من پێش مەلابەختیار باسم کرد

Saturday, 20/03/2021, 10:18

4783 بینراوە


پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی بەهاری ١٩٨٨دا هێزە کوردیەکان پێش سوپای پاسداران کەوتن بۆ گرتنی هەڵەبجە و تەسلیم کردنی بە ئاخوندەکان،ئەوەبوو سەدام لە ١٦/٣ دا کیمیابارانی شارەکەی کرد. ئاکامەکەی ئەو کارەساتەبوو کە هەرگیز لە یادەوەریماندا ون نابێت.
لە زۆربەی جەنگ و داگیرکاریەکاندا جگە لە کووشتن ،کاری نامرۆڤانەو نا ئەخلاقیش ڕوودەدەن کە سوپا دژبەیەکەکان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن. بۆیە ئاساییە کە پاسداران لەکاتی داگیرکردنی هەڵەبجەدا ئەوجۆرە کارانەیان کردبێت لە دزی ،تاڵانی ،بێڕێزی وکاری دیکە،چونکە ئەوان وەک داگیرکەر ڕەفتاریان کردوەو هەرچیشیان بردبێت حسابی[غەنیمە]یان بۆ کردوە.
بەڵام کارەسات ئەوەیە کە هاو زمان،هاو نەتەوە و هاوغەم و فریادڕەسەکەت لەبەرگی شۆڕشگێڕدا ئەو کارەی کردبێت.
بەهۆی پیرۆزی ناوی پێشمەرگەوە کەس حەزی نەدەکرد ئەو مەسەلەیە باس بکات ،تەنانەت ئەو هەڵەبجەییانەش کە لە ناوکارەساتەکەدا بوون و کارە قێزەوەنەکانی هەندێک لە پێشمەرگەیان بەچاوی خۆیان دی ،مەگەر بەدەگمەن دەنا لەو بارەوە هیچان  نەدرکاندووە.
باس نەکردنی ئەم مەسەلەیە بە ئاشکراو لە ڕووپەری میدیاکانەوە تەنانەت لە مەجلیسەکانیشدا ببوە بڤە ،چونکە سەخت بوو کەسێک ئەو ڕاستیە تاڵە باسبکات و بڵێت [لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا هەندێک پێشمەرگە لەبری هاوکاری خەڵکەکە دزی وتاڵانیان کردوە]. ئاخر ناو هێنانی {پێشمەرگە وەک دز و تاڵانچی وقۆڵبڕی ژن بۆ دزینی بازنەکانی } یانی شکاندنی شکۆ و ڕێزی ئەو کائینە خۆشەویستە کە وەک سومبڵێکی موقەدەس پێناسە دەکرا .
خۆشبەختانە پاش ٣٣ ساڵ سیاسەتمەدارێکی کورد بە ئاشکراو بێ زیاد وکەم وەک خۆی باسی کرد. ئەم قسانەی مەلابەختیار هێندەی ناپاڵمێک کاریگەری هەبوو ،خەڵکی تووشی شۆک کرد ،یەکێتی شەرمەزارکرد، پرسیاری مەزنی خستە سەر ناوی پێشمەرگە.
زۆر کەس دەیزانی پێشمەرگە لە هەڵەبجە تاڵانی وکاری قێزەوەنی کردوە،بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا کەس ئارەزووی نەکردوە یا جورئەتی نەکردوە دەربارەی بدوێت،ئەوە ئێستا مەلا بەختیار قومبەلەکەی فڕێدایە ئاوەکەوە و ماسیەکان سەرکەوتن. دەبوو زووتر ئەم گۆمە بشڵەقێنرێت،زۆر دواکەوت ،بەڵام  باسکردنی درەنگوەختیش بێت باشترە لە باسنەکردنی ،دەستت خۆش مەلابەختیار بۆ بوێریت.

ئەی من کەی ئەو باسەم کرد؟

ئەوە دەمەی لە ڕێکخراوی {چاک} کارم دەکرد ساڵانە یادی هەڵەبجەو ئەنفالمان بە جۆرەها شێوە دەکردەوە،هاوکات کردبوومانە ترادیشیۆن وبەپێی توانا لە باژێڕەکانی دیکەش ئەو یادەمان دەکردەوە.
بۆ ساڵی 2010 یادەکەمان بردە باژێڕی ئەلبۆرگ لە باکوری دانمارک.
پێشتر ئەندامی ناوەندەکەمان لەوێ [قومری ساڵح زادە]کارەکانی ڕێکخستبوو.
بەندە،نەوزاد ئالانی،ئاراس وەهاب سەفەری ئەلبۆرگمان کرد.پێش نیوەڕۆکەی لە سەنتەری شار یادەکەمان کردەوە ،بۆ پاش نیوەڕۆ بڕیاربوو سەمینار بۆ کوردستانیان بکەین.بەڕێزان کاک ئاراس وەهاب و نەوزاد ئالانی هەریەکەیان چەمکێکی باسکرد ،کە پەیوەست بوون بە کارەساتی هەڵەبجەو کاردانەوەی نێو دەوڵەتی و ئەو چالاکیانەی چاک بۆ ناساندنی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامی داون .
بەندەش بەکورتەیەک باسی دامەزراندنی چاک و ئۆرگانەکانی و هەندێک لە چالاکیەکانیم کرد.
بەر لە کۆتایی ڕامگەیاند کە وەک گۆران وەک ڕۆژنامەنووسێک وەک هەڵەبجەییەک دەخوازم تیشک بخەمەسەر لایەنێکی دیکەی کارەساتەکە بە نێوی{ دیوی ئەو دیوی کارەساتی هەڵەبجە}،گووتم دڵنیام  بەدڵی هەندێکتان نابێت و لای هەندێکیشتان نوێیە.
پشتبەستن بە بابەتێکی دووروودرێژی مامۆستا پشکۆ نەجمەدین بەنێوی[نامەکانی دۆزەخ] وەک شایەتحاڵێک  دەربارەی کارەساتەکە نووسیویەتی،باسەکەمم دەست پێکرد، لەکۆتایدا هاتمە سەر دزی و تاڵانی پاسداران.تائێرە هیچ ڕووینەداو ئاسایی ڕۆیشت،بەڵام دەمێک هاتمەسەر ئەوەی کە گووتم{ بەداخەوە هەندێک پێشمەرگەش لەم کارە قێزەوەنەدا بەشداربوون} و لەبری هاوکاری خەڵکی لێقەوماو دزیو تاڵانیان لەخەڵکی کارەساتباری شارەکە کرد.هەر هێندە ڕستەکەم تەواو کرد چەند کەسێک کە لە پێنج کەس تێنەدەپەڕین  کە پاشان زانیم  ئەندامی یەکێتی و دیموکرات و پارتی بوون،لە شوێنەکانی خۆیان هەستانەوە وکردیان بەهاوار هەڵا و  وتیان تۆ تۆمەت بۆ پێشمەرگە درووست دەکەیت و هەندێک قسەی تریان کرد .بەکوورتی ویستیان کۆڕەکە تێک بدەن بەڵام زۆرینە داوای بەردەوامیان کرد و جگە لەوان کەس کۆڕەکەی جێنەهێشت،ئەوانیش پاش کەمێک گەڕانەوە هۆڵەکە.
منیش بەوە دەستم پێکردەوە کە تاوانی هەڵەبجە بەشێکە لە مێژومان،مێژوش دەبێ وەک خۆی تۆمار بکرێت نەک بە ئارەزووی ئەم و ئەو،ڕاستە و زۆریش ئازاربەخشە و ناخۆشە وەک دز باسی پپێشمەرگە  بکرێت ،بەڵام ئەوە حەقیقەتەو ڕویداوەو ناکرێ خۆمانی لێ گێل بکەین، لەبەرامبەردا ئەم پێناسەیە هەموو پێشمەرگەیەک ناگرێتەوە ،بەڵکو تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە بەوکارەهەستاون.پاشان ئاماژەم بە دیدارێکی مام جەلال دا لەگەڵ گۆڤاری [الثقافە الجدیدە]کە ساڵی ١٩٩٠  لە یادی دووەم ساڵی کارەساتەکەدا لە دیمەشق ئەنجام درابوو،  لەوەڵامی پرسیارێکی ئەو گۆڤارەدا دەربارەی دزی وتاڵانی پێشمەرگە دەڵێت[بەڵێ بەداخەوە ئەو شتە ڕوویداوەو بڕیارمان دەرکردوە کە ئەو کەسانە سزابدرێن]. 
ئەوەی سەیرە ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو پێشمەرگانە سزانەدران و بەردێکیان نایە سەر مەسەلەکە.
پاش کۆتایی سەمینارەکە یەکێک لەو کەسانەی ناڕەزایی دەربڕی،هاتەلام وگووتی منیش دەزانم ئەوشتە ڕوویداوە بەڵام باسکردنی لەم شوێنەدا لەجێگەی خۆیدا نەبوو.لەوەڵامدا گووتم ئەئ کەی جێگەی خۆی دەبێت ؟ گووتی نازانم،بەڵام باسکردنی زیان بە کورد دەگەیەنێت. منیش بەم ڕستەیە کۆتایم بەقسەکانمان هێنا{خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی  ڕاستیەکان بزانن ،جا گەر بەڕێزت باسیان ناکەیت ڕێگە لە ئێمەش مەگرن بۆ باسکردنیان}.
هەر جارێک سەردانی کوردستانم کردبێت ،بە دیداری دۆست و برادەرانی گەنجێتیم شادبوومەتەوە،ئیدی چ ئەوانەی لە سلیمانی دەژین یا ئەوانەی هەڵەبجە ،لەو دیدارانەدا کاتی خۆش و پڕ یادگاری جوانم لەگەڵیاندا بەسەر بردوە، زۆر جار خۆڕسک باسی کیمیابارانی هەڵەبجە هاتوەتە گۆڕێ ،[من هەرگیز ئەو باسەم  لەگەڵیاندا نەکردوەتەوە ، چونکە نەمویستوە  ئەو تراژیدیایەیان وەبیر بهێنمەوە و زامەکانیان بکولێنمەوە ،جا دەمێک لەزاری خۆیانەوە چیرۆکەکانم دەبیست ،بەتایبەتی لەکاتی دەرچوون لەشار چ کارەسات وسەرگەردانیەکیان بەسەرهاتوە ،یاخود  ڕەفتاری نا ئەخلاقی و نائینسانی هەندێک لە پێشمەرگەو سەرکردەکانیان باس دەکرد کە چۆن وەک تاڵانچی ڕەفتاریان کردوە ،بە بیستنیان مرۆڤ تووشی تاسان دەبێت و لەخۆی دەپرسێت ،گەر ئەمانە فریادڕەسەکانمان بن،گەر ئەمانە ئومێد و بەدیهێنەری  خەونەکانمان بن،ئەی دەبێ دوژمنەکانمان چۆنبن؟
هیوادارم ڕۆژێک بێت ئەو چیرۆکە نا ئینسانیانە بکەمە بابەتێک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە