گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)


هاوبیری گەشمردە" خالید شێخ عارف" لە یاد ناکەین

Monday, 04.19.2021, 5:16

977 بینراوە


لە کوردەواری خۆماندا دەڵێن: «مرۆڤ کە کەوتە تەنگانە ، خزمی دوور و قەرزی کۆنی بیر دەکەوێتەوە».چیرۆکەکەی من لەگەڵ ئەم وەبیرهێنانەوەی قەرزەدا بەم پێوەرە نییە، کە من قەرزم لای ھاوبیر خالید بێت و ئێستا وەبیرم ھاتبێتەوە، تەواو بە پێچەوانەوە، ئەوە ھاوبیری نەمرە قەرزی وا بە ملی منەوە و لە بەختی بێبەختانی ئەو من تا ئێستاکە خۆم لێ دزیوەتەوە.. ئاخر خۆشم نازانم ھۆکارەکەی چییە، سیمای تەمبەڵی و کەمتەرخەمی کە بەم قەرزەوە دیارە، دۆخێکی دەروونی ناخۆش و بڕەک هەستی شەرمهێنم بۆ بخوڵقێنێ. بۆ ڕێگەم داوە قەرزێکی وا ساڵانێکی بێتە ماڵ بەسەرمەوە،کەی من کەسێکم هێشتبێتم قەرزەم بە ملدا بکەوێت!. ئەوەی دەمناسێ دەزانێ چەند ڕکم لە چارەی قەرزمی بەدفەساڵە!...
کەچی جگە لەم قەرزە چەند دانە قەرزی تریشم وا لەمل و بەهیوام کوێرەوەریی ژیام فرە مژوڵیم دەرەتانم بدەنێ وردە وردە ھەوڵی دانەوەیان ئەمانەش دەدەم! کە  گەشمردەی وەک هاوبیران (مەلا یادگار و د. بەکر) و چەندانێکی تر تێدا ڕیزبەست بووە.... من لە مێژە بڕیارم داوە ، ھەر ھاوبیرێک لەم کاروانە پڕ لە شکۆی کوردایەتییەدا ئەرکێکی ئەنجام دابێت بەڕێزەوە دەستی بۆ درێژ بکەم...دەبێت ھاوبیر خالید بەرانبەر درەنگ وەختیم بە رۆحی پاکی بمبوورێ! خۆی باش دەزانێ ھیچ کار و داوایەکی ئەوم دوانەخستووە! ھەرگیز بێ دڵیم نەکردووە! بەڵام ئەم فەرامۆشکارییە، ئەگەرچی مەبەستی تێدا نییە! ئازارم دەدەت...
لەمێژە چاوەڕێم چرکەساتێ ھەڵکەوێ شانم لەم جۆرە ئەرکانە خاڵی بکەمەوە و بایی ئەوەندەی ھزر و یادەوەریی یارمەتیم بدات، چەند وشە و ڕستەیەکی شاش و شەش پەڕ ڕەش بکەمەوە..
ئێستا قورساییەکی گەورە کەوتە سەر یادەوەریی و ھۆش و ھزرم و پێویستە قۆڵی ھاوبیرانەی لێ ھەڵماڵم. ئەوەی لە ھەگبەمدایە، بۆ خۆشەویستی و ئەمەکداری ھاوبیر خالید تۆماری بکەم..

بۆ ئەم یادهێنانەوەیە، مێشکی خۆم زۆر دەگوشم، بە شەقەی باڵی خەیاڵ گەشتی خێرا بە ڕۆژانی ڕابووردوودا دەکەمەوە. دەمەوێ سەرەداوی ئەو چرکەساتەم بێتەوە یاد، کە بۆیەکەمجار وەک ھاوبیر یەکترمان تێدا ناسی و ھاوبیرێتیمان تێدا گرێ دا ،مخابن  دەستم لە ھیچڕا گیر نەبوو..لێ دەزانم لەیەکەم بەیەک گەیشتنمان دا هەردوو زوو چووینە نێودڵی یەکترەوە.. یەکتر ناسینەکەمان ھاوبیری خۆشەویست کاکە «یادگارە ڕەش» ئەڵقەی گرێدەری بوو. .
( جێی خۆیەتی لێرەدا  گەواھییەکی ڕەوانشاد کاک م. کەریم لەسەر ھاوبیر یادگارە ڕەش باس بکەم. جارێک کاک کەریم بۆ هەواڵ و پرسی ڕێکخستن و کاروباری حیزب پەیوەندی پێوە کردم، باسی ناسینی هاوبیان خالید و پەیوەندیم لەگەڵ یادگاردابۆ کرد، زۆری پێ خۆش بوو و لەسەر یادگار وتی: لە ژیانی پێشمەرگایەتیمدا کەسم نەدیوە ھێندەی یادگار بەڕێز و کوڕی باش و خۆشەویست لە خۆبووردوو بێت و باسی ئازایەتیشی کرد). ئێستا دەست بە یادەوەرییەکانی هاوبیر خالید دەکەم لەو شوێنەوە دەست پێ بکەم، کە باسەکەم دێتەوە یاد...
ھاوبیر خالید وەک پێشمەرگەی پاسۆک و ئامۆزای رەوانشاد مولازم کەریم خۆی پێ ناساندم، بۆیە پێویستی بە ناسنامەیەکی دیکەی تایبەت نەبوو. ڕەفتار و گوفتاری ھاوبیرانەی ھێشتا مۆرکی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکەی کوردستانی پێوە بوو. ژیانی ئەوروپا چ گۆڕانێ تێدا نەکرد بوو. منیش کەموزۆر لایەنگری ئەم جوانییەم.
نیشاندانی خۆشەویستی و دڵسۆزی و پەرۆشی بێ سنووری ھاوبیر بۆ کارکردن ، ھێندەی تری لا خۆشەویست کردم. بە ھۆی ئەوەوەی کە ساڵانێکی زۆری پێ چوو بوو تا پەساپۆرت و مافی نیشتەجێبوون وەرگرێ، زۆر ناڕەحەت بوو بەوەی دوور بووە لە چالاکی و خزمەتکردن. هەر لەوێدا بە زوویی داوای بوونە ئەندامی لە سۆکسەدا کرد...کەس ڕێگر نەبوو. گورجوگۆڵانە  لە زوریخ/ سویسرا کەوتە چالاکی و بەردەوام پەیوەندی دەکردن بە تەلەفون و بە ڕاپۆرت نووسین. ئابوونەوەی خۆی دەدا و ھاوکاریشی پێشکەش دەکرد.زۆری پێ نەچوو گوتەکانی بە کردەوە سەلماند کە دەیەوێ قەرەبووی ساڵانی بێدەنگی و دووریی لە کۆڕی تێکۆشانەوە بکات.
 پاش ماوەیەک حەزی کرد سەردانێکی بەرلین بکات و لە نزیکەوە تێکەڵ بە ھاوبیران بێت... ھات و چەند ڕۆژێکی خۆشمان پێکەوە بەسەر برد..
دواتر بۆ کۆنگرەی یەکگرتنی کۆمەڵە خوێندکارییەکان لە 19-21ی مانگی ھەشتی 1988 لە شاری بەرلین ئامادە بوو. ئێرەش جێی خۆیەتی بەکورتی ئازایەتییەکی بگێڕمەوە(( کۆمەڵە خوێندکارییەکانی پارتی و یەکێتی و کۆمەنیست پێش کۆنگرە لە دیمەشق ڕێک کەوتبوون لەسەر دابەشکردنی میراتی خوێندکاران!.لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەدا و بەخێرهێنانی میوانەکان دا، نوێنەری کۆمەڵەی پارتی کۆمەنیست بەخێرهاتنی ڕەوانشاد کاک "ئازاد مستەفا"ی پاسۆکی نەکرد.ئێمە ئەمەمان پێ قبوڵ نەکرا. من لە کۆمیتەی بەڕیوبەری کۆمیتەدا بووم، کورتە نامەیەکم نووسی بۆ ناوبراو،داوای لێبووردن بکات و بەتایبەت بەخێرهاتنی کاک ئازاد بکات،دەنا کۆنگرە جێدێڵین. ناوبراو داوای لێبووردنی کرد و دوایی ئێمە دەمان گووت کوردستان کۆلۆنییە! ئەوان نەیان دەسەلماند و دەیانویست بیخەنە دەنگدانەوە بە زۆرینە و کەمینە سەری بقەبڵێنن. ئێمەش لەم ڕووەوە پەیامێکی کورتمان ئامادە کرد تا بیخوێنینەوە گەر ئەم بڕێارە چووە دەنگدانەوە ئێمە کۆنگرە جێبهێڵین و نە بینە "شاهد الزور"ی ناپاکی نەتەوەیی.. پەیامەکەم دا دەست هاوبیر عوسمان بچێ بیخوێنێتەوە. لەبەرئەوەی وەک ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرە من مافم نەبوو. کاتێ هاوبیر عوسمان دەیویست ئەو وتەیە بخوێنێتەوە ڕێگری لێکرا و کار گەیشتە ئەوەی پاڵەپەستۆ و پشێویی لەسەر هاوبیر عوسمان دروست بوو! کاتێکم زانی هاوبیر خالید دەتوت هەڵۆیە هەستایە سەرپێ و چووە سەر کورسییەکی و فڕی خۆی هەڵدایە بەردەم هاوبیر عوسمان وپاراستی لەدەستدرێژی و وەک شێر بەگژ ئەو گرووپە هەرزە ئاست نزمەدا چووە. دیمەنەکەی هابیر خالید تەواوی هۆڵەکەی ئەبڵەق کرد.زیاتر لە هەزار خوێندکار و میوان ئامادە بوون. پەرچەکرداری ئەوان لە ڕێگری لە خوێندنەوەی ئەو پەیامە هۆکارەکەی ئەوە بوو، کە بەدزی خوێندکارانەوە ئەوبەرپرسی هەر سێ لایەنەکە لە رێکەوتنەکەی سووریادا کە ناسراوە بە ((لقاء الرفاق)) هەموو شتێکیان بڕاندبۆوە و ئەوەی بە ناوی کۆمەڵەی سەربەخۆوە پێشکەشکرا سیناریۆ بوو، ئامادە بوانیش تەنیا کۆمبارس بوون. جا دەترسان ئەو ڕیکەوتننامەیە دەست ئێمە کەوتبێت و ئێمە لەوێدا بیخوێنینەوە و ریسەکەی ئەوان بکەینەوە بە خوری)). 
  ئەوجا ئەو پێی خۆش بوو سەردانێکی بکەم لە سویسرا و تا لەوێ ئەو کۆمەڵە ھاوبیرەش بناسم کە ڕێکی خستبوون. لەگەڵ ھاوبیر "ڕێبوار"دا، سەردانێکمان کرد. لە وێستگەی شەمەندەفەر لەگەڵ هاوبیر "ئیسماعیل"دا چاوەڕێی دەکردین. پشوویەکی خۆشمان لەناو بانهۆفدا دا و زوو هەستم بە جیاوازی نێوان ئەڵمانیا و سویسرا لە هەندێ شتدا کرد،بەتایبەت شاری زوریخ کە شارێکی پڕ لە بانکە و تا بڵێی گران بوو. هەفتەیەکی خۆش و شادمان پێکەوە بەسەر برد.. 
هاوبیری جوانەمەرگ ماڵێکی خنجیلانەی جوانی ھەبوو  پاک و ڕێک ڕێکخرا بوو، هەموو شتی دروستی تێدا بوو، لە جێگەیەکی خۆشی شاری زوریخ لە سەنتەرەوە دوور نەبوو. لە ماڵەوە وێنەیەکی خومەینی لکاندبوو بەسەری تەوالێتەکەیەوە.
لەوێ بە کۆمەڵێ ھاوبیری نوێی ئاشنا کردین لە نێویاندا ھاوبیر «ئیسماعیل» خانەقینی .. کە کوڕێکی زۆر چالاک و ڕۆشنبیر بوو، لە ڕیزەکانی پارتی کۆمەنیستی عێراق وازی ھێنابوو، بەرەو بیریی نەتەوەیی ھاتبوو..
هەر لەو سەردانەدا لەسەر دامەزراندنی "لقی سویسرا"ی ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد "سۆکسە"، رێک کەوتین و کاروبارەکان دابەش کرا و ھاوبیران خالید و ئیسماعیل بوونە بەرپرسی لق و بەشی ڕۆشنبیریی. بە پێی پێڕەوپرۆگرامیش ھەر شت تەواو بوو. لە چوونیشدا کۆمەڵێ ئەدەبیاتی سۆکسە و پاسۆکم بۆ برد بوون. هاوبیر ئیسماعیل خوێندنەوەی عەرەبی و ئەڵمانی زۆر باش بوو، بە بڵاوکراوە و کتێبەکان زۆر خۆشحاڵ بوو.
پاشان وەک نوێنەری سویسرا لەگەڵ دەستەک ھاوبیری تردا ھەردووکیان بەشداری کۆنگرەی حەوتەمی سۆکسەیان کرد لە ڕۆژانی 14-16.مانگی حەوتی 1989 کرد لە شاری شتوتگارت و ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. ھەر لە کۆنگرە بڕیار درا بە فەرمی لقی سویسرا ڕابگەیەنین و بەو بۆنەیەوە لە 11.9.1989 دا بە بۆنەی یادی دامەزراندنی سۆکسە و پاسۆکەوە بەیاننامەمان بڵاو کردەوە... ئەمەش بۆ کۆنگرە و هاوبیران و کورد شتێکی دڵخۆشکەر بوو.
ھاوبیر خالید ساڵی 1958 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، خوێندنی تا ئامادەیی لەو شارە تەواو. لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر بوو. ساڵی 1977 پەیوەندی بەڕیزەکانی "کۆمەڵەی ڕەنجدەران"ەوە دەکات. ساڵی 1978 ئاشکرا دەبێت و دەچێتە شاخ تا 1980 لەڕیزەکانی "یەکێتی نیشتمانی"دا خەبات دەکات. پاشان دێتە ناو "پارتی سۆشیالیستی کوردـ پاسۆک" و دوای سەختی و ناڕەحەتییەکی زۆر ساڵی 1982 دەگاتە ئەڵمانیا .بە شێوەیەکی نادیار و گوماناوی کە تەنیا پیشەی دەزگای سیخوڕی بوو، لەنێوان ڕۆژانی 10-14 مانگی دوازدەی 1989 شەھید کراوی لە ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە. ئێمە دەزگای هەواڵگیریی عێراقمان لە بەیاننامەکەماندا پێ تاوانبار کرد، چونکە ئەو دەم "بارزان تکریتی" لە سویسرا بەرپرس و چالاکبوو. گومانیش لەسەر دەزگای تیرۆری ئیتلاعاتی ئێران هەبوو، لە ڕێی عەرەبە شیعەکانەوە لەسەر وێنەکەی خومەینی.  بەهەواڵی شەهیدکردنەکەی ئێمە هاوبیران(  فەرەیدونی قازی، سەلام قادر، عومەر تۆفیق، یادگارە ڕەش،حاجی قادر زاوای فەرەیدون و چەند ئازیزێکی تر لە شاری میونخەوە) بەرەو وڵاتی سویسرا چووین. ھاوبیرانی ئەوێش تووشی زەحمەتی زۆر بوون بە رێگای پۆلیسەوە. بەداخەوە چ شتێک چنگ کەس نەکەوت و پۆلیسیش زانیاری نەدەدا، لە هەوڵەکانمان ھیچی لێ شین نەبوو.دوای ماوەیەک برایەکیشی لە کوردستانەوە هات، پێم وایە ئەویش هیچی دەست نەکەوت و پۆلیسی سویسرا بێدەنگی لێ کرد. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە تیرۆرەکە سیاسیی بووەو بووە قوربانی بەرژەوەندی نێو دەوڵەتان، وەک ئەوەی  ڕەوانشاد "قاسملۆ" و چەندانی تر.
دەبێت خاڵێکی تریش لەم میانەدا ڕوون بکەمەوە، ئەویش ئەوە بوو، چ خۆی و چ لە ڕێگای ئێمەوە هاوبیر خالید هەوڵی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەدا. دەیویست بچێتەوە ببێتەوە بە پێشمەرگە،بەتایبەت کە تەبایی باڵی کێشابوو بەسەر دۆخی پەیوەندییە حیزبییەکانی کوردستان دا. کاتێ کە لەگەڵ تەرمی ڕەوانشاد کاک ئازاددا چوومەوە بۆ کوردستان ڕای سپاردم بڕێک پارە بدەم بە م. کەریم و دوایی بمداتەوە. لە کوردستانیش کاک کەریم پێی وتم: پێی بڵێ بێتەوە پێویستمان پێیەتی و نامەیەکیشی بۆ نووسی بۆم نارد. گفتیشی دا کارئاسانی بۆ بکات بۆ گەڕانەوە. دیارە دەزگای هەواڵگیری بەمەی زانیوە و سووسەیان کردووە، نەیان هێشت بە ئاواتی خۆی بگات.

بۆ چلەکەی بەیاننامەیەکمان لە 22.1.1990  دەرکرد و چووین بۆ سویسرا. لەسەر گٶرەکەی وتارێکم پێشکەش کرد. هەوڵمان دا زانیاریمان لە پۆلیس دەستکەوێ ،بێ ئاکام بوو. ئیدی بەداخەوە ژیانی هاوبیر خالید بەو ئاکامە ناخۆشە کۆتایی هات و ئەویش گیانی بەرزی چووە ریزی هەزاران هەزار گیانبەختکردووی دیکەی ڕێگەی کورد و کوردستان. پاسۆک و سۆکسە و هاوبیرانیش هاوبیرێکی بەئەمەک و لە خۆبووردوو و دڵسۆزیان لەدەست دا. دوای گیانبەختکردنی لقەکەش لاواز بوو،دواتر ڕاپەڕین ساز بوو،بەتەواوی سست بوون.
هەزارن سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو هاوبیرە هێژایەی ڕێی کوردایەتی.
سەرنج: وێنەکان لەگەڵ کاک ئازادی ڕەحمەتیدا،ماڵی هاوبیر عومەر تۆفیقە. وێنەکانی تری ناو ماڵ،ماڵی بەندەیە بەرلین. دیمەنەکان و ناو وێستگەی شاری سویسرایە لەگەڵ هاوبیر ڕێبوار و خالید و ئیسماعیل دا.. ناوی گۆڕستانەکەم لەبیر چووە.