لێدوانێك په‌یوه‌ندیدار بە سزادراوان و ڤیدیۆی دانپێدانانه‌كان

Saturday, 04.17.2021, 22:01

1172 بینراوە


لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانى تاكۆر زه‌رده‌شتى
په‌یوه‌ندیدار بە سزادراوان و ڤیدیۆی ژێر ناو (دانپێدانانه‌كانی تاوانباران)
بۆ:سه‌رجه‌م ڕاى ڕاگه‌یاندنه‌كان
بۆ:ڕاى گشتى كوردستان و جیهان تاكۆر زه‌رده‌شتی

وەک زانراوە سیستەم و یاسا و دادوەری هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی خۆسەپێنی حیزبی بنه‌ماڵه‌یی به‌ ته‌فتیشی بیروباوه‌ر به‌ چه‌مكی ئەنگیزاسیۆنی چه‌رخی ناوین بە دەسەڵاتێکی كاپیتۆلاسیۆن له‌ژێر بەرژەوەندی و سیاسەت و ئه‌جندای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەڕێوە دەبرێت، بۆیە بووەتە میکانیزمێکی گۆشار و دەستگیرکردنی سەدان وڵاتپارێز و کەسانی خاوەنی بیروڕای جیاواز و بوونەتە هەڕەشەیەکی گیانی و مادی بۆ سەر ڕۆشنبیران و چالاکوانان و ڕەخنەگران و گەنجانی خوێنگه‌رمی وڵاتپارێز. ئەم سیسته‌مە به‌تایبه‌تی لەم ساڵانەی دواییدا به‌به‌رده‌وامی بووە هۆی گرتن و دەستبەسەرکردن و ڕفاندن و وڵاتبه‌ده‌ركردن و تیرۆر و تۆقاندنی ئاشكرا و شاراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی بێ دیفاع.
بۆیە بەهۆی باری تایبەتی و کتوپڕی منەوە گرێدراو به‌ سزادانی ئەو چالاکوانانە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاوەوە بۆ ئەوەی لێدوانی پێویستم هه‌بێت بارودۆخێكی نه‌خوازراو بۆم هاته‌ پێش كه‌ ده‌رفه‌تم بۆ نه‌ڕه‌خسێت سەبارەت بە سزادان و بڵاوکردنەوەی گرته‌ ڤیدیوی به‌ناو (دانپێدانانی تاوانباران) لەلایەن ئەنجومەنی تاكلایه‌نی ئاسایشی هەرێمەوە، بگه‌ینمه‌ ئاگاداری ڕای گشتی. 
بۆیه‌ من وەک ئەرکی بەرپرسیارێتی و وشیاری کۆمەڵایەتی خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لە بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامە و ڕاشده‌گه‌ینم له‌ هه‌لوێست و تێكۆشانم به‌ هاوشانی سه‌دان چالاكوانی بادینان به‌تایبه‌تی سزادراوانی 16ی شوبات له‌ مه‌یدانی به‌رخودانی كۆمه‌ڵگای بادینان پاشگه‌ز نابم و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌تا دوا هه‌ناسم له‌سه‌ر تێكۆشانی مه‌ده‌نیانه‌ له‌به‌رانبه‌ر زوڵم و زۆڕ و نادادی و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن له‌ هه‌رێم و له‌به‌رامبه‌ر دژایه‌تیم دژبه‌ سیاسه‌ته‌ تاكلایه‌نانه‌ و كۆلده‌رانه‌ به‌رامبه‌ر داگیركارانی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بم.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی سیستەمی تۆقێنه‌ر دژ بە ڕۆشنبیران و هاوڵاتیانی ئازادیخواز و چالاکوان و ڕەخنەگران، وەک درێژه‌پێدانی ئەو کارە ڕەشانە ، کە بەشێکن لە نه‌ریتێكی كۆنی ئەم دەسەڵاتە به‌ هێرشی تیرۆركاری به‌سەر دکتۆر غالب لە سلێمانی و هاوڕێ كوردی له‌ هه‌ولێر و ئه‌شكه‌نجه‌ی نوسه‌ر دانا و هەوڵدان بۆ ڕفاندنی کاک سۆران عومەر یان من لە سلێمانی لەم له‌م ماوه‌یه‌دا درێژه‌پێده‌ری به‌رده‌وامی سیسته‌می تیرۆركاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بووه‌. هەوڵدان بۆ له‌ناوبردنی ده‌نگه‌ بوێره‌كان به‌ ئامانجی دانانی به‌ردێك لە سه‌ر کار و چالاکی و ده‌نگی مافخوازی تا ئێستاش به‌رده‌وامن، به‌ڵام من وه‌كۆ تاكۆر به‌ هه‌ر ڕه‌نگێكی پێویست بكات ته‌سلیمی ده‌ستی كۆلده‌رانی ده‌وله‌ته‌ داگیركه‌ره‌كان نابم. 
بۆچی سزای یاسایی لەسەر ئەو چالاکوانانە؟
1-من و هەر یەکێک لەم چالاکوانانە لەگەڵ چەندین چالاکوانی تری گیراو له‌ ڕه‌شچاڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات، زیاتر لە 10 ساڵە بە ئازایەتییەکی گەورەوە لە گۆڕەپانی ڕه‌خنه‌گرتنداین بۆ ئاشکرا کردنی گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌كانی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابۆری و په‌روه‌رده‌یی، به‌ چالاكی ڕۆژنامه‌وانی و سۆشیال مه‌دیایی به‌ مه‌ده‌نیانه‌ له‌ شه‌قامداین، كه‌ به‌ پێی یاسای جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ له‌ ماده‌كانی ژوماره‌ 18 تا 21 گرێدراو به‌ مافی ڕه‌وای ئه‌م چالاكوانانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌سه‌ر زیندان كردن و سزادانیان تاوانباره‌. هەر یەک لە ئێمە به‌ چه‌نده‌ها جار دەستگیركراوین، ڕفێنراوین، ئه‌شكه‌نجه‌ دراوین، ئازار دراوین، سووکایەتی پێ کراوین، قووت بڕ كراوین، شاربه‌ده‌ر كراوین، وڵاتبه‌ده‌ر كراوین و كه‌وتوینه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی بكه‌ر نه‌دیاری. لە نێویاندا ڕفاندنی ڕه‌خنه‌گر عەباس بریفکی و به‌توندترین شێوەی ئەشکەنجەدانی، ڕفاندنی ئه‌یهان سەعیدی ڕۆژنامه‌وان و به‌توندترین شێوە ئەشکەنجەدانی، گرتن به‌سه‌ر ماڵی مامۆستا مێهڤان به‌رۆشكی شاعیر و به‌ مه‌ترسیدارترین شێواز ئه‌شكه‌نجه‌ دانی، چه‌ندین جار گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌یاز كه‌ره‌می ڕۆژنامه‌وان، ڕفاندنی من و به‌ توندترین شێواز ئه‌شكه‌نجه‌دانی من، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ تیرۆر كردنی ڕۆژنامه‌وان وه‌دات حوسێن كه‌ ئه‌م كردارانه‌ هه‌موویان به‌ به‌ڵگه‌ و داتا به‌رده‌ستن به‌ڵام به‌هۆی ناسه‌روه‌ری یاسا ئه‌مانه‌ و سه‌دان كه‌یسی تر به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ و به‌هه‌ڵپه‌سراوی ماون.
2-من وه‌كو كازم شوكری ناسراو به‌ تاكۆر زه‌رده‌شتی له‌سه‌ر ناوی ئه‌م هاوڕێیانه‌م كه‌ به‌نادادانه‌ سزادراون و به‌ناوی ده‌یان گیراوی تری هاوڕێم كه‌ له‌ناو هه‌ژماری سه‌دان گیراوی تر له‌ زیندانیكانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدان كه‌ به‌كۆی گشتی بێ تاوانن و له‌سه‌ر مافخوازی و پارێزوانی له‌ كرامه‌تی كۆمه‌ڵگا و تاكی كورد گیراون، ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ په‌یوه‌ندی ئالۆگۆڕی بیر و بۆچونی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خڵاقی و نه‌ته‌وه‌یی و رؤژنامه‌وانی و چالاكی مه‌ده‌نیانه‌دا بۆین له‌ پێناو خزمه‌ت به‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵگا و ڕای گشتی و ئه‌كداری وژدانی. بۆیه‌ ئێمه‌ كه‌ به‌ به‌رفراوانی كارمان له‌سه‌ر هوشیاری ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگا كارمان ده‌كرد له‌سه‌ر ئاشكراكردنی زنجیره‌ی به‌ڵگه‌تاوانه‌كانی ده‌یان ساڵه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، تاوانه‌ شاراوه‌كان و تیرۆره‌ بكه‌رنادیاره‌كان و نابه‌رپرسیاریه‌كان و خۆسه‌پێنی سیسته‌می كۆمپرادۆری و تۆتالیته‌ری ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌،
3- بەپێی بەڵگەنامە و پرۆسەکانی چەند ساڵی ڕابردوو ئێمە وەک چالاکوانانی بادینان سه‌ره‌رای چەندین جار لەسەر کارە نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتیە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانمان دەستگیر کراوین، ئه‌شكه‌نجه‌ دراوین، زیندان كراوین به‌ڵام هه‌ر دیسان لە ڕێگەی ویژدانی نەتەوەیی و مرۆییەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و قەڵەم و چالاکییە مەدەنییەکانەوە بەردەوام بووین لە کاره‌ ویژدانیه‌كان و مرۆییه‌كانمان، بۆیه‌ ئێمه‌ی چالاكوانانی شه‌قام لە چاوی کۆمەڵگاوە ورده‌ ورده‌ وه‌كۆ چرایه‌كی گه‌شی داهاتوو وەک ڕووناکییەک بۆ نەوەی نوێی قوربانی حیزبه‌كانی بێ به‌ڵین، گەنجی وشیار و پێ گه‌یشتوو بینرایین. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو هێزی ڕاگه‌یاندنو به‌ده‌یان كه‌ناڵی ئه‌سمانی ده‌سه‌ڵات بۆ ڕه‌شكردن و ناشرین كردنی ئێمه‌ی چالاكوان له‌به‌ر چاوی ڕای گشتی، 
4-به‌هۆی دیاربوونی فه‌زیحه‌ی ناسه‌روه‌ری یاسا به‌شێوازێكی زۆڕ ڕاشكاوانه‌ و ناڕه‌زایه‌تی به‌رفراوانی كۆمه‌ڵگای ناوده‌وله‌تی و ناوخۆیی تا ڕاده‌یه‌ك كه‌ خودی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رامبه‌ر ئه‌م ناسه‌روه‌ریه‌ی یاسا به‌زمان بێت، بڕیاره‌كه‌ ڕوبه‌ڕوی گۆشارێكی گه‌وره‌ی ناوده‌وله‌تی و ناوخۆیی هات، تا ئاساتێك كه‌ لایه‌نی بڕیارده‌ر خۆی به‌ ناچار ببینێت په‌نا بباته‌ به‌ر به‌ڵاوكردنی ڤیدیویه‌ك له‌ژێر ناوی (دانپێدانانی تاوانبارانی به‌هدینان) بۆ كه‌ به‌ یه‌كه‌م قۆناغ ببێتە هۆی ڕاستكردنی هەڵەی سەرۆکی حکومەت و ئەو لێدوانه‌ی کە پێش بڕیاری دادگا دای و چالاكوانان به‌ تیرۆر و ته‌قتاندن و سیخوری بۆ ده‌وله‌تانی دراوسێ تاوانباریان کرد، هه‌میش بۆی كه‌ بتوانرێت بكرێته‌ به‌ وه‌ڵامێك به‌رامبه‌ر ڕای گشتی و ناونه‌ته‌وی. 
5- ئێمه‌ی چالاكوانانی به‌هدینان و شیلادزێ به‌ساڵانه‌ به‌ ئارگۆمێنت و كه‌سایه‌ت و چه‌مك و شێوه‌ی ژیان و كار و تێكۆشانمان له‌ قۆناغه‌كانی ژیانیدا به‌ها و سه‌نگی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تیمان له‌به‌ر چاوی ڕای گشتی و مه‌یدانی هه‌ره‌ زۆڕینه‌ی ده‌ست به‌ پێنوسی وشیاری كۆمه‌ڵگا سه‌ڵمێنراوه‌. بۆ ڕای گشتی و به‌شی هه‌ره‌ زۆڕینه‌ی پێنوسبه‌ده‌ستی كورد له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئێمه‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاوی پڕه‌نسیبی گیانی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگای كوردستانین. بۆیه‌ له‌چاوی كۆمه‌ڵگا و ڕای گشتی ئه‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیو به‌ تاوانێكی زۆڕ گه‌وره‌ بینرا و كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆڕ گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ئێمه‌ وه‌كو چالاكوانا به‌هدینان چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چواردیواره‌كان بین یان له‌زنجیر و كه‌له‌مچه‌ی نادادوه‌ریدا بین له‌ ده‌ره‌وه‌ و ژوره‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م گیانه‌ شكۆداره‌ تێكۆشانی نه‌ته‌واتیمان به‌هه‌ر ڕه‌نگی خه‌باتی مه‌یدانی و مه‌ده‌نی به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌ی نیشتمان و به‌ها ونرخه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بین.
ستونه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناوه‌رۆكی سزادان و به‌ڵاو كردنی ئه‌م ڤیدیووه‌ له‌ژێرناو (دانپێدانان)
وەک زانراوە دوای دەستدرێژی کردنە سەر په‌یج و ئه‌كاونته‌ شه‌خسیه‌كان و گروپچاته‌كانمان له‌لایه‌ن هێزە ئەمنییەکان و تیمە هاككه‌ر و دەستە ڕەشەکانی دەسەڵات، به‌جۆڕێكی زۆڕ بێبه‌ختانه‌ و تێكده‌رانه‌ له‌ یه‌كه‌م قۆناغ كه‌وتنه‌ سوكایه‌تی پێكردن و ڕه‌شكردنی چالاكوانان، لە قۆناغی دووەمدا دەنگه‌ شەخسییه‌كان ده‌مه‌قاڵێی ناوبه‌ری چالاکواناندا كه‌ كه‌وتبووه‌ ده‌ستیان بەکاریان هێنا بۆ ڕێخۆشكردنی ناکۆکی ناوبه‌ری ئێمه‌ و هه‌ڵسان به‌ به‌ڵاوكردنیان له‌به‌رچاوی ڕای گشتی بۆ لەناوبردنی ئەو باوەڕەیه‌ی کە ساڵانێکە لە نێوان ئێمه‌ چالاكواناندا له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا بەردەوام هه‌بووه‌. ئه‌مه‌ش وەک پێشه‌یه‌كی دێرینی خۆیان كه‌ بەردەوام له‌سه‌ر رێچکەی ماکیاوێلی له‌ دێرزه‌مانێكه‌وه‌ دیسان درێژه‌ پێ دراوه‌. هه‌لبه‌ته‌ من به‌ پێویستی ده‌زانم ئاشكرای بكه‌م هۆی سه‌ره‌كه‌ی ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ی كه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی ده‌سته‌ڵات و توانی له‌م ڕێگایه‌وه‌ ده‌رگایه‌ك بكاته‌وه‌ و ڕه‌شكاری و ڕه‌شبگیری له‌سه‌ر ئێمه‌ی سه‌دان چالاكوانی به‌هدینان بپێكێ خودی كه‌سی ساده‌ ئه‌زمون و خۆبه‌گه‌وره‌ بین له‌ناو خودی خۆماندا بوون كه‌ به‌ ده‌رفه‌تی خۆبینی له‌ ده‌ریچه‌ی چاوی گه‌لی ئازار چه‌شتوو و هه‌ژار و مه‌زڵومه‌وه‌ له‌ كاتێكی زوو هه‌ندێكمان بكه‌وینه‌ دۆخی تاكڕه‌وی ناگونجاو به‌بێ په‌روه‌رده‌ و سه‌نجینی دۆخه‌كه‌ له‌ خه‌ونی شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری به‌ لایك و كۆمنتی سۆشیال مه‌دیایی له‌ دیدی سه‌ركێشی سه‌رخۆشی ده‌مكی هه‌ر خۆمان تا ئاستێكی زۆڕ بوینه‌ هۆی زیانی گه‌وره‌ له‌ زۆڕ بواردا كه‌ شیكاری و كردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕه‌هه‌ندی زۆڕ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت و كاتێكی زۆڕی پێویسته‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پێویست كرا ئه‌توانم وه‌ك ڕه‌خنه‌دایینێك به‌ ته‌واوی ورده‌كاریه‌كانیه‌وه‌ ڕۆنكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ویش بخه‌مه‌ به‌ر چاوی ڕای گشتی. 
بەڵام بەم گرتە ڤیدیۆییە کە بە گشتی ته‌سفیه‌حیسابێك بوو لەگەڵ ئەم ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانه‌ بوێره‌كان كه‌ نه‌یانتوانیبۆ وه‌كو به‌سه‌دان ڕەئووف و نه‌زیر و ڕێناس و سۆران و سەردەشت و وه‌داته‌كان لەناوببەن بۆیە بە هه‌وڵ و ئۆپه‌راسیۆنێكی ڕێكخستنكراوی هه‌مه‌لایه‌ن هەموو هێزی ئه‌منی و له‌شكری خۆیان خستنه‌ جوله‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری تا ئەم دەنگە ناڕازیانە به‌شیوازێكی زۆڕ كارا و كه‌مه‌رشكێن تێك بشكێنن. كه‌ لێره‌دا هۆكاره‌كانی له‌چه‌ند خاڵدا ئاشكرای ده‌كه‌ین:
1-ئه‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیووه‌ی به‌ڵاو كراوه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌یه‌كه‌م قۆناغ ده‌ربڕینێكه‌ بۆ به‌رچاوی لایه‌نگرانی خودی خۆیان كه‌ وه‌كۆ ئه‌زمون ناسی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ به‌ساڵانێكه‌ به‌پێی فلیم و دراما دوبلاج كراوه‌كانی توركی و هندی نیوه‌ خه‌یاڵی ڕاهێنراون، ئه‌مه‌ش به‌ هێزی ڕاگه‌یاندنی كه‌ وه‌كۆ ئه‌هرۆمێكی گه‌وره‌ به‌گشتی له‌ژێر كۆنتڕۆل و ئیراده‌ی خۆیاندایه‌ هه‌مێشه‌ توانیانه‌ یاری به‌ شعۆری كۆمه‌ڵگای بادینان بكه‌ن و ئه‌مجاره‌ش به‌مشێوه‌یه‌ هه‌وڵ بده‌ن قایلیان بكه‌ن له‌سه‌ر به‌ڕه‌وابوونی پێشێلكاری یاسایی و به‌ڕه‌واكردنی ئه‌م تاوانه‌ نادانانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م چالاكوانانه‌ له‌ فلته‌ری یاساییدا.
2-ئه‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیووه‌ هه‌وڵێك بووه‌ بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆناكیه‌ی بیر و ڕای ئازاد و ده‌نكی وشیاری كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر زوڵم و تاوان و نادادیه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌ به‌ هیممه‌تی ئه‌م چالاكوانه‌ بوێرانه‌ گه‌یشتبوو قۆناغێكی زۆڕ به‌رز كه‌ ویستیان كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م ڕۆناكیه‌ ڕه‌ش پێشان بده‌ن.
3-به‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیووه‌ ویستیان په‌یامێك بده‌نه‌ ته‌خی وشیاری كۆمه‌ڵگای گرێدراوی نرخ و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كه‌ لایه‌نی په‌كه‌كه‌ و تێكۆشانی چه‌كداری ئه‌وان به‌رامبه‌ر داگیركاری ده‌وله‌تی ترك و جولانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری په‌كه‌كه‌ به‌ ناڕه‌وا بخه‌نه‌ به‌رچاوی كۆمه‌ڵگا و هه‌ر جۆڕێكی نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وان وه‌كو تاوانێك پێشان بده‌ن و سنوره‌كانی هه‌ستیاری و هاوسۆزی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر شۆڕه‌ش و به‌رخودانی گه‌ریلاكان ته‌سكتر بكه‌ن و هه‌ر جورێ په‌یوه‌ندی و هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر ئه‌وان لاواز بكه‌ن. 
4-به‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیووه‌ ژێرناو دانپێدان، هه‌وڵیان داوه‌ هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان وه‌كو ئه‌منیه‌تی نیشتمانی ڕایخه‌نه‌ به‌رچاوی كۆمه‌ڵگا، تۆماركردنی ڤیدیووه‌ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هێز و ئامێر و باره‌گا و داگیركه‌ری ده‌وله‌تی تورك وه‌كو له‌ به‌ناو به‌ڵگه‌ فلیمه‌كه‌ی دانپێدانان دا ده‌رده‌كه‌وێت به‌ هه‌ر ڕه‌نگی نوچه‌گه‌یانی و دژایه‌تی كردن به‌رامبه‌ر داگیركاری ده‌وله‌تی تورك له‌ باشور بیخه‌نه‌ چارچێوه‌ی سیخوری و خیانه‌تی نیشتمانی و هۆشداری ده‌ده‌نه‌ خه‌ڵك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كرداره‌ سزایه‌كی به‌م شێوه‌یه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
5-به‌م به‌ڵگه‌ ڤیدیووه‌ ده‌ستیان كرد به‌ دیماگۆژی به‌ هه‌ندێك وێنه‌ به‌ڵاوكراوه‌كانی شێروان شێروانی كه‌ پێشتر وه‌كو پێشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی وێنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی گه‌ریلا گرتبوو و به‌ڵاویشی كردبوو، چه‌واشه‌كردن له‌لایه‌ك و به‌ هه‌ده‌ف گرتن و به‌ هێلی سور پێشاندانی سه‌ركرده‌ شۆڕه‌شگێره‌كانی كورد كه‌ له‌چاوی كۆمه‌ڵگادا له‌لایه‌كی تر هه‌وڵێكه‌ بۆ كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ به‌لیمه‌تانه‌ی كه‌ به‌چاوی كۆمه‌ڵگا كه‌سایه‌تی هه‌ره‌ تێكۆشه‌ری ده‌یان ساڵانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بینرێن به‌ناشرینی پێشان بده‌ن هه‌میش به‌ ئامانجی گرێدانی ئه‌م چالاكوانانه‌ به‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ شۆڕه‌شگریه‌ و پێشاندانیان وه‌كو به‌ئاراسته‌كراوی قه‌ندیل هه‌وڵێك بێت بۆ ئامانجی ڕه‌وایه‌تی دان بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ریان له‌به‌ر چاوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تی كه‌ گوایه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی تیرۆری هه‌یه‌. هه‌روه‌ك چۆن دوای به‌ڵاوبوونی ڤیدیووه‌كه‌ كه‌ وه‌ك بڵێی به‌ڵگه‌كان به‌شی نه‌كردبێت و ته‌نیا به‌ تۆمه‌تباركردنی په‌كه‌كه‌ قایل نه‌بوون و خۆیان به‌ناچار بینی لایه‌نێكی تریش به‌كار بهێنن و له‌به‌ر چاوی ئه‌مریكا چالاكوانان به‌ سیخوری بۆ ده‌وله‌تی ئێران تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م تاوانباركردنه‌ش ده‌كه‌وێته‌ چارچێوه‌ی بێ ڕه‌وشتی له‌ دادوه‌ری و بێ كیاسه‌تی و هه‌تا خیانه‌تی نیشتمانیش. 
وته‌ی كۆتایی
من كه‌ وه‌ك كادیری په‌كه‌كه‌ له‌قه‌له‌م دراوم كه‌ گوایه‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ ئیشی گواستنه‌وه‌ی زانیاریان بۆ من كردووه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی ئه‌م ڤیدییوه‌ به‌كار هێنانی ناوی من وه‌كو ئاراسته‌كار و پاڵده‌ر هه‌وڵیان داوه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا په‌ڕۆبالێكی به‌رفراوانتر بده‌نه‌ به‌ڕه‌واكردنی په‌یوه‌ندیمان به‌ حه‌ره‌كه‌تی شۆڕه‌شگری شاخ له‌به‌ر چاوی ڕای گشتی ڕای گشتی. سه‌ره‌ڕای به‌شداریم له‌ هه‌ر جۆڕێ ناوه‌ندی چالاكیه‌كانی مه‌یدانی گرێدراو به‌ هه‌ڵوێست و ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌ نرخ و به‌ها گه‌له‌ریه‌كانی نیشتمانی كه‌ زۆڕبه‌یان به‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی نزیكی په‌كه‌كه‌ ڕێك ده‌خرێت به‌ڵام هه‌رگیز من ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ نه‌بوومه‌. ئه‌مه‌ له‌ ساڵی 2000ه‌وه‌ تا پێش 3 مانگ كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ سپۆنسه‌ری په‌ده‌كه‌ فه‌سل كراوم من له‌ پۆستی له‌شكری سه‌ر به‌هه‌رێم ده‌وامم كردووه‌. بێ گۆمان منیش وه‌كو سه‌دان هه‌زار خه‌لكی باشوری كوردستان حه‌ره‌كه‌تی شۆڕه‌شگه‌ری په‌كه‌كه‌ و قه‌ندیل وه‌كو نرخ و به‌هایه‌كی گه‌له‌كه‌مان ده‌زانم و به‌هیچ شێوه‌ش له‌سه‌ر ویست و بریاری بڕیاری ده‌وله‌تی فاشیستی تورك دوژمنایه‌تیان ناكه‌م. له‌كۆتایشدا ده‌بێت بڵێم كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كه‌ی تر كه‌ له‌ كه‌یسی ئه‌م چالاكوانانه‌دا من وه‌كۆ كه‌سی كلیدی خراومه‌ته‌ به‌رچاو ئه‌مه‌یه‌: چونكه‌ من سه‌ره‌ڕای به‌ساڵانه‌ له‌ناو زكی ئه‌واندا بوومه‌ هه‌موو كاتێك وه‌كو بوركانێكی سه‌رهلدێر كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكڕدرێت به‌رامبه‌ر بێدادیه‌كان و گه‌نده‌ڵیه‌كانیان وه‌ستاوم، بۆیه‌ ئه‌وان له‌هه‌ر كه‌سێك باشتر من ئه‌ناسن و له‌به‌ر ده‌ست بوونی به‌لگه‌ و زانیاری له‌سه‌ر من و كه‌سایه‌تی من به‌ ده‌ستگیركردنی من ده‌یانه‌وێ گرانیه‌كی یه‌كجار زۆڕ بخه‌نه‌ سه‌ر كه‌یسی ئه‌م چالاكوانه‌ بێتاوانانه‌ كه‌ وه‌كو سه‌ركه‌وتنه‌ك ده‌بینن له‌ دادگای ئستئناف بۆ ئیدعا چه‌واشه‌كارانه‌كانی خۆیان. بۆیه‌ به‌م به‌ئامانج گرتنانه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ سیستماتیك به‌ هه‌ر جورێك به‌كارم بهێنن و له‌لایه‌كی تر به‌ شێوازی شه‌ڕی ده‌رونی به‌باشترین شێوه‌ ده‌نگم ببڕن. لێره‌وه‌ به‌ ئاشكرا ڕاده‌گه‌ینم من به‌رامبه‌ر زوڵم و نادادی و گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆسه‌پێنه‌ هاوده‌نگم له‌گه‌ڵ هه‌موو گیراوانی مه‌زڵوم له‌ناو ڕه‌شچاڵه‌كانیاندا و هه‌رگیز كۆڵناده‌م و هه‌تا دوا هه‌ناسی ژیانم له‌جاران كاراتر به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزتر تێده‌كۆشم..