ڕێکەوتن یا ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکی

Tuesday, 06/04/2021, 10:39

2835 بینراوە


ھەرێمی کوردستان چەندین مانگە بە دەست کێشەی بودجەو موچەی ھاوڵاتیان گیرۆدە بووە. بە گوتەی مەسرور بارزانی حکومەتی عێراق داوایان لێدەکات سەری خۆیان بۆیان بچەمێننەوە ، لە کاتێکدا ئەوان بۆ دەوڵەتی تورکیا ھەموو ملکەچی فەرمانەکانی ئەوانن. 
ئەو کاتەی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان چونە بەغداد و خەریکی دانوستاندن بوون لەگەڵ حکومەتی ناوەندو سەرجەم کوتلەو لایەنەکان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، بە پێی زانیارییەک مەسعود بارزانی دوو ئەندامی لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق بانگێشتی ھەولێر دەکات ،
لەو دانشتنە نھێنیەدا  پێیان دەڵێت : ئێمە نەوتان ڕادەست ناکەین. ھەر دوای ئەم دیدارە مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەیەکی فراوانی نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەولێر بە ھەمان شێوەی باوکی پەیامێکی ئاراستەی نوێنەران کرد، کە پەیامەکەی ھەر ئەو پەیامەی مەسعود بارزانی دوپاتکردەوە، 
کە ئێمە نەوت ڕادەستی بەغداد ناکەین. ئەمەش لە ژێر کاریگەری و فشار و کاریگەری دەوڵەتی تورکیادا. چەندین جار وەفدی حکومەتی ھەرێم، بە ھۆی لێدوانی بەرپرسان و ئەندامانی پارتی و قسەو وتار و لێدوانەکانی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانیەوە پارتی و فراکسوێنەکەیان تا لێواری شکست ڕۆشتوون و شکستیان خواردووە، 
بەڵام زۆربەی کات پارت و فراکسوێنەکانی تری دەرەی پارتی بارودۆخەکەیان ڕێکخستۆتەوە. تا لە ئەنجامدا بە ھەوڵ و کۆششی ھەموو پارتەکان گەیشتن بەڕێککەوتنێک  باشتر لە خراپیەکانی پێشووتری ئیفاقیەکان. بە گوێرەی زانیارییەکان گروپ و لایەنە شیعیەکان دەستەڵاتەکەی
 کاظمي گەیشتن بەو ئەنجامەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یا دەبێت بە پێی قانوون نەوتەکە ڕادەست بکاتەوە یا دەبێت بە ڕێگەیەکی ناوەندی بدۆزرێتەوە ، تاوەکوو حکومەتی ھەرێم نەوتەکەی ھەناردە بکات و پارەکەی بگەڕێنێتەوە بەغداد. ھەر بۆیە دەرئەنجام ڕێگا چارەسەری ناوەندیەکە گیرایە بەر.
ھەر بە پێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە، کە جێ ئاسەواری لە چەند مانگی دواتر دەردەکەوێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر باری دارای زۆر قورسەوە، چونکە دەبێت ھەموو مانگێک ھەرێم پێویستە لە پشکی خۆی بە بەھای بازارکراوی نەوتی عێراق ( سۆمۆ ) بڕی پارەی ( ٢٥٠ ) ھەزار بەرمیل نەوت
ڕادەستی حکومەتی ناوەند بکات ، لە گەڵ ٪‏٥٠ ی داھاتی ناوخۆ. بە گوێرەی پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە باشترین حاڵەتدا ھەرێمی کوردستان مانگانە ( ٩٠٠ ) ملیاری بەردەکەوێت لە بەرانبەردا مەرجە ھەرێمی کوردستان ( ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ ) ملیار دینار ڕادەستی بەغداد بکات.
بۆیە پاش لێدەرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ ئەو پارەییەی کە پێویستە ھەرێم بیگێرێتەوە زۆرترین پارە ئەگەر بۆ ھەرێم بمێنێتەوە مانگانە ( ٢٠٠ ) ملیار دینارە. بە پێی ئەو کۆبوونەوە نھێنیەی ناو کوتلە پەرلەمانیەکانی عێراق، ھەرێمی کوردستان بەو مەرجانەی لە مادەی ( ١١ ) بودجە بۆیان دیاریکراوە ،
 توانای نیە پشکی گەورە لە بودجەی عێراق بۆ خۆی بەرێت، چونکە ئەوەی لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە تەنھا ( ٢٠٠ ) ملیار دینارە. ئەوەیش کەمترە لەو پشکە کە لە ساڵی ( ٢٠١٩ ) کە برەکەی ( ٣٥٠ ) ملیار دینار بوو. مەسرور بارزانی و بەرپرسانی حکومەت لایان ئاشکراو ڕوونە، 
کە ناتوانن پابەندی مەرجەکانی مادەی (١١ ) ی بودجە بن ، بە تایبەت لە گێرانەوەی پارەی خاڵە سنورییەکان و داھاتی ناوخۆ ، بەڵام بۆ ئەوەی لای خەڵک نیشانی بدەن ، کە ئەوان ڕازین بە مەرجەکانی حکومەت کە ئدیعای بۆ دەکەن. مەسرور بارزانی تاکە ھیوای دوو شتە 
یەکەمیان: نرخی نەوت بەرزبێتەوە تاوەکوو بتوانن تا پێش ھەڵبژاردنەکان بە بێ لێبڕین چەند موچەیەک دابین بکەن.
دووەم: ئەو ( ٢٠٠) ملیار دینارەیە کە لە بەغدادەوە دێت لە گەڵ داھاتی نەوت ،کە موچەی پێ دابین بکەن . بۆیە ئەگەری زۆر بەھێز  ئەوەیە کە ڕێکەوتن جێ بە جێ ناکرێت و لێبڕینی
موچەش بەردەوامی دەبێت بۆ ئەم ساڵیش. ھۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ بارزانی و مەسروری کوری بوو، چونکە نەوتی ڕادەست نەدەکرد، ئەگەر نەوتی ڕادەستبکردایە مانگەنە نزیکەی ( ١ ) تریلۆن دینار بە سافی دەھاتە ھەرێمی کوردستان بە بێ ڕادەستکردنی شایستە دارایەکان ، 
بڵام ئێستا لە بری ئەو ( ١ ) تریلۆنە حکومەتی ھەرێمی کوردستان (٢٠٠) ملیار بودجەی گشتی ھەیە ئەویش ماوەتەوە وەکوو خۆی دزی و قاچاخچێتی نەوەت و قازانجە خەیالییە کە کۆمپانیا حیزبیەکان دەیکەن ئەوان ئەوەیان دەوێت کەوا خەڵکی موحتاجیان بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە