پێڵاوەکانی تاڵەبانی و قاقایەک بۆ کۆیلەیەک

Tuesday, 13/04/2021, 0:10

11385 بینراوە


ئەم پێلاوفرۆشە وەکو ئەوەی خاوەنی تابلۆیەکی بە نرخی مێژوویی، یان پاشماوەی کەلوپەلێکی دێرینی کۆن بێت، جوتێک پێڵاوی تاڵەبانی خائینی لەجامخانەی دوکانەکەیدا داناوە، بە خۆشییەوە وا دەزانێت گەوهەرێکی بەنرخ نمایش دەکات.
ئەم پیاوە سەرسپیە لە هزردا هێندە لەڕ و لاوازە، روخساری درۆ بەدەم قسەکردنەکەیەوە دیارە، کە ڕۆژێک دیداری خائینزادەیەکی کردوە لە قەلاچوالان و داوای پێڵاوەکانی کردوە، تا وەک موفەڕک بیپارێزێ و بیخاتە سەر سەری شۆڕی و پێی ووتوە "من پێڵاو فرۆشم" پێڵاوەکانتم بەرێ لای خۆم دەیهێڵمەوە، بۆ بەیانی تالەبانی بە یەکێک لە پاسەوانەکانی جوتە پێڵاوەکەی بۆ ناردووە دەڵێت: تا لە ژیاندابم نایان فەوتێنم.
ئەم کابرا بچوکە درێژە بە قسەپوچەکانی دەدات و دەڵێت: کەسانی ناودار دێن وێنە لەگەڵ تاکێک لە پێڵاوەکانی مام جەلالدا دەگرن و لەسەر سنگیان دایدەنێن، دەگرین و بۆنی پێوە دەکەن، وەک موفەڕک ماچی دەکەن.
کاتێک ئەم کابرا پێڵاوفرۆشە باسی بۆنکردنی کرد، قێزم لە هەموو شتێک کردەوە، بەڕاستی هیچ کەسێک تۆزێک خاوەنی کەرامەت بێت، هەستی بونکردنیشی نەمابێت، ناچێت جوێتێک پێڵاو بۆن بکات، چونکە بۆنکردنی پێڵاو ئەوپەڕی سوکی و نزمی کەسەکان دەگەیەنێت، بەتایبەتی پێڵاوی کەسێکی ناپاک و خائینی وەکو تالەبانی، بەڵام بۆ نا! ئەگەر یەکێک خۆی بکات بە سەگ و بڵێت من سەگی بارزانی، یان تالەبانیم، بۆ ئەو کەسەشی تێدا هەڵناکەوێت کە پێڵاوەکانیشیان بلێسێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی بە مەبەست خەڵکانی سوک و ترسنۆک و هیچ لەبارنەبوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ستایشیان بکەن و لەوێی ناشرینی خۆیاندا، کەسایەتی خۆیان لەناو ساویلکەیی ئەو پێڵاوفرۆشەدا دەشارنەوە.
من دەڵێم سوپاس گوزارم کە باوکێکی ئاوا تێکشکاوم نەبووە، کە شەرم داگیرم بکات، داخۆ دوای نمایشی ئەم پیاوە داماوە منداڵەکانی چۆن لەتەکیدا بەرخورد بکەن و چۆن سەردەنشی بکەن؟ تۆ بڵێیت ئەوانیش وەکو باوکیان نەبن، داوا بکەن بڵێن: بابە گیان لەگەڵ خۆتا ئێوارە تاکێک لە پێڵاوەکانی تالەبانی بهێنرەوە، تا بیخەینە ژێر سەرینەکەمان و بە ئاسوودەی تا بەیانی لێی بخەوین!؟ بڵێیت ئەوانیش وەکو باوکیان نەبن بەتەنگ شکۆ و کەرامەتی خۆیانەوە بن، نەفرەت لە میراتە ناشرینەی تالەبانی بکەن کە کەوتۆتە دەست باوکیان!؟ 
ئەم پیاوە پێڵاوفرۆشە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت من ٤٠ ساڵە سیاسەت دەکەم لەناو یەکێتیدا و چەند جارێک تاڵەبانیم دیوە، تاڵەبانی پێی ووتووین تەبابن باسی حیزبەکان مەکەن، من فیلمێکی کورتی بۆ دادەنێم و پیشانی دەدەم تاڵەبانی چی بە پارتی کرێکاران دەڵێت و چۆن سوکایەتی بەخەباتی ئەو حیزبە دەکات و دەڵێت با بچنەوە ووڵاتی خۆیان! ئایا ئەمە بۆنی تەبایی لێدێت! یان تەسلیمبوون و کوردکوشتن! 
بەهادینی پێڵاوفرۆش زۆر شتی پێووتین و زۆر ڕێگەی کۆیلە بوونی پیشان داین، لەم ماوەیەدا دوا تیری کەوانی یەکێتی دۆزینەوەی ئەم مرۆڤە تێک شکاوانەیە، لە نمونەی شادمانی مەلاعەزیزی سەحاف، ئەو کەسەی کە بەس درۆ دەزانێت و ترسنۆکی وا خۆی کردۆتە شوفێری تاڵەبانی و درۆ بەدەم مردویەکی نەفرەتلێکراوەوە دەکات.
قسە قسە دەهێنێت لەسەر باسی شۆڤێرەکەی تالەبانی، یەکێک لە شوفێرەکانی تالەبانی خۆی بۆی گێڕامەوە کە ڕۆژێک تاڵەبانی لە قەڵاچوالانەوە دەهێنیت بۆ سلێمانی، لای زیلە سوتاوەکان، ئەوەی خەڵکی شاری سلێمانی بێت، دەزانێت جێگەکە کوێیە! ئەو شۆڤێرە گێڕایەوە، کە لەو شوێنەدا ئۆتۆمۆبێلە تخەریک بوو وەربگەڕێت، شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی دەیهێنێتەوە سەر شەقامەکە، تاڵەبانی پریشکی دەکەوێت، کە دڵنیا دەبێتەوە لە وەرنەگەڕان رزگاری بووە بە شۆڤێرەکە دەڵێت :"خەریک بوو کورد ڕزگاری بێت" .
ئەوە بەو مانایەی کە تاڵەبانی خۆشی دەزانێت چ مەعدەنێک بووە ؟
من چەندین ساڵ لەو چیایە و لە ناو شاردا بووم، نەم بیستوە و نەم دیوە کە بەهادینی پاتا سیاسیی بووبێت و شادمانی سەحاف شوفێری تالەبانی بووبێت، بۆیە دواتیری کەوانی ماڵی تاڵەبانی نیشانی نەپێکا .
گەلان کە باس لە سیاسییەکانیان دەکەن قسە و بەرهەمەکانیان کردەوەکانیان دەکەنە نمونە نەک پێڵاوەکانیان، ئەمە تەنها لە تاکی گەلێکدایە کە هەموو شکۆیەکی لەدەست دابێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە