بیردۆزی زانستی و تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ واتاکەی

Saturday, 20/03/2021, 4:00

9899 بینراوە


مەبەستی سەرەکی لە خستنەڕووی ئەم بابەتە ئەوەیە، کەسانێک هەن بەتایبەتیش لە ئاینداران بەهەڵەتێگەیشتنێکی زۆریان هەیە بۆ پێناسەی زانست و واتای بیردۆزی زانستی، بەوەی هەر کاتێک باس لە بیردۆزێکی زانستی دەکرێت، ڕاستەخۆ گوێبیستی بیروڕا و بۆچوونێکی یەکجار سادە و ساویلکانەیان دەبینەوە. بۆ نموونە دەڵێن، بیردۆزی زانستی تەنیا بیرۆکە و گریمانەیەکی بێ بەڵگەیە و شتێکی وا نییە جێی متمانە بێت، یان زانست بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەو زانستەی پێرێکە ڕاست بوو دوێنێ بەدرۆ خرایەوە، ئەوەی ئەمڕۆکەش ڕاستە لەوانەیە سبەی هەڵەیەتی بسەلمێندرێت. بەڵام کاتێک پرسیاریان لێ دەکەی ناوی زانستێکت پێ بدەن کە بەهەڵە خرابێتەوە، دێن گریمانە و بۆچوونێکی نازانستیت بۆ دەهێننەوە وەک، کاتی خۆی زەوی بە تەخت دادەنرا، یان زەوی چەقی گەردوون بوو لای مرۆڤانی کۆن. دەبێ هەموومان بزانین، بۆچوونی تەختی زەوی و چەقی گەردوون، هیچ دەمێک بە بیردۆزی زانستی نەژمێردراون، بگرە تەنیا گریمانەیەک بوونە و هەرگیز خاوەنی تاکە یەک بەڵگەی زانستی نەبوونە. بەداخەوە گەلەک جاریش ئەو جۆرە گوتانە لە کەسانێکەوە دەبیستین تا ڕادەیەک شارەزاییان هەیە لە بوارە زانستییەکان، بەڵام سەیرە ئەمانە نەزانن کارەکانی نیوتن، ئەینشتاین و فیزیای کوانتەمی بیردۆزن، بیردۆزیش هەمیشە پێویستی بە کۆمەڵێک بەڵگە هەیە، تا زاناکان بکارن پشتی پێ ببەستن.
هەرچەندە ئەمڕۆکە زانست و تەکەنەلۆژیا لە لوتکەی پێشکەوتندایە، کەچی هەندێ لە ئاینداران باوەڕیان بە زانست نییە، بەتووندی دەستیان گرتووە بە دابونەریتی کۆنی پێشینانیان، دژایەتی کردنی زانستیش لای زۆربەیان لەبەرئەوەیە گوایە لەگەڵ بیروباوەڕە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانیان یەک ناگرێتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو جۆرە کەسانە بەدرێژایی ژیانیان گشت بەرهەمەکانی زانست بەکار دەهێنن، لە کاتی نەخۆشی سەردانی پزیشکان دەکەن و دەرمان دەخۆن، نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و چەندان بابەتی دیکە، ئاشکراشە ئەمانە هەموویان دەرەنجامی ئەزموون و داهێنانە زانستییەکانن.
گۆڕان لە زانستدا بە واتای پێشکەوتن دێت، بەوەی هەر جارێ خاڵێکی لاواز بدۆزرێتەوە چارەسەر دەکرێ بە بەڵگە و ئەزموونی نوێ، ئەمەش بەردەوام درێژەی هەیە تا دەگەینە چاکترین ڕاڤە بۆ دیاردە سروشتییەکان. ڕاستە هێزی بەکێشکردنی نیوتن گۆڕانی بەسەردا هات لەلایەن بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاین، بەڵام ئەوەی نیوتن هەر لە ڕەهەندی خۆیدا ڕاستە، ئەوەی ئەینشتاینیش لە جیهانی وردی کوانتەمیدا جێی نابێتەوە، کەچی بۆ تەنە مەزنەکانی گەردوون هیچ کێشەیەکی نییە. کەواتە جیاوازی بواری پێڕەوکردن نابێ ببنە هۆکار بۆ گومان و لەدەستدانی متمانەمان بۆ بیردۆزە زانستییەکان. لە لایەکی دییەوە هەندێ بابەت هەن بوونەتە ڕاستییەکی زانستی و گۆڕانیان بەسەردا نایەت، بۆ نموونە هەرگیز ڕۆژێک نابینین کە زەوی نەخوولێتەوە بەدەوری خۆر، یان زەوی گۆیی نەبێ، شەشپاڵوو، یاخۆ تەخت بێت!

بیردۆزی زانستی چییە؟

بیردۆزی زانستی (Scientific theory)، بەرزترین ئاستی متمانەداری زانستەکانە و ڕاڤەیەکی بەهێز و سەلمێندراوە بۆ دیاردەیەکی دیارکراوی ئەم سروشتە، لە کۆمەڵێک بینینی ڕاستەقینە سەرچاوە دەگرێت کە بە چەندان جار لێکۆڵینەوە و ئەزموونی یەک بەدوای یەک دووپات کراوەتەوە. زاناکان بیردۆزی زانستی بە شێوازێکی گەلەک ورد و پتەو لەسەر بوونی چەند گریمانەیەکی زانستی بنیات دەنێن، پاشان هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ ئاست و توانای ڕاڤەکردنی. دەبێ واتای بیردۆز لە بوارە زانستییەکاندا جیا بکەینەوە وەک ئەوەی لای خەڵکی بەگشتی بەکار دەهێندرێت، ئەمەش هەڵەیەکە زۆربەمان تێی دەکەوین، چونکە گەلێک جار واتاکەی بە بیرۆکە و گریمانە لێک دەدەینەوە، ئەمەش تەواو دژی تێگەیشتنی زاناکانە بۆ بیردۆز. زاناکان بیردۆزە زانستییەکان دەکەنە بنچینەیەک بۆ دەستەبەرکردنی زانیاریی کە توانای پێشبینییان هەیە، لەپێناو گەیشتن بە مەبەست و ئامانجەکانی هاوشێوەی، داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.
چەند مەرجێکی بیردۆزی زانستی: دەبێ خاوەنی جۆرە پێشبینییەک بێت کە بتواندرێ بەهەڵە بخرێتەوە (بەرهەڵەبوون - Falsifiability). پێویستە نەک یەک بەڵگە، بگرە کۆمەڵێک بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای هەبێت. دەبێ لەگەڵ دەرەنجامی ئەزموون و بیردۆزەکانی پێشوودا بگونجێت و دژایەتی نەبێت لەگەڵیاندا. بەرئەزموون (Testability) بێت، هەروەها توانای چاکردن و هەموارکردنەوەی هەبێ لە کاتێکدا بەڵگەی نوێ بکەونە دەست. خاوەنی ڕاڤەیەکی کورت و ئاسان بێ، هیچ بابەتێکیشی زۆر دژوار و ئاڵۆزی نەبێ کەس نەتوانێ تێی بگات.
هەندێ نموونەی بیردۆزە زانستییەکان: بیردۆزی پەرەسەندن کە جۆراوجۆری لە زیندەوەراندا ڕاڤە دەکات بە چەند میکانیزمێک وەک، هەڵبژاردنی سروشتی و زایەندی و بازدانە جینەکییەکان. تەقینەوەی مەزن، سەرهەڵدانی گەردوون ڕوون دەکاتەوە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆکە. بیردۆزی فیزیای کوانتەمی، بۆ زانینی چییەتی ڕەفتاری تەنۆلکە وردەکانی لە شێوەی گەردیلە و پێکهاتەکانی. بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاینیشمان هەیە، بۆ ڕاڤەی جووڵە و هێزی کێشکردنی تەنە گەورەکانی لە شێوەی، گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان، چاڵە ڕەشەکان، چییەتی کات و شوێن و هتد.
هەندێ بیردۆزی زانستی زۆر کەم ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، لەبەرئەوەی سەربە بوارێکن دوور لە بۆچوون و باوەڕە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک گشت بیردۆزە ماتماتیکییەکان و گەلەک لە بیردۆزە فیزیاییەکان. ئەوەی جێی سەرنجە، بیردۆزی پەرەسەندن لە هەموو بیردۆزەکانی دیکە دژکاران و ڕەخنەگرانی پترە، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە لەگەڵ بیروباوەڕە ئاینییەکان یەک ناگرێتەوە. بەڵام پێویستە هەموومان بزانین کە بەهەڵەدانان و بەلاوەنانی بنەمای پەرەسەندن، هاوشێوەی ئەوەیە دژی بوونی هێزی بەکێشکردن بین. ئەوانەی پەرەسەندنیان پێ هەڵەیە لە بیردۆزی خەڵقگەراکان و نەخشەسازی ژیر زۆربەیان لەبەر باوەڕدارییانە، نەک لۆژیک و بەڵگە. ئەم بیردۆزە ساختانە هەرچەندە لە چەند وڵاتێکدا لایەنگرێکی زۆریشیان هەبێ، بەڵام هەرگیز نابنە بیردۆزی زانستی، چونکە بۆچوونەکانیان بێ بەڵگەن و بەرئەزموون نین، ڕاڤەیەکی لاوازیان هەیە بە بەراورد بە بیردۆزی پەرەسەندن.
پەرەسەندن ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەڵگەی یەکلاییکەرەوە پاڵپشتی لێدەکەن، هەر لە تۆماری هەڵکۆڵدراوەکان و بەبەردبووەکانەوە بگرە، تا دەگاتە بەڵگە جینەکییەکان و کۆرپەلەزانی. پەرەسەندن چاکترین ڕاڤەیە بۆ بنەچە و بوونی هەمەجۆری لە زیندەوەران کە بەرەو ئەوەیان بردووە تا ڕادەیەکی باش لە زانستدا بچەسپێت، چونکە تا ئێستە تاکە بەڵگەیەک نییە، بۆ بەلاوەنانی هیچ بنەمایەکی پەرەسەندن. ڕاستە لە چەند لایەکەوە هەندێ بۆشایی و کەموکوڕی هەیە لە ژمارەی هەڵکۆڵدراوەکان و زیندەوەرە نێوانەکییەکان، زاناکانیش لە هەوڵی بەردەوامن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، بەڵام ئەمە ئاساییە و لە هەموو زانستەکاندا هەیە و هیچ لە پلە و پایەی بیردۆزی پەرەسەندن کەم ناکەنەوە.

بیردۆزی زانستی و ڕاستییەتی ڕەها

پێویستە بزانین لە زانستدا هیچ زاراوەیەک نییە بەناوی (ڕاستییەتی ڕەها)، چونکە ڕاستییەتی تێزێکە پێوەندی بە زانستەوە نییە، هەوڵی زانست تەنیا ئەوەندیە لەڕێی بیردۆزەکانەوە ڕاڤەی ئەو ڕاستییانە بکات و لێیان تێبگات.
سەد لەسەد و ڕاستییەتی ڕەها لە زانستدا جێیان نابێتەوە، شتێک نییە بۆ گومان نەشێت و بواری ئەوەی تێدا نەبێ ئەزموون و لێکۆڵینەوەی بۆ ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی بیردۆزی خانە هەموومان دەزانین کە گشت زیندەوەرێک لە خانە پێک دێت، بەڵام ئەمە تا ئێستەش بە بیردۆز دەژمێردرێ و هەر ئەگەری ئەوە بەجێ دەهێڵین، ڕۆژێک لە ڕۆژان زیندەوەرێک بدۆزینەوە لەشی لە خانە پێک نەهاتبێ (ئەگەرێکی لەڕادەبەدەر کەمیش بێت). ئاشکرایە کە هەر شتێک لەدەستمان بەرببێتەوە دەکەوێتە سەر زەوی، بەڵام دیسانەوە هێزی بەکێشکردن بە بیردۆز ناو دەبەین، نەوەک ڕۆژێ هەسارەیەک ببینین ئەو دیاردەیەی تێدا بەو شێوەیە ڕوونەدات.
ئەوەی ناو دەنرێت بە ڕاستیی زانستی، تەنیا لە دەرئەنجامی ئەزموونەکانەوە دەستمان دەکەوێت، وەری دەگرین تا ئەو ئاستەی ئەزموونەکان دیسەلمێنن، هاوکات دەبێ ئامادەی ئەوەش بین بەلاوەی بنێین لە هەر کاتێکدا کە پێویست بوو. ڕاستییەتی زانستی سەرەتا وەک گریمانەیەک دەست پێ دەکات، بەرەبەرە نێزیک دەبێتەوە لە ڕەهایەتی بەڵام هەرگیز پێی ناگات. بوونی گومان لە گشت ڕاستییە زانستییەکاندا ئەو تایبەتمەندییە دەداتە زانست کە هەمیشە لەبار بێت بۆ پەرەپێدان و  بەرەو پێشەوەچوون.
زانستی هاوچەرخ بە هاتنی هەردوو بیردۆزی ڕێژەیی و کوانتەمی، بۆی ڕوون بووەوە کە ڕاستییەکان شتگەلەکی ڕەها نین، بگرە ڕێژەیی و نەچەسپاون و دەوەستنە سەر بنەما ئەگەرییەکان. 
بەگوێرەی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەینشتاین، شوێن و کات، تاودان و هێزی کێشکردن و بابەتەکانی دیکە، هەموویان ڕێژەیین و بەندن بە پێوەندی نێوان بینەر و بینراو، شتە وەستا و جێگیرەکان. زەوی چەسپاوی ژێر پێیەکانمان هەردەم لە جووڵەدایە، کاتی خاینراوی ئێمە بە نەگۆڕی بەرەو ئایندە دەڕوات، بەڵام لەناو کەشتی بۆشایی ئاسماندا خاو دەبێتەوە، هێزی کێشکردنی زەوی بەرانبەر بە ئەستێرە نیۆترۆنییەکان هێندە کەمە کە هەستی پێنەکرێ. ئەو ئەستێرەیەی لەبەرچاوماندا دەدرەوشێتەوە، لەوانەیە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستە نەمابێ، گەلەستێرەکەمان (ڕێی شیریی) یەکێکە لە گەلەستێرەکانی کۆمەڵەی ئێمە کە ئەویش بەشێکی یەکجار بچووکە لە هێشووە گەلەستێرەکانی (پاکیزەی مەزن)، هەموو ئەمانەش دڵۆپێکن لە ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر گەلەستێرەی گەردوونی یەکێک لە بێکۆتا گەردوونەکان. ئەندازەی ئیکلیدی زەوی لە سەرلەبەری گەردووندا پێڕەو ناکرێت، کۆی گۆشەکانی سێگۆشەش هەردەم یەکسان نییە بە 180 پلە، تیشک بە هیڵێکی ڕاست بەگەردووندا ناگوزەرێت، هەموو یاسا فیزیکی و ماتماتیکی و بابەتە شوێنەکی و کاتەکییەکان، زۆر بەئاسانی هەرەس دەهێنن لە تاکایەتی چاڵە ڕەشەکاندا. 
ئەو دەمەشی فیزیای کوانتەمی سەری هەڵدا، ڕووبەڕووی چەندان پرسی ئاڵۆز بووەوە کە فیزیای کلاسیکی نەی توانی وەڵامیان بداتەوە، هاوشێوەی پێکهاتە و شێوەی گەردیلە و درێژی شەبەنگی شەپۆلەکەی و هی دیکەی جۆراوجۆر. مەزنترین کێشە بەوردیی پێوانەکردنی پێکەوە و هاوکاتی شوێن و خێرایی تەنۆلکەکان بوو، ئەمە وای لە زانای ناودار هایزنبێرگ کرد، هاوکێشە بەناوبانگەکەی دابڕێژێت کە بە بنەمای ناجێگیری و نادڵنیایی ناسرا. ئەم بنەمایە دەبێژێت، ئێمە ناتوانین بەوردی دوو تایبەتمەندی کوانتەمی پێکەوە بپێوین، واتە پێوانەی تەواو وردی یەکێکیان، وا دەکات پێوانەی ئەوەی دییان هێندەی ئەو دوور بێت لە وردایەتی. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لایەنگرانی ڕاستییەتی ڕەهای جێگیر و چەسپاو دووچاری شکستێکی مەزن ببنەوە، چونکە بنەمای هایزنبێرگ بەتەواوی ئەو گوتەی بەهەڵە خستەوە کە دەڵێت، بە زانینی ئەمڕۆمان بەوردی، دەتوانین لە دواڕۆژمان بگەین.

سەرچاوەکان:

 

1- https://fikr7or.com/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە