ئەمەریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بە فەرمی دەناسێنێ

Sunday, 28/03/2021, 19:47

3804 بینراوە


بڵاوکراوەکانی ئەمەریکایی لە رۆژی 23/03/2021 رایانگەیاند، کە جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمەریکا دەخوازێ بە شێوەیەکی فەرمی رووداوی ژینۆساید و کۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەکان بە دەستی تورکە عوسمانییەکان بە فەرمی بناسێنێ. بایدن بەو هەنگاوە، یەکەمین سەرۆککۆماری ئەمەریکا دەبێ، کە ئەو کارە بکات. بەو بۆنەیەوە ئایان بێرمەر زانای زانستە سیاسییەکانی ئەمەریکا گووتی: بایدن لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانیدا لە ئەمەریکا بەڵێنی ئەوەی دابوو ئەگەر سەربکەوێ، هەوڵ دەدات ئەو کۆمەڵکوژییە بە فەرمی بناسێنێت.
بێرمەر بە ئاماژە بە ڕۆڵی کاماڵا هەریس جێگری بایدن لە بڕیاری مەجلیسی (سەنا ) لە بە فەرمیناساندنی ئەو کۆمەڵكوژیە گووتی: لە راستیەدا بڕیاری (سەنا ) بۆ بە فەرمیکردنی ئەو کۆمەڵکوژی یان ژنۆسایدی ئەرمەنیەکان لە ساڵی 2019 وە بە پشتگیریی کاماڵا هەریس بووە.

نامەیەک لە مەجلیسی سەنا:

شایانی سەرنجە، کە گروپێک لە سیناتۆرەکانی دیموکراتەکان و کۆماریخوازەکان لە چەند رۆژی رابردوودا لە جۆبایدنیان ویستوە کە بە شێوەیەکی فەرمی کۆمەڵكوژیی ئەرمەنیەکان بناسێنێت. لە بەر ئەوەی تا ئێستا هیچ سەرۆککۆمارێکی ئەمەریکا بە جیددی بابەتی کۆمەڵكوژیی ئەرمەنیەکانیان قبوڵ نەکردوە! ئەو سیناتۆرانە خوازیارن، کە بە فەرمی ناسینی ئەو بابەتەن لە لایان جۆ بایدنەوە. ئەو نوێنەرانە کە ژمارەیان ٣٨ کەس دەبێ لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆماری ئەمەریکا نووسیویانە: ئێمە لە تەنیشت کۆمەڵگای ئەرمەنیەکان هاوڕیزیی و پشتیوانی خۆمان بۆ بەرزراگرتنی قوربانیانی ئەو کۆمەڵكوژیە لە ئەمەریکا و سەراسەری جیهان رادەگەیەنین.
ئیمە بە جیددی لە بەرامبەرهەر جموجۆلێک کە پێداگر و رێکخراوەیی و بە ئانقەست بێ لە ئاست لە ناوبردنی خەڵکی ئەرمەنستان، بە کۆمەڵكوژیی ناوزەد و پێناسە دەکەین. ئەو نوێنەرانە لە نامەکەی خۆیاندا بۆ جۆبایدن قسەکانی ئەویان لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردن وەبیر هێنایەوە، کە گووتبووی: دیپڵۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێ پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ بەهاکانی ئەمەریکادا هەبێ. بۆیە ئەو رێزدانانە لە پێوەرەکانی ئەمەریکا ئێمە ناچار دەکات بۆپێشگرتن لە کۆمەڵکوژیی و هەر جۆرە جینایەتێک دژی مرۆڤایەتی دەست بەکار بین.

بانگهێشتن بۆ شکاندنی بێ دەنگیی:

یاساناسان دەڵێن: دەوڵەتەکانی پێشووی کۆماریخوازان و دیموکراتەکان لە بارەی کۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەکان بێ دەنگیان راگەیاندوە بۆیە ئێستا لە جۆبایدنیان ویستووە، کە بەفەرمی ناسینی ئەوەی کە بە سەرئەرمەنییەکان هاتووە وەکو کۆمەڵكوژیی و ژینۆساید دەبێ ئەو بێ دەنگیە بشکێندرێ.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە، کە لە کۆنگرەی خۆیاندا ساڵی ٢٠١٩ بە پێچەوانەی کۆشکی سپی، پێش نووسینی بڕیارنامەیەک قەبوڵکرا کە کوشتاری ئەرمەنیەکان لە سەر دەمی ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانیدا دەبێ وەک ژینۆساید پێناسە بکرێ. ئەو بڕیارنامەیە هەر چەند پیادەنەکرا، بەڵام نیشانەیەکی تووندی نارەزایەتی نوێنەران بووە لە دژی سیاسەتەکانی تورکیە و پەیامێکی جیددی بووە بە ئانکارا راگەیەندرا.
تورکیا بۆ رێگرتن لە بەئەنجام گەیاندنی ئەو بڕیارنامەیە، گرووپ گەلێکی جۆراوجۆری بۆ فشارخستن بەکار هێنا تا داوا لە ئەندامانی کۆنگرە بکات ئەو یاسایە پوچەڵ بکەنەوە! بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبون و بەرهەمێکیان وەدەست نەکەوت. دیسان شایانی وەبیرهێنانەوەیە، کە کوشتاری ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥ لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا روویداوە.
ئەرمەنییەکان ڕێژەی کوژراوەکانیان لەو رووداوەدا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو رادەگەیەنن، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە لایان تورکەکانەوە بە تووندی وەدرۆ دەخرێتەوە، دەڵێن زێدەڕۆیی تێدایە و ئەوەی کە بە سەر ئەرمەنیەکان هاتووە هۆیەکەی شەڕێکی ناوخۆیی بووە! تا ئێستاش زیاتر لە ٢٠وڵاتی وەکو: ئاڵمان ، فەرەنسا، ئیتالیا، روسیا ئەو رووداوەیان وەک ژینۆساید و کۆمەڵكوژیی ریزبەند کردوە.

کوردستانپۆست بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە