پەیامێک بۆ ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەمڕۆ

Saturday, 01/05/2021, 22:20

4009 بینراوە


من پێموایە بەشداری هەڵبژاردن نەکەیت یان بەشداری بکەیت و کورسی بەدەست نەهێنیت زۆرباشترە تا ئەوەی بچنەوە باوەشی دوو گەورە حیزبەکە، چونکە کە ئێوە خەڵکیتان واتێگەیاندبوو کە بون و مانەوەی ئێوە زەرورەتی قۆناغەکەیە، ئەویش بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و گۆڕانکاری لە کایەکانی دەسەڵات و دورخستنەوەی ئەوانەی کە چارەنوسی ئەم میللەتەیان بە ئەمڕۆ گەیاند.
ئەی خێرە ئەمڕۆ ژێربەڕێر خەریکن خۆتان بچوک و ناشیرین دەکەن و دەسەڵاتیش گەورە و جوانتر دەکەن.
ئەوەی ئێوە هەوڵی بۆ دەدەن چەندکورسیەکی پەرلەمانی بەغدایە، وا ئەوکورسیانەشیان پێ خەڵاتکردن پێمناڵێن بەو چەند کورسیەوە چیتان بۆ باری لاری میللەت پێدەکرێت؟
ئایا دەزانن ئەگەر هەردوو گەورە حیزبەکە سەرکەوتوبون لە ڕاکێشانی ئێوە بۆ نێو باوەش خۆیان ئیتر ئێوەش بەخۆتان بزانن یان نا هێندەی پوشێک سەنگ و قورسایتان لای تەنانەت جەماوەری خۆشتان نامێنێت، ئەی بۆ وەک ئەوەی نەتانتوانی لیستێکی هاوپەیمانی لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی دروستبکەن، ئەی بۆ هەرحیزبە و بە نوێنەری خۆی یان سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکە ناکەن، با کورسیش نەهێنن، یان گەر هەر ڕەشبینن بە پرۆسەکە هەر بەشداری مەکەن و بایکۆتی بکەن.
لەخۆتان بپرسن لە ساڵانی ڕابردودا چیتان بۆ ئەو میللەتە قوڕبەسەرە پێکراوە لە بەغدا، وا ئێستە ئەوەندە دڵگەرم بن؟ با دواین لێدوان و مژدەی نوێنەرەکانی بەغداتان بیربخەمەوە، ئێوە مژدەی ئەوەتان پێنەداین کە گوایە (لە ڕێکەوتنەکەتان لە گەڵ بەغدا بڕگەیەکتان تێدا چەسپاندووە کە ئیتر نابێت حکومەتی هەرێم موچە بە لێبڕینەوە دابەشبکات)!، دەی دابەشیکرد یان نا؟
ئەگەر لە خولەکانی پێشودا توانیبێتتان دەنگەدەنگێکتان کردبێت یان لە ڕاگەیاندنەکانەوە خۆتان نمایشکردبێت، ئەوە بە بەشداریکردنتان لەم گەمەیەدا ڕوی ئەو خۆنمایشکردنەشتان نابێت.
بەنیازن لە خولەکانی داهاتوی پەرلەمانی عێراق شەری چی بۆ میللەت بکەن، لە کاتێکدا حیزبە گەورەکانیش بێ ئیرادەکراون و وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزان بڕیار لە چارەنوسی گەلانی عێراق دەدەن.
یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەست و پێی ئێوەی بەستووە و ناتوانن لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان هیچ بکەن، بەڵام تەنیا یەک سود و قازانجی ئێوە لە بەشداریکردن لە پەرلەمان و حکومەت دەوڵەمەند بونی نوێنەرەکانتان بوە و هیچیتر، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە نوێنەرەکانتان ژێربەژێر کڕدراون یان دەمیان شیرینکراوە.
بەکورتی و کوردی گەرەکمە بێژم بڕۆن بەشداری لیستەکانیان بکەن، دڵنیابن نەک جەماوەر تەنانەت ئەندامەکانی خۆشتان دەنگتان پێنادەن.
ئامۆژگاریەکیش بۆ یەکێتی و پارتی، نەکەن دڵ بە دەگی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانیتر خۆشبکەن، ئێوەش دڵنیابن کە ئەوان دەنگ بە نوێنەرەکانی خۆیان نادەن، ئەگەر لە ناو لیستی ئێوەدابن، هەرچەندە لاى ئێوە بەشدارى نەکردنى خەڵکى لە دەنگدان قازانجى زیاترە تا بەشداریکردن!، بەڵام ئەگەر هەربۆ کڕین و دەمکوتکردن و ناشیرینکردنیان لیستی هاوبەشیان لەگەڵ پێک دێنن ئەوە دەستتان خۆشبێت.
ناو و ناوبانگ و کورسیەک بە سواڵ و سەدەقە بەدەست بێت و ئیرادەت لێبسەنێتەوە مردنە مردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە