ئه‌مه‌تان له‌ چی و ئه‌وه‌تان له‌چى!؟

Saturday, 03.27.2021, 18:41

890 بینراوە


له‌م ڕۆژانه‌دا فراكسیۆنى سه‌وز له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان ناڕه‌زایه‌تى ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ت و به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن: وێڕاى ئه‌وه‌ى به‌ نێگه‌رانییه‌وه‌  ده‌ڕوانینه‌ به‌رده‌وام بون به‌ لێبڕینى موچه‌وه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا  هۆشدارى ده‌ده‌ینه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ له‌به‌ر چاوگرتنى زۆر بونى داهاته‌ ناوخۆییه‌كان ، چیتر موچه‌ى مۆچه‌ خۆران به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش نه‌كه‌ن . له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى خۆشى به‌شداره‌ له‌ حكومه‌تدا.
له‌ ڕاستێدا ئه‌مه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت له‌ سه‌رى بنوسرێت . به‌ڵام من هه‌وڵ ده‌ده‌م  زۆر به‌ كورتى  ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك  له‌ سه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ى فراكسیۆنى سه‌وز بده‌م و بزانم چى له‌ پشتى ئه‌م لێدوانه‌وه‌یه‌. ئایا ئه‌م لێدوانه‌یان به‌ڕاسته‌و له‌ خه‌مى هاولاِتیاندان ، یان بۆ موزایه‌ده‌ى سییه‌ ؟!. ئه‌گه‌ر فراكسیۆنى سه‌وز دڵنیابن له‌وه‌ى داهاتى هه‌رێم به‌ زیاده‌وه‌ به‌شى موچه‌ ده‌كات به‌بێ لێبڕین دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ، یكه‌م : ماناى ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى ئاگاى له‌ داهاتى هه‌رێم نییه‌ به‌ تایبه‌تى داهاتى نه‌وت. ئه‌گه‌رى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتى ئاگادارى داهاتى نه‌وت نییه‌و پارتى چۆنى بوێت به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات، گومانى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سه‌رانى یه‌كێتى پشكى خۆیان هه‌یه‌ له‌ داهاتى نه‌وت له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و به‌و هۆیه‌وه‌ بێده‌نگن و هیچ قسه‌یه‌ك ناكه‌ن.
ئه‌گه‌ر وانییه‌ و دڵنیان له‌وه‌ى كه‌ داهاتى نه‌وت به‌شى موچه‌ ده‌كات بێ لێبڕین ، بۆچى له‌ حكومه‌ت ناكشێنه‌وه‌و خۆتان به‌ دوور ناگرن له‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ ؟. زۆر جار قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت گوایه‌ پارتى هه‌مووداهاتى گومرگ ڕاده‌ستى حكومه‌ت ناكات وچه‌ندین خاڵى گومرگى هه‌ن كه‌ هیچ داهاتێكیان بۆ حكومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه‌ . پرسیارى گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئه‌ى یه‌كێتى هه‌موو داهاتى گومرگى سنوورى خۆى ڕاده‌ستى حكومه‌ت ده‌كات؟. وه‌ڵامه‌كه‌ى نه‌خه‌یر . هه‌مومان ئاگادارین له‌ ماوه‌ى ڕابوردودا ده‌یان ڕاپۆرتى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان له‌سه‌ر قاچاخچییه‌تى سه‌رانى یه‌كێتى له‌ خاڵه‌ سنووریه‌كان بڵاو كرایه‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵكیش گیران و تا ئێستاش ئه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ . باشه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى رأِست ده‌كات و له‌ خه‌مى خه‌ڵكدایه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وداهاتانه‌ى به‌ قاچاخ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ،ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستى حكومه‌تیشى ناكه‌ن ، با له‌ چاككردنى ڕێگاو باندا خه‌رجى بكه‌ن . هه‌مومان ده‌زانین ڕێگاى سلێمانى كه‌لار و سلێمانى مه‌رزى په‌روێز خان بۆنه‌ ڕێگاى مه‌رگ و ڕۆژانه‌ ڕوداوى دڵته‌زێن ڕوده‌ده‌ن.
له‌ كاتێكدا كه‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى نیگه‌رانى خۆیان ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى داهاتى هه‌رێم زۆره‌و تا ئێستا به‌ ڵێبڕینه‌وه‌ موچه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن ، به‌ڵام كاتێك له‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز خه‌ڵك خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و دێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان، یه‌كێتى به‌زه‌برى هێز بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن و له‌ ماوه‌ى پێشودا له‌ ئه‌نجامى خۆپیشاندانه‌كان چه‌ندین كه‌سیان شه‌هێدو بریندار كرد له‌ چه‌مچه‌ماڵ و سه‌یدسادق . باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دڵنیان له‌وه‌ى داهاتى هه‌رێم به‌شى موچه‌ ده‌كات به‌ بێ لێبڕین ، بۆچى كه‌ خه‌ڵك خۆپیشاندان ده‌كه‌ن ، ئێوه‌ به‌زه‌برى هێز ڕوبه‌ڕویان ده‌بنه‌وه‌ ؟. ئه‌ى حه‌ق وانییه‌ ئێوه‌ش بچنه‌ پاڵ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نێگه‌رانیه‌كانتان به‌ ڕاستییه‌و بۆ موزایه‌ده‌ى سیاسى نییه‌ ؟. 
كه‌واته‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌تان به‌ زه‌برى هێزو ته‌قه‌كردن و شه‌هێد كردنى هاوڵاتیان ، ئه‌وه‌ پشتیوانى كردنه‌ له‌ پارتى . ماناى وایه‌ ئێوه‌ خۆشتان ڕازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش بكرێت و تا ئێستا یه‌كێتى لایه‌نێكى سه‌ره‌كى حكومه‌ته‌ دواى پارتى . هه‌مومان هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سنوورى پارتى له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ له‌ سنوورى یه‌كێتى پێشكه‌وتو تره‌ . له‌ ڕوى ڕێگاو بان و شه‌قامى فراوان به‌تایبه‌تى ناو شارى هه‌ولێر . باشه‌ له‌ خۆتان ناپرسن بۆچى ئه‌م جیاوازیه‌ هه‌یه‌و بۆچى ڕازى ده‌بن و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتتان نییه‌ ، بۆچى حه‌یاى خۆتان ده‌به‌ن و له‌ حكومه‌ت ناكشێنه‌وه‌ ؟.
زۆر په‌ندى كوردى هه‌یه‌ كه‌ ده‌گونجێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵس و كه‌وته‌كانى یه‌كێتى یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ . وه‌كو ده‌ڵێن : فڵانه‌ كه‌س له‌ ناڵیش ده‌دات و له‌ بزماریش . یان به‌ كه‌ر ناوێرێـت و به‌ كورتان ڕمه‌ ڕم . له‌گه‌ڵ گورگ گۆشت ده‌خوات و له‌گه‌َل مه‌ڕیش شیوه‌ن ده‌كات .  ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵێم: ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌ت نیگه‌رانن كه‌ موچه‌ به‌ ڵێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كات و ئێوه‌ش نیگه‌رانن له‌وه‌و فرمێسكى تیمساحى بۆ خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێرن ، ئه‌وه‌ بانێك نییه‌و دوو هه‌وا ؟.
 ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ لایه‌ك به‌شدارى حكومه‌تن و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن ؟. ئایا ئه‌مه‌ موزایه‌ده‌و فریودانى خه‌ڵك نییه‌؟. كه‌واته‌ ئه‌مه‌تان له‌ چى و ئه‌وه‌تان له‌چى ؟. ئه‌وه‌ باش بزانن هه‌موو هاولاِتیان له‌ دوو فاقى سیاسه‌تى حیزبه‌كان گه‌یشتون و باش ده‌زانن هه‌موتان خه‌ریكى موزایه‌ده‌ى سیاسى و خه‌ڵه‌تاندنى هاولاِتیانن له‌ پێناوى تاڵانكردنى سامانى نیشتماندا . ئێوه‌ وه‌كو فراكسیۆنى سه‌وز له‌ناو ته‌لارى په‌ڕله‌ماندا په‌لامارى شیرین ئه‌مین ، په‌ڕله‌مانتارى گۆڕان ده‌ده‌ن و سوكایه‌تى پێده‌كه‌ن . له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ كارێكى زۆر ناشیرین و نه‌شیاوه‌ و ئه‌و ئافره‌ته‌ ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانه‌ پارێزبه‌ندى هه‌یه‌ هه‌یه‌ ، نوێنه‌رى خه‌ڵكه‌ ئازاده‌ چۆن قسه‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ر قسه‌كانیتان به‌دڵ نییه‌ ، وه‌ڵامى بده‌نه‌وه‌ ، نه‌ك په‌لامارى بده‌ن ، خۆته‌لارى په‌ڕله‌مان گۆڕه‌پانى شه‌ق وه‌شاندن نییه‌ .
ئه‌و نه‌ بوختانى به‌ كه‌س كردوه‌ ، نه‌ قسه‌ى درۆى كردوه‌ . باسى تاریق ڕه‌مه‌زان ده‌كات ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ى به‌شدارى كردوه‌ له‌ كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و 5 هه‌زار كه‌س شه‌هید كراون . هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان زۆر باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م فڕۆكه‌وانه‌ به‌ فه‌رمانى مامجه‌لال بۆڕازیكردنى دڵى عه‌ره‌بى سوننه‌ ئازاد كراوه‌ و موعه‌زه‌زو موكه‌ڕه‌م به‌ ته‌یاره‌ ڕه‌وانه‌ى به‌ریتانیا كراو مامۆستا سه‌یفه‌دین كه‌ ئه‌وكات به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایش بوو ، بوو به‌ قوربانى و له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور خرایه‌وه‌ گوایه‌ تاریق ڕه‌مه‌زان له‌ به‌ندیخانه‌ ڕاىیكردوه‌ . تاریق ڕه‌مه‌زان خۆشى به‌ ئاشكرا له‌ وه‌ڵامى ئه‌وانه‌ى وتویانه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ ڕایكردوه‌ ، وتویه‌تى من ڕامنه‌كردوه‌و ئازاد كراوم.
ئێستا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت ئه‌م راستییه‌ له‌ خه‌ڵك بشارنه‌وه‌و ئه‌وه‌ى ڕاستى بڵێت ، په‌لامارى بده‌ن چونكه‌ ڕه‌مزێكى وه‌كو مامجه‌لالیان له‌كه‌دار كردوه‌ . خۆزگه‌ مامجه‌لال ئه‌وه‌ى نه‌كردبایه‌ ، به‌ڵام تازه‌ كه‌س ناتونێت ئه‌و ڕاستییه‌ بشارێته‌وه‌و بۆته‌ مێژوو . له‌ ڕاستیدا  ناشكرێت ئه‌وه‌ وه‌كو ڕه‌خنه‌یه‌كى ساده‌و ساكار له‌مامجه‌لال بگیرێت ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بابى تاوانه‌وه‌ . 
 كه‌سێك خۆى به‌ سه‌رۆكى میلله‌ت بزانێت و چه‌ندین ساڵه‌ خه‌بات بكات له‌ پێناوى میلله‌ته‌كه‌یداو ئێستا بچێت تاوانبارێكى وه‌كو تاریق ره‌ه‌مه‌زان له‌ سجن ئازاد بكات ، كه‌ به‌شداریكردوه‌ له‌ كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و 5 هه‌زار كه‌سى تێدا شه‌هید بوه‌ بۆ ڕازیكردنى عه‌ره‌بى سوننه‌ى داخ له‌ دڵ به‌رامبه‌ر به‌ كورد . له‌ ئێوه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مان ده‌پرسم ، ئه‌مه‌ چ حیكمه‌تێكى تێدایه‌ ؟.
 ئه‌ى باشه‌ حیكمه‌تى ئه‌وه‌ له‌ چیدا بو كه‌ ئه‌و كاته‌ى به‌ڕێزیان سه‌رۆكى كۆمار بوو ، سه‌ردانى كه‌ركوكى كرد و بڕیاریدا هه‌موو پۆسته‌ ئیداریه‌كانى كه‌ركوك وه‌كو یه‌ك به‌سه‌ر كورد و عه‌ره‌ب و توركماندا دابه‌ش بكه‌ن ؟. باشه‌ ئه‌وه‌ كه‌م كردنه‌وه‌ى ڕۆڵى كورد نه‌بوو له‌ كه‌ركوك ؟. كه‌واته‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى كورد ڕه‌مزێكى موقه‌ده‌س نییه‌و مه‌عسومیش نییه‌ له‌ گوناه و هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتى .
 ئایا به‌ بۆچونى ئێوه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مان له‌ فراكسیۆنى سه‌وز كه‌ به‌ناو نوێنه‌رى میلله‌تن و له‌ ڕاستیدا وه‌كو كۆیله‌و به‌كرێگیراوى حیزب ڕه‌فتار ده‌كه‌ن ، ئه‌و په‌لاماردان و ڕه‌فتاره‌ نه‌شیاوه‌تان به‌ ڕاست ده‌زانن ؟.  له‌ ئه‌نجامدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ى بڵێین : یه‌كێتى له‌گه‌ڵ گورگ گۆشت ده‌خوات و له‌گه‌ڵ مه‌ڕیش شیوه‌ن ده‌كات . له‌ كه‌ركوك ده‌بیته‌ پشتیوانى عه‌ره‌ب و تاوانبارێكى وه‌كو تاریق ڕه‌مه‌زان ئازاد ده‌كه‌ى بۆ ڕازیكردنى دوژمنانى كورد. 
ده‌چیته‌ هه‌ڵه‌به‌جه‌و ده‌كه‌ویته‌ هه‌ڵڕشتنى فرمێسكى تیمساحى درۆینه‌ بۆ خه‌ڵكى ئه‌وێ . ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ش هوشیاربونایه‌ ده‌بوو له‌وكاته‌وه‌ كه‌ تاریق ڕه‌مه‌زان ئازداد كراوه‌ ، خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕێگایان به‌ یه‌كێتى نه‌دایا به‌شدارى مه‌ڕاسیمى ساڵ یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن . به‌ڕاستى سه‌رم سوڕماوه‌ به‌ چ ڕویه‌كه‌وه‌ ده‌چن به‌شدارى له‌ ساڵ یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن؟.
حكومه‌تى ئیسڕائیل ده‌چێت تاوانبارانى هۆڵۆكۆست له‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاى جنوبییه‌وه‌ ده‌فڕێنن و ده‌هێننه‌وه‌ بۆئیسڕائیل و دادگایی ده‌كه‌ن و له‌ سێداره‌ى ده‌ده‌ن ، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى كورد به‌ده‌ستى خۆیان تاوانباران ئازاد ده‌كه‌ن و كۆیله‌كانیشیان به‌لامارى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ باسى ڕاستییه‌كان ده‌كه‌ن . دیاره‌ ئێوه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مان خه‌ڵك به‌ گێل ده‌زانن و ده‌تانه‌وێت به‌ خه‌ڵكى بسه‌لمێنن كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت به‌رى ڕۆژ به‌بێژنگ بگرێت . به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئێوه‌ خۆتان گێلن و زۆرله‌ مێژه‌ خه‌ڵك ده‌زانن كه‌ هه‌رگیز به‌رى رۆِژ به‌ بێژنگ ناگیرێت.
 له‌ هه‌موى خراپر ڕۆڵى خراپى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان بوو . ئه‌و نه‌یتوانى وه‌كو سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگى په‌ڕله‌ما بیلایه‌ن بێت . ئه‌و وه‌كو كۆیله‌یه‌كى حیزب هه‌ڵس و كه‌وتى كرد . ئه‌وده‌بوو پشتیوانى شیرین ئه‌مین بێت به‌ دوو هۆكار . یه‌كه‌م ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌و نوێنه‌رى خه‌ڵكه‌ . دووه‌م : ئه‌و قسه‌ى ڕاستى وتوه‌ و ئه‌وه‌ى ئه‌و وتویه‌تى هه‌موو كه‌س له‌ ڕاستییه‌كانى ئه‌و قسانه‌ دڵنیایه‌ . 
كه‌واته‌ به‌ چ حه‌قێك قسه‌كانى له‌ پڕۆتۆكۆل ده‌سڕنه‌وه‌و له‌ دانیشتنى په‌ڕله‌مانى ئه‌و ڕۆژه‌ بێبه‌شى ده‌كه‌ن و فه‌رمان به‌ پاسه‌وانه‌كانى په‌ڕله‌مان ده‌كه‌ن ، بیكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و ڕێگرى لێبه‌كه‌ن بێته‌ هۆڵى په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ؟. كه‌واته‌ په‌ِرله‌مانێك سه‌رۆكه‌كه‌یی و به‌شێكى زۆرى ئه‌ندام په‌ِرله‌مانه‌كانى كۆیله‌و به‌كرێگیراوى حیزب بن ، گومانى تێدا نابێت ده‌بێ چاوه‌ڕوانى ڕۆژانى خرابتریش له‌ ئێستا بكه‌ین . 
 بۆ ئاگادارى هه‌موو لایه‌كیش تا ئێستا چۆنیه‌تى  شه‌هید كرانى كاوه‌ گه‌رمیانى ، هاوژینى شیرین ئه‌مین ، له‌ دادگا ساغ نه‌بۆته‌وه‌و تا ئه‌م كاته‌ش یه‌كێتى تاوانباره‌ به‌ كوشتنى ناو براو . كه‌واته‌ شیرین ئه‌مین حه‌قى خۆیه‌تى هه‌رچى له‌ ژێر به‌ڕه‌ى یه‌كێتیدایه‌ بیخاته‌ سه‌ر به‌ڕه‌ . كه‌واته‌ یه‌كێتى و پارتى كه‌ دوو پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى و حكومه‌ت و دوو هێزى سه‌ره‌كى ئه‌م هه‌رێمه‌ن ، هه‌ردوكیان دوو ڕوى یه‌ك دراوى قه‌ڵبن و هیچى تر.