سەلاحەدیینی ئەیوبی سەرکردە ناودارێکی ناپاکی کورد!

Wednesday, 24/03/2021, 21:27

4791 بینراوە


چەند درۆ بە زمانی مێژوەوە بکرێت زو یان درەنگ ڕاستیەکان ڕوی درۆزنانی ڕەش ئەکات. ئەگەرچی بەهۆی بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی سەرمایەداری ئیجگار گەورەی خوێنمژی مرۆڤایەتی، زانایان ئەو دەسەڵاتەیان نیە ڕاستی مێژو بەگشتیکەن لێ کەم یان زۆر ڕاستیەکان لای مرۆڤدۆستان ئاشکرایە. هەر بۆ نمونە هەر ئەو چیرۆک و مێژوەی سەبارەت بەدروستبونی گەردون و ژیان کە زۆر دژ بە زانست و تێگەیشتنی مێشکی مرۆڤە ژیرەکانی ئەمڕۆیە ئێستاش لە زۆربەی خوێدنگاگانی جیهاندا ماوە.
 مێژوی باپیرانی کورد لەژێرپەردەی چیرۆکی هەڵبەستراو و درۆکانی دوژمن وا چەواشەکراوە کە نەوەکانی دودڵ بن و بڕوا بەڕاستی ڕەسەنیتی خۆیان نەکەن یان کۆمەڵێک وا داماو و گەمژەکراوە تا لە نیشتمان و فەرهەنگی باپیرانیان هەڵگەڕێنەوە. چەواشەکردنی فەرهەنگ و مێژوی کورد بەدرێژایی مێژو بەهۆی داگیرکردنەوە لە لایەن دوژمنی جۆراوجۆر ڕویداوە لێ لە دو ڕوداوی مێژویی گەورەی داگیرکردندا دو گورزی ئێجگار کوشندەی بەرکەوتوە کە برینەکەی کوردی ون و بەدبەخت کردوە.
یەکەم لە کاتی داگیرکردنی نیشتمانی ماد نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ پێش لە لایەن گریکەوە. ئەو کاتە ئیمپڕاتۆڕی ماد بەهۆی ناپاکی پارسەکان لەژێردەستی داریوشەکاندا بو کە بەهۆی هەڵەی ئەمانەوە گریک خاکی ماد داگیرئەکات. لە کاتێکدا ماد ئەجەنگن بۆ دەرکردنی گریکەکان کەچی پارسەکان ئەبنە نۆکەری گریکی داگیرکەر. پاش ونکردن و سوتاندنی بەشێکی زۆری شارستانێتی ماد، نوسەرانی جو بۆ سەرخستنی ئاینی سامیان و نوسەرانی گریکیش بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان، مێژو و فەرهەنگی ماد بەناوی پارسەوە ئەنوسنەوە. لێرەوە فەرهەنگ و مێژو و سەرکردە مەزنەکانی کورد ون ولاواز یان بەپارس ئەکرێن.
دوەم لەکاتی داگیرکردنی ئیمپڕاتۆری ساسانی کورد نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ پێش لە لایەن ئەرەبی ئیسلامەوە بەهاوکاری جو و ڕۆمەکان. ساسانیەکان کۆششێکی زۆر ئەکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی کاتی ژێردەستی گریک و ڕۆم لێ بەداخەوە لەم گەلەکۆمەی دوژمنان بەناوی ئاینەوە، جارێکی تر هەرچی شارستانێتی باپیرانی کورد هەیە ئەسوتێنرێت وە ئەمجارە زۆر بەزەبرتر زۆر بێ ویژدانانە و نامرۆڤانە ڕەگەزی کورد ناشرین ئەکەن، فەرهەنگ و مێژو و سەکردە مەزنەکانی کورد ون ولاواز یان بەفارس ئەکرێن. هەر هەمو شتێک بەناوی فارسەوە ئەنوسنەوە. پارس دوای تێکەڵبون بە ئەرەب و تورک و چەند نەتەوەیەکی تر، بە زمانی ئەرەبی، ئەگۆڕێت بۆ فارس. سەتە دوای سەتە کورد لەژێر زەبری سەربڕین و فڕاندنی ژن و مناڵەکانی بەناوی ئاینەوە، بەکۆیلە ئەکرێت. کوردە هوشیارەکان بە زانا و سەرکردەکانیەوە بە هەر شێوەیەک بێت توانیان ڕاستی فەرهەنگ و مێژوی کورد تا ئەمڕۆمان نەوە دوای نەوە بپارێزن لێ بەشێکی زۆری کورد ون بو و لە باپیرانی خۆیان هەڵگەڕانەوە و مێشکی بە فەرهەنگی داگیرکەر شۆرایەوە و تەنانەت بون بە سەرکردە و هێزی سەرەکی نێو ناکۆکیەکانی ئاینی سامی واتە جو، مەسیح و ئیسلام لە نێوان ئەرەب و جو و ئەوروپا.
ئەگەر کوردی هوشیار خۆی مێژوی خۆی بنوسێتەوە ئەوە لە ڕوناکی و زانستەوە سەرەتا ئەگرێت نەک لە تاریکی و کۆنەپەرستیەوە، لە فەرهەنگە ڕەسەنەکەی هۆڕی و گۆتی باپیرانی سۆمەریمانەوە سەرەتا ئەگرێت بۆ ئیمپڕاتۆرە مەزنەکانی ماد و ساسان نەک ئەباسی و ئەیوبی و ئوسمانی ئیسلامی. ئەگەر شانازیش بە زانا و سەرۆکەکانیەوە بکات ئەوە لە میترا سەرەتا ئەگرێت بۆ شا دیاکۆ و شاهنشا کەیخەسرەوی مەزن و ئەرتەشێری ساسان نەک شیخ و سەید و مەلا دروستکراوەکانی دەستی داگیرکەر و سیخوڕی دوژمنان. 
جا بەهۆی ئەم چەواشەکارییەوە مێژو بەسەر شانوباڵی کۆڕڕش و داریوشەکانی پارس و خاوەندارێتی فەرهەنگ و مێژوی کورد بۆ فارسی شیئەی ئەمڕۆ ئەگێڕێتەوە وە کوردی نەوەکانی ماد و ساسان خاوەن فەرهەنگی میترایی و زەردەشتی و زمان و مێژوی ڕەسەنی خۆی وەکو نەوەی چنۆکە یان کۆیلەی فەرهەنگی ئیسلامی ئەرەبی سامی ئەناسرێت و کۆمەڵێک سەرکردەی کوردی ئیسلامی نۆکەری دوژمنی داگیرکەری کوردستان کە دژایەتی مێژو و فەرهەنگی و ڕەگەزی خۆی کردوە بۆ نمونە سەلاهەدینی ئەیوبی بە پاڵەوان ناوئەهێنرێن.
ئەگەر کوردێکی داماوی ئیسلامی بێ ئاگا یان کۆمەڵێک فەقێ و مەلای نەخوێندەوار سەلاهەدین بە سەرۆکی خۆیان بزانن ئاساییە لێ کێشەکە ئەو نوسەرانەیە کە خۆیان بە نەوەی ماد و ساسان ئەزانن و شانازی بە فەرهەنگی ڕەسەنی باپیرانیەوە ئەکەن کەچی لە هەمان کاتدا شانازی بە تاک و خێڵە کۆنەپەرستەکان و ناسراوانی ئاینی سامی بۆ نمونە بە سەلاهەدینی ئەیوبیەوە بکات.   
ئەم نوسەرانە هێرش ئەکەنە سەر نیشتمانپەروەرانی کورد و بە ڕەگەزپەرست و ساویلکە تاوانباریان ئەکەن. ئایا ئەو هەموە نوسەر و هوشیارانەی کورد ساویلکەن چونکە پرسیار ئەکەن ئایا سەلاهەدین چی بۆ کورد کردوە؟ ئایا سەلاهەدین هیچ بەرهەمێکی بچوکی نەتەوەیی بۆ کورد هەیە جگە لە بەرهەمێکی مەزن بۆ نەتەوەی ئەرەب و ئیسلام؟ ئایا ئەم نوسەرانە ئەوەندە کەم زانیارین کە کوردپەروەران بە ناسیۆنالیستی توندڕەو تاوانبار ئەکەن؟ ئایا نازانن ناسیونالیستی(نەتەوەیی) لە بنەڕەتدا پێش ئەوەی ئیمپریالیزم نازیزم فاشیزم ناشرینی کەن واتە چی؟ ئەی ئایا بۆ ئەرەب، فارس و تەتەر (مەگۆل وتورک) بەناوی ئیسلامەوە خاکێکی زۆریان بۆ نەتەوەی خۆیان داگیرکردو ئەمڕۆش هێزن. ئەی ئەم مەلا کوردە ئیسلامە کە ئەوەندە سەرکردەیەکی ئازاو بلیمەت بوە، ئەی بۆ بەناوی ئیسلامەوە وەکو ئەمانە ئیمپڕاتۆری بۆ نەتەوەکەی دروست نەکرد تا وەکو شاهنشاکانی ماد و ساسان شانازی پێوە بکرایە و لەوانەش بو ئێستا کوردوکوردستان وەکو ئەمانە نەتەوەی باڵادەست و هێز بوایە.
ئەڵێن گوایە ئەو کاتانە خەبات بۆ نەتەوە نەکراوە؟ ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئەی شاکانی مەروان، شەدادی و کوردەکانی تر بۆچی بێگانەیان لە خاکی باپیران پاککردەوەو بونە مەترسیەکی گەورە لەسەر شیئە لە ڕۆژهەڵات و سونە لە ڕۆژئاوا تا هەمویان دوایی بەناوی کوردی ئاگرپەرستەوە لە لایەن سەلجوکی تورکی و فارسەکان لەناوبرانەوە. ئەی ئایا هەر ئەرەبی ڕەگەزپەرست نەبو ئیسلامی بەکارهێناو ئیمپڕاتۆرە ئەرەبیە ئیسلامیەکانیان دامەزراند، ئایا ئەمەوی و ئەباسی لە مێژودا هەر بە ئەرەب نەناسراوە؟! ئەی ئایا پارسچێتی، داریوش داینەمەزراندو دواییش کە فارس، ئاوێتەی تورک و ئەرەبی شیئە لە پارس داتاشرا هەمان ڕێگەی نەتەوەیی نەگرتەبەرو چەندان ئیمپراتۆری فارسی و تا بەناو ئێرانی ئەمڕۆیان بۆ خۆیان داگیرکرد. ئەی تورک و مەگۆڵ هەر بەناوی ئیسلامەوە ئاسیای ناوەراست و تورکیای ئەمڕۆیان هەر لەسەر تورکچێتی دانەمزراند؟ ئایا ئەتوانرێت بوترێت کە سەلجوکی یان ئوسمانی بچوک و گەورە تورک نەبون؟ ئیتر ئاخۆ ئەم پاکانەیە بۆ سەلاهەدین بۆچی؟  ئەی ئەویش کە خۆی و بنەماڵەکەی، لە خوراسانەوە تا میسر فەرمانڕەوا بون، بۆچی ئیمپڕاتۆرێکی کوردی ئیسلامی دانەمەزراند تاوەکو کوردیش شانازی پێوەبکات و ئەمڕۆ وەکو ئەرەب، فارس و تورک دەسەڵاتدار بوایە نەوەک لە ماڵی خۆی کۆیلەی دەستی دوژمن بێت.
 ئیتر ئەگەر سەلاهەدین نەوەی کەیخەسرەویش بێت، ناپاکی لە نەتەوەکەی کردوە. ئا ئەمەیە کە کەڵەهوشیارانی کورد لێی ئاگادارن، هەر بۆ خۆشی شانازی بە شاهنشا کەیخەسرەوی مەزنەوە ناکەن و سەلاهەدین شەرمەزار کەن. واتە ئاشکرایە بۆچی هوشیارانی کورد سەرزەنشتی سەلاهەدین ئەکەن و وەکو ناپاک لە مێژوی کوردا دەیناسێنن. ئاخۆ بۆچی گەورەیی دیاکۆ و کەیخەسرەو وە هەمو شاکانی مەروان، شەدادی، خەزنەوی و میرنشینەکان و سەرۆکە نەمرەکانی شۆڕشەکان لە کورد ون نەبون؟ بەلایەنی کەمەوە دەماودەمیش بوایە، ئەبوایە ناوی سەلاهەدینش جارێک بە چاکە بۆ نەتەوەی کورد ببیسترایە. 
 سەلاحەدین مرۆڤێکی زۆر کۆنەپەرست بو، بڕوای تەواوی بە بیرۆکەی کوشتن و چەوساندنەوە و جیاوازی بوە بۆیە بەدڵ بۆ فەرهەنگی بیابان جەنگاوە. وەکو سەرۆک خێڵێکی کۆنەپەرست لە پێناوی دەسەڵاتداری بنەماڵەکەیدا بوە، بەئاشکرا دژایەتی فەرهەنگی ڕەسەنی باپیرانی کردوە، چەندانی لە هاوخوێنەکانی دڕندانە کوشتوە بەتایبەت هوشیار و زانایانی کورد تەنها لەبەرئەوەی پارێزەری فەرهەنگی ڕەسەنی باپیرانیان بون. لەناو باڵەکانی ئیسلامیشدا گەورەترین کوشتاری تەنها لەبەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەیدا کردوە. گوایە ناسراوە بەسەرکەوتن بەسەر خاچهەڵگرەکانی مەسیحی ئەوروپا و رزگارکردنی یۆرشەلیم. ئەمەش چەواشەکارییە ئەگینا سەرکردە خاچهەڵگرەکانی مەسیحی ئەوروپاش کە وەکو سەلاهەدین کۆنەپەرست و خوێنمژ بون بەسەر کۆمەڵگاکانی ئەوروپاوە لەگەڵ سەلاهەدین و ڕابینەکانی جو بەپێی ڕێکەوتنامەیەک سەرمایە و دەسەڵات بەش ئەکەن و یۆرشەلیم ئەکەوێتە دەستی ئەرەب و جو، ئیتر بۆیە ئەوروپا بە چاوی سەرکردەیەکی بەهێز سەیری سەلاحەدین ئەکەن. بێ گومان لەوکاتەوە سەلاهەدین کە زۆربەی سوپاکەی کورد بون، ئەوروپای بە دوژمنی کورد کرد.
جا ئەگەر سەلاهەدین لە بنەماڵێکی ناسراوی گەورەی کورد بێت لێ ناپاکی لە فەرهەنگ و ڕەگەزی خۆی بکات و گەورە نۆکەری دوژمن بێت و بۆ دوژمن بجەنگێ جگە لە گەورە جاشێکی ناودار، ئاخۆ بۆ کورد چیتر بێت؟ ئەمە شەرمەزارییە نەک شانازی؟ کەواتە سەرزەنشتکردنی ئەم سەلاهەدینە و هاووێنەکانی ئەوسا و ئەمڕۆی پێویستێکی مێژوییە وە نوسینەوەیان بۆ مێژو وەکو سەرۆکی جاشی ناودار و سیخوڕانی دوژمنی داگیرکەری کوردستان ئەرکێکی مرۆڤایەتی و نەتەوەییە. جا کورد چی لە سەرکردەو پلە و پایەی بەرز بکات کە لە خزمەتی نیشتمانی دایکی خۆیدا نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە