گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەڵوێستی تورکیا!


پلان کۆڵەکەی دەوڵەتە

Friday, 04.02.2021, 4:21

665 بینراوە


پلان بریتییە لە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تێروتەسەلی تۆکمە و تایبەت، بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، کە زادەی بیرکردنەوەیەکی زۆر وردی کەسانی زاناو و زیرەک و بلیمەتە، بەرلەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە . تا لە دواڕۆژدا هەموو کار و پڕۆژەکان بە پێی ئەو پلانە جێبەجێ بکرێن . واتە (بیرکردنەوەی ژیرانە بەر لە جێبەجێکردن) . بێگومان سودەکانی پلانیش بریتیین لە:
١ – کەمکردنەوەی مەترسی هەنگاوی کوێرانەی بێ بنەما .
٢ – کەمکردنەوەی ڕێژەی برسێتی و بێکاری و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات.
٣ - سود وەرگرتن لە داهاتەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی، کە لە بەردەستدان بە شێوەیەکی زۆر باشی کاریگەر . 
٤ – دروستبوونی هاوسەنگی لە نێوان پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابورییدا . بە تایبەتی لە نێوان هەموو ئاستەکانی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا .
دیارە بوونی پلانیش هۆکارە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، کە خۆی لە خۆیدا بریتیین لە: بوژاندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵگا و نەمانی بێکاری و پێشکەوتنی وڵات . بێگومان پەندێکی بیانی هەیە دەڵێت: (ئەگەر پلانت بۆ سەرکەوتن دانەنابێت، واتە پلانت داناوە بۆ شکست و هەرەس) . 
ئەوەی شایانی باسە دوو جۆر پلان هەیە . یەکێکییان پلانی کورتی ساڵانەیە، دووەمیشیان پلانی درێژخایەنە، یان ستراتیجییە، کە دەسکەوتی مەزن و پڕ بەهای هەیە، چونکە توانای گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە . جا چەند پلانی ستراتیجی ورد و تۆکمە بێت، ئەوەندە زیاتر پیشکەوتن و تواناکانی دەوڵەت بەرەوپیش دەبات و گەلەکەی بەختیار و کامەران دەکات . بێگومان هەر تەنها پلانی ستراتیجیشە وڵاتانی وەک: ژاپۆن، ئەڵەمانیا، یۆنان و مالیزیایان گەیاندۆتە تروپکی ئەو پیشکەوتنانەی ئەمڕۆ .. بە گشتیش لە هەموو وڵاتێکدا خاڵە گرنگەکانی بوژاندنەوە و پێشکەوتن، بەندن بە بوونی: نەوت، ئاو، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە، بە مەرجێک لە پلانی ناوازە و سەرکەوتوودا کاریان لەسەربکرێن . لە هەمان کاتیشدا خاڵەکانی دواکەوتن و تەپین و ڕمانی کۆمەڵگا بریتیین لە: دانانی نەزان لە جێگای زانا، نەبوونی پلانی ستراتیجی، ناتەبایی، پشتبەستن بە داگیرکەر، دزی و گەندەڵی و دەستپانکردنەوە و پەنا بردن بۆ سواڵ .
ئەوەی جێگای باسە جگە لە حکومەتەکانی عیراقی دوای سەدام و حکومەتی هەرێم، کە دەڵیی لە گەندەڵیدا تفیان لە زاری یەکتری کردووە، هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بە حکومەتی پادشایەتیشەوە، دەوری کارای خۆیان گێڕاوە و پلانی کورت و ستراتیجیان هەبووە و توانیویانە سەدەها پڕۆژەی سەرکەوتووی گرنگ دابمەزرێنن و کۆمەڵگا بەرەو پیش بەرن . جا لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی بەعس تا ئێسقان دوژمنی کورد بووە، بەڵام پلانەکانی شارە کوردییەکانیشیان گرتۆتەوە . هەر بۆ نموونە چەند ڕۆژێک دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١، لە سلێمانی سەردانی فەرمانگەکەی خۆمم کرد، سەرتاپای ژوورەکان تاڵان کرابوون . ژووری بەڕێوەبەری گشتیش جگە لە کتێبەکانی ناوی، بە تەواوی گسکی لێدرابوو . کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەشی لەسەر زەوی ژوورەکەی پەرشوبڵاوکرابوونەوە . کتێبێکییان سەرنجی ڕاکێشام، چونکە لەسەر بەرگی دەرەوەی بە عەرەبی نووسرابوو (سری للغایە) واتە زۆر نهێنییە . ئەو کتێبەیانم هەڵگرت، کە نزیکەی(٢٠٠) لاپەڕە دەبوو، بریتی بوو لە پلانی ستراتیجی وەزارەتی پلاندانی حوکمەتەکەی بەعس بۆ شاری سلێمانی . ئەو کتێبە جگە لە باسی سەربازی، هەموو بوارە گرنگەکانی شارەکەی گرتبووە خۆی، وەک بوارەکانی: پەروردە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ڕێگاوبان و .. هتد . لە بواری پەروردەدا و لە یەکێک لە بەندەکانیدا، کە سەرنجی زۆر ڕاکیشام، ئاماژەی بۆ ژمارەی منداڵانی ساوا کردبوو، کە لە ماوەی پێنج ساڵدا لە سلێمانیدا لە دایک دەبن و تەمەنییان دەگاتە باخچەی ساوایان . بە پیی ئەو ژمارەیە بڕیاری دامەزراندنی ژمارەیەک باخچەی ساوایانی دابوو (بە داخەوە ئەو ژمارانەم لە بیر نەماوە) . ئەمەش نیشانە بوو، کە پلانی وەزارەتی پلاندانان، پلانێکی گشتگیر بوو، هەموو لایەنەکانی گرتبۆوە . بێگومان لە ڕابوردووشدا هەر بە پێی ئەو پلانانە، ژمارەی خوێندنگا و زانکۆ و کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن، چیمەنتۆ، شەکر، ئاوی بانی خێڵان و جلوبەرگ و بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان .. هتد دامەزراون . هەموو ئەو پڕۆژانەش بەر لە دامەزراندنییان، لە لایەن وەزارەتی پلادانانەوە توێژینەوەی زۆر وردیان لەسەر کراوە، ئەگەر کاریگەری و لایەنی ئەرێنییان هەبوو بێت، ئنجا بڕیاڕی دامەزراندنییان دراوە . هەر بۆ نموونە کاتێک بڕیاری دامەزراندنی کارگەی جگەرەیان داوە، پێشتر توێژینەوەی وردیان لەسەرکردووە، زانیویانە جگە لە قازانج و داهاتی زۆری ساڵانەی جگەرە، ئەو کارگەیە دەتوانێ ئیش بۆ هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیار و شۆڤێری گواستنەوەی تووتن و فرۆشیاری گونییە و گوش و سووشن و جگەرە فرۆشەکانی ناو بازاڕ دابینبکات . هەر بۆیە هەزاران خێزان لە سایەی ئەو پڕۆژەیەدا ژیانێکی شایستە و سەربەرزانەی بێ کێشەیان بردۆتە سەر . بەڵام کاتێک حکومەتی هەرێم دادەمەزرێت ئیتر شتێک نامینێ بە ناوی پلانەوە . بەڵکو ئەو پڕۆژە ستراتیجییانەی بە پێی پلانەکانی حکومەتی عیراقیش دامەزرابوون وەک کارگەکانی شەکر، جگەرە، جلوبەرگ و بەنداوی بێخمە و ... هتد بە تەواوی وێران دەکرێن .. ئیتر پڕۆژەی بازرگانی وەک ڕووکەشێکی هەڵخەڵەتێنەری پێشکەوتن، جێگای پڕۆژە ستراتیجییەکان دەگرێتەوە، کە دامەزراندنییان جگە لە دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک، نەیانتوانیوە کاریگەرییان لە بوژاندنەوە ئابوری و ژیانی خەڵکی و قەیرانە داراییەکاندا هەبێت . ئاخر وڵاتێک نەتوانێ ڕۆژانە کارەبا و ئاو بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکات و تەپە تەپ و چەڕەدووکەڵی مولیدەکان شارەکانی هەراسان و گێژ و وڕ کردبێت، ئەگەر پلانی ستراتیجی هەبووایە، کەی هەرێم کێشەی نیشتەجێبوونی هەیە تا رێگا بە دروستکردنی ئەو هەموو کۆشک و تەلار و باڵەخانانە بدا، کە هەموویان پێویستییان بە کارەبا و ئاوە و سەرچاویەکیشە بۆ بە عەرەبکردن و چۆڵکردنی دێهاتەکانمان . یان پڕۆژەیەکی گرنگی وەک دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت، چۆن دەکرێت بێ پلانی ستراتیجی بدرێتە دەست کەسانی هەلپەرستی مشەخۆری بازرگان، کە خۆیان بە دەمی خۆیان دەڵێن: (نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلاریش هێشتا ناتوانێ قەیرانی قەرز و برسێتی و ماڵوێرانی چارەسەر بکات) . جا ئەگەر پلانێک هەبووایە و ئەو (١٠٠) دۆلارەی پێ ڕاستبووایە، ئەوا هەرگیز ڕیگای نە دەدا دەستکاری نەوت بکرێت، چونکە پلان بۆ قازانج دادەنرێت نەک بۆ زیان . ئەی کە ئەوەتان دەزانی بۆچی ئەو هەموو سامانە بە نرخەی وڵاتتان بە فیڕۆدا . پاشان ئەگەر پلانتان هەبووایە، چۆن وڵاتێک نەوت بفرۆشێت زیان دەکات و قەرزاری و پشێوی بە دوای خۆیدا دەهینێ و هاوڵاتییەکانی دەخاتە سواڵ و مووچەی پێشمەرگەکانی لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانەوە دابین دەکرێت .. بە ڕاستی مرۆڤی بە رومەت شەرم لە خۆی دەکات، کاتێ دەبینێ نە پارەی نەوت و باج و گومرگەکانمان، نە بریق و باقی ئەو هەموو مۆڵ و باڵە خانە و یانەی شەوانەیە، نەیانتوانی ڕێگا بگرن لە هەژدە جار چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد، تا حکومەتی عیراق لایەکمان لێبکاتەوە . ئەمەش نیشانەیە، کە حکومەتی هەرێم نەک هەر نەیتوانیوە لا لە پڕۆژەی ستراتیجی پیشەسازی و کشتوکاڵی بکاتەوە و ژێر خانێکی ئابوری پتەو دابمەزرێنێت، بەڵکو ڕۆژانەش خۆی لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەدزێتەوە و ئەوەندی تر زوخاو دەکات بە قوڕگی ئەو میللەتە کڵۆڵەدا .. ئەمانەش هەمووی نیشانەی باوبۆرانێکی زۆر خراپی مەترسیدارە، چونکە پارە و سامان بەر لووتی سیاسییە بازرگانەکانی گرتووە، هەرگیز ناتوانن بۆنی مەترسی هەرەس و نسکۆ و ڕاپـەڕیـن بکەن.