بە ئانقەست ماستی مەڕی کوردی ھەولێریشیان شێواند

Wednesday, 21/04/2021, 22:37

19212 بینراوە


لە بەغداد دەیانگۆت (وزارة الدفاع مقابل لبن أربيل)
دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی کوردی بە پلان وەک ھەموو جوانیەکانی دی ئەو بەرھەمە ناوازە خۆڕسکەی کوردیشی نەھێشت.


ماستی مەڕی کوردی ھەولێرێ (لبن أربيل) لە پێخۆری بەیانی بەرچایی تەواوی خەڵک بوو، ناوو بانگی ھێندە ڕۆیشتبوو سەرتاپای شاری بەغدا و کۆی شارەکانی دی عێراقی گرتبۆوە و ڕیکلامی ماستی مەڕی ھەولێرێ کێشوەرەکانیشی بڕی بوو لەلەندەنیش سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا.
یەک لەبەرھەمە گرنگ و خۆماڵیەکانی دەشتی ھەولێرێیە. سەروچاوەکەی لەبۆ بەپیتی دەشتە کاکی بەکاکیە بەرفراوانەکەی ھەولێر و شەمامک و بەڕانەتی و قەراج و کەندێناوەی دەگەڕێتەوە لە بەپیتی خاکەکەی و بەپڕشتی دانەوێڵەکەی و ئاو و ھەوا پاک و بێگەردەکەی. ئەگەر ساڵەکەشی ھات بوایە وەک مەسعود موحەمەد گۆتەنی (قەراج و کەندێناوە عەمبارە زێڕینەی کوردستانە)
ئیتر ئەو ساڵە گەنم و جۆ نەدەبووە قەرسیل و ساڵەکەی بەباران بووایە.
لەبەیانیەکی زوو لەپەرێزێ قەسەر و پووشکە و گیشە لەتەک خوڕنوک و حوشترالووک دەبووە پێخۆری سەرەکی مەڕو بزنی گەوری تیسکنی کوردی و لەکاوێژێکی لەسەرەخۆی بەردەوام ئێوارە بەگوانێکی پڕ لەشیری تەندروست دەگەڕایەوە ئاوایی، پێش چوونە سەر کۆلی ئاو خواردنەوە نەبادا شیرەکەی ڕۆن ببوایەوە بێری تەواو تەواو دەیدۆشی.
کابانیش ھەندە بەدەست نوێژ بوون سێ جار مەنجەڵەکانیان بسمیل دەکرد و قەت تنۆکە ئاوەکیان لەشیری نەدەکرد نەبادا حەڕام بووایە.
ھەر ئەوەندە نەورۆز دادەھات سەرتاپای دوکانی عەتارەکان شار بەتایبەت ھەردوو بەری لای بەنزیخانەی کەرکوکێ(داون تاونی ھەوکە) سەدان جامی ماستی گەورەی بەسەرتووی سەر بەقەسەری لێ دادەنرا. بە جێب و پیکاب و پەست لەبەیانیەکی پێش ڕۆژ ھەڵاتێ دەگەییە شاری و خەڵک ھەرکەسە مەعمیلی خۆی ھەبوو ڕێزیان لەبۆ دەبەستا.
جگە لەبەتامی و سووکی خواردنی و شەھیە پێکرانەوەی و پەڕاندنی نەخۆشی. بۆ ماستاویش یەکا و یەک بوو لەبازاڕیش (خۆش ماستاو)ی بەکورکن، بە سەتڵی چینکۆی سپی سەر بەشەعادەی پڕ بووزی کەللە تەزێن پڕ خوێ لەشێخەڵاو ناو  قەیسەری ھەولێرێ دەگێڕدراو بەجامان دەفرۆشرا.
ئەوەی دیش بەمەنشەئە و نێرین دەگەیشتە بەغدا و لەوێش خەڵک ڕێزیان لەبۆ دەگرت و لەباب شەرجی لەتەک قاپی پڕ لە ڕووتاب و خورما بە ماستاوی مزری ترش دەخورایەوە.
لەبێ پلانی حکومەتی کوردی ئەو بەرھەمە خۆماڵیە گرنگە وەک ھەموو شتە جوانەکانی دی پووکایەوە و ئێستا ماستی مانیزان و ئۆنۆ و دۆغی ئێرانی و تورکی پڕ مەواد حافیزەی شێرپەنجە جێی گرتۆتەوە و ئەوەی دیش لەنەمانی گوند و بەوەزیفە کردنی جووتیار و لەو بێ حەیوانی و نەمانی مەڕ و بزنی کوردی و بێ بارانی و نەھاتی و داگیرکردن و سووتاندنی پاوانی کوردی ڕۆژێ سەدان جامی فافۆنی ماستی پڕ لەفێڵی سەرتووی تەزویری ڕوون و نیشاستەی بەر شیری ئێکسپایەری تۆز و داخ کردنی شیر بەر لەھەوێنی بەشیشکەی تڤەنگ و لەخواردنی دەیبینی بەس ماست نیە تامی لەنێوان موحەلەبی و دۆندرمەیدایە!
ئەگەر سەرنج دەی سەرتوو(سەرتوێژەکەی)توێژێکی چەوری ڕەقی تێکەڵ نەبووە لەگەڵ ماستە سەر ھەڵبزرکاوەکەی و ھەر دوای خواردنی ھەست دەکەی سکت دەوای پێ دەکاو و ووردە ووردە لەگەڵ خواردنە گوماناویەکانی تر وێڵی دکتۆر و سندوقی شێرپەنجەی وەزارەتی تەندروستیت دەکات و بەھای تەندروستیت بۆ ھەتایە دەبێتە قوربانی بێ پلانی حکومەت و تێنەگەیشتن و بێ ویژدانی خەڵکی ھەڵپەرست.
لەساڵی ١٩٩٩ گۆڤاری سیخورمە لەتەنزێکی نووسیبووی، بۆیەکەم جار لە مێژوودا کلێنیکس وەک سەرتوێژ لەماست بەکار ھێنراوە!
لە ھەشتایەکان، سەرۆکێکی ئەفریقی ھەبوو  ناوی ئەحمەد سیکۆتۆری بوو نوێنەری خافیر دیکویلاری ئەمینداری گشتی un بوو زوو زوو لە برسان دەھات بەناوی ئەوەی شەڕی عێراق ئێران ڕابگرن، کەدەھات دەبوایە لەھەولێرێ پەنیری کوردی لۆ بکڕن و کاتی خۆی لەجەریدەش بڵاو کرایەوە.
له‌ قمه‌ى عەرەبیش له‌ به‌غدا ئەودەمی له‌دژى سادات و پێکھاتنی لەگەڵ ئیسرائیل(ئیتفاقیەی کامب دێڤید) له‌ ساڵى ١٩٧٨مه‌ليك حوسينی مەلیکی ئوردن داواى په‌نيرى هه‌ولێرى كردبوو.
لەبەرامبەر وەزارەت دفاعی عێراقیش لە بەغدایێ لبن أربیل خاوەنەکەی(أبو علی)بوو زۆر بەناو بانگ بوو، پاش وەفات کردنی کجەی فایزە خان لەسەردوکانەکەی بوو.
ماست بەتایبەتی و بەرھەمی شیریش بەگشتی لە بەرھەمە ناسکەکانن بە مایکرۆب و بەکتریای ھەوای پیس دەبێ، ماستی مەڕی ئەگەر سبەینەکەی نەفرۆشرابوا ئەوا ئێوارەکەی دەترشا. کەچی ئەوماستانەی ئێستا وەک کەستەکیان لێ دێێ و بەمانگیش ناترشێن و تێکیش ناچن!

وەک سەرنج:-

لەشاری وان لە باکووری وڵات لەتورکیا بازاڕی پەنیر و ماستی کوردی زۆر بەھەڕمێنە و لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریش بەڵام بەھای خۆڕسکی خۆی ھەر ھێشتۆتەوە و بۆ بازاڕەکانی ھەموو تورکیاو ئیستەبۆڵ و ئەڵمانیاش دەچێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە