دیداری ئاپێی مەزن

Saturday, 17/04/2021, 21:46

2841 بینراوە


پاییزی ساڵی ٢٠١٧ بوو، ھەشت نۆ دە ھاوڕێی (ھەڤاڵ) دووانیان ژن بوون. پێش کەوتنی تاریک و ڕوونی بەیانی بە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتلەسلێمانیەوە بەڕێکەوتین.
لەگەڵ خۆرەتاو کەوتنی ئەو بەرە بەیانیە بەقووڵایی ڕێگا پێچاو پێچە باریک و پڕ جۆگای بەر نساری سێبەری دارھەناری لێرەواڕەکان و گەڵایدار گوێزە بەئاسمان چووەکانی خوار ڕێگاکانی بەر تیشکە دزەی خۆرە ئاسۆییەکەی پشتی کەلەکان کە تازە لەھەڵاتن بوو. جارێ سەربەرە وھەوراز بۆ ترۆپکی چیا و بۆ دەست لەملانێی ھەور جارێ سەر بەرە و نشێو بۆ تاریکی دۆڵەکان لەتەک شوڕەی ئاوی ڕووبارە تیژڕۆنەسرەوتەکەی ئەزەلەوە.
ووردە ووردە ڕێگاکە تەختایی تێدا نەدەما. ھەموومان وەستاین.
 مێرد منداڵە بزێوە لەکۆماندۆ چووەکان بە نمایشە پاڵەوانیەکانیان بە مۆتۆرسایکلە چیایە چاملغ بەرزەکانیان بەتەناش و بەوەستان وبەقەڵەمبازێک لەتوولە ڕێیە باریکەکان لەنێو تەم و مژی گەڵای دار بەڕووەکان وون دەبوون.
لەوێدا لاندکرۆزێکی مێخ زەمینی تایە گڕنی گڕنی لە ماشێنی قاچاغچیەکان چوو بە دوو کەڕەت ئێمەی بارکرد و باڵی گرت وەک بروسکلەکەلێنی ھەورەکان چەخماخەی خۆی لەنێو گابەردە گەورە پتەوە چەسپاوەکان دەکردەوە.
تاو نا تاوێ ھێندەی نەدەما قڵب بێتەوە و بە دۆڵە ھەزار بەھەزارکە دابچێتە خوارەوە و ھەپرون بە ھەپرون بێت.
دیسان لێزانانە دەکەوتەوە سەر چوار تایەکانی و دڕی بە پاشەخۆی دەداو بەسەما گەڵا وەریوە شێدارەکانی دەپڕژاندە ئەو ناوە و وەستانینەبوو تا نێوەڕاستی جەنگەڵەکە.
لەوێ دونیا کش و مات لێرە و لەوێ لەنێو گەڵاکان لەدەنگی باڵی فڕینی مەلەکان بەئاگا دەھاتینەوە. ھەستت دەکرد...
کوردستان شوێنی ھاتنی وەحیە و جێی تیاڕامانی ئەو سروشتە ئەفسوناویە خواییەیە ئەستەمە جوانیەکانی بەراورد بکرێ.
ئەو ڕۆژە تا ڕۆژاوا بوون، تەیارەکان ئاسمانی ئەوێیان تەی دەکرد و لەپشتی ھەورەکانیش ڕا دیار نەبوون. 
لەچاوەڕوانیەکی بێ ھوودە بووین، ھەستت دەکرد خانۆ لە قەڵای دمدمەوە خاچۆی لە دوا بێت.
ئێستا نا تاوێکی تر گورج لەنێو دار بەڕووەکان جەمەدانیەکەی بەسەر شانەوە بێت و بێژێت( دەم باش )
درەنگی ئەو ئێوارەیە تەیارەکان ئاسمانی ئەو ناوەیان جێ ھێشت دوای ئەوەی لەخشەی مار و مێرووش دەگەڕان زوومی ئیبلیسیان کردبووەملیۆن ملیۆن بێگسل بۆ ئەوەی مەزن بناسنەوە. بێئاگا لەوەی وەک ئیبراھیمی پەیامبەر چۆن لەجوودی لەچەنگ نەمروود دەپارێزرا.
ئەو ئێوارەیە بەھەمان نەزمی سەرکەوتن نشێو بووینەوە ناو دۆڵەکە.
بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر پێداچووینەوە.
ھێشتا چێشتەنگاو نەبوو، دەنگی تەیارەکانیش نەدەبیستران. لەبن چادرێکی ڕەنگ خاکی و نەخشێندراوی بەر گەڵای دار بەڕووەکان لەدووڕێز ئەسکە ملی جێی خۆمان گرتبوو.
دوای تۆزێ گەڵای دار بەڕووەکان بەجووڵە کەوتن
گەڵا ووشکەکان وورد و خاش دەبوون
لەوێ جارێکی تر ھەستت بەبۆنی ڕووحی ڕحای دەکرد لەئورفەی پیرۆز.
تارماییەکە بووە ڕاست
ئاپێ مەزن ھەنگاوەکانی بەتووندی دەچەقینە خاک. دوو پاسەوانەکە یەکیان غەدارەیەک و ئەوی تر ڕەختێ بۆمبی لەپشتێنی بەستا بوو.
گەییە لای ئێمە بە گەرمی، بە تووندی دەستەومستانێی لەگەل کردین.
وورد وورد پیلی گرتین بە ناخی مێژووی دا بردینە خوارێ. لەوێ بەڕابردووی بناری چیا سەرکەشەکانی زاگرۆسی میزۆپۆتۆمیای ئاشناکردینەوە.
لەوێ ڕووحی پەیامبەرەکەی لەکۆت و سندم ئازاد کردوو ھێنایە ناوامان.
تا ئێوارە لە قسە نەکەوت بەتەنیا لەدەمی خواردنی ئەو ژەمە ساوارە خۆراکە خۆڕسکەی کوردەواری نەبێت.
گێرایەوە، گۆتی...
ئێوارەیەکیان دوای نیقاشێکی تێر و تەسەل. خۆم و ئەو و شۆفێرەکەی لەمارسیدیسێک دا بووین.
پرسیاری بڕگەیەکی گفتوگۆی ئەو ڕۆژەم لێکرد.
ئاوڕی دایەوە
لەبەر دەرگا شۆفێرەکەی مەرەخەس کرد.
دیسان تا بەیانی بە درێژایی ئەو شەوە مێژووی وەک لۆکە بۆ شی کردمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە