فەتوا... پێشکەشە بە هەموو ئەوانەی ئەقڵیان لاقەکراوە

Sunday, 02/05/2021, 19:08

10538 بینراوە


لەمێژووی بەشەریەتدا هیچ شتێک هێندەی فەتوا ئابڕوبەرانە نەبووە، فەتوا سوکایەتیکردنە بە مرۆڤ وەک بونێکی عاقڵ و خاوەنی دەرەتان و بڕیاردان لەچارەنوسی خۆی.فەتوا دەرکردنی ژنە لە دونیای بیرکردنەوە و سەپاندنی هزری نێرسالاریە،لە فەتوادا جێگایەک بۆ ژن نییە.فەتوا لاقەکردنی ئەقڵە و هەر ئەقڵێک لاقەنەکرێت ناچێتە ژێرباری فەتواوە،بەڵام لە کۆمەڵگەیدینیدا لەمناڵیەوە مێشک لاقەدەکرێت،پیاوانی دین دانایی لەمرۆڤدا دەکوژن، کاتێک. فەتوا بەدرێژایی مێژوو هەوڵێکی دیکتاتۆرانە بووە بۆ بە مێگەلکردنی کۆمەڵگاو کوشتنی جیاوازیەکان و یەک ڕەنگکردن. فەتوا بڕوا نەبونە بەڕای جیاوازو ئازادی ڕادەربڕین. فتوا جگە لەخواستی سوڵتانەکان بۆ بەمێگەلکردن و گوێڕایەڵکردنی کۆمەڵگا هیچیتر نییە، لەمێشکی سوڵتانە زۆردارەکان و لەدەمی زانایانی دین دێتە دەرەوە. لە ژێرناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی مافی مرۆڤ و ئەوسنورەی کە دەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا هەبێت پێشێل دەکەن فتوا هیچ نییە جگە لەوەی سوڵتانێک دەیهەوێت بەناوخوداوە وا لەخەڵک بکات بەبێ خواستی ئەو پەنجە نەخەنەناو ئاو، بیر لەهیچ شتێک نەکەنەوە، خواستی خوایەتی سوڵتانە بەسەر خەڵکەوە و هیچیتر، هەمان خواستی ئەفلاتونە کە دەیهەویست سیستەمێکی شمولی دا بمەزرێنێت . سیستەمێک کەتێیدا فەرمانڕەوا لەهەموان ئاقڵترن، بەڵام ئەمڕۆ زۆر لەبیروڕاکانی ئەفلاتون بۆ ئێمە مایەی گاڵتەجاڕین ، هەر وەک فەتوای پیاوانی دین. پریکلیس وە ک بەرگریکەر لە دیموکراسی وتویەتی: دەشێت کۆمەڵێک کەس سیستەمێکی سیاسی دابمەزرێنن، بەڵام هەموومان دەتوانین دادوەری لەبارەیەوە بکەین. لەبەر ئەوە فتوا بەتەواوی دژی دیموکراسی و ئازادی ئەقڵ و کۆمەڵگەی مەدەنیە. نکۆڵیکردنە لەوەی، کە خەڵک دەتوانن خۆیان بڕیار لە ژیانی خۆیان بدەن. باوەڕ نەبونە بەعەقڵ لە بەڕێوەبرنی ژیانی مرۆڤدا. لەهەمووی گرنگتر فەتوا وەدەرنانی ژنە لە کۆمەڵگا بەتەواوی ، تا ژنیش ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت، بۆ بە کۆیلەکرنی کۆمەڵگاش دەبێت لەپێشدا ئازادی لەژن بسەندرێتەوەو لە هەموو بوارەکانی ژیان وەدەرنرێت.
لەبەر ئەوە دەرکردنی فەتوا لەم سەردەمەدا شەرمەزارییەکی گەورە یە بۆ خاوەنەکەی . چونکە باوەڕناکەم لەم سەردەمەدا فەتوا لەماڵەکەی خۆشیاندا گوێی لێبگیرێت. ئیتر سەردەمی ئەقڵە، ئەگەر کەسانێک ناتوانن بڕیار لەژیانی خۆیان بدەن ئەوە پەیوەندی بەکەسانی دیکەوە نیە. سەردەمی ئەقڵەو ئەقڵەکان ڕێگە نادەن کەسانیتر لەجیاتییان بیربکەنەوە و بڕیار لەچارنوسیان بدەن. هیچ پاساوێک لەسەدەی بیست ویەکدا نییە بۆ ئەوەی کەسانیدیکە تەداخولی ژیانی شەخسی بکەن ئاخۆ چی دەخوات و چیدەکات و چۆن بیردەکاتەوە. سروشت عەقڵێکی بەمرۆڤ بەخشیوە، کە بێسنور دەتوانێت مۆدێلی بیرکردنەوە بەرهەم بێنێت، سنورداری مەکەن . بەدرێژایی مێژووی ئیسلام فەتوادەرەکان خواستەکانی سوڵتان و خەلیفەکانیان جێکردۆتەوە و پارێزەری بەرژەوەندی سوڵتانە ملهوڕو شەڕخوازەکان بوون. ئەگەر ڕۆژگارێک پیاوانی دینی خوێندەوار ترین توێژی کۆمەڵگابوبن، ئەوا ئەمڕۆ بە پێچەوانەوەیە. ئەو ژنانەی کە پیاوانی دینی پێیان وابو نابێت لەماڵ بێنەدەرەوە بە تەنیا و دەبێ گوێڕایەڵبن. چونکە پیاو نەفەقەیان ئەدا، ئەوا ئەمڕۆ ژنان مامۆستاو ئەندازیارو دکتۆر و نوسەرو ڕۆژنامەنوسن، ئەمڕۆ ژنان بەفڕۆکە بەئاسماندا دەسوڕێنەوە، وەزیرو پەرلەمانتارن، دەرونناس و کۆمەڵناسن. ئەمڕۆ پیاوانی دینی دەبێت بچن ڕێنمایی تەندروستی لە پزیشکی ژن وەربگرن. عەقڵ ڕەگەزی نییە. پێویستە فەتوادەر بەرلەوەی بیر لەوەبکاتاوە کە لەبارەی ژنەوە بڕیاربدات، بزانێت ئەم لەکوێیە و ژن لەکوێیە! سەیرێکی ڕۆژئاوا بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە