جەعفەر کەریمی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100009381381277


جەلال تاڵەبانیمان باش نەناسی!

Tuesday, 03.23.2021, 23:31

3389 بینراوە


بۆ ناسینی کەسایەتی مرۆڤێک پێویست ناکات لە بەژن و باڵا و جلوبەرگ و گیرفانی ئەو کەسە بڕوانین.کردەوە و رەفتار و شێوەی هزر و ڕامانی ئەو کەسە لە ناو کۆمەڵگادا بە وردیی پێناسەی ئەو کەسەمان بۆ شڕۆڤە دەکا.بە داخێکی گرانەوە دەبێ بڵێم، کۆمەڵگای کوردەواریی بە زانا و نەزانیەوە بۆ بەشێک لە چین وتوێژی ئەو کۆمەڵگایە کە بووە بە دەمڕاست خۆی بە رێبەریی خەڵک دەناسێنێ، بە شێوەیەکی زانستیانە سرنج ناداتە بواریی سیاسیی وکۆمەڵایەتی و ئابووری و...هۆی سەرەکی شکستەکانی سەدەی رابوردوومان دەگەڕێتەوە بۆ ناهوشیاریی و کەمتەرخەمیی لەو بوارانەدا.هەر شکستێک کە بەسەر کورددا هاتبێ تەنیا خەتای دوژمن نەبووە، پشکی سەرکردەی کوردیش چی وای لە دوژمن کەمتر نییە.

ئەگەر دایکی جەلال تالەبانی لە ژیاندا بمابایە، من لەسەر ئەو باوەڕەم شەرمی لە خۆی دەکرد کە مرۆڤکوژێکی ئاوای هێناوەتە سەر دونیا

زۆربەی هەرە زۆریی سەرکردەکانی کورد، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان وباشووری کوردستان، هیچکات خاوەنی ئیرادەی سیاسی خۆیان نەبون.ئەوان بە بیانووی دیپڵۆماسی و سیاسەت تەنیا رێگای پاراستن و رێکاریی پاراستنی حیزب و کۆیلەی دەوروبەری خۆیان هەڵبژاردوە.سووتەمەنیی ئەو رێبازەشیان خەڵكی بێتاوانی کورد و جوغرافیای سووتاوی کورد بووە.نموونەی زیندووی ئەو ڕێکارە قڕێژەیان کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە کە بە هاوکاری جەلال تاڵەبانی و ئێڕان وپاشان سەددام روویدا! کاتی خۆی کە تاڵەبانی زیندوو بووە ئەگەر دایکی لە ژیاندا بمابایە، من لەسەر ئەو باوەڕەم شەرمی لە خۆی دەکرد کە مرۆڤکوژێکی ئاوای هێناوەتە سەر دونیا!
لە ماوەی سی دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە، خەڵکی هەژار ژیانی رۆژانەی بەرادەیەک ئاڵۆز و دژوار بووە، کە هیچ ئاگای لە چارەنووس و دوارۆژی خۆی نییە.زیندان و تیرۆر و ترس و تۆقاندنی ئەو دوو بنەماڵەیە کارێکی وای کردوە خەڵک ئاوات بۆ سەردەمی سەددام بخوازێ و بڵێ: چاک بوو ئەو کات خەڵك ئەوەندە برسی وداماو نەبوو!
بەشێک لە نەتەوەکەمان نەیتوانی تاڵەبانی باش بناسێ.دوای مردنی تاڵەبانی نەدەبوایە خەڵکی بەشمەینەت دەسەڵاتداریی بنەماڵەکەی قەبوڵ بکردایە.لە جیهانی پێشکەوتوو و وشیاردا نەبینراوە ژنی سەرکردەیەک لە پێش چاوی هەموو دونیادا بە خەڵک بڵێ: هەمووتان بە قوربانی مام بن! بە بیستنی ئەو رستە ناسیاسیە لە جیاتی خەڵک گۆڕەپانی خۆپیشاندان چۆل بکەن، کە چی بە چەپڵە وهوریا جوابی هێرۆی ژنی تاڵەبانیان دایەوە و بەقوربانی بوون!
لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تەنیا سەددام خەتابار بووە؟ بێ بەختی ئەو خەڵکە لێقەوماوە گەیشتە ئاستێک تەنانەت قاسملووش ئەوکات گووتی: ئەو کیمیا بارانەی شاری هەڵەبجە کاری کۆماری ئیسلامی بووە! لێڕەیە کە بازرگانی بە خوێنی هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی کورد دەست پێدەکات! کۆماری ئیسلامی ئەو ڕۆڵەی هاویشتە سەرشانی جەلال تاڵەبانی، ئەویش زۆر وەستایانە پاسداری خستە ناو شار و ئەو تراژیدیایەیان خوڵقاند! ئەوکات و ئێستێ دوای مردنی تاڵەبانی مفتەخۆر و لۆمپەنیی حیزبیی و دەسەڵاتدارانی ناو یەکێتی نانیشتمانی بە رێزەوە ناوی جەلال تاڵەبانی دێنن، لە حاڵێکدا ئەو شەخسە تەنیا دەڵاڵێکی سیاسیی ناونەتەوەیی بووە.ئەو رۆژانە لە سەر شاشەی (NRT) چاوم بە بەرنامەیەک کەوت کە کەسێک بەناوی شێخ محەممەد سەرگەڵۆیی، پێشمەرگەی دێرین بووە باسی لە رووداوەکانی رابووردوو هەروەها جەلال تاڵەبانی دەکرد.

 تاڵەبانی زۆر بە روونی دەیزانی، ئەگەر سوپای پاسداران بهێننە ناو شاری هەڵەبجە، سەددام بە کیمیایی لێیان دەدات

ئەو شێخە گووتی: سەرکردایەتی ئەوکات بە تاڵەبانیشەوە زۆر بە روونی دەیزانی، کە ئەگەر سوپای پاسداران بهێننە ناو شاری هەڵەبجە، سەددام بە کیمیایی لێیان دەدات! چۆن نامەی بۆ ئێمە نووسیبوو و ئاماژەی بەوکارە کردبوو! کاتێك ئەو خەبەرەمان بە مام جەلال گووت، گووتی: درۆ دەکەن، عێراق نە کیمیایی هەیە و نە دەتوانێت!
تاڵەبانی خۆیی بە نۆکەرایەتییەوە گرتبوو، دای بنێن کە سەددام کیمیایی نەبووە و کارە ناکات، بەڵام لە کوێی دونیادا بینراوە، کە سەرکردەیەک سوپای وڵاتێکی بیانی بێنێتە سەر خاکی وڵاتێکی دیکە، کە خۆی بە هاوشاریی ئەو وڵاتە بزانێ؟ لە لایەکیش داوای خودموختاریی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکات!، لە لایەکی دیکەش سیخۆریی بۆ وڵاتێکی دیکە بکات؟! ئەوە پووختەی کەسایەتیەکی سووک و چروکی تاڵەبانی بووە، کە وێنەیەکی مەزنی ئەویان لە شاری سلێمانی لە سەر سەربانی شووقەیەک داناوە و رۆژانەش منداڵەکانی بە ریشی خەڵک پێدەکەنن.
ئەوان بیانوویان دا دەستی سەددام تا هەڵەبجە وێران بکات! لە کیمیابارانی هەڵەبجە دوژمنی کورد ئەنجامی دا، بەڵام رزگارکردن و ئازادکردنی فرۆکەوان، تاریق رەمەزانی تاوانبار و بکوژیی هەزاران کورد لەو شارە بە فەرمانی تاڵەبانی بووە، پاکانەکردن بۆ کوردکوژێکی ئاوا چی کەمتر نییە لەو تاوانەی کە سەددام کردوویە، تاڵەبانی لێرەدا بە ڕۆژی رووناک گەمەی بە خوێنی هەزاران شەهید کرد، کەچی لە دەڤەری سەوز ئیدارە و زۆربەی ماڵان وێنەی ئەو جینایەتکارە لە سەر دیوارەکان هەڵاوەسراوە! ئەوەیە یەکێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگای نەخۆش و بێ ئیرادە.
کاتیك لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی و حیزبەکانیان شەڕی خۆترێنی ناوخۆیی روویدا، بە هەموو شێوەیەک چین و توێژەکانی جۆراوجۆری کۆمەڵگا هەوڵیاندا، کە ئەو شەڕە روونەدا.کەچی دیتمان بە قسەی کەسیان نەکرد و ماڵوێرانیی بووە بەشی خەڵكی هەژار.بەڵام کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەوکات خانمی ئۆلبرایت بانگهێشتنی ئامەریکای کردن و بە شەقی سیاسیی لە سەر مێدیاکانی تەقەی پێکردن ئەو شەڕەیان ڕاگرت.لێرەدایە بێویژدانی و دڵرەقیی ئەو جووت بەڵایە دەردەکەوێ!
وەکی دیکەش کاتیك سەرۆک عەشیرەکانی عەزاوی بۆ ئازاد کردنی تاریق عەزیز دەچنە لای تاڵەبانی دەستوری ئازادکردنی دەدا، ئەوکەسەی کە لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە دەستی هەبووە.ئێستێ رەمەزان لە بریتانیا دەژی و بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێ خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیەتی!
زۆرم بیر کردەوە وشە یان دەستەواژیەکی گونجاو بە زمانی کوردی رەوانەی گۆڕی جەلال تاڵەبانی بکەم بەڵام وشەکان لە ئاست ئاکارەکانی دزێوی چەند ساڵەی ژیانی پڕ لە نەهامەتیی کە بۆ کوردی خوڵقاندبوو، زۆر لاواز و بێ کەڵك بوون.جێگای داخ و حەسرەتە کە لەو سەردەمەشدا تاقمێک کۆیلە لە سەر ئەو باوەڕەن و دەڵێن: ئەگەر مام جەلال ب، مابایە کورد ئاوای بەسەر نەدەهات لە کاتێکدا تا تاڵابانی لە ژیاندا مابوو خەریکی ریچە کردن بووە بۆ تورک و فارس وعەڕەب، ئێستێش کوڕەکانی خەریکی ریچە کردنن بۆ دوژمنی کورد! ئەوەی کە بە سەر هەڵەبجە هات، تاڵەبانی بە سەری هێناوە! تاهەڵەبجە مابێ خەیانەتەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی لە بیر ناکرێ.

کورتە نامەیەکی تاریق ئیبڕاهیم رەمەزان:

ئەو کورتە نامەیە ئاراستەی گابار چییانی کراوە
بەرێز کاک جەبار سڵاوتان لێبێ، زۆر سپاس دەکەم بۆ تۆش وهەموومافی مرۆڤ لە هەموو جیهان لە کوردستان بە تایبەت.یەکەم شت، من نەگیرام بەڵام رفێندرام.دووهەم شت، قەت من پەیوەندییم نەبووە بەو تاوانە، هەزار ئیسپات و وەسیتەم هەیە، بەڵام ئەو دان پێدانانە فەرز بوو لە سەرم لە ژێر ئەشکەنجە.سێهەم، وەک ئیسپات نەبوو لە دەسیان، بەڵام هەموو دونیا ئاگان لێیان بوو ئەشکەنجەی ئاسایش چییە، چوارەم شت، من رام نەکرد لە زیندان لە ٢٨/١٠/٢٠٠٧ ئازاد کرام بە فەرمانی جەلال تالەبانی.!

سرنج:

دەقی ئەو نامەیە بە راوێژ و رێزمانی ئەو کوردکوژە وەک خۆی نووسراوەتەوە، بۆیە رەنگە هیندێك هەڵەی رێنووسیی تێدابێ.هیچ دەستکاریەکی وای تێدا نەکراوە.تەنیا مام جەلال کراوە بە جەلال تالەبانی.دەقی ئەو نامەیە لە سایتی ئاوێنە وەرگیراوە.