سەلاحەدینی ئەیوبی چی بۆ کورد کردوە ؟

Wednesday, 03.24.2021, 21:22

1724 بینراوە


بۆ دیفاعکردن لە سەلاحەدینی ئەیوبی، ئەوترێت ئەو کاتەی ئەوی تێدا ژیاوە هەستی نەتەوەیی ئامادەگی و بونی نەبوە و هەر ئیسلامیەت زاڵبوە.
بەڵام ئەو بۆچونە نەک هیچ ڕاستیەکی تێدانیە بەڵکو چەواشەکاریشە.
هەستی نەتەوەیی لە ناو عەرەبدا بون و ئامادەگی هەبوە و زۆر سەرکەتوانە ئایینی ئیسلامیش بۆ خزمەتی ناسیونالیستی عەرەبی بەکارهێنراوە و تەرخانکراوە.
ئەگەر وانیە، بۆچی لە کاتی داگیرکردنی وڵاتانی تردا یەکەم شت کە  ئیسلامیەکان کردیان، سڕینەوەی مێژوەکەیان و ڕابردوەکەیان و ناسنامەکەیان بوە وە هەرچی  پەیوەندی بە ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوی نوسراو و فەرهەنگی کلتوری ئەو نەتەوانەوە هەبوە، سوتاندویانە و لەناویانبردوە؟
ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە یان سیاسەتە تاکو ئێستاش لەلایەن گروپە ئیسلامیە تیرۆریستەکانەوە پیادەکراوە و پیادەدەکرێت. بۆ نمونە داعش لەو ماوە کەمەی حوکمڕانیەکەیدا، هەمو کڵێساکان، موزەخانەکان و شوێنەوارە کۆنەکانیان لەو شار وشارۆچکانەی کە داگیریان کردبو، وێرانکرد و لەگەڵ زەویدا تەختیان کردن.
تەقاندەوەی پەیکەری بودیەکانیان لە چیای تۆرابۆرا لە ئەفگانستان، کە سەدان ساڵ بو دروستکرابون، لەلایەن قاعیدەوە، نمونەیەکی تر و بەڵگەیەکی تری حاشا هەڵنەگرە دەربارەی پیادەکردنی ئەو ڕێوشوێنانە لە لایەن ئیسلامیەکانەوە. 
کە باس لە سەلاحەدینیش دەکرێت، نکوڵی لەوە ناکرێت کە کورد بوە وە سەرکردەیەکی لێهاتو بوە و تەنانەت دوژمنەکانیشی، باسی قارەمانی، ئازایەتی، دادپەروەری و باسی هەڵوێستە مەردانەکانی ئەم سەرکردەیەیان کردوە وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی، نەک سەرکردەیەکی کورد.
دیسانەوە ئەوە بەهەڵە تێگەیشتنێکی زۆر گەورەیە کە بوترێت لەو کاتەدا هەستی ئینتیما بۆ نەتەوە یان بۆ هاوزمان بونی نەبوە.
یەکێك لە بناغەکان وهۆکارەکانی دروستبونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تورکبون بوە.
ئەوە ڕاستیەکی مێژوییە کە ئۆرتوغرۆل تورکێکی مەغۆلیە کە شەڕەنگێزی، بەربەرێتی، دڕندەیی و خوێنڕێژیەکەی لە خزمەتی سەلجوقیەکاندابوە و خۆی و بنەماڵەکەی خستبوە خزمەت سەلجوقیەکانەوە کە ئەویش لە پاداشتی خزمەتەکانی لە شەڕی سەلجوقیەکاندا دژی بیزەنتیەکان، زەوی و موڵکیشی پێدرا وە شارۆچکەی سکود، کە بە سوغوت ئەخوێندرێتەوە لەلایەن تورکەکانەوە، کە شارێکی سنوریە بەرامبەر بە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی، دراوە بە ئورتغرول.
(د. سلطان الأسقه) کە توێژەر و مێژوناسێکی عەرەبە ئەڵێت کە ئورتوغرول موسڵمان نەبوە و (وثنی) بوە.
نەک هەر ئەمەندە، بەڵکو (د. سلطان الأسقه) پێداگری لەسەرئەوە دەکات کە عوسمانی کوڕی ئورتوغرۆلیش، یەکەم سوڵتانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، موسلمان نەبوە، وە ناویشی عوسمان نەبوە بەڵکو ناوی (ئۆزمان) بوە کە لە کاتی خۆیدا ناوێکی بڵاوبوە لە ناو مەغۆلیەکاندا.
ئۆزمان هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەی شێخی سۆفی کردوە. ئیدی کە دەوڵەتی عوسمانی دامەزراند، بوە بە ئیسلام و ناویشی لە (ئۆزمان)ەوە گۆڕی بۆ عوسمان.
تورکەکان تاکو ئەم ساتە وەختەیش نکوڵی لەوە ناکەن کە مەغۆلین و (طۆران)یش بە کەعبەی خۆیان دەزانن.
لەمەش زیاتر، ئەوان ئەڵێن ئێمە لە پێشدا مەغۆلین، ئنجا موسڵمان.
هەرچەندە ئێستا بەهۆی هاوپەیمانێتی ئەردۆگان لەگەڵ ئیخوان موسلمینەکاندا، ئەوە بە ئاشکرا باسناکەن، بەڵام تورکە نەتەوەپەرستەکان بە ئاشکرا ئەمە ڕاوبۆچونیانە.
ئەمان وەکو کورد ساویلکە و فریودراو نەبون، کاتێک کە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتنە ئەو هەرێمە، بلیمەتانە ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا و زیرەکانە ئیمپراتۆریەتێکی ٦٠٠ شەش سەد ساڵەیان بە بەکارهێنانی ئیسلام دروستکرد وە سوتەمەنی شەڕی ئەو ئیمپراتۆریەتە لە ماوەی ئەو شەش سەدەیەدا هەمو ئەوانە بون کە تورک نەبون، واتە کورد و عەرەب و نەتەوە بندەستەکانی تربون کە باوەڕیان وابو کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی درێژکراوەی حوکمی خەلیفەکانی ڕاشدینە و خزمەت بە ئیسلام دەکات.
هەر لەو ڕوانگەیەشەوە و بە پیادەکردنی هەمان سیاسەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەردۆگان ئەو هەمو گروپە تیرۆریستەی دروستکردوە لە موسڵمانە ناتورکەکان، واتە عەرەب و کورد و هەمو ئەو ئیسلامیانەی ئەردۆگان بە ناوی (جیهاد) لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هێنابونی بۆ داگیرکردنی ئەفرین و شار و شارۆچکەی تر لە سوریا و دواییش شەڕی لیبیا و ئازەربایجانیشی پێکردن.
لوتبەرزی، خۆبەزلزانی و ڕەگەزپەرستی تورکەکانیش لەمەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەوان پێیان وایە کە ڕۆژگارێک بوە ئەم نەتەوانە خزمەتکاری سوڵتانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بون و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا ئەردۆگان هەمان ئەو نەتەوانە بۆ خزمەتی تورکیا و بۆ ئەجێندەکانی سوڵتان ئەردۆگان، کە خەونی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێیە، بەکارهێناوە و بەکاردەهێنێت.
لە ئەنجامدا، تورک بە بەکارهێنانی ئیسلام  باڵادەست بون و کوردیش تاکو ئەم ساتە بندەستی عەرەب وتورک و فارسن.
سەلاحەدینی ئەیوبی گەورەترین شکستی مێژویی بەسەر یەکەم مەلیکی بەریتانیا، مەلیک ڕیچارد کە بە "ڕیچارد شێردڵ" ناوبانگی پەیداکردبو، هێنا کە سەرکردەیەکی زۆر ئازا و قارەمان بوە. 
ئیدی کە یەکەم شکستیشی بە دەستی سەلاحەدین بەسەرهات، ئەمە بو بەشەرمەزاریەکی مێژویی گەورە بۆ بەریتانیا کە تا ئێستاش بیریان نەچۆتەوە.
ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا تا ئێستاش هەر لە چاوی سەلاحەدینەوە سەیری کورد دەکات و هەر خەریکی تۆڵەسەندنەوەیە لە کورد وە هەمو سیاسەتەکانیشی دژی کوردبون. 
بەریتانیەکان ئەو قەناعەتەیان لای هەمو وڵاتانی ڕۆژئاواش دروستکردوە کە  بە چاوی گومانەوە لە دەسەڵاتداربون و بەهێزبونی کورد بڕوانن.
ئەوەی بە وردی گوێ لە وتارەکانی سەرکردە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا بگرێت ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە کاتێک باسی کورد دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد جەنگاوەری ئازا و دلێرن لە شەڕدا. ئەمە دیوەکەی دەرەوەی ئەو پیاهەڵدانەیە بە (کورد)دا، بەڵام دیوە شاراوەکەی ئەم پیاهەڵدانە گومانە و ترسێکی مێژوییە لە بەهێزبونی کورد.
ئێستاشی لەسەربێت، تورک و عەرەب و فارس بەوە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەترسێنن کە گوایا ئەگەر کورد بەهێزبێت و دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا سەلاحەدینێکی تریان تێدا دروست دەبێت و شارستانی ڕۆژئاوا ئەڕوخێنێت لەبەر ئەوە بە هێشتنەوەی کورد بە بندەستی خزمەتێکی زۆر گەورە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگەیەنن.
سەرکردە عەرەب، تورک و فارسەکان چەندینجار لە کۆبونەوەکانیاندا ئەمەیان بیر ڕۆژئاواییەکان خستۆتەوە.
نەخێر، سەلاحەدینی ئەیوبی هیچ شتێکی نەکردوە بۆ کورد و هەرچیەکیشی کردوە، لە خزمەتی ئیسلامی عەرەبی و لە خزمەتی تۆرانیەتی تورکیادا بوە نەک لە خزمەتی کورد.
پیرەمێردی شاعیر و فەیلەسوف ئەفەرموێت:
چرا ڕوناکی بۆ ژێر خۆی نیە، ڕەحمەت لە با بیبا
ئەوەی ڕوناکی کەچ بیــنـانـە، گۆڕە ڕەنجی با بیبا