شارلی ئێبدۆیەکی تر بەڕێوەیە

Wednesday, 31/03/2021, 23:51

3147 بینراوە


هیوادارین کارەساتێکی وەك ئەوەی شارلی ئیبدۆ نەک لە فەرەنسا بەڵکو لە هیچ کونجێکی ئەم گەردوونەدا، ڕوونەداتەوە. لەبەرئەوەی قوربانیانی ئەو کارە تیرۆریستیە لە جیاتی هەموان شەڕی میدیای ئازاد و ڕادەڕبڕینیان، بۆ کردین.. ئەوان بە پێنووس و خوێنی خۆیان وەك کچ و کوڕە گەریلاکانمان ڕووبەڕووی تاریکستانی و چەتەکانی داعش بوونەوە و لەیەك سەنگەردا تێکۆشان بۆ ئەوەی ئێمە هەموومان بەسەربەستی شەو و ڕۆژبکەینەوە.
بەداخەوە سەرۆك ماکرۆن هەمان هەڵەی بە ئەنقەستی سەرۆك ترامپ دووبارە کردەوە. لەسەرەتادا هەریەك لە ماکرۆن و ترامپ کوردیان وەك هاوپەیمانی دژ بە چەتەکانی داعش ناساند. بە گوژمێکی باشی میدیایی و سەربازی یارمەتی و هاوکاریان پێشکەش بە کورد کرد.. لێ ئەم پرۆسەیە درێژەی نەخایاند و لە پڕدا هاوکێشەکان ئاوەژوو بوونەوە و کوردیان بە تەنیا جێهێشت. سەرۆك ترامپ تەنها لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پشتی کردە کورد و لە ئەفرین و گرێسپی لەتەك ڕووسیادا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەردۆگان و چەتەکانی هەڵکرد تا داگیرکاری خاکی کورد لە ڕۆژئاوا بکەن. ئەم ڕەفتارەی ترامپ هەموو جیهانی تووشی شۆك کرد بەگشتی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە و دواتر بە خانەنشین بوونی چەند پلە باڵایەکی سەربازی و خودی (ماك گۆرك) کۆتایی هات. ئەم ئابڕوو بردنەی ئەمریکا بێ دەنگی لە شەقامی ئەمریکا شکاند و زۆربەی زۆری سیاسیەکان سەرزەنشتی ترامپیان کرد و دواتر باجی هەڵەکانی خۆی دا و جارێکی تر  وەك سەرۆك هەڵنەبژێردرایەوە.
هەفتەی ڕابردوو هەریەك لە ماکرۆن و ئەردۆگان باری ئاسایی بوونەوەیان ڕاگەیاند و یەکەمین دیاری و سوپرایزی ئەو ئاساییبوونەوەیە لەسەر کورد تاقی کرایەوە و چەندین ناوەندی کلتووری و فەرهەنگی کورد لە پاریس و چەند شارێکی تر کەوتە بەرشاڵاوی پۆلیسی فەرەنسی، خۆشبەختانە ئەم کارەی ماکرۆن وەك کارەکەی ترامپ پاڵپشتی ناوخۆیی و لەگەڵدا نەبوو، هەر زوو ڕەخنەباران کرا و ماکرۆنیان بە کەسێکی لاواز و بێ ئەرزش چواند.. ئەم کارەی ماکرۆن هیچی لەوەی ترامپ کەمتر نیە و هەمان گەمژەیی ئەم سەرۆکە نیشان ئەدا. دەنا کەس هەیە نەزانێ  کە کورد شەڕ دژ بە چەتەکانی داعش و ئیسلامی تیرۆریست نەکات؟! ئەبوو هەموو جیهان ڕۆڵی کورد بەرز بنرخێنن کاتێ دێتە سەر شەڕ دژ بە تیرۆر کورد لەمێژە سەنگەری لە دژیان هەڵکەندوە و بە خوێنی گەشی کچان و کوڕانی سنگی کردۆتە قەڵغانی هەموو مرۆڤایەتی. خۆشبەختانە گەلی فەرەنسا ئەو ڕاستیە باش ئەزانن و هاوخەمی و هاوکاریان بۆ کورد و دۆزەکەی بەردەوامی پێداوە و ساردیان ناکاتەوە، زوو ئەم کارەی ماکرۆن بەرەو ڕووی گەلێکی زیندووی وەك گەلی فەرەنسی ئەبێتەوە و ئەبێ چاوەڕوانی دەرکەوتە و ئاکامەکانی،بێت.
پەیوەندی ماکرۆن لەگەڵ کەسێکی وەك ئەردۆگان جگە لە ماڵوێرانی و هاندانی تیرۆر و ناردنی چەتەکانی بۆ فەرەنسا و بەئەنجام گەیاندنی کاری هاوشێوەی شارلی ئیبدۆ، هیچ ئەنجامێکی تری ئەرێنی لە ئاسۆوە بەدی ناکرێ، هیوادارین گەلی فەرەنسا ئەزموونی لەم شێوەیە جارێکی تر نەبیننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە