ڕێواس و خاڵ

Sunday, 28/03/2021, 19:55

6131 بینراوە


ساڵانێک بەر لە ئێستا لە شوێنێکدا کارم ئەکرد دوو کارمەند کە خاڵ و خوشکەزا بوون لەوێ کاریان دەکرد. خوشکەزا زیتەڵ و وریا و چالاک، خاڵیش بێدەسەڵات بەڵام دەم بە هاوار. زوو زوو خاڵ شتێکی لێ عاسی ئەبوو هانای بۆ خۆشکەزا ئەبرد، خوشکەزاش لە دوای هەر بەهاناچوونێک سەیرێکی خاڵی ئەکرد و ئەیووت خەڵکیش خاڵیان هەیە، سەدد خۆزگە تۆ خاڵێک بوویتایە بە ڕوومەتمەوە!!
ئەم چیرۆکەم بۆ هەڵبگرن تا دوا دێڕی وتارەکەم، کە بوو بە ئیلهامی نووسینم لە سەر دوو جۆر ڕێواس.
ڕێواس ڕوەکێکی کویستانییە، خۆرسکە، یەک دونیا سودی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤەکان، هەر بە خۆڕاییش بە درێژایی بەهار و هاوین سەرچاوەیەکی داهاتە بۆ هەندێ کەس.
ئەم گیایە سرۆشتییە خۆرسکانە دێت و خزمەت ئەکات و چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک ناکات. ئەم لەو ڕێواسانە نیە بڵێ با دەست بە کڵاوەکەمەوە بگرم تا چوارساڵەکەم تەواو ئەکەم و خانەنشین ئەبم. ئەو خۆرسکانە هاتووە و خزمەتی خۆی ئەکات و چاوەڕێی هیچ پاداشتێک ناکات. ئەم ڕێواسە کوێستانییە سور و سەرسەخت و بەڵێن پەرستە، ئەو کە دەڵێ دێم، گوێ بە سەختی زستان و بەفر نادات، ئەو هەمیشە دەستی لە گەڵ هەتاوا تێکەڵە و لە گەڵ کڵپەی ئاگری نەوروز لە ژێر ڕایەخی بەفری چیاکانەوە سەر دەردێنێ و خۆی ئەگەیێنێتە ئەو جەماوەرەی چاوەڕێی دەکەن. ئەو بێباکە چونکە ئەو ڕێواسە سروشتییە بە سەر شانی حزب و شەهادەی حزب و کوتلەی حزب‌ هەڵنەتۆقیوە و نەهاتووەتە دەرێ. ئەو خۆشەویستی جەماوەرە وهەموو بەهارێ ئەبێ بە سەر دێڕی عەربانەکانی شار و گەورە و بچووک دەم بە ئاو چاوەڕوانی دیداری ئەم ڕێواسە بە سودەن.
ئەڵێن ئەم ڕێواسە سرۆشتیە دەرمانی هەزار دەردە، هەر بۆ نموونە...
ڕێژەی ئەنسۆلین لە پەنکەریاسدا زیاد دەکات و شەکری خوێن کەم دەکاتەوە و پەستانی خوێنیش ناهێڵێت. خۆ نیوەی کورد بەم نەخۆشییانە تیا ئەچن، دەی ئەم ڕێواسە خۆی دەرمانە نەک قاچاخچی دەرمان و چاوپۆشی کردن لە دەرمانی ئێکسپایەر و بێکەڵکترین سیستەمی تەندروستی.
جگە لەمەش ئەم گیایە سروشتییە زیپکە و پەڵە لادەبات و ڕوو سوورمان ئەکات. نەک ڕوو ڕەشی و دنیا و قیامەت بووبین و ئەمیش بێ دەنگ لە گەڵ کورد و نیوێک لە دەستەیەک بە ناوی دەستەی سەرۆکایەتی قڕ و قەپ‌ لێی دابنیشێ.
ڕێواسی سرۆشتی سودی هەیە بۆ تەنگە نەفەسی و چارەسەری هەناسە بڕکێش ئەکات، نەوەک ڕێواسێک لایەکی میللەت لە ترس و لەرز و هەناسە سوار بژی چ لە زینداندا یان لە دەرەوەی زیندانەکان، ئەم بێباک بێباک بە چەکوشێکی تەختە، تەق تەق ڕەخنە بەوانی دیکە ببڕێ و بۆتڵی ئاو لەم بگرێ و دنگی ئەم لە پرۆتۆکۆل بسڕێتەوە.
هەر ئەم ڕێواسە سروشتییەشە باشترین دەرمانە دژی کرمی گەدە و ریخۆڵەکان. نەک وەکو ڕێواسەکەی خۆمان شوێنێکی وڵات نەماوە کرمی گەندەڵی تێی نەدابێت و ڕێخۆڵە بۆری نەوتی هەرێم لە دە چۆڕا چۆڕێکی ناگاتە میللەت هەمووی کرمە گەندەڵی کوردی و تورکی ئەیانخواتەوە و رێواسەکەشمان هەر وەک وتمان قڕ و قەپ لێی دانیشتووە و نقەی لێوە نایەت.
باشە گەر بکەویتە نێوان دوو هەڵبژاردە ڕێواسی چیاکانت گەرەکە یان ڕێواسەکەی پارلەمان؟ هەق نیە وەکو چیرۆکەکەی سەرەتای ئەم وتارە کە خوشکەزا بە خاڵی بێ فەڕی وت خۆزگە خاڵێک بوویتایە بە ڕوومەتمەوە. ئێمەش بڵێین خۆزگە ڕێواسێک بوویتایە لە چیاکان نەوەک ڕێواسەکەی پارلەمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە