نە تفی لێبکەن، نە بە شان و باڵیشیدا هەڵبدەن

Saturday, 27/03/2021, 17:00

4909 بینراوە


ناپۆلیۆن هەمیشە هێزو خەونو ئاواتی لای تاکی فەرەنسی هروژاندوە. بەلام سەلاحەدین بە پێچەوانەوە؛ بۆتە چەمکێکی ئاڵۆز لە ناخی تاکی کوردا. بونو نەبونی سەلاحەدین هیچی لەدۆزی کورد نەدەگۆڕی.
ئەم ساڵ،؛ مانگی پێنج، یادی دوسەد ساڵەی ناپۆلیۆنە، چەندەها کتێبو دیبەیت لەسەر ناپۆلیۆن ئامادەکراون. فەرەنسای ماکرۆن گرنگی زۆر بەم بۆنەیە ئەدات. پێش چەند مانگێکیش کتێبێک دەرچو، تیاید مکرۆن بە بۆناپارتیست دەچوێنێت. گرنگیدانی ماکرۆن بە ناپۆلیۆنو خۆچواندنی بەو، یەکدەگرنەوە لەم سەردەمەدا لەگەڵ ویستی ماکرۆن بۆ بەهێزکردنی پێگەی فەرەنسا لە ئەوروپا و لە جیهاندا. بەڵام گرنگیدان بە سەلاحەدین لەم سەردەمەدا خزمەت بەکوردان ناکات، بەمەبستی بەلادابردنی هەستی ناسیۆلنالیستی کوردانە.
لە دوای شۆڕشی فەرەنسا، ئنگلتەرا شەڕی بە فەرەنسا دەفرۆشت. ناپۆلیۆن لەوەوبەر بەچەند سەرکەوتنێک سەرنجی ژەنەرالەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابو، بۆیە ساڵی 1798 کاتێک ناپۆلیۆن  تەمەنی بیستونۆساڵ دەبێت ، داوای لێدەکرێت لە ئنگلتەرا بدات.  ناپۆلیۆن بڕیارئەدات لە بەرژەوەندیەکانی ئنگلتەرا بدات. ئەویش بەڕێگریکردن لە ڕێگای بازرگانی ئنگلیز، بەو نیازەی بتوانێت میسر داگیربکاتو ڕێگایەکی کورتر بدۆزێتەوە بۆ بازرگانی بە هەڵکەندنی کەناڵێک لەنێوان دەریای سپی ناوەڕستو ڕوباری نیل. بە خۆییو جەیشێکەوە کە پێکهاتبو لە ؛ چوارهەزار ئەسکەر، دە هەزار سەربازی دەریا، دوسەد زانا، چوار سەد پاپۆڕ. ناپۆلیۆن دەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەبەر. جگە لە دوکەس نەبێت لەتەکیا، کەس نیازو ئاراستەی ناپۆلیۆنی نەدەزانی، ئەوەبو میسری داگیرکرد.
لە هێرشێکیدا بەرەو سوریا، نزیکەی 30 هەزار ئەسکەری ئیسلامی بەدیلدەگرێت، ناپۆلیۆن بڕیار ئەدات هەر سی هەزارەکە بکوژرێن. راستی دەکرد، ئەگەر مەرەخەسی بکردنایە ڕوبەروی خۆی دەبونەوە لە شەڕێکی تردا. ناپۆلیۆن لە بڕیارداندا ڕەحمو بەزەیی نەدەزانی چیە،  وەک هەمو سەرکردەکان. 
 کاتێکیش ناپۆلیۆن کتێبەکەی مارکی دوساد دەخوێنێتەوە، (مارکی دوساد کە کەسی نەکوشتبو لەژیانیاد)، فرێی ئەداتە ناو ئاگردانەکەیەوە و دەڵێت : ئەم کابرایە شێت نیە، بەڵام ئەیەوێت شێتمان بکات، بۆیە دەبێت مەرەکەبو کاغەزی پێنەدرێت لە بەندیخانە، هەتاوەکو نەتوانیت بنوسێت. بەڵام ئەوەبو نەتوانرا داخوازیەکانی ناپۆلیۆن جێبەجێبکرێن، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەوهەمو توانایەیدا هێشتا سنورێک هەبو کە نەیدەتوانی لێی لابدات؛ دوای شۆڕشی فەرەنسی و مافی مرۆڤ، سەردەمەکەی ڕێگەی پێ نەئەدا. 
کەسێک ئاوا باسی ناپۆلیۆن دەکات لە سەردەمی ناپۆلیۆن خۆیدا :
( من هەمیشە سروشتێکی خۆویستم لەناپۆلۆیۆندا بینوە کە دەڕواتە دەروەی خۆشەویستی بۆ گەلەکەی، وەهام باوەڕە ناپۆلیۆن لە حوکمڕانیەکی ئازادا، کەسێکی دژواری لێدەردەچو،  دەبوە کەسێکی دیکتاتۆر، بۆیە بەخێرگەڕایەوە کە بوە پاشا ).
سروشت، ئەوەت پێئەدات کە داوای دەکەیتو پێداگری تێدا دەکەیت، بەڵام دەبێت داواکانت لەگەڵ کاتو سەردەمدابنو بکەونە کاتێکی گونجاو. ئەم کەسایەتیانەی وەک سەلاحەدینو ناپۆلیۆن، پێش ئەوەی خۆشەویستیان بۆ گەلەکەیان هەبێت، ئەوان کەسانێکی خۆویستن، ئامانجێکی دیاریکراویان هەیەو دەیانەوێت بگەنە سەروی کۆمەڵگەوە، ویستێکی باڵایان تێدا چێنراوە. بۆئەمەش بە ئەنستات خەونی کۆمەڵگە دەهێننە دی، بۆیە دەتوانن ببەنە حوکمڕانو ببنە شوانی ئەوان. ئەم چاونەترسی و بێویژدانیەیە ئەو کەسایەتیانە دەکەن بە سەرۆک، لەبەر ئەوەی ئەوان ڕەحموبەزەیی نازانن چیە، لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەمو بەربەستێکی مۆراڵ دەشکێننو نالەزن لەبەردەم بڕیارداندا. ئەوان وەک ئێمەی مرۆڤی ئاسایی نازانن ویژدان چیە، بۆیە دەبنە جێی سەسورمانو بەچاوێکی بەرزەوە سەیریان دەکەین.
سەلاحەدینو ناپۆلیۆن یەک کەسایەتین لە دوبەرگو لە دو سەردەمی جیاوازدا. هەردوکیان ویستو خەونی سەردەمەکەیانن. جیاوازی سەلاحەدینو ناپۆلیۆن ئەوەیە کە ناپۆلیۆن بەرژەوەندیەکانی فەرەنسای پاراستوە و بۆ ئەو تیکۆشاوە، لەبەر ئەوەی فەرەنسا لەو سەردەمەدا ئەو پێویستیەو ئەو داوایەی هەبوە، ناپۆلیۆنیش بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو، دەیتوانی بەخەونی خۆی بگات. بۆیە ناپۆلیۆن دەتوانێت ئەمڕۆ ببێتە مۆدێل بۆ فەرەنسیەکانو شانازی پێوەبکەن، هەربۆیەش کاتێک نەجات بەلکاسم؛ وەزیری پەروەردە، لە پرۆگرامی خوێندنی کۆلێژدا، بەشی ناپۆلیۆنی کەمکردەوە، بو  بە هەڵا لە فەرەنسا. لەبەر ئەوەی یادکردنەوەی ناپۆلیۆنو باسکردنی دەبێتە چاندنی هێز لەناخی گەنجی فەرەسیدا، دەبێتە مۆدێلو خەون.  بەڵام بە پیچەوانەوە؛ سەلاحەدین نابێتە مۆدێل بۆکورد لەم سەردەمەدا، تاکی کورد دەخاتە گومانەوە، لەبەرئەوەی خزمەتی بە کوردو کوردوستان نەکردوە، سەردەمەکەی سەلاحەدین وەهای ویستوە و ویستی کۆمەڵگەش لەسلاحەدیندا خڕبۆبوەوە.
سەلاحەدین لەشەڕێکدا، دبینێت ئەسکەرێک فیراردەکات، داوادەکات ئەسەکەرەکەی تەنیشتی بۆ بهێنن، پاشان حوکمی ئەدا بە دوکەرتکردنی. هەرچەندە کەسانی دەوروبەری داوای لێدەکەن کە حوکمەکە کەمتر بکاتەوە بەلام سەلاحەدین دەڵێت:  ئەوکەسەی فیراردەکات، ئەسکەرەکەی تەنیشتی بە سەربڕین یان بە دوکەرتکردن حوکم ئەدرێت. هەرلەویادا ئەسەکەرەکە بە شمشێر دەکەن بەدولەتەوە. خۆ ئەگەر سەلاحەدین فەیلەسوفێکی وەک سورەوەردی کوشتوە، لەبەر ئەوەی کە سەردەمەکەی ئەوەی ویستوە.  بەڵام سەلاحەدین دوای داگیرکردنی شارێکی مەسیحی، دیلەکان ناکوژێتو ڕێگایان پێئەدات شارەکە بەجێ بهێڵن بە خۆیانو کەلوپەلەکانیانەوە، بۆ ئەو  سەردەمە بڕیارێکی شاز بوە، یان دکتۆری خۆی دەنێرێت بۆ چارەسەری دوژمنەکەی، کاتێکیش قودس داگیر دەکات، بۆ مەسیحی و جولەکە وەک بۆ ئیسلام، پەرستگایان پێئەدات . ئەمانە هەمویان هەلسوکەوتی ستراتیژین کە سەلاحەدینیان ناودارکرد، نەک ڕەحمو بەزەیی و بەخشندەیی.
خۆ ناڵێم هەمو ئەو کارانەی سەلاحەدین کردی نەدەبوا بەجۆرێکی تر بونایە؛  بۆ نمونە سورەوەردی نەکوشتایە، یان بەکوردی حوکمی بکردایە، ئەوسا بێشک مێژو وەک ئەو سەلاحەدینەی کە ئەمڕۆ دەیناسین باسی لێوە نەدەکرد. پێدەچێت ناوەکەی ؛ سەلاحەدین، بڕیاردەربوبێت. وەک وتراوە مانای ناو و مۆسیقای ناوی کەسێک کاریگەری لەسەر کەسایەتیەکە خۆی هەیە، ئەگەر ئەوروپیەکان بە؛ (سەلادا) گۆی دەکەن، ئەوا لەسەر زار ئاسانترە بۆ ئەوان، وەک کورد دەڵێت ؛ دوعابکە دوژمنەکەت ژیربێت، چونکە لەگەڵ کەسانی ژیردا دەتوانیت گفتوگۆبکەیت. بەڵام ئێمەی کورد ناڵێین؛ سەلادا، دەڵێین ؛ سەلاحەدین،  لەکاتی گۆکردنیدا، پیتی ( ح) تۆزێک گرفت دەنێتەوە. بەجۆرێک کە دەمانەوێت خۆمانی لێ بشارینەوە، بەڵام وەک ئاپۆ دەڵێت ئەوە ڕاستیەکەو خۆشاردنەوە لێی نامەردیە. ئەوە ئەو مێژوە ئاڵۆزەی کورد دەستنیشاندەکات  لەناوچەکەدا. بەهەمان شیوە بۆ ئیسلامو عارەبیش بۆتە گرێکوێرە؛ ئەگەر ئیسلامو عارەب گرنگی پێ ئەدەن بەمەبەستی وەبیرهێنانەوەی هەستی ئیسلامیە لای تاکی کوردو دورخستنەوەیانە لە هەستی ناسیۆنالیستی، بەڵام لەهەمان کاتا کوردبوە و ناودارکردنی هەردەبێتە تەنگژی بۆ ئەوان، بەتایبەتی هەردەم باسی ئەوەدەکرێت کە گەلانی تورکو فارس لەسەر ئاینی ئیسلام توانیویانە ئیمپراتۆریەتێک دامەزرێنن، بەلام کورد نەیتوانی بەدەستەمۆکردنی ئیسلام ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ خۆی.  خۆ ئەگەر سەلەحەدین ناوی شێرکۆ بوایە وەک مامی، ئەوا بۆ ئێمەی کورد بە قازانج نەدەشکایەوە.
کاری سەرەکی مێژونوسان رونکردنەوەی کەسایەتی سەلاحەدینە، بۆچی نەیتوانیوە وەک کوردێک حوکمڕانی بکات لەو سەردەمەدا، هەتاوەکو بتوانن لە کەسایەتی سەلاحەدیندا مۆدێلی کەسایەتیەک بدۆزنەوە کەبتوانن خۆیانی پێ بچوێنن.لەبەر ئەوەی ئەگەر سەلاحەدین ئەو سەلاحەدینەی لێدەرچو، شارەزای مێژو و گوێبیستی ڕوداوەکانی سەردەمەکەی بوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە