکەمجار ئاڵوگۆڕێکی مەزن لە ووڵاتە ڕوویدا کە نەزەریی دونیای بۆ لای خۆی راکێشا. ئەو ئاڵوگؤرە مێژووییە، بوو بەهۆی نیگەرانیی ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی، ئەوان لەو رووداوە گەورەیە بە جۆڕیک نیگەران بون وایان دەزانی رەنگە ئیدۆلۆژیای چەپ یان کومونیستیی پەل باوێتە ناو کۆمەڵگا و وڵاتانی ئەوانیش. شووڕەویەکان و حیزبی کومونیست بە پێچەوانەی سیاسەتی رۆژئاوا نەیاتوانی رەخنە بکەنە ناوجەرگەی سیاسەتەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆیە زۆر زوو رێڕەوی خۆیان گۆڕێ وباوەشیان بۆ ولاتانێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە. تا بتوانن بە هزریی چەپ دژایەتی دونیای ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی بکەن. یەکێک لەو وڵاتانە، وڵاتی ئێڕان بووە کە حیزبیی کومونیست بە بەشداریی ٥٣ کەس و پاشآن لە قالبی حیزبیی توودەی ئێڕان توانیان تا رادەیەک پەل باوێنە ئەو وڵاتە. دەکرێ بڵێن دونیای دوو جەمسەریی گرژیەکانی خۆی خستە سەر وڵاتی ئێران، چون ئەو وڵاتە لە جوگڕافیایەکی ستڕاتیژیکیەی هەڵکەوتبوو. یەکێک لە بەرگ براوەکانی سۆڤیەتی کومونیستیی دامەزراندنی حیزبی توودە بوو. بەداخەوە ئەو حیزبەش سنووری گوێڕایەڵی خۆی بە شووڕەوی تێپەڕآندبوو، بەواتایەکی دیکە بە بێ ئیزنی سۆڤیەت نەیدەتوانی هەنگاوی مەزن هەڵگرێ. چون خاوەنیی ئیرادەیەکی ئەوتۆی سیاسی نەبون.

حیزبی توودەی ئیڕان بۆ شکستی خوارد؟

ساڵی ١٩٢٠ بە بەشداریی دژبەرانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی و چەپ ، کە یەکێک لەوانە ئێڕان دەبێ لە سەر بانگهێشتنی حیزبی کومونیستی شووڕەوی لە شاری باکۆ لە ئازەربایجانی شووڕەوی دوای سێ ساڵ لە سەرکەوتنی کومونیزم بەسەر تێزارەکاندا کۆنفڕانسێک پێکهات کە بە کۆنفڕآنسی / باکۆ /  ناودێڕکراوە. ئەو کۆنفڕآنسە کاتێک گیرا کە کومونیزم زانی ناتوانێ دەربازیی وڵاتانی رۆژئاوایی ببێتەوە. ئەوەی کە جێگای سەرنجە لە کۆنفڕآنسەدا ئەوەیە کە تەنیا حیزبە چەپەکان تێیدا بەشدار نەبوون، لە چەند وڵاتێكی ئیسلامیشدا رێگا درابووکە بەشدار بێ لەو کۆبۆنەوە دیرۆکیەدا.
پرسیارەکە لێرەوە سەرهەڵدەدا ئەوەیە، کۆنفڕآنسێک بە بەشداریی دوو رەوتی چەپ و ئایینی لە وڵاتێک کە لە سەرڕیبازیی کومونیزم بەڕێوە دەچێ! دەبێ خاڵی هاوبەشیی ئەو دوو رێبازە جیاوازە چی بووبێ؟ بێگومان خاڵی هاوبەش شەڕ لە ژێرپەردەی / جیهاد / دژی ئیمپڕیالیزم وج یهانیی سەرمایەداریی بووە! حیزبی کومونیستی ئێڕان بۆ پەرەپێدانی کومونیزمی لە سۆڤیەت و چێکردنی هاوپەیمانیی بووە کە تێکەڵاوی رەوتی ئایین دەبێ بۆ درێژە پێدان بەو ڕێکارەی کە ناوی تێکۆشانی لە سەردانابوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کومونیزم و چینی کرێکار لە وڵاتێكی فرە نەتەوەیی، وەک ئێڕان! بۆیە ئەو میراتە سیاسییە هەر لە سەرەتاوە نێوئاخنی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی توودەی ئێڕان بووە.
بەرسەرکەوتنی  رێبازیی خومەینی بە سەر شآی ئێڕاندا و بونیادنانی کۆماری ئیسلامی، حیزبی کومونیستیی ئێڕان / حیزبی توودە / زۆر بەخێڕایی پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێڕان بە رێبەرایەتی خومەینی کرد، لە حاڵیکدا چەپەکان لە ژێڕ کاریگەریی کۆنفڕآنسی باکۆ درێژەیان بەو سیاسەتە هەڵەیەدا وسەرئەنجامەکەشی گرتن وکوشتنی رێبەرانی باڵای حیزبی توودە بووە! دان پێدانانی سەر مێدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی تاران و مەلاکان دەربڕینی پەشیمانی لە رابووردووی خۆیان فەزایەکی تژی لە تڕآژیدیای لە ئێڕانی داوای بنەماڵەی پەهلەوی خوڵقاندبوو!
کومونیزم و دەسەڵاتێکی باوەڕمەند بە ئایینی شیعە لە کوێ توانیوانە بۆ دامەزراندنی ستڕاتیژیەکی هاوبەش بۆ بەرەنگار بوونەوە بە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی پێکەوە لە سەر ڕێبازێک رێک بکەوین. ئەو میراتەی کە لە ساڵی ١٩٢٠ لە کۆنفڕآنسی باکۆدا بۆ حیزبی توودە بە جێ مابوو، ئیدی ئەو فەلسەفەیە و ئەو هزرە ژەنگی هەڵێنابوو. بەرێوەبەرانی حیزبی توودە یان شارەزا لە سیاسەت و بارودۆخیی سیاسیی ئەوکاتی ئێڕان نەبوون، یان زۆر خۆش باوەڕآنە وایان دەزانی خومەینی و دەوبەرەکانی دان بە کومونیزم دادەنێن و ئیزن دەدەن ئەو حیزبە و چەپەکانی دیکە بنکە و بارەگا لە شآرەکانی ئێڕان دابنێن و بە تێکۆشآنی خۆیان بتوانن لە تەنیشت مەلاکان بخزێنە ناو پارڵمانی ئێڕان!
زۆر زوو دەرکەوت کە لە گرتن و کوشتار و زیندان وشکەنجە کردنی بەڕێوەبەرانی حیزبی توودە، دەوڵەتی کومونیستیی شووڕەوی پشتی تیكردن وئەسپاردەی قەزا و قەدەرو مامڵەی سیاسی و ئابووری کردن دەگەڵ مەلاکانی ئێران. ئەو رۆژانەی کە گرتنی چەپەکان لە کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد، بۆ خۆشیان چاوەڕوانی ئەوە نەبون ئاوا زوو لە ناو بنکە نەهێنییەکانیاندا کە خۆیان حەشآردابوو، بیانهێنەدەرێ و رەوانەی زیندان ودان پێداهێنانی سەرمێدیاکانیان بکەن! ئاسەواریی خواردنی ئەو زەربە قورسەی کە بەدەنەی چەپ درا تا ئێستیش رەوتی چەپ لە ئێڕان تاساوە و لە ژێرباریی ئەوشکستە گرانەدا پشتیان راست نەبۆتەوە.
ئەوەی کە  مرۆڤ نازانێ چۆن جوابێکی بۆ بدۆزێتەوە ئەوەیە کە، زۆر جار رێبەرانی حیزبی توودە دەیانزانی رۆژێک دەکەونە بەر کەمینی بەرپرسانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و دەگیرێن، تەنانەت لە وتووێژی تاقمێک لە ئەندامانی کومیتە ناوەندیی ئەو حیزبە دەبیسرا کە بەئاشکرا دەیانگووت: رەنگە سەردەمانێکی نە ئەوەندە دوور ئێمە بگیڕێن و لە داریش بدرێن. راز و رەمزیی ئەو سیاسەتە چی بووە؟ جگە لەوەی کە پاشآن دەرکەوت پەیوەندی خراپ و نەبوونی سیاسەتێکی سەربەخۆی ئەو حیزب کەش وهەوایەکی دروست کردبوو کە بە بێ شووڕەوی توانای بڕیاردانیان نەمابوو، بۆیە بەرەو هەڵدێر بران و پارچە پارچەی کران!
حیزبی توودەی ئێران، پێی وابوو خومەینی کەسێکی دژە ئیمپڕیالیستە و ئەوەی کە ناویان نابوو شۆڕشی گەلانی ئێران، شۆڕشێکە بە دژی ئیمپرایالیزم وهاوپەیمانەکانی! خشتیی یەکەمی بناغەی ئەو حیزبە  خوار دانرابوو بۆیە ئاوای بەسەرهات. دەبوو بیانزانیبایە فەلسەفەی هەر شۆڕشێک لە جیهاندا بەرەو پێشکەوتنە، نەک گەڕانەوە بۆ دواوە! ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە ئێڕاندا پێكهات ڕێک گەڕایەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەوەی پێش!

پێناسەیەکی کورت لە سەر حیزبی توودە

حیزبی توودەی ئیڕان لە ساڵی ١٩٤١ لە شآری تاران دامەزراوە. ئەو حیزبە سەرەتا لە سەر ناوی ٥٣ کەس خۆی ئاشکراکردوە. پاشآن بە نازناوی حیزبی توودە دەستی کردوە بە خەبات و چالاکیی دژی شای ئێران و پەرەی پێداوە. لە ساڵی ١٩٧٨ شۆڕشی گەلانی ئێڕان سەردەکەوێ. ئەو حیزبەش سیاسەتەکانی خۆی بۆ پشتگیریی لە خومەینی و شۆڕشی گەلانی ئێڕان درێژە پێ دەدا. چون لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەو شۆڕشە دژی ئیمپریالیزمی ئامریکایە و دەبێ بە هێزبکرێ!
بەڵام زۆری نەخایاند لە ساڵی ١٩٨٣ بە بیانووی ئەوەی کە ئەو حیزبە خەریکی کاری سیخۆریە، کەوتە بەر هێرشی دژواری کۆماری ئیسلامی و گرتن و راونان و شکەنجە و لە سێدارە دانی ئەندامی باڵا و کادرەکانی ئەو حیزبە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بە ئەنجام گەیشت!