ئیسماعیلی جەزیری، ئەو داهێنەرە موسوڵمانەی کە هەندێک ناوی دەبەن بە "باوکی ئامێرە خودکاریەکان"

Friday, 03.26.2021, 1:55

840 بینراوە


ئیسماعیلی جەزیری، ئەو داهێنەرە موسوڵمانەی کە هەندێک ناوی دەبەن بە "باوکی ئامێرە خودکاریەکان"
 
لە پەمپەکانی ئاوەوە بۆ ئامێرە مۆسیقیە خۆبزوێنەکان، ئامێرە بێهاوتاکانی ئیسماعیلی جەزیری لە مەودایەکی کرداریەوە بۆ خۆشی و چێژوەرگرتن فراوان دەبوونەوە، کە جووتیاران و پاشاکانیشی دڵخۆش دەکرد بەهەمان شێوە.
فوارەی ئاو کە دەتوانرا بکرێتەوە و دابخرێت. شێوازێکی فیلەوانی هیندی کە بە نیو کاتژمێر لە سەری فیلەکەی دەدا. ئامێری خۆبزوێن لە شێوەی خزمەتکار کە دەیتوانی خاولی بە میوانەکان بدات.
ئەمانە تەنها بریتین لە هەندێک لە داهێنانەکانی ئەم داهێنەرە موسوڵمانەی سەدەی دوانزەیەم، ئیسماعیل جەزیری، کە بنچینەی ئەندازیاری، هایدرۆلیک، هەروەها تەنانەت ئامێری خودکاری (ڕۆبۆتیکی) سەردەمی داڕشت. لە کاتێکدا کە هەندێک لە داهێنانە هەمەڕەنگ و نەخشێنراوەکانی بۆ جوانکاری و چێژوەرگرتن دروستکراون بۆ ساماندارەکان، جزیری بەهەمان شێوە ئامێری کردەیی دروستکردووە بۆ هاوکاری خەڵکە ئاساییەکان، وەکو ئامێری ئاوهەڵکێش کە بۆ چەندین سەدە لەلایەن جووتیارانەوە بەکاردەهێنرا.

حەزی داهێنان

 
ئەبوعیز ئیسماعیلی کوڕی ڕەزازی جەزیری لە ساڵی ١١٣٦ لەدایکبووە لە دیاربەکر لەو شوێنەی کە ئەمڕۆ ناوەڕاستی باشوری تورکیایە. کوڕی پیشەسازێکی سادە، لە کاتی ئاژاوەیەکی ڕامیاریدا لەدایکبووە، لەئەنجامی زۆرانبازیەکی خۆجێی بۆ دەسەڵات و بەهەمان شێوەش کاریگەری خاچ پەرستەکان. جەزیری وەکو ئەندازیارێک لە خزمەتی سەرۆکە هەرێمیەکانی، ئارتۆقید، کاریکردووە. ئەم تیرەیە جارێک ئیمپڕاتۆریەتی خۆی بەناو سوریادا فراوان کردۆتەوە. هەرچەندە، لە ماوەی ژیانی جەزیریدا، دەسەڵاتی ئارتۆقید هاتە ژێر ڕکێفی تیرەی دەسەڵاتدارتری زەنگی، هەروەها دواتریش جێگرانی پاڵەوانی موسوڵمانان، سەڵاحەدینی ئەییووبی.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی خاچ پەرستەکان، هەروەها پەیوەندیە دژوارەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی موسوڵمان، ژیان بۆ ئەو ئەندازیارە بلیمەتە ئاشتیانە بەسەرچوو بەخزمەتکردنی چەند پاشایەکی ئارتۆقید، کە زیاتر لە سەد ئامێری ڕەسەنی بۆیان داهێناوە. بەپێچەوانەی داهێنەرە کرداریەکانی ئەو سەردەمە، کە تۆمارێکی کەمی کارەکانیان جێهێشتووە، جەزیری حەزی لە تۆمارکردنی کارەکانی و ڕوونکردنەوەیان بووە کە چۆن ئامێرە سەرسامکەرەکانی داهێناوە. 
لە ساڵی ١٢٠٦، بە کێشان لە بەرهەمێکی چارەگە سەدەیی مەزندا، جەزیری خشتەیەکی لە "ئامێرە بێهاوتاکانی" بە جیهان بەخشی، کە ئەمڕۆ بە "کتاب فی معرفة الحیال الهندسیة" ناسراوە. جەزیری نەخشەی وردی و وێنەی هەمەڕەنگی بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن پارچەکان یەکدەگرنەوە. چەند لەبەرگیراوەیەکی ناتەواو لە کارەکەی ماوەتەوە، یەکێکیان کە لە مۆزەخانەی “Topkapi Sarayi” هەڵگیراوە لە ئیستەنبوڵ، تورکیا، کە بۆ وردەکاریە هونەری و جوانیەکەی ڕێزی لێنراوە.
لە فوارە ئاوە تاوسیە بەناوبانگەکەی جەزیریدا، ئاو لە دەمی تاوسەکەوە دەردەچێت هەر کە عەمارە ئاوەکان ئەو پێکهاتانە سەرئاو دەخەن کە "خزمەتکارەکان" چالاک دەکات بۆ دابینکردن خاولی و سابوون.
 
وێنەیەکی لە فیلەوانی کاتژمێرە فیلیەکەی جەزیری، کە نیشانی دەدات چۆن دەستەکانی دەبێت ببەسترێن

دەستکەوتی زرنگی

پەرتووکەکەی جەزیری تەنها سەرچاوەی زانیاریە کە لەسەر ژیاننامەی ئەو بوونی هەبێت. نووسینەکانی وەکو "بدیع الزمان،" هەروەها "شیخ،" پیایهەڵدەدا، بەڵام بەهەمان شێوەش ئەو قەرزە دەخاتەڕوو کە بۆ "توێژەرە دێرینەکان و مرۆڤە ژیرەکان" هەیبووە.
داهێنانەکانی جەزیری سوودی لە چەندین سەدەی داهێنان و توێژینەوە بینیوە لە سەردەمانی پێشووتر، لە زانست و ژیری یۆنانی دێرین، هیند، فارس، چین و هەروەها کلتورانی تری وەرگرتووە. لە ماوەی فراوانبوونی خێرای ئیسلام لە سەدەی حەوتەم، سەرکردەکانی موسوڵمان حەزێکی قووڵیان هەبوو لە زانستی ئەو خاکەی داگیریان دەکرد. دەستنووس و پەرتووکەکانیان لە "بیت الحکمة (ماڵی ژیری)" کۆدەکردەوە. ئەم دامەزراوەیە وەکو پەرتووکخانەیەک و ئەکادیمیایەک گەشەیکرد لەژێر خەلیفەکانی عەباسی بەغداد لە سەدەکانی هەشتەم و نۆیەمدا. لەگەڵ ناوەندی تر، ڕۆڵێکی بنچینەیی گێڕاوە لە پێشکەوتنە زانسی و توێژینەوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لەماوەی سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا.
لەناو فەلسەفە، تەندروستی، ئەستێرەناسی، هەروەها گیانەوەرناسی، ئەندازیاری جووڵۆکی موسوڵمانەکان بە پلەیەکی بەرزی ناوازە گەیشت لەژێر دەستی چەندین نموونەی سەرسامکەرەوە، بە سیانەیەکەوە لە داهێنەرانی فارسی سەدەی نۆیەم، بەناوی براکانی "بنو موسی (نەوەی موسا)." بەرهەمی زۆریان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام جەزیری زیاتر بە داهێنانەکانیان لە "کتاب الحیل" کاریگەربووە، کە بەهەمان شێوە ناسراوە بە "پەرتووکی فێڵەکان." جەزیری بەهەمان شێوە بە داهێنەرانی نا-موسوڵمان کاریگەربووە وەکو ئەپۆڵۆنیۆسی پێرگا لە کۆتاکانی سەدەی سێیەم، کە بریتییە لە ئەندازەزانێکی بەتوانا جەزیری لە بەرهەمەکەیدا بایەخی پێداوە.

پێگە تازەکان 

خواستی جەزیری تەنها ئەوەنەبوو کە سپاردەی ئەو داهێنەرە مەزنانە فراوان بکات بەڵکو نایابیان بکات. لە پێشەکی پەرتووکە زانستیەکەیدا نووسیویەتی: "بۆم دەرکەوت کە هەندێک لە توێژەر و ژیر و دانا سەرەتاییەکان ئامێریان دروستکردووە و باسی ئەوەیان کردووە کە چیان دروستکردووە. بەتەواوەتی تێیان ڕانەماون نە شوێنی ڕێچکەی ڕاست کەوتوون بۆ هەموویان... بۆیە لەناو ڕاست و هەڵەدا ماونەتەوە."
ئامێرەکان لە پەرتووکەکەی جەزیری هەردوو کردەیی و بۆ چێژوەرگرتن بوون، لە کاتژمێرەکانەوە بۆ دەفری خۆبزوێن کە خواردنەوە دەگوازنەوە. ئامێری خوێنبەردان، فوارەی ئاو، خۆبزوێنی مۆسیقی؛ ئامێری ئاوهەڵکێش؛ هەروەها ئامێری بۆ هەژمارکردن داهێناوە.
یەکێک لە بەناوبانگترین داهێنانەکانی بریتییە لە کاتژمێرێکی گەورەی ئاوی کە فیلێک لەخۆدەگرێت، هەروەها فیلەوانەکەی لەگەڵ منارەیەکی پڕ لە بوونەوەر هەڵدەگرێت. کاتژمێری سادەی ئاوی لە میسری دێرین و بابل بەکارهاتبوون، بەڵام داهێنانە ئاڵۆزەکەی جەزیری بەڕوونی مەرامی ئەو بۆ نایابکردنیان دەردەخات.
ئەو بوونەوەرە جیاوازانەی هەموو نیو کاتژمێرێک دەردەکەون کلتورە جیاوازەکان نیشاندەدەن، وەکو ئەژدیها بۆ چین و فیل بۆ هیند. هەموو نیو کاتژمێرێک، ئامێرگەریە ناوەکیەکان چالاکدەبن: چۆلەکەکەی لوتکەی منارەکە دەخوێنێت، پیاوێک تۆپێک بەردەداتەوە بۆناو دەمی ئەژدیهاکە، هەروەها فیلەوانەکە بە سەری فیلەکە دەکێشێت.
 
دووبارە دروستکردنەوەی کاتژمێرە فیلیە بەئاو کاراکەی جەزیری دەتوانرێت لە چەندین شوێن بدۆزرێتەوە لە جیهان، بۆ نموونە لە مۆڵی Ibn Battuta لە دوبەی؛ پەیمانگای مێژووی زانستی عەرەبی ئیسلامی لە فڕانکفۆرت، ئەڵمانیا؛ هەروەها مۆزەخانەی هۆرۆلۆجی (زانستی پێوانی کات)، لە Le Locle، سویسڕا.

یەکەمین ڕۆبۆتی مێژوو؟

یەکێکی تر لە ئامێرە نامۆکانی جەزیری گرنگیەکی تایبەتی هەیە لای مێژووناسانی زانستی چونکە لەلایەن زۆرێکەوە بە یەکەمین "ڕۆبۆتی" بەرنامەداڕژاوی مێژوو دانراوە. زۆر هاوشێوەی سندووقێکی مۆسیقا، ئەم داهێنانە، کە بریتییە لە بەلەمێک بە چوار "ژەنیارەوە" – گیتارژەنێک، شمشاڵژەن، هەروەها دوو تەپڵ لێدەر – بۆ ئەوە نەخشەی بۆ دارێژراوە تاوەکو مۆسیقا بۆ چێژوەرگرتن بژەنێت. ئەو ئامێرگەریانەی کە تەپڵ لێدەرەکان پێکدەهێنن دەتوانرێت وا بەرنامەڕێژ بکرێن تا ترپەی جیاواز بژەنن.
بەهۆی بلیمەتیەکەیانەوە، ئەم ئامێرانە وەکو یاری بەکاردەهێنران لەلایەن دەوڵەمەندەکان. بە پۆشینی کڵاوی گەورەی پیاوی شاهانەییەوە، جەزیری لە پێویستی سەرسامکردنی پارێزەرە دەوڵەمەندەکانی گەیشتبوو، کە، لە بەرامبەردا، میوانە پایەبەرزەکانیان پێ سەرسام دەکرد بە تازەترین کاری بلیمەتە نیشتەجێیەکەیان. وەکو پیشەسازێک بە پێشینەیەکی سادەوە، بەهەمان شێوە لە پێویستیەکانی ئامێرە تایبەتیەکانی ڕۆژانە تێگەیشتبوو کە بارگرانی ڕەنجی هەموو ڕۆژێک سووک دەکەنەوە. پەرتووکەکە بەلایەنی کەمەوە پێنج ئامێر دەخاتەڕوو کە ئاوهەڵکێشان و ئاودێری ئاسان دەکەن، لە کێڵگە و هەروەها لە ماڵەوە. ئامێری تری مەزنی کرداری بەهەمان شێوە لە پەرتووکەکەیدا هەن: دەسکێک کە جووڵەی هێڵی دەگۆڕێت بۆ جووڵەی خولاوە؛ هەروەها چەند ڕێگایەک بۆ ئەندازەکاری تەواوی قفڵەکان و ئامێری تر، لەناو چەندین داهێنانی تر.
کارە ناوەکیەکانی ئامێرێکی ئاوهەڵکێش ئەو چەرخانە پیشان دەدات کە مانگایەکی زیندوو بەدەوری دەسکێکی ستوونیدا لێدەخوڕن، کە ئەو ئامێرگەریانەی ئاوەکە هەڵدەکێشن کارا دەکات.

سروشتی سادەی پەرتووکە زانستیەکەی بەهەمان شێوە لە زمانەکەیدا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا کە داهێنەرەکانی تر بەئەنقەست پەخشانی خۆیان بەشێوەیەک دادەڕشت لە زمانێکی لێڵدا تاوەکو بۆ هەڵبژاردەیەکی بچووکیان سنوورداری بکەن، جەزیری هەوڵیدەدا کە بۆ خوێنەرێکی گشتی ئەو سەردەمە بەکارهێنراو بێت بۆ ئەوەی کە هەندێک لە ئامێڕە کردەییەکانی ئەو دروست بکەن. بەهۆکاری ئەوەی کە جەزیری زۆر حەزی لە کردارەکانی دروستکردن بوو وەکو لە بیردۆز و هەژمارکردندا، هەندێک لە لێکۆڵەران تەنانەت پەرتووکەکەیان بە جۆرێک لە "نامیلکەی بەرکارهێنەر" باسکردووە.

ژیان و سپاردەی

جەزیری لە ساڵی ١٢٠٦ کۆچی دوایی کرد، ئەو ساڵەی کە پەرتووکە زانستیەکەی بە سوڵتان پێشکەش دەکات. ئەو بەتایبەتی بۆ پەرتووکەکەی یادی دەکرێتەوە، بەڵام داهێنانە تێگەیشتراوەکانی ڕۆڵێکی کلیلیان بینیوە لە ژیانی شارستانیدا بۆ چەندین ساڵی دابێت. لەناویاندا شێوازێکی سەرچاوەی ئاوی هەبوو کاری بە چەرخەکاری و وزەی هایدرۆلیک دەکرد، کە لە مزگەوت و نەخۆشخانەکانی دیاربەکر و دیمەشق بەکاردەهێنرا. لە هەندێ حاڵەتدا، ئەو شێوازانەی کە لە داهێنانەکانیدا دایڕشتبوو هەر لە بەکارهێناندا مابوونەوە هەتاوەکو ئەم دواییانە.
زۆرێک لە داهێنانەکانی چەندین سەدە لەپێش بەدەستهاتەکانی زانستی ئەوروپیەوە بوون. کارەکانی لەسەر دەمەوانەی قووچەکی – کە بریتییە لە پێکهاتەیەکی کلیلی لە ئەندازیاری هایدرۆلیکی – دوای زیاتر لە دوو سەدە ئینجا لە ئەوروپا ئاماژەی پێدرا لەلایەن لیۆناردۆ دا ڤینچی، کە بەهەمان شێوە دەوترێت بە خۆبزوێنەکانی جەزیری سەرسامبووە.
ئەمڕۆ ناوی جەزیری ناوازەیی لەناو مێژووناسانی زانستی دەسرووشێنێت. مێژووناسی تەکنەلۆژی و ئەندازیاری، دۆناڵد ر. هیڵ، نووسەری وەرگێڕانێکی ساڵی ١٩٧٤ لە پەرتووکە زانستیەکەی جەزیری، لەبارەی گرنگی بەرهەمەکەی جەزیریەوە دەڵێت، "مەحاڵە دووبارەبکرێتەوە." وەکو باوکی ئامێرە خودکاریەکان، بە "لیۆناردۆ دا ڤینچی خۆرهەڵات" ناودەبرێت، نازناوێک کە زۆر چەوت و هەڵەیە. لەوانەیە باشتر بێت کە بە لیۆناردۆ بوترێت "جەزیری خۆرئاوا."

ئەم ڕاپۆرتە لە پێگەی (National Geographic)ەوە وەرگێڕدراوە، دەتوانیت لە ڕێگای ئەم بەستەرەوە بچیتە ناویەوە:
وشەکاری:
ئامێرە خودکاریەکان: robotics
خۆبزوێن: automaton
فوارەی ئاو: fountain
پیشەساز: craftsman
ئەندازیاری جووڵێک: mechanical engineering
گیتارژەن: harpist؛ هەرچەندە کە ئامێری گیتار جیاوازە لە ئامێری harp، بەڵام من نەمزانی بە کوردی چی بەو ئامێرە دەوترێت بۆیە لە جیاتی ئەو گیتارم بەکارهێنا تاوەکو بیرۆکەی ئەوە بە خوێنەر ببەخشم کە بەهەمان شێوە ئامێرێکی ژێدارە و بەشێوەی گیتار دەژەنرێت.
دەسک: shaft
ئامێرگەری: mechanism
چەرخەکاری: gear work
نامیلکەی بەکارهێنەر: user’s manual
دەمەوانەی قووچەکی: conical valve
سرووشی بۆ دەهێنێت: inspire