شاخی مووسا ،[کۆبانی] ئەرمەنەکان

Monday, 04.26.2021, 0:56

999 بینراوە


گەر لاپەڕەکانی دیرۆکی بەرگری خۆبەدەستەوەنەدان و بەرخوردان هەڵبدەینەوە، هەزارەها نمونەمان لە جەنگەکانی کۆن و نوێدا  بەرچاو دەکەوێت ،کە بڕێک لە وانە مایەی هەڵوستە و شرۆفە کردنن.
یەکێک لەو بەرخوردانە  نموونەییانە کە لە کاتی خۆیدا جیهانی سەرسام کرد بەرخوردان و مقاوەمەتی ئەرمەنیەکانە لە دەڤەری هاتای، لە دەمی جینۆساید کردنیادا.
بەرای من  بەرگری ئەو دەمەی ئەرمەنەکان گەر لە هەندێک گۆشەوە  سەیری بکەین، ،لە بەرگری و بەرخوردانی  کۆبانی دەچێت ، وەک بوونی ئیرادەی مانەوە ، بڕیاری بەرگری،  بەرگریکارانی کۆبانی بەرامبەر بە هیزێکی ئیسلامی بێبەزەیی دڕندەی تەرۆریست وەستابوونەوە، ئەرمەنەکانیش بەهەمان شیوە، بەرامبەر بە هێزێکی ئیسلامی بێ بەزەیی  دڕندەی تینوی خوێن و خاوەن عەقڵیەتێکی فاشیانە وەستابوونەوە. هەردوو لا هێرشیان کرایە سەرو هێرشبەر نەبوون، هەر دوولا سەرکەوتن وتەسلیم نەبوون .جا بۆیە دەکرێ بەرگرییەکەی ئەرمەنیەکان لە شاخی موسا ناو بنێین [کۆبانی ئەرمەنەکان].
لە بە هاری سالی 1915 دەمێک پرۆسەی پاکتاوکردنی ئەرمەنەکان  وەک نەتەوەو ئاین   لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، پاش چەند مانگێک هەموو ئەو دەڤەرانەی گرتەوە کە زۆرینەی پێکهاتەکەی ئەرمەنی بوون.
شێوازی لەناوبردنەکە بەو جۆرە بوو ،کە لە پێشدا فەرمان بۆ گوند و شارۆچکەکان دەهات کە چۆڵی بکەن ،ئیدی بۆ کوێ بڕۆن ؟ئەوە کێشەی تورکەکان نەبوو، پاشان جەندرمەی تورک دەهاتن بۆ سەر گوندە چۆڵکراوەکان ،هەرکەس بمایەتەوە دەستبەجی دەیانکووشت.
دەمێک فەرمان دێت بۆ ئەم گووندانە[کبوسیە،یوغنولۆک،بتیاس،خدر بەگ،حاجی جەبەلی، وقف]کە چەندگووندێکی نزیک بەیەک بوون لە دەڤەری هاتای لەسەر دەریای ناوەڕاست، تا چۆڵی بکەن. دوو بۆچوون لە نێوانیاندا دێتەگۆڕێ. بۆچونێک کە قەشەیەک خاوەنی بوو، دەیگووت  با گووندەکانمان چۆڵ بکەین و ڕێگەی کۆچێکی چارەنوس نادیار بگرینە بەر. ڕاکەی دی کە زۆرینە بوو لەگەڵ مانەوەو مقاوەمە بوون.
لە ئاکامدا بڕێک شوێن قەشەکە کەوتن و لە ڕێگەدا بەهۆی برسێتی ،تینیوێتی گەرما ،ماندوێتی،وەک هەزارەهای دیکە گیانیان لەدەستدا.
ئەو بەشەی کە  بەرگری هەڵبژارد ،شوێنی بەرگریشیان دیاری کرد کە  [شاخی موسا] بوو لە نزیک گوندەکانیان .بۆ ئەم مەبەستە هەموو جۆرە  تفاق و کەرەستەیەکی جەنگ و خواردن و خواردنەوەیان  گواستەوە بۆ سەر شاخەکە. [شاخی مووسا] .
بەر لە گەشتنی سوپای جەندرمە بۆ ئەو گووندانە ،ئەوان چۆڵیان کردبوو، وە لە سەر شاخەکە لە حاڵەتی ئامادە باشیدا جێگیر بووبوون و چاوەڕێیی چارەنووسێکی نادیاریان دەکرد.
وەک باس دەکرێت ،بە گشتی نزیکەی [5000] کەس لە جۆرەها تەمەن و لە هەر دوو ڕەگەز ڕوویان کردوەتە شاخەکە.
لە سەرەتای مانگی [7] دا سوپای جەندرمە دەگاتە دەوروو بەری شاخەکە ،شەڕێکی قورس لە نیوان هەردوولادا ڕوودەدات ، تورکەکان زۆر هەوڵەدەن شاخەکە بگرن ،چەندین جار هێرشی بۆ دەکەن   ،بەڵام ئەرمەنەکان بەرخوردانێکی بێ وێنە نیشان دەدەن، بەجۆرێک ڕێگە نادەن جەندرمەکان  پێشڕەوی بکەن و چەندین جار شکستیان پێدەهێنن. 
ئەرمەنەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن ،دەزانن لەدەستدانی شاخەکە یانی مەرگی هەموویان.
ئەرمەنەکان [53] ڕۆژ لە بەرگریدا بوون،بەڵام کێشەیەکیان بۆ هاتە پێشەوە ،ئەویش کێشەی کەمبوونەوەی کەرستەی جەنگ و خواردن و خواردنەوە بوو. سوپای جەندرمەش کاتێک بۆی دەرکەوت بە جەنگ ناتوانێت شاخەکە بگرێت ، ئیدی گرەوی لەسەر ئەو خالە کرد ،کە خاڵی لاوازی بەرگریکاران بوو، ئەویش نەمانی تفاقی جەنگ و خواردن بوو. بە هیوا بوو پاش نەمانی پێداویستیەکانی جەنگ خۆیان بەدەستەوە بدەن و ئیدی هەموویان بکوژن.
لێ ئەو ئومێدەی تورکە عوسمانیەکان نەهاتە دی، ئەوەی چاوەروان نەدەکرا روویدا، ئەوەبوو لەو کاتەدا کەشتیەکی جەنگی فەرەنسی لە  نزیکیانەوە دەگووزەرێت،کە لە دەریای ناوەڕاستدا ئەرکی چاودێری پێ سپێردرابوو کەشتیەوانەکە بەرگریکاران دەبینیت، ئەوانیش  جۆرە ئاماژەیەک دەدەنە کەشتیکە  پاشان کەشتیەکە پتر نزیک دەبێتەوەو لە دۆخەکە تێدەگەن و بڕیار دەدەن هەموویان بگوێزنەوە، هەر لەو کاتەدا کەشتیەکی ئنگلیزیش دەردەکەوێت . ئەوە بوو هەموویانیان  ڕزگارکرد.
شانسی بەرگریکارە ئەرمەنەکان لەوەدا بووە ئەو  شاخە کە شوێنی مقاوەمەتیان بوو، بەسەر دەریادا ،دەریای ناوەڕاست دەیڕوانی ، هەر ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ رزگار بوونیان لە کووشتنی بە کۆمەڵ.
فەرنسیەکان  4200 کەسیان لە شاخی موساوە گواستەوە بۆ شاری پۆرسەعید لە میسر.
پاش کۆتایی  جەنگ ،واتە یەکەم جەنگی جیهانی، ئەسکەندەرونەی تورکیا،  کە بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی، دەکەێتە ژێر کۆنترۆڵی فەرنسا . لە سالی 1918دا فەرەنسیەکان  هەڵدەستن بە گەرانەوەی ئەرمەنە ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان. بەڵام ئەو ئەرمەنیانە جارێکی دیکە  وە لە ساڵئ [1939]دا ئاوارە دەبنەوە، لێ ئەم جارەیان بە خواستی خۆیان .ئەوە بوو بەپێی ڕێکەوتننامەی نیوان فەرەنساو دەوڵەتی تورکیای نوێ،کە سالی [1939] مۆرکرا ئەسکەندەرونە  کەوتەوە ژیر دەسەلاتی تورکەکان. ئەوانیش واتە ئەرمەنەکان خۆشحاڵ نەبوون بە ژیان لە ژێر سایەی تورکەکاندا ،بۆیە زۆربەیان ئەو گوندانەیان چۆڵکرد کە پێشتر گەڕابوونەوە نیویان ، وە بەرەو لوبنان کۆچیان کرد .تەنها گوندێک کە چۆڵی نەکرد و تەحەدای تورکەکانی کرد،گوندی [وقف] بوو، کە لەو دەمەدا  دانیشتوانەکەی نزیکەی [140] کەس دەبوون.  
کوچکردوە ئەرمەنەکان لە لوبنان شارێکیان ئاوەدان کردەوە بە نیوی شاری[عنجر] کە بەسەر شەش گەڕەکدا دابەشکرابوو، هەر گەڕەکێک ناوی یەکێک لەو گوندانەی هەڵگرتووە کەکاتی خۆی سومبوڵی بەرخوردان و گیان فیادیی بوون.
ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ بدەم و زۆر گرنگە .پاڵەوانی بیرۆکەی ئەو بەرگریەیە.
لە مێژوودا  لە زۆربەی ڕوداو و شۆڕش و سەرهەڵدان وڕاپەڕین  و بەرگریەکاندا، کەسێک هەڵکەوتووە کە وەک کاراکتەرێکی  بوێروکاریزما و بەتواناو شۆڕشگێڕ،ڕۆڵی  گرنگ و چارەنووساز وازی کردووە ،کە لە کۆتایدا ئەو کاراکتەرە بووەتە هۆکاری سەرکەوتن و گەشتن بە ئامانج.
کاراکتەری ئەو سەرکەوتنە کەسێکی گەنجی ئەرمەنی  بوو  بەنێوی[ موسا کاڵۆشیان  ]  کاڵۆشیان لە خێزانێکی زەنگین  پەیدا دەبێت، ئەم گەنجە هەست دەکات توانایەکی سەبازی باشی هەیە،   بۆیە  ماوەیەکی کورت لە سوپای عوسمانیدا دەستبەکار دەبێت. پاشان بۆ برەودان بە تواناکانی، بۆ خوێندن لە بورای سەربازیدا ڕوودەکاتە فەرەنسا.
لەو ساڵەدا وبەر لە ڕاگەیاندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان  ،ئەو گەنجە دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی .  بێ ئاگا  لە پلانی تورکەکان ،ئەم وەک هاوڵاتیەکی ئەو دەوڵەتە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ خزمەتکردن لە سوپای عوسمانیدا، بەڵام ئەوان ڕەتی دەکەنەوە. پاشان لە گوندەکەی خۆی نیشتەجێ دەبێت. لەو دەمەدا  شاڵاوە سەربازیەکە بۆ جینۆساید کردنی ئەرمەنیەکان دەست پێدەکات. ئەوەیش بیرۆکەی بەرگری دەبێتە بەشێک لە ئاماجەکانی. هەر بۆ ئەم مەبەستە شاخی مووسا  وەک بنکەی بەرەنگاربوونەوە هەڵدەبژێرێت ،کە لە ڕووی جەنگەوە پێگەیەکی ستراتیجی و گرنگ بووە . ئیدی  زۆربەی خەڵکی ئەو گوندانە بیرۆکەکەی پەسەند دەکەن و دەست بە جێ بەجێ کردنی دەکەن.
کەواتە [ موسا کاڵۆشیان ] فریادڕەسی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بوو ،کە بە زیرەکی و لێهاتووی گیانی بەرگری ، توانی ئەو خەڵکە لە مردنی ئەکید رزگار بکات.
ڕووداوەکانی ئەم بەرگریە لەلایەن ڕومانووسی نەمساوی [فرانز ورفڵ ] ساڵی 1933 کرایە ڕۆمانێک  بە نیوی[40 ڕۆژ لە شاخی موسا]، پاشان هەمان  ڕۆمان ساڵی [1982] کرایە فلیمی سینەمایی.
سەرنج/ تەنها ڕێکەوتە کە موسا ناوی شاخی بەرگری و هاوکات ناوی سەرکردەی بەرگری کارانیشە.