KURDISTANPOST
حەمە سوسەیی
شارلی ئێبدۆیەکی تر بەڕێوەیە
Wednesday, 31/03/2021, 23:51
3195
بینراوە
هیوادارین کارەساتێکی وەك ئەوەی شارلی ئیبدۆ نەک لە فەرەنسا بەڵکو لە هیچ کونجێکی ئەم گەردوونەدا، ڕوونەداتەوە. لەبەرئەوەی قوربانیانی ئەو کارە تیرۆریستیە لە جیاتی هەموان شەڕی میدیای ئازاد و ڕادەڕبڕینیان، بۆ کردین.. ئەوان بە پێنووس و خوێنی خۆیان وەك کچ و کوڕە گەریلاکانمان ڕووبەڕووی تاریکستانی و چەتەکانی داعش بوونەوە و لەیەك سەنگەردا تێکۆشان بۆ ئەوەی ئێمە هەموومان بەسەربەستی شەو و ڕۆژبکەینەوە.
بەداخەوە سەرۆك ماکرۆن هەمان هەڵەی بە ئەنقەستی سەرۆك ترامپ دووبارە کردەوە. لەسەرەتادا هەریەك لە ماکرۆن و ترامپ کوردیان وەك هاوپەیمانی دژ بە چەتەکانی داعش ناساند. بە گوژمێکی باشی میدیایی و سەربازی یارمەتی و هاوکاریان پێشکەش بە کورد کرد.. لێ ئەم پرۆسەیە درێژەی نەخایاند و لە پڕدا هاوکێشەکان ئاوەژوو بوونەوە و کوردیان بە تەنیا جێهێشت. سەرۆك ترامپ تەنها لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پشتی کردە کورد و لە ئەفرین و گرێسپی لەتەك ڕووسیادا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەردۆگان و چەتەکانی هەڵکرد تا داگیرکاری خاکی کورد لە ڕۆژئاوا بکەن. ئەم ڕەفتارەی ترامپ هەموو جیهانی تووشی شۆك کرد بەگشتی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە و دواتر بە خانەنشین بوونی چەند پلە باڵایەکی سەربازی و خودی (ماك گۆرك) کۆتایی هات. ئەم ئابڕوو بردنەی ئەمریکا بێ دەنگی لە شەقامی ئەمریکا شکاند و زۆربەی زۆری سیاسیەکان سەرزەنشتی ترامپیان کرد و دواتر باجی هەڵەکانی خۆی دا و جارێکی تر وەك سەرۆك هەڵنەبژێردرایەوە.
هەفتەی ڕابردوو هەریەك لە ماکرۆن و ئەردۆگان باری ئاسایی بوونەوەیان ڕاگەیاند و یەکەمین دیاری و سوپرایزی ئەو ئاساییبوونەوەیە لەسەر کورد تاقی کرایەوە و چەندین ناوەندی کلتووری و فەرهەنگی کورد لە پاریس و چەند شارێکی تر کەوتە بەرشاڵاوی پۆلیسی فەرەنسی، خۆشبەختانە ئەم کارەی ماکرۆن وەك کارەکەی ترامپ پاڵپشتی ناوخۆیی و لەگەڵدا نەبوو، هەر زوو ڕەخنەباران کرا و ماکرۆنیان بە کەسێکی لاواز و بێ ئەرزش چواند.. ئەم کارەی ماکرۆن هیچی لەوەی ترامپ کەمتر نیە و هەمان گەمژەیی ئەم سەرۆکە نیشان ئەدا. دەنا کەس هەیە نەزانێ کە کورد شەڕ دژ بە چەتەکانی داعش و ئیسلامی تیرۆریست نەکات؟! ئەبوو هەموو جیهان ڕۆڵی کورد بەرز بنرخێنن کاتێ دێتە سەر شەڕ دژ بە تیرۆر کورد لەمێژە سەنگەری لە دژیان هەڵکەندوە و بە خوێنی گەشی کچان و کوڕانی سنگی کردۆتە قەڵغانی هەموو مرۆڤایەتی. خۆشبەختانە گەلی فەرەنسا ئەو ڕاستیە باش ئەزانن و هاوخەمی و هاوکاریان بۆ کورد و دۆزەکەی بەردەوامی پێداوە و ساردیان ناکاتەوە، زوو ئەم کارەی ماکرۆن بەرەو ڕووی گەلێکی زیندووی وەك گەلی فەرەنسی ئەبێتەوە و ئەبێ چاوەڕوانی دەرکەوتە و ئاکامەکانی،بێت.
پەیوەندی ماکرۆن لەگەڵ کەسێکی وەك ئەردۆگان جگە لە ماڵوێرانی و هاندانی تیرۆر و ناردنی چەتەکانی بۆ فەرەنسا و بەئەنجام گەیاندنی کاری هاوشێوەی شارلی ئیبدۆ، هیچ ئەنجامێکی تری ئەرێنی لە ئاسۆوە بەدی ناکرێ، هیوادارین گەلی فەرەنسا ئەزموونی لەم شێوەیە جارێکی تر نەبیننەوە.
حەمە سوسەیی
© 2019- Kurdistanpost