دەوڵەت بە داینەمۆی ناسیۆنالییزم

Sunday, 21/03/2021, 14:57

3274 بینراوە


" ئەوەی باوەڕی بە دەوڵەتی کوردی نەبێ، یان گێلە یان داگیرکەرە"..ئازاد مستەفا
" دەوڵەت گرنگترین دەزگایە، کە مرۆڤایەتی لە مێژووی خۆیدا دایهێناوە." Karl W.Deutsch

واقعیبوون واتە ئەوەی ڕوویداوە و ئەوەیشی دەیبینن، پێویستە وەک ھەقیقەتێکی دروست دوور لە کاریگەرێتی و وابەستەیی ھەر بیر و ئایدۆلۆژیایەک بییانبین و بیانخوێنینەوە، ئەوە پرنسیپە و واقیعبینی بریتییە لەم چوارچێوە چەسپاوە، نەک ئەو دۆخەی وەک حەز و خەونی خۆمان دەیخوازێ و ئەوەی بیرمەند و تیۆریستێک بەخەیاڵی خۆی لە کتێبی دەق ئەستوور دا دایڕشتووە.
لەم خوێندنەوەیەدا بڕیارە ھەوڵ بدەین جگە لەڕاستییە مێژووییەکان چ پێوەرێکی تر نەکەینە ئامڕاز و دەستاوێژی کارەکەمان. دەنا دیسان ئەو وێنەیە نمایشت دەکەینەوە، کە لەدێر زەمانەوە چاومان بە بینینی تێر بووە. ئەو چیرۆکەتان بۆ دەگێڕینەوە، کە وشەکانی عەمارەپۆ بوون.
مەسەلەیەکی ڕوون و حاشاھەڵنەگرە، لە دنیای ئیمڕۆدا گەر خاوەنی دەوڵەت نەبیت، وا لە جیھان دا ھیچ قەبانێک ناتخوێنێتەوە... ھیچ دەنگ و ڕەنگ و کێش و سەنگێکت نییە. ھەر وەکو ئەوە وایە لە کۆڕێکێدا بیت و بتەوێ قسە بکەیت، کەس گوێت لێ نەگرێ، پەیامێکت ھەبێت و ڕێگەت نەدەن مایکرۆڤۆن بگریت بەدەستەوە... وەک ئەوەیە تۆ ھەیت و ئەوان چاویان نوقاندووە و ناتبینن، تۆ پڕ بە گەرووت ھاوار دەکەیت، ئەوان گوێیان بە لۆکە ئاخنیوە و دەنگت نابیستن..

ئەم ھەقیقەتە تاڵە وەک عەبایەکی چڵکن باڵی بەسەر سیاسەتی زلھێز و خاوەن بەرژەوەندییەکاندا کێشاوە و ھەرچی ناوی ماف و خۆشەویستی و ڕێزە بۆ مرۆڤ خراوەتە ژێر پۆستاڵی ڕەشیەوە. ئەم گەمە ناشیرینە ناونراوە یاسای نێو دەوڵەتیی/ سیستەمی جیھان و ستریۆتایپی سیاسەت لەسەر شانۆی جیھان !. خەت و خاڵی بۆ کێشراوە و ناوەندەکانی بڕیاردان بە پێوەری بەرژەوەندی خۆیان پێشوەخت لەسەری ڕێک کەوتوون و کاری پێ دەکەن. ئیمڕۆ لەسەر شانۆی سیاسەتی جیھانی یەک تاکە دیاردە بەرچاو دەکەوێ، ئەویش بریتییە لە بەرژەوەندی زلھێزەکان، ئەوانەی بوونەتە ئاغای جیھان، ئەوانەی خاوەن دەوڵەتن. لەدەرەوەی ئەم ھاوکێشەیە، ھەموو ئەوانی دیکە بە ڕوانگەیەکی جیاواز تر دەبینرێن و دەخوێندرێنەوە.

لەم چرکەساتەی جۆلانە و چەرخوفەلەکی ھەڵسوڕاندنی ئەم جیھانە نەگریسەدا، گرفتی بێ دەوڵەتی بۆ بێ دەوڵەتان! بە زەقی بەدیار دەکەوێت... لە سەردەمانێکی دیاریکراوی سەرەتای مێژوودا ، ناسیۆنالیزم بە پۆزەتیف ھاتۆتە مەیدان و ڕۆڵ و مۆتیڤی ھەرە سەرەکی بەدەوڵەتبوونی زۆرینەی نەتەوەکانی لە ئەوروپا گێڕاوە...سەرباری ھەبوونی کۆمەڵێ سەرنجی جوداوازی ئێرە و ئەوێ لەسەر ئەوروپا!، ئەم کیشوەرە کە بەلای زۆربەمانەوە بە بەھەشتی لیبەرالیزم و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتن و زانست ناسراوە و دروستیش وایە! ھێشتا ھەر سەرقافڵەی دەستکەوتە بەھادارەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە.... ھەموو دەستکەوتوو و ھەنگاوە ئەرێنییەکان دوای بەدەوڵەتیبوونی زۆری نەتەوەکان بەرھەم ھاتوون. دەنا پێشتر ئەوروپاش بە قۆناغێکی شەڕ و کوشتاری خوێناویدا تێپەڕیووە و کاولکاریی و برسێتی بەسەر خەڵکدا ھاتووە. بەواتای ئەوەی دەوڵەت داینەمۆی ھەنگاوە گەورەکان و گۆڕانکارییە زەبەلاحەکان بووە و بەردەوامیش ھەر ھەمان ڕاستیی دێفاکتۆیە.
لەم کۆنتێکسەدا نابێت لەوە بێ ئاگابین، یان ناواقعیبین، کە دەوڵەتیش وەک ھەر داھێنان و دیاردەیەک لە مێژوودا، بە جۆرێک لە جۆرەکان جێی مشتومڕە. لە لایەک بوون و کار و پێناسەی بەرز و گرنگ دەنرخێندرێ و لە لایەن کەسانێکی دیکە بە دەزگایەکی خراپ و تۆقێنەرە پێناسە دەکرێ . زانا و تیۆریست ھەیە دەوڵەت بە گەورەترین داھێنانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنێ و ھەیشە بە دەزگایەکی داپلۆسێنەر و پارێزەری بەرژەوەندی ستەمکارانی دادەنێ... بەڵام واقیعی ژیان و بەرەوپێشچوون و فراژبوون سەنگی مەحەکە و دەوڵەتیش لەسەر زەمینی ئەم واقیعەدا بەھا و نرخ و گرنگی بۆ ھەر کەسێک بەدیار خستووە.

لە ھەقەتدا جیاوازی بۆچوونەکان لەسەر دەوڵەت بۆ خۆی دیاردەیەکی ئاساییە، بەڵام تێکڕای مەسەلەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو نەتەوانەی لە ئەنجامی پرۆسێسی گەشەکردنی خۆیان بوونەتە دەوڵەتدار و گەیشتوون بەم ئامانجە و ئەم دەزگایەیان خستۆتە خزمەتکردنی خودی خۆیان و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی ئایندەیان و دەزگای دەوڵەتیش ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە، دەوڵەت بۆ ئەمانە بۆتە پێکھاتەیەکی سروشتی گرنگ و بەھاداری ناسنامەی نەتەوەییان و ڕەنگە ھەرگیز نەیەت بە خەیاڵیاندا بێ دەوڵەتی مانای چییە؟..
ئەو گەل و نەتەوانەیشی کە ھێزی دەرەکی/ کۆلۆنیالیزمی جیھانی دەوڵەتی بە زۆر و بە فرمێسک و خوێن بۆ قوت کردۆتەوە، یاخود لەسەر ھەژماری جەستە و خوێنی میللەتان تر بۆ ھەڵچنراوە، بە زۆری زۆردارەکی نەتەوەی تریش لکێندراوە بە دەوڵەتەکەیانەوە یاخود تێی خزێندراوە، ئەوانە دەوڵەتیان بۆ خۆیان کردۆتە دیاردەیەکی ئەزەلی و تا ڕادەی پیرۆزیی دەیپەرستن. ئەوانە دەوڵەتەکەیان کردۆتە بەھێزیترین چەکی دەستیان و ڕەوایەتی شەڕ و کوشتاری گەل و نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی لێ وەردەگرن!.. نموونەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا لەتەک کورد دا باشترین بەڵگەیە.

لێرەدا بەخێرایی بەتایبەت فۆکس دەخەینەوە سەر دیاردەی دەوڵەت لە مێژووی گەلان و کیشوەری ئەوروپادا. ئەوروپاییەکان پێیان وایە دەوڵەت داھێنانێکی مۆدێرنەیە و تەواو ئەوروپاییانەیە و لێرەوە ھەنگاوە گەورەکانی شارستانەتی نراون و ئازادی لیبەڕاڵی و دیموکراسی و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانست سەری ھەڵداوە.. ئەم بۆچوونە گەر ڕاستیشی تێدا بێت، ھێشتا ناتوانێ سیمای ڕاستەقینەی ئەوروپا یەک ڕەنگ بکات. لە ئەوروپای پاش دووەم جەنگی جیھانییەوە ھێشتا، سیستەمی پاشایەتی، کۆماری، دیموکراسی و نادیموکراسی ھەیە و سەردەمانێکیش سۆسیالیستی ھەبووە. ھەموو نەتەوەکانی ئەوروپا بە دادپەروەریی لە دەستکەوتەکانی ئەم شارستانێتی بەھرەمەند نەبوون... ئێمە دەبینین ھێشتا « کاتالانی، باسک، سکۆتی، گالیزی، کۆرسیکایی، بێرتۆنی، ئیرلەندی» و گەل و نەتەوەی تریش لەو ماف و دەستکەوتانە بێ بەش کراون کە کیشوەری ئەوروپای پێ ناسراوە!... ھەتا ئێستاش ڕێگە نادەنە ئەم نەتەوانە بگەنە ھەمان ئەو مافانەی خۆیان پێی گەیشتوون، کە سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون خاڵی ھەرە زەقی جیاکەرەوەی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت و نەتەوەی بێ دەوڵەتە...
دەوڵەت بەگشتی لای زۆرینەی ھەرە زۆری میللەتانی ئەوروپا، دەستکەوتێکی گەورە و پیرۆزە. دەشێ لێرە و لەوێ کەسێک شتێکی پێچەوانەی وتبێ، یاخود کۆسمۆپۆلێتییانە بیری کردبێتەوە، لێ ھەموو ئەوانە نەیانتوانیوە لە بەھای دەوڵەت کەم بکەنەوە. وەک دەزانین زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپا ئەندامی « یەکێتی ئەوروپا» ن و بروکسل پایتەختی ئەم یەکێتییەیە، کەچی ھەر نەتەوەیەک دەوڵەتی خۆی ماوە و میللەتیش سەرپشک بکرێ لە نێوان پاتەختی وڵاتەکەی خۆی و بروکسل دا، پایتەختەکەی خۆی ھەڵدەبژێرێ و گوێی لێ دەگرێ. بنۆڕن Friedrich Engels کە پێکەوە لەگەڵ Karl Marx مانیفێستی کۆمۆنیستیی نووسیووە و گوایە پرۆلیتاریاش خاوەنی دەوڵەت نییە، سەبارەت بە دەوڵەتەکەی/ ڕایخەکەی بسمارک دروستی کرد بۆ ئەڵمان دەڵێ: ئەمە ھەنگاوێکی بەرەوپێشچوونی مێژووییە. واتە پیرۆزی دەکات!..لەتەک ئەم هەموو ڕاستییانەدا، ھەتا ھەنووکە کەسمان نەدیوە بە شۆڤڵ و چەکوش بەربووبێتە گیانی دەوڵەتەکەیی و لەبەر خاتری فەرمایشتی فەیلەسووف و نووسەر و تیۆریستێک.!..یان ھەر دەق و تیۆرییەکی دیکەوە پەیکەرەکەی بڕوخێنێ. ڕاستی ئەوەیە، ناکرێ تۆیەک لە ژوورەکەی خۆتدا دانیشتووی بەخەیاڵ ھەموو ناسیۆنالیزمێک یاخود بوونە دەوڵەتێک بەوەی ھیتلەر و مۆسۆلۆنی بچوێنین!. دروست نییە پێت وابێت خەباتی نەتەوایەتی یۆنانی بۆ ڕزگاربوون لەدەست ھەژموونی تورکی عوسمانی ، وەک ڕەفتاری ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی ئینگلیزە لەگەڵ خەباتی سکۆتی و ھی ئیسپانییە لەگەڵ کاتالانی و باسکی دا. ناکرێ ماتزینی و ھێردەر وەک میشل عەفلەق و کەمال ئەتاتورک تەماشا بکەیت!. ناکرێ وڵاتانی وەک سویسرا و سوید بخەیتە ڕیزی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە!...
لە ئەوروپا جگە لە ئینگلیز و فەرەنسی کە مێژوویەکی دوورودرێژ و تایبەت بە خۆیان ھەیە. ئیدی ناسیۆنالیزمی لیبەڕاڵ وا بانگاشە دەکات کە لەگەڵ ئەوەدایە : یەکسانی گەلان و مافی تاک دەسەلمێنێ، چونکە ڕابەرەکانی ئەم ڕێبازە ماتزینی و گاریباڵدی و کافوری ئیتالی و ھێردەری ئەڵمانیی وایان بیر کردۆتەوە. دروستبوونی زۆربەی دەوڵەتەکانی ئەوروپا پاش ھەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتۆرییەکان - ھابسبۆرگ- ی سەریان ھەڵداوە. لە نێوان ساڵانی1870-1914 دا 50 دەوڵەت لە جیھان دروست بووە ، لەوانە 16یان لە ئەوروپا بووە.
ساڵی 1918 لە کۆمەڵەی گەلان 60 دەوڵەت ئەندام بووە. پاشان ژمارەکان زیادبوون بۆ:
(1920)——42 دەوڵەت ..(1945)—51 دەوڵەت. (9601)—82 دەوڵەت ..(1984)—61 دەوڵەت..( 2015)—193 دەوڵەت. بەلژیکا 1831 لە ھۆڵەندە جیابۆتەوە. نەرویج 1905 لەسوید، دوای ھەڵوەشانەوەی ئەو یەکگرتنەی نێوانیان لە 1814ەوە. ئایسلاند1924 لە دانیمارک دوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی نێوانیان. پێشتریش باسمان کرد یۆنان بە شەڕێکی خوێناوی 1830 سەربەخۆ بوو. ئیتالیا 1861 ئەڵمانیا 1871 ھەردوو دۆخێکی تایبەت بە خۆیان ھەیە وەک ئەزموونێکی سەربەخۆ بە شۆڕشی یەکگرتنەوە بوونە دەوڵەت بۆیە ناسراون بە ناسیۆنالیزمی Unifizieren/Sezessien ، رۆمانیا و سەرب و مۆنتگیرۆ 1878 و بولگاریا 1908 و ئەلبانیا 1913 و فینلەندە 1917 و پۆڵۆنیا، چیک، ئیسلاند، لێتلاند، لێتاون، شانشینی سەرب و کرواتیا و سلۆڤێنیا/ یوگوسلافیا1921- 1929و ئیرلەندە1922. کە شوورەویش داڕما بەدوای خۆیدا نزیکەی 20 کۆماری نوێی لێ کەوتەوە.
پرنسپی ناسیۆنالیزمی لیبەراڵ لەگەڵ چەوساوە و ستەملێکراوە دژ بە چەوسێنەر و ستەمکار. سیاسەتی ناسیۆنالیستی یەک زمان کە لەلایەن ڕووسیاوە پێڕەوی لێ دەکرا لە وڵاتانی: ئۆکرانیا، بەشە داگیرکراوەکەی پۆلۆنیا، وڵاتانی بەلتیک، فینلەندە، دڕندانە بوو، ئەمەش ناسراوە بە ناسیۆنالیزمی Integralen و بریارەکەی Charles Maurresی فەرەنسییە. نابێ باز بەسەر راستیەکدا ھەیە بدەین، ئەویش ئەوەیە ، دوایی کۆتایی ھاتنی یەکەم جەنگی جیھانی ئەوروپا بە پێی خەونەکانی بیریار و پەیامبەرێکی ئازادیخواز و دیموکراس و لیبەڕاڵی وەک «ماتزینی» دانەڕژرایەوە! رێک نەخرا..

تەماشا بکەن لیستی ئەو شوێنانەی کراونەتە دەوڵەت، ناوگەلێک ھەیە، بە ھەموو ڕووبەروو و ژمارەی دانیشتوانییەوە، ھێندەی شارۆچکەیەکی کوردستان نابێت، کەچی دەوڵەتە و خاوەنی دەنگ و ئاڵا و پاسپۆرت و دروای خۆیەتی. لەسەر شانۆی جیھانی دەنگ و سەنگ و ڕەنگی ھەیە. کەواتە کێشە لەوەدا نییە ڕووبەری وڵاتەکەت چەندە و ژماری دانیشتوانەکەی چەندە؟ بەڵکو لەوەدایە ئایا : تۆ لەو بازنەیەدایت، لەو سیستەمەدایت، ئەو بەرژەوەندی و یاسایانە دەتخوێنێتەوە کە تەرازووی یاسای نێودەوڵەتی وەک دەوڵەت دەتخوێنێتەوە؟ یاخود نا!... خاوەنی ئەو ڕەوایەتییە نێو دەوڵەتییەی کە سیستەمی جیھانی نەخشی بۆ کێشاوە؟...
وەک دەبینین ھەر ئەم خاڵە ھەستیار و چارەنووسسازەیە - دەوڵەت و بێ دەوڵەت - وا دەکات، ئەو ھێز و لایەن و کەسانەی ڕێگریی دەکەن لە بەدەوڵەتبوونی کورد، یاخود داواکاری ناواقعییان ھەیە و خەونی پرتەقاڵی دەبینن و بە شەوارەی نێو کتێب کەوتوون! ، لە دیدی نەتەوەییەوە بەر ڕەخنە بکەون و بەرپرسیار بکرێن لە ئاست ڕێگریی و ئاستەنگ دروست کردن بۆ پرسی سەربەخۆیی کورد.

کە تەماشای ئەم گرافیکە دەکەین، وا ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانی دەوڵەتگەلێکمان بەرچاو دەکەوێ ھێندەی دێگەڵەیە، کە ئێستا بۆتە سنووری فەرمی نێوان دوو ھێزی وەک پارتی و یەکێتی. ئەمەش پرسیارێکی جێی سەرسوڕمان نییە! ھێندەی خەوش و نەنگیی و ئنجا تاوانیشە. بەڵێ ئەوەی حیزبی کوردی دەرھەق بە چارەنووسی کورد دەیکات، تاوانێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ڕێکەوتنە بەدناوەکەی سایس پیکۆ!..
١) خشتەی دەوڵەتە بچووکەکان و ٢) دەوڵەتە گەورەکانی جیھان
  

لەم خشتەدا دەوڵەتگەلێک بەرچاو دەکەون، لەسەر نەخشەی جیھان بە زەڕەبین و GPS بەدوایاندا بگەڕێی نایدۆزیتەوە. کەچی دەوڵەتن و خاوەنی سیمبۆلەکانن. دەتوانن بەشداری پێشبڕکێ جیھانییەکانی ھونەر و وەرزش و ڕۆشنبیریی بکەن. تاکەکانی خاوەنی ناسنامە و پاسپۆرتن و بۆیان ھەیە گەشتی جیھان بکەن. ھاوڵاتی دەوڵەتی مۆناکۆی ھەرە بچووک بیت، یاخود ڕووسیا ھەرە گەورەی جیھان، لە نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی یەک دەنگیت و یەک کورسیت...گەر دیقەتێ لە مێژووی جیھان بدەین، دیاردەیەکی نامۆ و جێی سەڕسووڕمان نییە، کاتێ جولەکە تا نەبووە خاوەن دەوڵەت چۆن ھەر تێھەڵدراوی مێژوو بوون... چین بەو گەورەیی و زەبەلاحییەی خۆیەوە، گەر قەوارەی دەوڵەتی لێ بستێنیتەوە، کێشی دەبێتە پووشێ!..
بە پێودانگی یاسای نێودەوڵەتی، تۆی بێ دەوڵەت ھەمان گەمەت لەگەڵ دووبارە دەکرێتەوە. جا تۆ وەرە ھەزاران چیرۆک و ڕۆمانی ھەڵەبجە و ئەنفالت ھەبێت، باسی داستانی قارەمانێتی کۆبانیت لە ھەگبەدا بێت! قەڵای دمدم زیندوو بکەرەوە، بیخەرە بەردەم جیھان، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەگای نێودەوڵەتی، ھەموو ئەمانە ھیچ گوێگر و سەنگ و بەھایەکیان نییە. ھێندەی بروسکەیەکی دوو دێڕی قونسوڵی دەوڵەتێک نییە! بیکات،کە دانیشتوانەکەی ھێندەی نیوەی بەرزنجەش نەبێت!.
بێدەنگی جیھان لە ئاست کیمیابارانی ھەڵەبجە 1989 و ڕزگارکردنی کوێت ساڵی 1991 بەڵگەی زیندووی ئەم ڕاستییەن...
کورد و نەتەوەکانی تری بێ دەوڵەتن! کاراکتەرێکی سەر شانۆی سیاسی و ئەندامی UNO نین، بۆیە گێجی مافی مرۆڤیش نایان خوێنێتەوە. ئەمەش واقیعە نەک قسەی ناو کتێب و خەیاڵ پڵاوی ژوورە تاریکەکانی سیاسەت و دروشمی بریقەدار و فەنتازیای فەیلەسووف و نوسەران ..
نووسەرێک دەڵێ: « بە بێ دەوڵەتێکی بەھیز، بازاڕی ئازاد نابێت، تەنیا دەوڵەتێکی بەھێز دەتوانێ مافی ئازادی و بنچینەیەیی بە متمانەوە گەرەنتی بکات. ھەر تەنیا بەم شێوە مافی ھەڵسوکەوت و خاوەندارێتی خۆیی کاروباڕی بازاڕێکی کراوە و ئازاد مسۆگەر بکرێت.. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەمانەش دەوڵەت پەنا بۆ دادگا و پۆلیس و ھێزی چەکدار دەبات. ئەمانیش سەرگەرمی دابینکردنی ئاسایشی ناوەوەو دەرەوە دەبن، کە لەسەر وەختی Adam Smithەوە وەک ئەرکێکی دەوڵەتی بۆتە جێی تێگەیشتن و کارپێکردن..

گەلۆی ھاوخوێن و ھاوزمانی کوردم:
کورد نەتەوەیەکی ھەرە کۆنی ڕۆژھەڵاتی ناوینە ، لە ئێستادا زیاتر لە 60 ملیۆن کورد ھەیە. ژمارەی کورد لە « پۆڵەندی و ئەرجەنتنی و کەنەدی و ھۆڵەندی زیاترە»...کوردستان وڵاتیی مێژوویی نەتەوەی کوردە. ڕووبەرەکەی نزیکەی 500,000 km . ھەشتەمین وڵاتە لە ڕووی ڕووبەرەوە ، یەکسانە بە:« ئەڵمانیا و یابان و دوو ھێندەی فەڕەنسا» یە. لە «ئیتالیا و بەریتانیا وسەنگال» گەورەترە...4 جار لە کۆریای باشوور و 10 جار لە سویسرا و50 جار لە لوبنان گەورەترە...
160 km ھەزار کیلۆمەتری دارستانە، کە دەکاتە%39 ڕووبەرەکەی. ھەر 122 کەس لەکوردستان لەسەر یەک کیلۆمەتر دووجا دەژین. کوردستان وڵاتێکی شاخاوی دڵفڕێنە بەرزترین لوتکەی چیای ئاگرینی5137 مەترە و سەرچاوەی ئاو و ڕووباری زۆرە، دیجلەو فورات و زێی گەورە و بچووک و رووباری سیروان و دەریاچەی وان و دوکان و دەربەندیخان و ... ھتد.ھاوکات وڵاتێکە دەوڵەمەندە بە نەوت و بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی ھەیە و کە دەکاتە %7,5 نەوتی جیھان و لە ڕیزی 8 مین وڵاتانی خاوەن نەوتدایە.

کوردستان خاوەنی کەرەسەی خاوی بەھاداری تر و ھەڵکەوتێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگی ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین. مەڵبەندێکی شارستانێتی کۆن و لانکی گەلێ ئایینی ئاسمانییە. ئەمانە و کۆمەڵێ تایبەتمەندی تریش بۆ چرکەساتێ بھێنە بەرچاوی خۆت ..! بێ گومان نابێت بە ھیچ جۆرێک دڕندەیی و نامرۆڤی داگیرکەران و دوژمنانت لە یاد بچێت. وەک وتراوە: نەتەوە پێویستی بە دوژمنە، بەو هۆیەوە ئاسانکاریت بۆ ساز دەبێت لە گەڕان بە دوای ناسنامەی نەتەوایەتی خۆیی دا. جا بە هەق کورد پێویستی بە ھیچ گەڕانێک نییە،چونکە لە مێژساڵە لەبەردەم ھەڕەشەی لەناوبردنی 4 دەوڵەتی دوژمندایە...
ئنجا بە کاوەخۆوە و بە قوڵی بیربکەرەوە و خۆت بەراورد بکە بە ڕۆڵەی نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت..! لە خۆت بپرسە من بۆ بێ ناونیشان و ئەو بۆ خاوەن ناو و نیشانە؟!!!..لە ئاکامدا دەگەینە ئەو وێستگەیەی کە تۆ ئێستا وەک کەسێکی هوشیار و بە ئاگا و خاوەن زانیاری و ڕۆشنبیریی ئیستێک بکەیت و بپرسی لە خۆت:
بێ دەوڵەتی بۆ من واتای چی؟ بێ دەوڵەت بەرەو کوێی ئەم جیھانە ژیان دەئاژووم و چۆن دەبێت منداڵەکانم و نەوەی نوێ لە ئێستا و ئایندەدا ھەر بێ دەوڵەت بمێننەوە ؟ بێ دەوڵەتی چی لێ زەوت کردووم و چ کەلێنێکی خستۆتە کەسایەتی و ناسنامەکەمەوە؟ پێویستە چ بکەم بۆ ئەوەی نەوەکانمان لە ئێستای منی بێ دەوڵەتەوە ببنە ئەوسای ئەوانی دەوڵەتدار!؟.. بۆ ئەوەی نەوەکانمان ببنە خاوەن شکۆ و ئابڕوو و ڕزگاریان بێت لەو گرێ دەروونییەی لە دێر زەمانەوە، وەک خۆرکە ئێمەی داخۆران کردووە؟، قوتاریان بێ لە دەیان و سەدان دەرد و گرفتی دیکە..هەستیارترین پرسیار،ئەی ئەگەر دەوڵەت هێندە گرنگە، بۆ حیزب و لایەنە کوردی و کوردستانییەکان بە فەرمی نەیانکردۆتە ستراتیژی نەگۆڕ و سەرەکی خۆیان؟. ئەی بۆ لە ناو کوردی نیشتمان داگیرکراو و دابەشکراودا، بایەخ بۆ دەوڵەت خراوەتە پەراوێزەوە؟!،، بۆ گیان و باوەڕی نەتەوایەتی بەو ئەندازە گەورە و شێوازە نا ئەقڵانی و دڕندەییە دژایەتی دەکرێ و ناوەڕۆک و سیمای دەشێوێندرێت؟!..
ئاخر دەبێت ئەو ڕاستییە مێژووییە باش بزانی و لێی تێگەشتبێتی: هەر خەبات و تێکۆشانێکی کوردی و کوردستانی، بۆ ئامانج و ستراتیژی سەربەخۆیی و بەدەڵەوتبوون نەبێت، قومارکردنە، بازرگانییە، بە قوربانیدانی ڕۆڵەی کوردە،درۆکردنە، لادانە لە ئەرک و پەیامی بنەڕەتی کوردایەتی.. کاولکاری و مێژوویەکی ڕەشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە