ئەگەر سەلاحەدین کورد بێت؟

Saturday, 03.27.2021, 0:00

1310 بینراوە


لەکاتى دزینى ماڵێکدا خانوەکە بەسەر دزەکاندا ئەڕوخێت، کەسوکارى دزەکان لەلاى قەرەقوش  سکاڵا لەخاوەن ماڵ ئەکەن و ئەویش فەرمان ئەکات خاوەن ماڵ بهێنن و ئەڵێت : گوناهى منى تێدانیە بەڵکو ئەوە وەستاکە خانووەکەى باشى دروست نەکردووە، فەرمان بەهێنانى وەستاکە ئەدات و ئەویش ئەڵێت : گوناهى من نیە بەڵکو ژنێک بەجلێکى ڕەنگینەوە بەوێدا تێپەڕى و لێمڕوانى و هەڵەم کرد، کاتێک ژنەکەکە هات ووتى : ئەوە گوناهى من نیە بەڵکو گوناهى ئەو بازرگانەیە کە کوتاڵەکەم لێکڕیوە، کەبازرگانەکە ئەهێنن ئەڵێت : گوناهى من نیە بەڵکو گوناهى خومگەرە کە ڕەنگى کوتاڵەکەى کردووە، کەخومگەر ئەهێنن، قەرەقوش حوکمى خنکاندنى ئەدات و کاتێک ئەیانەوێت حوکمى ئیعدامەکە جێبەجێبکەن ئەبینن باڵاى کابرا لەسێدارەى ئیعدامەکە درێژترە، قەرەقوش فەرمان ئەکات خومگەرێکى کورتر بهێنن و ئیعدامى بکەن و ئەڵێت هەمویان لەتاواندا وەکو یەکن.
 لە چیرۆکى چوارەمى کتێبى (الفاشوش في حکم قراقوش) دانراوى ئەسعەد بن مەماتى یە کەسەرۆکى دیوانى سوپا و سەرۆکى دیوانى دارایی بووە لەسەردەمى فەرمانڕەوایەتى سەلاحەدیندا (١١٧٤ – ١١٩٣ ز) و نوسەرێکى بەتوانا بووە خاوەنى (٣٠) سى کتێبە، دا هاتووە :
 قەرەقوش بە ماینەکەى پێشبڕکێ ئەکات ولە پێشبڕکێکەدا پیاوێک پێشى ئەکەوێت، قەرەقوش سوێند ئەخوات کە سێ ڕۆژ ئاڵف بەماینەکەى نەدات، پیاوەکە ئەڵێت : گەورەم ئەترسم ماینەکەت بتۆپێت، قەرەقوش ئەڵێت : سوێندم بۆ بخۆ کەئاڵفت بەماینەکەمدا،بەماینەکە نەڵێیت کەمن بەوە ئەزانم، پیاوەکە سوێندى بۆ ئەخوات و ئاڵفى ماینەکە ئەدات.
 قەرەقوش، وشەیەکى تورکیە و ماناى بازى ڕەشە، بەهادین قەرەقوش لەبنەچەدا تورکە و فەرماندەیەکى سەربازییە و یەکێکە لە پایەکانى حوکمکردنى سەڵاحەدینى ئەیوبى لەگەڵ ئەلقازى لفازیل (القاضي الفاضل) وە فەقی عیسا ئەلهەکارى، بەهۆى قەرەقوشەوە حوکمى ووڵاتى میسرى کردووە.
 بەرگرى نەبێت لە قسەکانى لوقمانى حاجى کەریم لەسەر سەلاحەدینى ئەیوبى، بەهەموو کەموو کورتیەکیەوە دوو چەتەوڵى خستۆتە پڕمە :
 یەکەم :چەتەوڵى کوردایەتى بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک لەسەر کەسایەتى سەلاحەدین و ڕؤڵى ئەو بەچاک و خراپیەوە لەرز و تایان لێهاتووە و کەوتونەتە جنێو و قسەى سوک بەبێ ئەوەى تواناى وەڵامێکى لۆژیکیان هەبێت بتوانن ڕۆڵى پۆزەتیف و بەرهەمى سەلاحەدین ئەگەر هەیبێت بخەنەڕوو،لەوانە ئاماژە بەقسەى جەمال نەبەز ئەکەن کە وەسفى سەلاحەدین ئەکات پاش ئەوەى لە ئەوروپا هەندێک نوسینى بینیوە بە باشى لەسەلاحەدین دواوە، نەبەز خۆى ماندوو نەکردووە لەسەر ئەم کەسایەتیە لێکۆڵینەوەیەکى ئاکادیمى بکات بەڵکو بەقسەى چەند نوسەرێک سەلاحەدینى پەسەندە و لەلایەکیترەوە نەبەز لەماوەى حەفتا ساڵێک مەگەر کوردستانى بەوێنە بینیبێت. ئەمانە لەنجامدا لەلایەکەوە ئەچنە خزمەتى کوردایەتیەکەى مەسعودەوە و لەلایەکیترەوە گەورەترین خزمەت بەڕەوتى فاشیزمى ئیسلامى و ئەقڵى بیابان ئەکەن.
دووەم : فاشیزمى ئیسلامى بەهەموو ڕەنگ و باڵێکیان لەسەلەفى و ئیخوانى و کۆمەڵ و بزوتنەوە و مەلاکان... کەوتونەتە هەلەکە سەما و هەریەکەى بەئاوازێک ئەیەوێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و پایەکانى جەهل و دواکەوتوییى پتەوبکات لەسایەى دەسەڵاتێکدا کەهەموو ئامرازەکانى بێئەقڵکردن و لەخشتەبردنى خستۆتە خزمەتیانەوە و ئەوپەڕى ئازادیان هەیە لە ووتارى ژەهراوى و جنێو قسەى قێزەون لەنزمترین ئاستیدا، کۆڕ و کۆبونەوە، کلکایەتى بۆ ئەردۆغان بۆ ئیران سعودیە... بڕوانن ئیسلامیەک نیە ناوگەڵى نەکردبێت ئامرازى هێرشبردن , بڕواننە کۆمینتە بۆگەنەکانیان. ئەم فاشیزمە ئەیەوێت سەلاحەدین پیرۆز بکات و هێرش بۆ سەرى بە هێرش بۆ سەر ئاینى ئیسلام ئەنەخشێنێت، لەلایەکیترەوە ئەم هەلەى قۆستۆتەوە و لەم ڕێگەیەوە ئەیەوێت و بوغز و کینە و ڕقى لە شیعەگەرای هەڵبڕێژێت.
 وەزیرى ئەوقاف داوا لەسەرۆکایەتى داواکارى گشتى ئەکات کە سکاڵا لەسەر لوقمانى حاجى کەریم بجوڵێنێت بە پاساوى ئەوەى کە (هێرشى کردۆتە سەر کەسایەتى دیارى کوردى موسڵمان بەناوى سەلاحەدینى ئەیوبى کە ئەوەش پێچەوانەى چەمکى پێکەوە ژیانە)، سەیر ئەوەیە داواکارى گشتى بەدەنگ ئەم داوایەوە چووە بەبێ ئەوەى ڕەچاوى بنەماى یاسایی بکات، کابرا لەبەریتانیا وە قسە ئەکات خۆ ئەگەر تاوانێک بێت ئەوا یاساى ئەو وڵاتە لێپێچینەوەى لەگەڵدا ئەکرێت نەک لەکوردستان، یاساى سزاکان ئەو تاوانانە ئەگرێتەوە لەسەر خاکى عێراق ئەنجام ئەدرێن، ئەمەش درێژکراوەى هەوڵەکانى مەسرورە هەتا لێپێچینەوە لەکەسانێک بکرێت لەدەروەى وڵاتن لەڕێگەى ئاسایش و دادگاکانیەوە دەمکوتیان بکات وەکو لەکەیسى شیروان شیروانى هاوڕێکانیدا بینیمان. 
مەلا گەچێنەیی سەرۆکى لیژنەى ئەوقافی پەڕلەمانە تۆپیوەکەى کوردستان ئەڵێت نەورۆز نە جەژنەو نەپەیوەندى بەکوردەوە هەیە و ئەندامى سەرکردایەتى حیزبەکەى عەلى باپیر، دلێر گەرمیانیش ئەڵێت :نەورۆز جەژنى یەهودى و فیرعەون و فارسەکانە – وەک ئەوانە ئینسان نەبن -، جنێو سوکایەتى نەما بەپاپاى فتیکانى نەدەن کاتێک سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، ڕۆژانى هەینى کەم مینبەرى مزگەوت هەیە جنێو و سوکایەتى و بێڕیزى بەیەزیدی و مەسیحیەکان نەکەن. مەلایەکى ئەردۆغانى هەموو کورد ئەکات بەقوربانى پێلاوەکانى حەزرەتى عومەر، مەلایەک بەلایەک لەکورد ئەڵێت گەواد، مەلایەک ئەڵێت ئەوەى نوێژ نەکات (تارک الصلاة) سزاى کوشتنە، فتواى ئەنجومەنى باڵاى فتوا کەهەرکەس لەمزگەوت بە ڤایرۆسى کرۆنا بمرێت شەهیدە، لەمینبەرى مزگەوت بوە بە مینبەرى تەکفیرکردن،مەلایەک لەگەرمیانەوە داخى بێچەکى ئەخوات کەناتوانێت بچێت بەگژ فەرەنسادا.... ئایا ئەوانە هاوتەریبە لەگەڵ چەمکى پێکەوە ژیان کە وەزیرى ئەوقاف لە ئاست ئەو بێڕێزییانە بە هەست و ژیانى ملیۆنان کورد ئەکرێت کەڕو کاسە.
یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستانیش نمایشى خۆیکرد و - نازانم ئەم زاناییەیان لەکوێوە هێناوە - لەبەیاننامەکەیاندا ئەڵێن : ناکرێت سوکایەتى بە پیرۆزییە ئاینى و نەتەوەییەکان بکرێت و مێژوى پرشنگدارى سەرکردەیەکى گەورەى وەک سەلاحەدینى ئەیوبى بخرێتە بەر نەشتەرى سوکایەتى و گاڵتە پێکردن.
ئومێد خۆشناو ئەڵێت : کاک مەسرور وەکو ئیمامى عومەر وایە لە حوکمداریدا، کۆیلەیەکى بنەماڵە ئەڵێت مەلا مستەفا پێغەمبەرى ئێمەیە، کۆیلەیەکیتر وێنەى مەسعودى داناوە و نوێژى بۆ ئەکات، شێخ جەعفەرى یەکێتیەکەى دو لەتە سەرۆک ئەڵێت قسەکانى مسعود وەکو قورئان پیرۆزە، کۆیلەیەکیتر هاوار ئەکات جامانەى سور لەقورئاندا باسکراوە.. بابەتە کە درێژە تەنها ئەو نمونە بچوکانەمان هێنایەوە، ئایا ئەوانە سوکایەتى نیە بەو ئاینەى کەئەوانە خۆیان کردووە بەجەندرمە و وەکیلى خوا، ئایا کەسیان هەتا ئێستا جورئەتى ئەوەیان هەبووە تەنها کۆمینتێکى لەسەر بنوسن یان بڵێن نەء ئەوە سوکایەتیە بە ئایین، ئەبێت ئەم زانایەتییەیان بۆکەى هەڵگرتبێت، یان هەمویان بەجۆرێک لەجۆرەکان موچە خۆر و کاسەلێس و بەرماوەخۆرى سفرەى فڕێدراوى دەسەڵات بەدەستانن.
 هەندێک یەخەى خۆیان بۆ کورد بونى سەلاحەدین دادڕییوە، بەڵام هەتا ئێستا کتێبێکى موعتەبەر یان لێکۆڵینەوەیەکى بەپێزمان بەکوردى لەسەر ئەم سەلاحەدینە نەبینیوە، ئەوانەى هەیە دەماو دەمە یان لەسەرچاوە عەرەبیەکانەوە وەرگیراوە و ڕۆنەچونەتە ناخى بابەتەکە و بەڕوکارانە لێیدواون. سەلاحەدین کوڕى نجم الدین شادى کەس ناوى پشتەکانى ترى نازانێت، ئەو باسى کورد بونى خۆشى نەکردووە، کوڕەکانى بنچەى خۆیان بۆسەر عەرەب گێڕاوەتەوە، بەهەموو تەمەنى حوکمڕانى یەک دێر نوسینى کوردى نەبووە، سەد بریا وەکو تورکەکان لەژێر بەیداخى ئیسلامدا قەوارەیەکى دروستبکردایە یان چۆن فارسەکان سودیان لە ئەو ئایینە وەرگرتووە.
ئەگەر نورەدین مەحمودى فەرمانڕەواى شام کەمامى سەلاحەدینە نەبوایە، قەت سەڵاحەدین حوکمدارى نەئەیبنى، 
دەوڵەتى فاتمیەکان کەشیعە بون نزیکەى ٢٥٠ ساڵ حوکمى وڵاتى میسریان کردووە، دوا خەلیفەیان کە ناوى (عاضد)  بووە سەلاحەدین جۆرێک لە دەستدرێژى و خیانەتى لێکردووە و بەمردنى گۆرەپانەکەى بۆ چۆڵبوو و کۆتایى بەو دەوڵەتە هێنا بەشێوەیەکى زۆر دڕندانە , نێر و مێى جیاکردنەوە و نەیدەهێشت تێکەڵبن و نەوە بخەنەوە بەو هۆیە وەچەى فاتمیەکانى لەڕیشەوە دەرهێنرا، وڵاتى میسرى کرد بەبەشێک لە دەوڵەتى عەباسى , خەلیفى عەباسیەکان  (المستضىء بامر اللە) ئاڵاى ڕەشى عەباسیەکانى بۆ نارد , سەلاحەدین کتێبخانەى کۆشکى گەورە (قصر الکبیر) لە قاهیرە کەیەکێک بووە لەکتێبخانە گەورە و گرنگەکانى جیهان لەناوبردووە، (١٨) هەژدە لە هەرەمەکانى میسرى تێکداوە بۆ دروستکردنى قەڵا، سەلاحەدین کێشەى دەسەڵاتى هەبووە بەوە مامى نیگەران بووە، باوکى ئامۆژگارى ئەکات کە نیازى ئاشکرا نەکات و پییدەڵێت بە شێوەیەکى ئاشکرا و لەناو ڕەعیەتدا هەتا قسەکان بەمامى سەڵاحەدین بگاتەوە کە ئەڵێت : ئێمە موڵکى ئەوین و بەندەى ئەوین چیمان پێدەکات بابیکات. دواتر ئامۆژگارى سەلاحەدین ئەکات کە نامە بۆمامى بنوسێت و پێیبڵێت : پەتێک بکرە ملم و وەرە بمبە.
بەرەنگارى سەلاحەین بۆ هێرشى مەسیحیەکان (خاچهەڵگران) دورە لە ڕاستیەوە بەڵکو سەلاحەدین مانەوەى مەسیحیەکانى لە قودس و ئەقسا پێباشبووە هەتا ببێت لەمپەرێک لەنێوان خۆى و مامیدا، لاپەرە ٣٣ لە کتێبى (الایوبیون والممالیک في مصر والشام - دکتور سعید عبدالفتاح عاشور) ئەوە ڕەئى ئین ئەسیرى مێژوو نوسیشە، ئەوەى قودسى لەچنگ خاچهەڵگران سەندەوە ئەمیر مەنسور سەیفەدین قەلاوون بوو.
 سەلاحەدین سامانى میسرى بردووە و تەسلیمى مەمالیکى کردووە، سەلاحەدین ١٧ حە ڤدە کوڕى هەبووە و وڵاتەکەى بەسەر کوڕ و مامەکانیدا دابەشکردووە و لەو شەڕانەى ڕویداوە نزیکەى (٥٠٠٠٠٠) پێنج سەد هەزار کەس کوژراوە. 
لە کۆتاییدا :
مادام سەلاحەدین کێشەى کوڕ و دەسەڵاتى هەبووە ئیشى بەقەرەقوش ڕۆیشتووە منیش ئەڵێم سەرۆکێکى کوردە. 
• وشەى خاچپەرست لە نوسینى کوردیدا بەکارئەهێنرێت، ئەوە ڕاست نیە چونکە مەسیحیەکان (یەسوعیەکان) خاچناپەرستن، ڕاستترە بڵێین خاچهەڵگران (صلیبیین)، بەهیوام ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە.