مەرجەع و مەرقەد و مەقەڕ

Wednesday, 21/04/2021, 22:47

14384 بینراوە


هەبوونی مەرجعییەت بۆ کەسانێکە کە بە پلەی ئیجتیهاد نەگەیشتوون، ئەرکی عەقڵانییەتی پەیڕەوانی مەزهەبێکی دیاریکراوی ئایینیە کە جەغت لە سەر  پێداویستییەتی مەرجەع بکات.
خوداوەند بە ناردنی ئاماژە و پەیامهێنەر و کتێبی ئاسمانییەکان، ڕێڕەوی هیدایەت و ڕەهایی بۆ بەندەکانی خۆی دیاری کردووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا کەسێک کە بتوانێت حوکمی شەرعی خودا بکات، بە پێویست زانراوە.
لە ڕاستیدا مەرجەع بۆ کەسانێک دانراوە و داتاشراوە کە بە پلەی ئیجتیهاد نەگەیشتوون و لە تەواوی ئەحکام و ئەرکە ئایینییەکان نەگەیوون و ناتوانن لە سەر بنەمای پابەندییەکانی دیندا، کارەکانیان ئەنجام بدەن.

مرۆڤ ئەتوانێت لە بابەتی ئەحکامی دیندا ئاگا بێت و بە پشت بەستن بە ئاگایی خۆی، بە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مەرجەع (گێڕاو)، ئەتوانێت ئەرکە خوداییەکانی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت،. بۆ ئەم جۆرە کەسانە بە پێی مەزهەبی شیعە، نەک پێویستی بە مەرجەع نییە، بەڵکو حەرمامیشە، مەگەر ئەوی تر لە خۆی بە زانا و داناتر بزانێت لە کاروباری ئاییندا.
کەواتە لە ئەحکامی دیندا مادام عەوامی خەڵک لە قورئان و سونەت و تەفسیردا قاڵ نەبوونەتەوە، ئەوا پئویستیان بە مەرجەعێک هەیە، کە دواهەمین بۆچوون و بڕیاری خۆی بدات، هەر وەک چۆن سیستانی لە مەزهەبی شیعە و پاپای ڤاتیکان لە کاسۆلیکدا، مەرجەع و  خاوەن دوا بڕیارن.
ئەمانەش هەر چۆن بۆ درێژەدان و بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتە دینی و مەزهەبەکانیان، ئەم پلە و پایەیان بۆ خۆیان مسەوگەر کردووە، ئاواش خەڵکە عەوام و بێ سەوادەکەی پەیڕەوانیان بە دوای خۆیاندا کێشاوەتە ئەم سیستەمە. کاتيک عەوامی خەڵک لە ئایین و وردەکاریی و ڕاڤە و مێژوو و داتاکانی  نەزانن و سەریان تەقەی بێت، ئیتر مەرجەع، پێداویستییەکی حەتمییە بۆ خۆ قۆتار بوونیان لە پرسە ئاڵۆز و بێ وەڵامەکاندا.
کەواتە مەرجەع بۆ مەزهەب و ئایینە نەک بۆ نەتەوە و گەل، لەوپەڕی ئاست نزمی ڕەشۆکیانەی ئەندامانی حیزبێک و یان گروپێکیش،  قیروسیا با مەرجەعیان هەبێت.
ئیتر بە چ پێوەرێک ئەم هەموو ماستاوچییانەی حیزب و لەشکرە نەزانە، دەم لە مەرجعییەت هەڵئەگڵۆفن؟.
باشە مەرجەع بۆ کێ و بۆ چی؟؟، بۆ حیزبەکان؟، بۆ هەرێم؟، بۆ نەتەوەی کورد؟، ئێ حیزب خۆی خاوەنی هەیە، هەرێم خۆی سەرۆکی هەیە، بەڵام نەتەوە نەک لە هیچ دونیا مەرجەعی ناوێت، بەڵکو لە چوار پارچەی داگیرکراودا، دەسەڵاتی سەربەخۆشی نییە، چجا ئەوەی کەلە سەرێکی بۆ قوت بکەنەوە و بیکە نێرە حەیتە!!!.
بۆ کورد خۆی نازانێت چۆن کوردن و کوردبوون چ دەرد و چ شەتەکی و چ ئازارێکە، بۆ کوردێک ماوە باجی کوردبوونی خۆی نەدات، ئیتر  هەر ئەوەمان ماوە کاکی مەرجەع بێت، باسی ئەرک و مافی کوردبوونمان بۆ بکات؟، بۆ نمونە فێرمان بکات چۆن جامانەی سوور و پشتوێنی سێگرێی ئەبەستین، و چۆن لاق هەڵئەبڕین لە هەڵپەرکێی سێ پێ و شێخانیدا،،،.
بە ڕاستی جێی شەرمە لەو هەموو موستەشار و موچەخوار و منوەرەدا، کەسێک پەیدا نەبوو بە یەکێتی و پارتی بڵێت؛ مەرجەع بۆ مەزهەبە، نەک بۆ نەتەوە.
لە هەرێمێکدا عەوامی خەڵک سەرقاڵی مەرجەع و مەرقەد و بارەگای بارزانی بکرێت، ئیتر سەرێک نامێنێت بۆ قاڵبوونەوە و قووڵبوونەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە