پێشنیارێک بۆ ملیۆنێرە کوڕەکانی باوکی هەژاران

Saturday, 20/03/2021, 3:34

5666 بینراوە


ئەوەی نەوشیروانی کرد بە سیمبوول سادەیی و خاکی بوون و کۆششی بەردەوامی بوو بۆ چاكسازی. ئەوەش کە نازناوی باوکی هەژارانی پێ بەخشی، ڕێزگرتن و پێشوازی کردنی بوو لە خەڵکانی خواری خوارەوەی کۆمەڵگا لە ڕووی داراییەوە.
 ئەوەشی کە متمانەی دڵی خەڵکی پێدا هەڵسوکەوتە جیاوازەکانی بوو. کاتێک کە ئەو تاکە سەرکردە بوو کە بە بێ پاسەوان و بە یەک ئۆتۆمبیل جارێک چایەکی لە گەڵ هونەرمەندان و نووسەران لە چاخانەی شەعب ئەخواردەوە و جارێکیش لە کەبابخانەی عەباس ئەبو شوارب شیشێك جگەری لە بابوولەیەکدا نۆش ئەکرد.
ئەم نازناوانە تا ئەو شوێنە بڕ ئەکات سیاسییەکی وەکو نەوشیروان مستەفا و بزاوتەکەی لە هەوڵ و‌کۆششدا بێت موڵکی گشتی بگەڕێنێتەوە بۆ گشت و خۆیشی وەکو هەر تاکێکی ناو ئەو گشتە بژی.
گەر تۆ تاکی سادەی ناو گشت بیت. مووچەخۆربیت یان خانەنشین!! گەر هەر مانگێکیش بەشێکی مووچەکەشت وەلاوە بنێی!! لە 20 بۆ 30 ساڵدا و لە باشترین دۆخدا ئەبیت بە خاوەنی خانوویەک و باخێک و ئۆتۆمبیل و ژیانێکی شایستەی مامناوەند.
بەڵام گەر تۆ لە دوای مردنی خۆت لە جێی ئەم نەختە شتە، بە دەیان دۆنم زەوی و باڵەخانە و گردێک و تەپۆڵکەیەک، دوو کوڕی خۆتت لە گەڵ دوا هەناسەدا کرد بە ملیۆنێر. ئیتر تۆ لێرە بە دواوە نە تاکی سادەیت و نە لە توخمی هەژارانیشیت. نە سەرکردەی خاکی و نە چاکسازیشیت. هیچ جیاوازیشت لە گەڵ کاک و مامەکانی دیکەدا بۆ نامێنێتەوە، مەگەر کوڕەکان یانسیبیان بۆ دەرچووبێت نەک پارەی خەڵکی.
لەم هەفتەیەدا سەید عومەری جێنشین وەک پاکانە بۆ ناچاربوونی بەڕێزتان بە ناوەخۆکردنی  ئەو موڵکانە، هەندێ پاساوی دا بە گوێماندا. بەڵام ئەو پاساوانە نەک تۆزی سەر ئەم کەیسەی نەتەکاندن، بگرە ئەرک و پاکانەکردنی دوو ملیۆنێرەکەی نەوەی جەنابتانی قورستر کرد.
ئەم لەم لاوە پاکانەی کرد و هاوڕێ سالاریش بە وتارێک لە سایتەکاندا ئەڵێت شت ئەزانم و بۆ بیرەوەرییەکانمم هەڵگرتوون.
بەمەش بەزمی ئەم دوو ملیۆنێرە و موڵک‌ و ماڵی بێشووماری بە ئاو هاتوو... وەها خۆش بووە و بووە بە وێردی سەر زمانی گەورە و بچووک. ئەمەش نەک لە بەر ئەوەی کاک و مامەکانی دیکە کەمتریان لەوانە پچڕیبێت بۆ خۆیان و نەوەکانیان ...نا!! بگرە ئەوان ئەڵێن گەندەڵیمان کردووە و تۆش هەمیشە دەتووت ئێمە دژی گەندەڵین و ماف ئەگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی و پارەش بۆ نێو خەزێنەی گشتی.
تۆ سەرکەوتوو بووی لەوەی ڕێگەی ئۆپۆسزیۆنت بۆ تەخت کردین و فێری دەنگ هەڵبڕین و داواکردنی مافت کردین و بەڵام دواجار پرسیارێکی بێ وەڵامیشت بۆ جێهێشتین.
باوەڕ ناکەم لە دونیای سیاسەتی کوردیشدا بۆ وەڵامی هیچ پرسیارێک پێویستت بە گەڕان بێت چونکە دواجار هاوڕێ و هاوخەباتەکان خۆیان پەڕەی کردەوەکانی  یەکدی  هەڵدەدەنەوە و هەر خۆشیان پێمان دەڵێن ئێمە هەموو وەکو یەکین لە گەندەڵیدا.
ئەو دوو ملیۆنێرە تازەیە و هەر کەسێك لە ئێمەش، ئەوەی هەمانە و شک ئەبەین لە موڵك و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە چاك چاك ئەزانین کامە مافی خۆمانە و کامەش مافی گشتییە و بە گۆترە بە دەستمان هێناوە. دوو ملیۆنێرەکە باش ئەزانن بزوتنەوەکەی کاک نەوشیروانی باوکیان لە سەر دەستی سەی عومەر لە پاشەکشێیە بۆ بوون بە حزبی مەنجەڵە یاپراخ. بەڵام گەر بیانەوێت ئەم لارییە ڕاست بکەنەوە با لە گەڵ شارەوانی و پارێزگاری سلێمانیدا دانیشتنێک بکەن. هەرچی موڵک وماڵێک کە لە باوکی هەژاران بۆیان ماوەتەوە بگۆڕنەوە بە بارەگایەک، بە مەرجی بەکارهێنانی ئەو موڵکانە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژیدا بۆ هەژاران و بێ نەوایان بەرانبەر بە دروستکردنی بارەگایەکی شایستە بە هەڵوێست و گەورەیی گۆڕان لە قەراخی شار. ئەوکات لە جێی ملیۆنان دۆلار و دینار ملیۆنان دەنگ و سەددا لە هەڵبژاردنی داهاتوو قازانج ئەکەن و باوکی دوو ملیۆنێریش دیسان دەبێتەوە بە باوکی هەموو هەژاران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە