سایلۆی ھەولێر، لە دوا ساتەکانی تەمەنیدایە

Friday, 23/04/2021, 11:08

4140 بینراوە


ھەر ئەوەندەی بەپێوە مایە ھەتا سایلۆیەکەی غەفور خۆشناوی تەواو دەبێت و بەھەموو یادەوەریەکانی لەبەیانیەکی زوو بەدەردی سایلۆیەکەی شاری سلێمانی دەچێت و دەبێتە تەپ و تۆز و بەعاسمانی شار دا دەفڕێ.
بابای ژن ھەڵگرتوو لەو ھەڵەت و پەڵەتانەی پشتی دێگەڵەی لەبەیانییەکی زوو دەگاتە گەڕەکی خانەقای لەحەسارەکەی بەینی تەکیەی شێخ کاکە و حەمامی حاجی عەلی ژۆرێکی بەکرێ دەگرێ و تەباخەکی یەک چاوە و سەرکە قەندەک و تۆچاو ھەندەک بوزگوڕ و کەونەجاجمی لەسەر ئەستێرکێی لێ دادەنێ و لە سۆراغی مەیدانی عەمەلان دەبی.
تا ئەو ڕۆژەی لە دروست کردنی سایلۆی ھەولێرێ دەبیتە عەمەلە و حیزبی شیوعی کادیرێکی ھۆشیاری پرۆلۆتاریایان لۆ دەنێرێ تا کرێکارە عەمەلەکان ھۆشیار کاتەوە لە ھەشت سەعات کاردکردنیان و ڕۆژانەیان و مافی دەست قڵیشان و چەمەنتۆ بردن و لە سەر دەڕاب کەوتنە خوارەوەیان پێ بڵێ.
سەرنجی بابای کادیری حیزبی شیوعی دەکەوێتە سەر ڕفێنەری خوشکە ڕەدووکەوتووەکەی، چاوەکانی پڕ فرمێسک دەبی و ئێوارێ لەگەڵ زاوایەکەی دەگەڕێتەوە حەسارەکەی خانەقا و مێوانی خوشکەکەی دەبیتەوە.
(لەڕۆمانە چیڕۆکەکانی مارف خەزنەداری)
بەحوکمی بەپیتی و بەرەکەتی خاکەکەی دەشتی ھەولێر و قەراج و کەندێناوە و شەمامک و بەڕانەتی لۆ تێرکردنی ھەموو خەڵکی عێراق لە ساڵی ھاتی و بەبارینی دا یەک بەچەندی دەھینا.
ھەر زوو لە لەدەمی ئینگلیز ھەر سایلۆیەک نا دوویان لە ھەولێر و مەخموری دروست کرد لۆ گل دانەوە و عەمبار کردنی گەنم و جۆی ڕەش گوور و مەنسفی پاک و عومێرەی.
لەدوا سەردانە عەسرە لەناکاوەکەی سەرۆکی حکوومەت کەپۆلیسە حەرەسەکانیشی واقیان وڕما و حەپەسان.
پێ دەچێت لەبەیانییەکی زوو خەڵکی شار ئاگادار بکەنەوە ھەتا کەس ئەترەشی نەچی و نەڵێن ئەوە داعشە دزەی کردبێ و یان تەیارەی دروۆنە گەیشتبێتە ئاسمانی شار. 

ئەوە لێرە یادگاریەکانتان...

لەبۆنی قوڕە شین و سیانە پڕ تەپۆ و مێشوولەکەی بەستی کەندە پیس و گامێشەوانە عارەبەکانی بەر ئەو چڵکاوەی بەدەردی قاعەی شەعب دەبەم 
لێرە بیرەوەری ھەموو ئەو ئاغاو جۆتیار و مسکێنەی دەشتە کاکی بەکاکیەکەی ھەولێرێ دەکەمە حەقایەت و لێرە لەجێی وان تاوەر و ئاپارتمانی ھەور بڕی پڕ لەیاساوڵی تورکی و لوبنانیتان لۆ بونیات دەنێم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە