مەلا عەبدولی سەلەفی ئەڵێ؛ گەر مزگەوتەکان ناکەنەوە ئەوە با بازاڕ و مۆڵەکانیش نەکرێنەوە و دابخرێن. چونکە ناکرێ تەنها مزگەوتەکان دەرگاکانیان کڵۆم بدرێن، بەڵام مۆڵەکان و بازارەکان بکرێنەوە.
سەد لە سەد لەگەڵ ئەم مەلا خوێندەوارەم کاتێ پێی وایە مۆڵ و بازاڕ نرخ و بایەخ و گرنگیان یەکسانە بە مزگەوتەکان.
دیارە خۆ ئەم مەلا لەخۆیەوە نایەت ئەو فتوایە دەربکات، هەڵبەت لێکدانەوەی تەواو و گونجاوی بۆ کردوە و گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی، مزگەوت و ماڵی خوا کە دیارە تەنها لای باوەڕداران وایە ، ئەگینا هەر یەکەیان ناو و نیشانێکی خۆی هەیە. نابێ دابخرێن، گەر نا ئەچێتە موحەرەماتەوە.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە چونکە ئەگەر دابخرێن ئەی کێ نزا و پاڕانەوە بۆ سوپای ئەردۆگانی ئیسلام بکات و بەسەر هێزەکانی پەیەدە و یەپەگەی کافر و دۆستی ئەمریکادا سەریان بخات. ئەی کێ ئایەتی فەتحیان بۆ بخوێنێتەوە.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی موسڵمانانی کورد بێ بەش نەبن لە بەشداری کردن و لە فتوای دژ بە وڵاتی چین کە ئیسلامەکانی خۆی ئەچەوسێنێتەوە و ناهێڵێت هۆرینگاکان ئایینی خۆیان پەیڕەو بکەن
با مزگەوتەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی مەلا عەلی قەرەداغی و چنگیانی و مەزهەر و ئەوانی تر ڕێنیشاندەری موسڵمانی کوردبن بۆ ئەوەی سەرمایە و پارەکانیان لە دەوڵەتی تورکیای ئیسلامیدا، سەرف بکەن.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە تا ووتار بێژ وجومعەبێژ هانی موسڵمانی لاو و گەنجی کوردستان بدەن، نەبن بە پەکەکە و لە جیاتی ئەوان سیرات لسموستەقیم هەڵبژێرن ببن بە داعش و ئیخوان و ئەنسار و بەشداری جیهاد بکەن.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە تا مەلا دڵسۆزەکانمان فێرمان بکەون، کە چۆن زەردەشتیی ئایین نییە و هی ئاگرپەرستان و فارسە کۆنەکانە، با فێرمان بکەن سەلاحەدین سەرکردەیەکی مەزنی کورد بووە و شانازی بە ئیسلامبوونی خۆیەوە کردووە.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە تا مەلا و ڕەوانبێژەکانمان فێرمان بکەن شەرەفی پیاو لای ئافرەت و ژنەکانیانە، خاك و نیشتمان هیچ نییە هەمووی هی ڕەبولعالەمینە هی ئەو موسڵمانانیە کە یەکێکی وەکو ئەردوغان رابەرایەتی دەکات، هەروەها هەر کاتێ خوشك و دایکمان گومانیان لەسەر بوو، بیانکوژین.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە وهاوڵاتی کورد فێری ئەوە بکەین، کەچۆن دەست نوێژ بگرن و چۆن کاتی خۆی ئەسحابەکان بە قاچی ڕاست هەنگاویان ناوە و دەستی چەپیان بەکارهێناوە بۆ پاکژکردنەوەی دواوەی خۆیان لەکاتی تارات، ئەوەی دەست و قاچی چەپی بەکارهێنابێ، قبوڵ نییە و ئایینەکەی خێری نییە.
با مزگەوتەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی شاری ڕۆشنبیری حوسەینیەی لێ ئاوەدان بێ و دڵی ئێرانمان لێ نەیەشێت. با هەوڵ بدەین شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لەڕێگای ئەم تەریقەتەوە موچەی فەرمانبەرەکانمان بۆ دایبین بکات.