خوێنى زەهراش ووشک بووەوە

Tuesday, 27/04/2021, 17:21

10946 بینراوە


بەداخەوە خەریکە ژنکوشتن لەناو کۆمەڵى کوردەواریدا ئەبێت بەکەلتور، ڕەنگە ئیتر کورد بەژنکوژى بناسرێتەوە یان هەرکاتێک ناوى کورد ببرێت بە دوو وشەى  ( ژن و کوشتن ) بیربکەوێتەوە. 
ئەلیعزەر چفریر سەرۆکى هۆبەى موساد لەکوردستان، ئەڵێت کورد لەگەڵ نەهامەتیەکاندا ڕاهاتووە، ئەو قسەیە ڕاستە هەر رۆژێکى نوێ مەینەتى و نەهامەتیەکى پێیە، ئەو سیخوڕەى مۆساد و دەوڵەتەکەى هاوکارێکى بێوێنە بوون هەتا هەژمونى خێلەکى بەسەر سیاسەتدا لە کوردستاندا زاڵ بکەن، لەگەڵ هەڵگیرسانى بزوتنەوە چەتەگەرییەى کەناوى شۆڕشى ئەیلولى لێنراوە، ژنکوژى دەستیپێکردووە، یەکێتی هەڵگرى هەمان ئەو کردە قێزەونە بە دڕندانەتر کەوتنە ژنکوشتن، دواى ساڵى ١٩٩١ و دروستکردنى حکومەتى تاڵانى وچەتەگەریى زەمینەیەکى لەبارتریان بۆ ژنکوژى هێنایە ئاراوە.
زەهرا لەژێر سایەى دەسەڵاتى خێڵەکی بەرزانیدا کوژرا، کە خۆیان پێیان شەرم و شورەییە ژنیان دەربکەوێت، کچانیان مافى هاوسەرگیرى و پێکەوە ژیانیان لێسەنراوەتەوە و پیاوانیان بڕیاردەرن و ئەبێت سنورى خێڵ تێنەپەڕێنێت، هەر تێپەڕینێک مەرگى مسۆگەرى بەشوێنەوەیە.
دەسەڵاتى خێڵەکى وەک کەلاکێکى تۆپیو حیزبەکانیتر وەک مێش و مەگەز تێیئالاون و بەرپرسیان لەم دۆخە ژنکوژییە، بۆمانەوەى خۆیان و دەسەڵاتى چەتەگەرییان سڵ لە هیچ کردەیەکى نائەخلاقى و بێویژدانى و دژە ئینسانى ناکەنەوە، دەسەڵاتى یاسادانانیان کردووە بە چەقۆیەک و هەرکاتێک پێویستی کرد میللەتى پێبریندار ئەکەن. دادگاکانیان کردووە بە هێزێکى سەرکوتگەر دژ بە خەڵکى هەژار و خەڵکى بوێر و ئازادیخواز، دادوەرەکانیان وەها خەساندووە بۆ موچەى قرتێندراویان ئەپاڕێنەوە. لەپاڵ ویژان کڕین هێزى چەکدارى جۆراوجۆریان هەیە بۆ سەرکوت بێمافکردن. ڕاگەیاندنێکى زەبەلاح و ڕەنگاوڕەنگیان دروستکردووە بۆ سەرقاڵکردن و بەڵاڕێدابردنى خەڵک و هەڵخەڵەتاندن و یاریکردن بە هەست و چارەنوسى نەوە دواى نەوە.
 سەرەڕاى ئەوانە دەسەڵات پێویستى بە ئامرازێکى کاریگەرترە بۆهەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنى ویست و ئارەزوى خەڵک، بۆ حوکمێکى شارستانى و دیموکراتى کە مافەکانیان پارێزراو و دەستەبەر بێت، باشترین ئامراز بۆ ئەوانەش ئایینە. ئیمڕۆ لەسایەى دەسەڵاتى نەوتدز و خاکفرۆش توێژێکى هەمەڕەنگى مەلاى مفتەخۆر و حیزبە ئیسلامیەکان بەربونەتە گیانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و خەریکە بیر و هۆشیان داگیر ئەکەن. ئاینکاران لەبرى کۆمەڵانى خەڵک بڕیار ئەدەن و دەست ئەخەنە ناو هەموو کاروبارێکى مرۆڤەکانەوە، هەتا ئەگاتە ژوورى نوستن و خواردن و ڕۆیشتن و ڕیشتاشین و برۆى کچان...هتد. ئینسان ئەکەن بە تۆپەڵێک تاوان هەتا کەسەکە خۆى بەتاوانبار بزانێت و کەسێکى لاواز و بێئیرادەى لێدەئەچێت، بەئاسانترین شێوە بیر و هۆشى داگیر ئەکەن. کاڵایەکیان پێیە کە ناوی (حەرام) کردنە. هەموو ڕۆژێک سەدان حەرامکراو بەگوێى خەڵکدا ئەکەن. حەرامکردن بەگوێرەى ئایینى ئیسلام ئەوانەن کە لە قورئاندا هاتووە و دیاریکراوە، بەڵام ئێستا بازرگانانى ئاین خوایەکیان قوتکردۆتەوە بەناوى زانانایانى ئیسلام کە ئەمانیش بەڕاست و چەپدا رۆژانە حەرامکراوەکان زۆر ئەکەن، زنجیریان کردۆتە دەست و قاچى خەڵکانى سادە و دڵساف، ئەمە جگە لەو تەکفیرکردنانە، کە تاقمى دەسەڵات بەدەستى لێدەربچێت قەپ بە قاچى هەموو کەسێکدا ئەکەن، هەموو ئاینیان لە ناوگەڵى مێینە و جنێوفرۆشیدا کۆکردۆتەوە، بڕواننە جنێوى ئیسلامیەکان چ لەمینبەرى مزگەوت یان فەیسبوک ڕوى جنێوفرۆشانى یەکێتى و پارتى و گۆڕانیان سپیکردۆتەوە.
یەکێک لەو ئیدعا نائینسانى و قێزەونانەیان بانگەشەیە بۆ بە شودانى کچى مناڵ دەکات. هەریەکەیان ژەهر و لیکاو و کێماوى مەلاکانى سعودیە و کەناڵى ئیسلام وێبى قەتەرى و کتێبە ڕزیو و پڕتوکاوەکان ئەهێنن و دەرخواردى خەڵکى سادە و بێدەرەتانى کوردستانى ئەدەن. هەزار و یەک پاساوى نابەجێ بۆ ئەهێننەوە بەرگى شەرع و پیرۆزیى بەبەردا ئەکەن... لەکۆتایشدا ئەڵێن ئیجماعى عولەماى لەسەرە. 
 نەگبەتى مێینەى کوردە کەسێک هەڵنەکەوت بڵێت خۆ ئەمە واتە بەشودانى مناڵان لە جێگیرییەکانى (ثوابت) ئاین نییە، لەگۆڕاوەکانە (متغیرات) بە یاسا چارەسەر ئەکرێت، وەک لەیاساى بارى کەسێتیدا هاتووە تەمەنى هاوسەرگیرى تەواوکردنى ١٨ ساڵە.
بۆ نمونە بڕوانە ئەم ژەهرەى لەدەمى ئەم زیندەوەرەوە دێتە دەرەوە، ئەگەر دەسەڵات بەدەست کەسانى خەمخۆر و بەدەربەست بوایە، ئەگەر دەسەڵات بەدەست ئینسانەوە بوایە، ئەبوایە ئەم کابرایە زیندانى بکرایە، هاوسەرگیرى بە شودانى کچۆلەکان تاوانە و توند و تیژى سێکسیە بەرامبەریان و پێشێلکردنى مافى مرۆڤە، سەیر ئەوەیە نەقابەى پزیشکانیش بەرامبەر ئەم بە ناو دکتۆرە بێدەنگیان هەڵبژاردووە کە پیشەى پزیشکى خستۆتە خزمەت خەرافیات و شتى هیچ و پوچەوە.
ڕیکخراوەکانى ژنان و ڕێکخراوى مناڵ پارێزانیش سویچەکانیان لەلایەن حیزبەوە کوژێنراوەتەوە هەتا کاتى هەڵبژاردن.
زەهرا کاتێک تەمەنى تەنها ١٢ساڵ بووە واتە لە پۆلى شەشى سەرەتایی بووە - ئەگەر لەقوتابخانە بووبێت - لەلایەن باوکێکى دڵڕەق و بێبەزەییەوە، کە هیچ سۆزێکى باوکایەتى لەجەستەیدا نییە بە شوودراوە، لەکاتێکدا لە ڕووى جەستەیی و دەرونى و بارى کۆمەڵایەتیەوە هیچ ئامادەییەکى تێدانیە و کەوتۆتە ژێر ئەرکێکى تاقەت پروکێن لە کاتێکدا هاوتەمەنەکانى سەرقالى خوێندن و یارى منالانەن. ئەو بەشودانە تاوانێکى توند و تیژییە بەرامبەر ئەو مناڵە، کاریگەرى خراپى لە ڕووى تەندروستى و جەستەیی و دەرونیەوە لێئەکەوێتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەى مناڵى ئەبێت ئەو کاتە مناڵێک ئەرکى بەخێوکردنى مناڵێکى ئەکەوێتە سەرشان، بە پێى ئامارەکان هاوسەرگیرى مناڵان بەزۆرى کێشە و ئاژاوە و لێکترازانى خێزانى لێئەکەوێتە، وەکو زەهراى جوانەمەرگ کە ویستویانە بەزۆر لەماڵێکدا بێت کە هەموو ساتێکى نائارامى بووە و لەم نێوەدا ئەو باوکە دژ بە کچەکەى وەستاوەتەوە و پشتگیرى زاواکەى کردووە، هەتا ڕادەى کوشتنى کچەکەى، ئەو باوکە تاوانبارى سەرەکى مەرگى کچەکەکیەتى، پاش بکوژى کچەکەى کە زاواکەیەتى و ئەو مەلایە بەگوێرەى یاسا تاوانێکى کردووە کە ئەو کچۆلەیەى مارەکردووە، ئەوەش لە غیابى یاسادا کە هیچ لێپێچینەوە لەو جۆرە مەلایەدا نەکراوە، ئەوەش بوارى بۆ رەخساندون، نەک ئەو جۆرە کارە بکەن بەڵکو هێرش وتاریان بەزۆرى دژ بە کچ و ژنانە و دردۆنگى و نەسرەتیان بڵاوکردۆتەوە و ڕۆژانە برەوى پێئەدەن، ئەوانەش دەرهاویشتەى حوکمێکى خێلەکى بێ یاسایە. 
بەنزیکەى حەوت سال پێش ئێستا لە قەزاى شێخان سەر بە پارێزگاى دهۆک مناڵەژنێکى تەمەن ١٤ ساڵ بەناوى (دنیا) لەلایەن مێردەکەیەوە کە ٣٨ ساڵ لەو گەورەتر بوو، کوژرا، ئەو پیاوە ٦ مناڵى لە ژنێکی ترى هەبوو، بەگومانى ئەوەى، کە دنیا پەیوەندى لەگەڵ هەرزەکارێکى هاوتەمەنیدا هەبووبێت، لاشەى ژنەکەى بەدواى ئۆتۆمبیلدا ڕائەکێشێت و بەکوژراویش تەقەى لێئەکات و لاشەلى بێگیانى لەشەقامێکدا فڕێئەدات. 
 وا خوێنى زەهراش وشک ئەبێتەوە، وەکو دنیا و سەدانی تر ئەچنە خانەى لەبیر چونەوە، میکرۆفۆن بەدەستەکانیش ئەو ناوە چۆڵئەکەن و کادرێکى حیزب ئەکەن بە پاڵەوان لە سیناریۆیەکى پارتیانەدا چەند پەرەیەکى قورئانى هەڵگرتۆتەوە، لچ کولێرەیەکى ئەوروپا ئەبێت بەپاڵەوان کە شوى بە ئەوروپیەک کردووە و کردویەتى بە موسڵمان، ڕێکخراوەکانى ژنانیش چی بکەن بە کوشتنى ئەوژنە مناڵە، چ زەرەرێکى لەحکومەت داوە ؟ حوکمەتیش وەزیرى ناوخۆى ڕاسپاردووە بۆ سۆراغى ئیشەکە، ئیتر ئیشێک بۆ دادگا نەمایەوە. 
 زەهراش کوردەوارى خۆش.... 

بڕواننە تراژیدیاى دوو کچۆڵەى بەشودراو..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە