ئەفسەرێکی کۆنی پارتی 31ی ئابی چۆن دیوە وەهای دەگێڕێتەوە!

Monday, 12/04/2021, 22:47

7119 بینراوە


- هەر وەک خۆت پێت خۆشە بە ناوی کاک (سیروان)ەوە ئەم گفتوگۆیەت لەگەڵدا سازبکەین، حەزیش دەکەین خۆمان ئەوەش بۆ خوێنەر ئاشکرا بکەین، کە  ئیستا ئێوە وازتان لە هەموو چالاکییەکی ناو ریزەکانی پارتیی هێناوە، بۆ بژێوی ژیانتان لە شارێکی کوردستاندا کاری شۆڤێری و تاکسی لێدەخووڕین دەکەن. وەک دەڵێن هیچ بەرژەوەندییەکتان لەگەڵ هیچ حیزبێکدا نییە.
کوردستانپۆست لە رێگای ناسیاوێکی خۆتانەوە تۆی بە ئێمە ناساند. بۆ ئەو مەبەستە لە سەر ئەوە رێکەوتین، کە پەیوەندیت پێوە بکەین، لێرەدا  ئەو قسانەی کردووتانە بە شێوەی گفتوگۆیەک رێکمان خستووە، تا بیخەیەن بە دەم خوێنەرە بەڕیزەکان.

کوردستانپۆست: وەکو یەکێکی سەر بە پارتیی، یان راستترە بڵێین ئەندامێکی کۆنی ئەو حیزبە، چ بیرەوەرییەکتان لە سەر 31ی ئاب هەیە بەتایبەت ئەو کاتە هاوبەشی هێرشەکانتان کردووە ؟

- پێشەکی دەمەوەێت  سەبارەت بە هەلومەرجی هەڵگیرسانی ئەو شەرەی نێوان هەردوو حیزبەکە باسبەکەم، کە هۆکاری چی بوو؟ بۆچی شەرەکە گەیشتە ئاستی پێکدادان و 31ی ئابی لێکەوتەوە؟
من ئەو کاتە وەک دەڵێن پارتییەکی عەیارە 24 بووم بووم. ئەو کاتە گەرمەی شەڕبوو، تا دەهات بەرەو گەرمتربوون دەچوو، هێزەکانی یەکێتی هێرش لە دوای هێرش دەیانکردە سەر مۆڵگەکانی پارتیی لە میحوەری زیارەت و کەسنەزان و هیران و نازەنین. لە لایەکی دیکەشەوە لە میحوەری کەبکی حەمەد ئاغا، کە هەر رۆژەی بە دەست یەکێکیانەوە بوو. لەو بەیەک دادانانەکانی میحوەری کەبکی حەمەد ئاغا بەلای کەمەوە بە سەدان چەکداری هەردوولا تێیدا کوژران، لەو کاتەشدا بوو کە راگەیاندنەکانی هەردوو حیزبەکە بە تەلەفزیون و رادیۆ و رۆژنامەکانیان هانی شەڕکەرەکانیان دەدا، لەهەمانکاتیشدا بەرامبەر بە یەکتر سوکایەتییان دەکرد، بۆ نمونە یەکێتی دەیگوت:
 مەسعودی کوری مەلای دارجگەرەتاش، و نێچیری نێرەموک.
پارتیش بە هەمان شێوە و سوکایەتی دەیگووت:
ئەگەر نێچیرڤان  نێرەموکە بچن لە هێرۆ خان بپرسن.
هەموو ئەمانە هاوڵاتییانی کورد رۆژانە گوێیان لەم زمانپیسییەی راگەیاندنەکانی هەردوو حیزبەکە دەبوو.

شەڕ گەیشتە ئەو دۆخەی یەکێتی تیادا باڵادەست بوو، پارتیش خەریکبوو ناوچەکانی خۆی لە دەست دەدا، لەوانە پیرمام، شەقلاوە، سەری رەش، تا وای لێهات یەکێتی لە رێگای کەپکەوە لە جادەی حەریر نزیکبووەوە. ئەوەبوو یەکێتی نیشتیمانی دەیگوت:
بەمزوانە دەبێت پارتی بە دووربینیش هەولێر نەبینێت، لە خاپور بیانکەین بەودیودا.
پارتیش رۆژانە هاواری دەکرد:
پێتان دەڵێین هەولێر دەبێت چۆڵ بکەن.
مەسعود بارزانی لەو کاتەدا سەردانی سوپای بارزان و سوپای رزگاری، لوای تایبەتی کرد، لە گەڵ هەموو هێزەکانی تری پارتیدا کۆبوونەوەی ئەنجام دا. من ئاگاداری سەردانێک بووم کە هاتە شەقڵاوە، بە بەر چاوی هەموومان گوتی:
من دەستی خۆم دەبڕم و جارێکی تر بیخەمە نێو دەستی جەلال تالەبانی.
دواجار ئەمەش هەموو ئەندام و پێشمەرگەی پارتی ئەمەیان بیستەوە. هەر لەو سەردانەدا، یەکێک پرسیارێکی کرد کە بۆچی وەڵامی ئەم هێرشانەی دواییەی یەکێتی نادرێتەوە.
مەسعود بارزانی لە وەڵامدا گووتی: سەبرتان بێت، پارتی بیر بە دەرزی هەڵدەکەنێت. بەمزانە هەواڵ دەبیستنەوە و خۆشتان دەستان تیایدا دەبێت، بزانن چ سەرکەوتنێک بە دەست دەهێنین.
ئەم لێدوانەش یەک هەفتە پێش 31ی ئاب بوو.

کوردستانپۆست: ئەو کاتە تۆ خۆت لە کوێ بوویت؟

- بۆ بیرخستنەوە وەک وتم کە من رۆژی 31ی ئابدا لە ناوچەی نزیک شەقڵاوە بووم.  سەر لە بەیانی 31ی ئاب هەردوو رادیۆکەی پارتیش و یەکێتی ئاگریان دەکردەوە. پارتی دەیگوت
هێندەی نەماوە هەولێر ئازاد دەکەین. ئەوەی یەکێتیش دەیگوت:
ئەوا ئەوەتا تانکەکانی بەعس بەرەوە ناوچەی پایتەختی هەرێم دەروات، پێشمەرگەکانی ئێمە بەرەنگاری بەعس و پارتی بوونەتەوە کە لە یەک سەنگەردان دژی یەکێتی، ئەوەبوو زۆری نەبرد شاری هەولێر کەوتە ژێر کۆنترۆلی تانکەکانی حکومەت و چەکدارانی پارتییەوە. فەرمانیش بۆ ئێمە هات کە بە زووترین  کات پەیوەندی بە میحوەری شەقلاوە بکەین، هەر کاتێکیش پێویست بکات، دەبێ بکەوینە رێ بەرەو ئەو ناوچەیەی کە دوایی ئاگادار دەکرێینەوە.
ئەوە بوو یەکێتی خۆی نەگرت و شکان، بەرەوە  کۆیە رایانکرد، لە سنوورەکانی شەقلاوەشەوە بەرەو پردی هیزۆب و رانیە و ناچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی کشانەوە. هەر ئەوەش بوو پێشمەرگەکانی پارتی دەستیان بە سەر ئەو ناوچانەدا دەگرت، کە یەکێتی چۆڵی دەکرد. راست نییە هەندێ کەس دەڵین کە هێزی سەربازی بەعس هاوبەشی هەموو هێرشەکانیان کردووە، بەڵام تانکی حکومەت هەتا کەسنەزان رۆیشت، دوای ئەوە هەر ناوچەیەکی تر، کە پارتی ملی بۆ دەنا تەنها خۆیان بوون، چونکە یەکێتی ورەی بەردابوو، پارتیش بە ورەی ئەوەوە کە تانکەکانی حکومەتی لە پشتە ملی بەرەو پێشەوە دەنا. هەتا وای لێهات ناوچە بە ناوچە و شار لە دوای شار لە یەکێتی پاک دەکرانەوە.
شەڕ گەیشتە دوکان، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کارتەکانی بەنداوی دوکانی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست پارتیی و دوکان هیچ وزەیەکی کارەبا نەما، هەر ئەوەش بوو بە درێژایی ئەو ماوەیە کە مانگێکی خایان هەموو ناوچەکانی سەر بە سلێمانیش کارەبای نەمابوو.

کوردستانپۆست: کە هێرشتان دەکرد، ئێوەی هێزی پارتیی چیتان دەکرد؟

- هەر ناوچەیەک کە دەکەوتە دەستی پارتی. دەزگاکانی پاراستنی پارتی کاری ئەوەی پێسپێردرابوو، کە لە ئەندامانی یەکێتی پاکدەکردەوە، واتە یان دەخرانە زیندانەوە، یان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکران و بارمتەیان لێدەسەندن کە ئیدی پەیوەندییان بە یەکێتییەوە نەمێنێت، ئەوا ئازاد دەکرێن.

کوردستانپۆست: سەبارەت بە خۆت چیت کردووە؟

- منیش لەگەڵ هێزەکانی پارتیدا بە بێ تەقە گەیشتمە سلێمانی، دیتم سلێمانی چۆڵ کرابوو، کەسێکی سەر بە یەکێتی تێدا نەمابوو. پێشمەرگەکانی پارتی بەرەو سنوورەکان دوایان کەوتن، بەڵام من لە سلێمانی مامەوە. لەو ماوەیەشدا هاتوچۆم لە نێوان سلێمانی و هەولێردا دەکرد.

کوردستانپۆست: دوای ئەوە؟

- رۆژی گەڕانەوەی یەکێتی، ئەو رۆژە من لە سلێمانی بووم. ئێوارەکەی سەردانی لقی چواری پارتیم کرد بۆ ئەوەی بزانم هەواڵی تازە چییە؟ لە وەڵامدا وتیان هەموو شتێک لە بارە و بە دڵی خۆمانە. بەڵام کاتژمێر بوو بە 9ی شەو مقومقۆ لە ناو پێشمەرگەکانی پارتی دەستی پێکرد، بۆ سەعات 11ی شەو سەردانی لقم کردەوە، تەماشام کرد یەک کەسی لێنەمابوو، هەموو چۆڵیان کردبوو، بەڵام نزیکەی 30 پێشمەرگەیەک لەم لاو لەو لای بارەگاکەوە هاتوچۆیان دەکرد، کە لەوانم پرسیارکرد، ئەوانیش ئاگاداری هیچ شتێک نەبوون.

کوردستانپۆست: چۆن سلێمانییتان چۆڵ کرد؟

- پاش ماوەی 20 دەقیقەیەک دیتم کۆمەڵێک سەیارەی زۆر لە ئەزمرەوە هاتنە خوارێ. من چووم بۆ سەر دووریانەکەی سەرچنار، ئەوەبوو وتیان مەسعود بارزانی لە پێش شەڕەکە بووە و گەڕاوەتەوە، لە راستیشدا وابوو، چونکە مەسعود  لە خەتی دوکانەوە بەرەو هەولێر کەوتبووە رێ. هەواڵ گەیشتە دەمی زۆربەی پێشمەرگە، کە بەزووترین کات سلێمانی چۆڵ بکەن. سەرکردایەتی پارتیی بڕیاری کشانەوەی داوە، ئەوە بوو هەر کەسە مشووری خۆی دەخوارد و رایان دەکرد، ئەو ناوچەیەیان بە ماوەیەکی کەم بە جێ دەهێشت. هەموو لە باخی بەختیاریی و دووریانەکەی تاسڵوجە کۆبوونەوە. من گەیشتمە باخی بەختیاریی و لەگەڵ سەیارەکانی تردا هەوڵماندا خۆمان کۆبکەینەوە و بکەوینە رێ بەرەو دوو ڕیانەکەی تاسڵوجە. کاتێکیش گەیشتینە ئەوێ فەرمانمان وەرگرت، کە نابێت رێگای دوکان کەس پیایدا بروات، فەرمانی ئەوەشمان وەرگرت کە رێگای چەمچەماڵ بگرێتەوە. بۆ ئەمەش چاوەڕێی فەرمان بووین. ئیتر ئێمە ماینەوە و کاتژمێر 5ی بەیانی فەرمان هات، یان ئەوەتا رێگای تەقتەق و شوان بگرینە رێ، کە ئەمەش مەترسی تێدابوو  چونکە دەبوو بە پێ برۆشتیباینایە، یان ئەوەتا چاوەڕێی فەرمانێکی دیکەی سەرکردایەتی بکەین. دوای ئەوە بیستمانەوە کە وەفدێکی پارتی بۆ ئەو مەسەلەیە بەرەو لای حکومەت رۆیشتووە لەوانەش حەمە خانی حاجی دارا، نوری حەمە عەلی، سەرپەرشتییان کرد. من ئاگاداری وەڵامەکە بووم، کە پێمان گەیشت، چونکە بازگەکەی حکومەت وتبووی  ئێمە ناتوانیین بریار بدەین کەس بێتە ئێرەوە، بەڵام ئیستا لە پەیوەندییەکماندا لەگەڵ سەرەوەدا لە رێگای (راکاڵەوە) وەڵام وەردەگرینەوە و ئێوەش لە چەمچەماڵ چاوەڕوان بن.

کوردستانپۆست: دوای ئەوە؟

- دوای دوو سەعاتێک ئاگادارکراینەوە، کە  ئێمەش دەتوانین بەرەو کەرکوک بکەوینە رێ،  لەوێشەوە یەکسەر بەرەو هەولێر بە بێ وەستاندن دەبێت لە کەرکوک نەمێنینەوە و نابێت لە هیچ شوێنێک لا بدەین. ئەو کەسانەی سەیارەشیان پێ نییە و پیادەن، کە زۆربەیان خەڵکی چەمچەمال بوون، لەو دیو سنورەکانی حکومەت پاسیان بۆ هێنابوون بۆ ئەوەی بۆ هەولێر بیان نێرنەوە. هەر چەندە هێزەکانی یەکێتی لە سەعات حەوت و نیودا گەیشتنە چەمچەمچەماڵ و تەقەیان بە دوای ئێمەدا کرد ئەوەبوو حکومەتیش بە دویاندا تەقەی کردەوە و ئەمانیش بێدەنگ بوون.
کاتێک ئێمە گەیشتینە کەرکوک، دیتمان لەم بەر و ئەو بەری شەقامەکان سەربازی حکومەت ریزیان کردبوو، لە بازگەی کەرکوکیش چەند کاربەدەست و ئەفسەری گەورەی حکومەت بە سەیارەی مارسیدیسی رەشی سەرۆکایەتی سەیری ئێمەیان دەکرد، لە هەندێ لاشەوە نان و ئاویان بۆ ناو سەیارەکانمان هەڵ ئەدا.
بەم شێوەیە تا گەیشتینە هەولێر. لەوێ هەر کەسە لە بازگەی پارتی وتیان هەر پێشمەرگە و دەبێت پەیوەندی بە شوێنی خۆیەوە بکاتەوە. منیش بەرەو شوێنی دیارییکراوی خۆم کەوتمەوە رێ.

کوردستانپۆست: هیچ شتێکی تر ماوە باسی بکەیت؟ یان قسە و شتێکی ترت لەو بارەیەوە هەیە؟

- نەخێر حەز دەکەم لەوە زیاتر قسە نەکەم، بەتایبەتی ئیستا من لە کوردستانم، وای بە باش دەزانم لەوە زیاتر قسە نەکەم، با هەڵی بگرین بۆ کاتی خۆی. تکایە وەک چیم گووتووە لەوە زیاتر یان لەوە کەمتر بڵاومەکەنەوە و سوپاستان دەکەم.

کوردستانپۆستیش سوپاسی تۆ دەکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە