چیرۆکەکانی شار: (گۆڕهەڵکەنێک و سەگە چاو زەردەکەی)

Monday, 03/05/2021, 1:16

5755 بینراوە


بەیانیەک لە مزگەوتی بنتەبەق لە شاری سلێمانی، لاشەی مردوویەکم دی بۆ یەکەمین جار، کە پیاوێک لام وابوو، مجەوەرەی مزگەوتەکە بوو، لەسەر تاتە شۆرێک خەریکی شتنی لاشەکەبوو، لاشەیەک تەنها، نەکەس بۆی دەگریا، نەکەس لەخەمیا بوو، لاواز هەموو پەراسۆکانی دیاربوو هەستت دەکرد کە هەژاری هاڕیوێتی، هەربەڕاستی زۆر ترسام، نەم دەزانی کە لاشەی بێگیان، بۆچی هێندە ترسناکە ...؟ 
لەگەڵ هەڵچونی تەمەنداو گەڕانم بەجیهانداو دورکەوتنەوەم لەماڵو نیشتمان، گەلێک لاشەی ترم دی لەهەموو تەمەنێک، نێر، مێ، لەسەرەمەرگا، بێگیان، هەلاهەلابوو، بێ دەست، بێ قاچ و بێ چاو، سوتاو، یان کرم تێداو، بۆنکردوو، یان خوێن لەگیانیان دەهات، زۆرڕەنگ لەلاشەم بینیوە، کەزیاتر لەفیلمی ترسناکدا بوونی هەیە و دەیبینین، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت، لاشە بێگیانەکەی ئەوبەیانیەی ناو ماڵی خوام بیرناچێتەوە، کە لەسەر تاتە شۆرەکە چاوم پێی کەوت، ئەولاشەیە یەکەمین وانەی مردنی دابەگوێکانمدا ئەولاشەیە لەپەیکەرێکی لاواز دەچوو لەژووی تاقیگایەک .
 گەر لێم بپرسن ئەو بەیانییە بۆچی لەو لاشەیە ترسایت ...؟
دەڵێم نازانم ....!
 هەر بەڕاستیش نازانم، بۆچی تاساڵانێکی زۆر ئەو دیمەنە وون نەدەبوو لە بەرچاوم ؟
ئەوترسە وەک سێبەرەکەم هەنگاوی دەنالەگەڵمدا، شەو تادرەنگانێ تاخەو دەیبردمەوە، بیرم لەلای ئەو پیاوەلاوازەی سەر تاتەشۆرەکەبووکەلەوبەیانیەدا چاوم پێیکەوت  ....!
 هەرجارێک بۆ نیشتمان سەفەر دەکەم و دەگەڕێمەوە سلێمانی، ئارەزوو دەکەم ئەو دیمەنانە ببینمەوە کە بەمێردمنداڵی یان منداڵی وێنەم کێشاون لەناو هزرمدا تۆمارم کردوون دوور لەویستی خۆم، بۆتە بەشێک لەبیرەوەریم .
هەست دەکەم من لەکێشانی وێنەی ڕووداوەکاندا توانام هەیە، چونکە دەتوانم چەنین دەمژمێر بیر لەوشتگەلانە بکەمەوە کە لەجێگەیەک چاوم پێیان کەوتووە.
بۆنمونە : " لەئەسحابە سپی، ئەو ژن و پیاوە گوندیانە ببینمەوە، کە بەیانیان چارۆکەکانیان دادەخست و شەمامەو کالیارو کاڵەکی زەرد، یان سەوزەو میوەی هەمەجۆری بۆندارەکانیان دادەنا، ئەو شەقامەیان گوڵاو پرژێن دەکرد، بەبۆنی شەمامەو کالیارو کاڵەکەکانیان، دەمەوێت ئەو مەنجەڵە ماست و پەنیرە کوردیانە ببینمەوە کەلەبەردەم چایخانەکەی سەعەتاکۆیدا بەڕیز دانرابوون و بۆنێکی فێنکیان لەو ناوە دابڵاو دەکردەوە، قەرسیلی سەر مەنجەڵەکان بۆنی بەهەشت و ژیانی لێدەهات.
 یان لەمەیدانی ماستەکەو ژێرپردەکەی شەقامی مەولەویدا، چاوم بکەوێت بە پەلەوەرە کوردێکان و هێلکە ڕەنگ قاوەیەکاڵە کوردێکان کە بەکایەکی زەرد پارێزگاریان لێدەکرا و گوندێکان کەخەندەکانیان لە گوڵی بەیبوون دەچوو لەکاتی مامامەڵەکردنیاندا.ئەوان پڕ پڕبوون لەژیان، تا چێشتهەنگاو هەرچیەکیان بەدەست بهێنایە لەمامەڵەکانیاندا، دەیاندا بەکوجی و مەسکەت و شیرینی و چا و شەکر و دەگەڕانەوە بۆ گوندە گەرمەکانیان کەپڕ بوو لەژیان .
 لەنانەوخانەکەی مام غەفوردا کەبەپێپلیکانەی  پردەکەدا دەچویتەخوارەوە نانەوخانەکەبوو، بۆنی نانی عاشەبکەم کە بەیانیان سفرەی ماڵەوەی بۆ گەرم دەکردینەوە و لەدەوری سینەیەکی فافۆنی گەوردا کۆیدەکردینەوە .
 دەمەوێت سواری پشتی ئەو گوێدرێژانە ببمەوە، کە نیوەڕوان لە گوندێکانمان وەردەگرت لە ناو بازاڕ، لە بەردەم بەلەدێکەدا کە بارەکانیان دادەنا، ئێمەش دەمان بردەوە بۆ خانەکان کە دەیاووت : ئەمە بۆ خانی عەلی یە.
دەمەوێت گوندێکانی شارباژێڕ بگەڕێنمەوە ناو یادەوەریم کەدەهاتن لەگەڕەکەکەمان ترێ و هەنجیرو هەرمێکانیان بە گەنم و نیسک و برنج ئاڵوگۆڕ پێ دەکرد، تەرازوویەکیان پێبوو سادە وەک دڵیان، دەستە زبرو بەئەمەکەکانیان هێندە پتەو بوو پڕپڕبوو لەمهرەبانی، خۆشیان بۆنی شاخ و شەهامەتیان لێدەهات.
 ئەودەم ئێمەی منداڵ دەورمان دەدان و ئەوانیش بۆڵە ترێیان لە بەرچنەکانیان دەردەهێناو دەیاندا پێمان، ئێمەش نانە ووردەمان لەبەردەم هێسترەکانیان دادەناو ئاومان بۆ دەهێنان تا ماندووبوونیان دەرچێت، سەیر لەوەدابوو...! 
 ئەو بەرچنانە هەرگیز بەتاڵنەدەبوونەوە تاهەموو گەڕەک تامی ترێ و هەرمێ و هەنجیریان نەکردایە.
 کە قەرەجەکان دەهاتن و هەواریان لەو دەشتەدا هەڵدەدا، شەوان ئاگردانەکانیان وەک ئاسمانی پڕلە ئەستێرە دەچوو .تادرەنگانێک ژیلەمۆی ئاگردانەکانیان دەدرەوشایەوە، گۆرانیان دەوت بەزمانێک کە ئێمە تێنەدەگەشتین، کەکۆچیشیان دەکرد تەنها خۆڵەمێشەکانیان دوای خۆیان جێدەهێشت، لەگەڵ بەردەکان کەڕەشداگەڕابوون بەئاگرەکانیان، پاش تاوابارەنە شێتەکەش بەردی ئاگردانەکان شێوەی خۆیاندەگرتەوە .
 شار چەنێک جوان بوو..! هەموو شتێک وەک خۆی پێناسەی وەرگرتبوو لەوکاتەدا .
 گەرچی من بێ هیوا بووم لە بینینەوەی ئەو یادگاریە جوان و خۆشانەی جارانی شاردا، بەڵام بەیانیەک بەتەنها بەشەقامە دزێو پڕ ئۆتۆمبیلەکاندا پیاسەم دەکرد، بەخەیەڵمداهات کە سەرێک لەگۆڕستان بدەم .
 لەوێ لای دایکم و باوکم کەمێک ئارامی بچنمەوە و سڵاوێکیش لەوان بکەم، بەلای منەوە کە دایک کۆچی کرد، ئیتر نیشتمان و شار دەبێتە نامۆترین جێگە بۆت.
 گرنگ نییە مرۆڤ لەچ تەمەنێکدا بیت؟
 مەرگی دایک هەموو خەوەکانت دەکوژێت .
ئەو شارە جوانەی کە لەمنداڵیدا عاشقی ببووم، ئێستا سەرابێکە کە دەگەڕێم تێیدا، نایناسمەوە یان خۆم ناناسمەوە تێیدا دەڵێی غەریبەیەکی نەفرەت لێکراوم ...دەڵێی کەوتومەتە ناو خەرەندێکی قوڵەوە، یان تونێلێکی تاریکی داخراوەوە.
 کەگەیشتمە گۆڕستانەکە، بینیم گۆڕستانەکە وا قەرەباڵغ ببوو بەزەحمەت گۆڕەکانم دۆزێوە.
 ئەم گۆڕستانە ئەم بەشەی ڕێک لەحەوشەی کۆنی ماڵمان دەچێت، دایک، باوک، پور، بابەحاجی، خاڵ، خوشک، کوڕانی پور چەند خزمێکی تر لێرەهەواریان هەلداوە، هەموویان سەریان کردوە بەیەکدا و لەنزیکی یەکتر ئارامیان گرتوە، گۆڕەکان خۆیان ببوون بەچیرۆکی ئەفسانەی ئەم گۆڕستانە .    
گیا وشکەکەی سەر گۆڕی دایکمم دەڕنی، چەند پارچە ڕۆژنامەیەک و چەوێک سەرنجی، خەریکی کۆکردنەوەی بووم، سەیرمکرد سەگێک لمۆزی کردبۆ سەر دەستەکانی و سەیری دەکردم.
 چاوەکانی زەرد فرمێسکێکی قەتیسماو لەسەر چاوەکانی بوو، وەک گریانێکی بێدەنگ، سەرم هەڵبڕی لەناو گۆڕێکەوە بەخاکەناز کڵۆی ووردە بەرد هەڵدەرایە دەرێ، بیست هەنگاوێک لە گۆڕەکەی دایکو باوکمەوە دووربوو .
 درەختێکی ووشکبوو لەنزیکی ئەو گۆڕەبوو کە خەریکی هەڵکەندنی بوون، لەناو کێلە خواروخێچەکاندا کە لەئاسەواری جەنگ دەچوو نەک گۆڕستان .
 پاش کەمێک پیاوێکی باریکەرە نەگەنج بوو نەپیر هاتەدەرەوە، کۆمەڵێک هێڵ و چرچی لەسەر ڕوخساری بوو، هەتاوەکە داخی کردبوو، پیر نەبوو بەڵام لە کتێبی مێژوو دەچوو، دەستەکانی پتەوسنگی کراوەبوو، توکە ڕەشەکەی سەرسنگی کە شەڵاڵی ئاراق بوو لەکانی تەقیو دەچوو، خۆشی دەم بەخەندە سمێڵە کانی بەدووکەڵی جگەرە زەرد هەڵگەڕابوو وەک چاوی سەگەکەی .
من دەویست بزانم داخۆ ئەم لەتە ڕۆژنامانە لەگەڵ ئەم دەنکە چەوەدا چی دەگەیەنێت وکێ ئەم یاریەی کردوە و لەسەر گۆڕەکە دایناوە ؟ 
 چونکە لەسەر گۆڕی خوشکەکەم و باوکیشم یەک دووانێکم کۆکردەوە، من بەکاری منداڵێکی بزێوم دەزانی .
سەگەکەی بانگ کرد زەردە وەرە .
بەکاوەخۆ سەگەکە لەبەر قاچی گۆڕهەڵکەنەکەدا وەستا، من چومەپێشەوە لێی و ووتم :
ئەم کاتەت باش، ماندوونەبیت.
ئەم کاتەی تۆش باش، هاتویتە سەرگۆڕی کەسوکارت، گۆڕهەڵکەنەکە لێیپرسیم ؟
 بەڵێ : دایکم باوکم ..ڕاستی زۆری خێزانەکەم لێرەن، دەکری بزانم ئەم لەتە ڕۆژنامەیەوئەم دەنکە چەوە چیە لەسەر گۆڕەکان دانراون ؟

 گۆڕهەڵکەنە پێکەنی و ووتی: تۆ زۆر بەدیقەتی ...! ئەوە شوێنەواری مەلایەکە کە قورئانی لەسەر گۆڕەکان خوێندوە .هەرجارەو چەوێک دادانێت لەگەڵ پاڕچەیەک ڕۆژنامە، ڕاستی ماوەیەکی زۆرە نایبینم، حەزیش ناکەم بیبینم چونکە دەنگی زۆر ناقۆڵایە .
ووتم کارێکی خراپم کرد کە ئەم چەولەتەڕۆژنامانەم فڕێدا ؟
گۆڕهەڵکەن لەوەڵامدا ووتی:
نا کارێکی باشت کرد، چونکە ڕۆژێک دیم بەسەر کێلەکاندا بازدەدات، بۆم ئاشکرابوو چاوەکانی خەوشیان نیە، تەنها کە لەگۆڕستانەکان نزیک دەبێتەوە پێویستی بەگۆچانێکو چاویلکەیەکی ڕەشە.
 ئەم بەردوو لەتە ڕۆژنامانە دانێت، ڕۆژانی هەینیش یەت پارە لە خاوەن مردۆکان کۆدەکاتەوە و شەرمی بەهیچ نییە .
 تۆ گۆڕ هەڵکەنی، ئەم سەگە هی تۆیە، من وامزانی نابێت سەگ بێتە گۆڕستانەکانەوە کەخاوەنی هەبێت ؟ 
 بەپێکەنینەوە ووتی : ئەم سەگە جیاوازە ...! ئەم ڕۆحێکی فڕێدراوی دابە من و هاوژینەکەم، بۆیە بۆکوێ بڕۆم دێت لەگەڵم و تالەژیاندا بێت لەگەڵمادەبێت، ئەو نازانێ ئێرە گۆڕستانە ئەومن دەناسێت نەک گۆڕستان .
 ئەی تۆ نازانی باڵندەی هێلانەدارو سەگ هەمیشە دەگەڕێنەوە لای خاوەنەکانیان، چیرۆکێکی تری سەگەکان سەربەرزییە، تۆش پێتوانییە؟ گۆڕهەڵکەنەکە پرسیاری لێکردم .
ڕۆحی فڕێدراو، بەڕاستی تێناگەم ؟
 وەڵامی نەدامەوە بۆیەووتم : ئەم گۆڕستانە چاک قەرەباڵغ بووە، جێگەی ترماوە بۆ مردۆکان، بیرمە وا گۆڕەکان بەسەریەکدا نەترشابوون، ئەم گۆڕستانە پێمان دەڵێت زیندۆکان چۆن دەژین و خاوەنی چ زەوقێکن ؟
 گۆڕهەنکەند بەڕووە خۆشەکەیەوە ووتی : بۆنایەیت چایەکت پێشکەش کەم و درێژە بەقسەکانمان بدەین، دیارە لەمێژە لێرە ژیان ناکەیت ؟ 
منیش حەزدەکەم لەم گۆڕستانە نەمێنم و گەشت بەسەر ئەم ئەستێرەیەدا بکەم .
 نا نەخێر سوپاست دەکەم من دەبێت بڕۆم ڕۆژێکی تر دێمەوە و قسەدەکەین .
گۆڕهەڵکەند ووتی : تۆ لێرە ناژیت، من ڕاستم یان نا؟
بەڵێ من لێرە ناژیم تۆ ڕاستدەکەیت ؟ 
بەس چۆن زانیت، لەگۆڕهەڵکەندم پرسی ؟ 
 چونکە کەمن ئەوانەی لێرە دەژین سەردانی گۆڕەکان بکەن، بگرە هەر نایەن، بەتایبەت گەنجەکان ئەوان هەر ڕێگەیان ناکەوێتەئێرە .
گۆڕهەڵکەند ڕۆشت، منیش چوم سەیری ئەو گۆڕەمکرد کە هەڵی کەندبوو لەمابەینی دووگۆڕی تردا، داخۆ ئەمە گۆڕی چ نەگبەتێک بێت، وەرەژیان جێبهێڵیت و لاشەکەت لێرە بشارنەوە ؟ 
دەبێت لەگۆڕهەڵکەنەکە بپرسم، چۆن دەزانێت ئەم جێگەیە بەتاڵە تا گۆڕەکە هەڵکەنێت ؟
 ئەی ئەندازیارەکان کاریان چییە، ئەگەر لەگۆڕستانەکان نەبن، بەڕاست یاساکان چۆن دانراون لەم گۆڕستانەدا ؟
 گەرمای ئەو ڕۆژەو کارێک کەدەبوو بەدەنگێوە بچم وایکرد کە گۆڕستانەکە م جێهێشت.
گەرچی چاوم گێڕا، بەڵام نە گۆڕهەڵکەنەکەو نە سەگەچاوزەردەکە لەهیچ جێگەیەکەوە دیار نەبوون .
 کات چەند زوو دەڕوات، دووایی سێ ساڵ و حەوت مانگ گەڕامەوە نیشتمان و وەک پیشەی هەرجارێکم یەکەمین ڕۆژ دەچم سڵاوێک لە کۆچکردوانم دەکەم، ئەمجارە هاوڕیەکی خۆم لەگەڵدا بوو، چێشت هەنگاوێک گەیشتینە گۆڕستانەکە و لەڕێگە چیرۆکی گۆڕهەڵکەنەکەم بۆ هاوڕێکەم گێڕایەوە .
 ئەویش تامەزرۆی ئەوەبوو کە ئەو پیاوە سەیرە ببینێت . 
 کە گەیشتینە گۆڕستانەکە، بینینەوەی گۆڕەکانی باوک و دایکم دژوارتر بوو، بەڵام من چەتری گۆڕستانێکم کردبوو بەنیشان، ئەوە تۆزێک یارمەتی دام .
 بەڵام گۆڕستانەکە چەند جار قەرەباڵغتر ببوو، لەدڵی خۆمدا ووتم: سەیرە لەو ماوەیەدا ئەم هەموو خەڵکە مردوون ؟ 
ئەمە لەمەیدانی جەنگ دەچێت ...! 
 سەیری ئەم گۆڕستانە لەوەدایە لەهەموو لایەکەوە دەتوانی  بێیتە ناویەوە هیچ شوراو پەرژینێکی نییە .
 بیرمە کەمنداڵ بووم، سەردەمێک پایگایەکی گەورەی سەربازی لەدەسپێکی گۆڕستانەکەدابوو کە دۆشکەیەکی چوارلوولەی لێدانرابوو، ئێستا هەمووی گۆڕە و کێلی پڕ ئایەتە، گەڕی کێل و هەڵدانی بۆیاخ و نوسراوەکان پێمان دەڵێن، لێرە لەم گۆڕستانە مردۆکانیش وەک زیندۆکان وونبوون .
 گۆڕستانەکە چۆڵبوو جگە لەکێل و چەند چەرداخی ژەنگتێداو داری ڕووتاوەی لاواز هیچی تری تیانەبوو .
 ئەوەی زیاتر سەرنجی ڕاکێشاین، نەبوونی باڵندەبوو چۆلەکەیەک، کۆترێک، یان باڵندەیەکی تری داماو بۆدەرمانیش لێرە نەبوون، کزەبایەک بەناو کێلەکاندا دەڕۆی لەتارمایی بێدەنگ دەچوو، گۆڕستانەکە گەڵای تێدانەبوو، تاکزەباکە لەنجەیەکی پێبکات، ئەوەی بەردەستی باکە کە دەووت دڕک و پەڕەی چڵکن و کیسەی عەلاگەی ڕەش بوو دەیهێناو دەیبرد، ئێرە لەجێگەیەکی نەفرەت لێکراو دەچوو، زۆر بەزەیم بەڕۆحی مردۆکاندا دەهاتەوە .
 دوای ئەوەی دڵنیابووین گۆڕهەڵکەنەکە و سەگەچاوزەردەکەی، لەهیچ شوێنێکەوە دیار نییە، ئێمەش بڕیارماندا کە گۆڕستانەکە جێبهێڵین .
بەدەستی چەپدا دووکرێکارمان دی خەریکی دروستکردنی کێلبوون، بێوەستان چوینەلایان، لەوناوەدا چەو و لم و چیمەنتۆو بەرد وشیش و خاکەنازو خەباتەیەکی ژەنگاوی و دووبەرمیلی گەورەی ڕەش دانرابوو کەئاوی تێدابوو .
 ماندوو نەبن، دوایی سڵاو کردن لێیان، یەکێک لەکرێکاراکان کە گەنجێک بوو ووتی : چیتان دەوێت ؟ 
" گۆڕ، کێل، بۆیاخ، نوێکردنەوەی نوسینی سەرگۆڕ، گۆڕهەڵبەستن، خەتم و مەولود ".
 ووتم: ئێمە ویستمان سڵاوێک لەو گۆڕهەڵکەنە بکەین کە سەگێکی چاوزەردی هەبوو .
 گەنجەکە خاکەنازەکەی چەقاندە لمەکەو هاواریکرد ..باوکە، باوکە...
پیاوێک بەویقار لە ژوورەکە هاتە ناو دەرگا ڕەشە یەک تاکێکەو ووتی :هاکوڕم ئازاد چیە، ئەو هەرایەت ناوەتەوە ؟
 ئەم کاکەیە هەواڵی "هاوار" دەپرسێ ڕەنگە شتێک بزانێت لەبارەی گەشتەکەیەوە ؟ 
 باوکەکە بەخێرهاتنی کردین بۆژوورەکە ی، ژوورێک قەرەوێڵەیەکی تیادانرابوو، تەباخێک و چەند دەفری فافۆن و کەتریەکی چاو، یەدوو شوشەی چڵکنی چاو شەکردو کەوچک و پیاڵە و پەردەخ، بەدیوارەکەشەوە یەک دوو خاکەنازو پاچ هەڵپەسێرابوو، لەدەستی ڕاستیشدا ئایەتێک بەخواری هەڵواسرابوو .
 ئێمە دانیشتین، پیاوە بەویقارەکەووتی : ئێوەش هاو سەفەری هاوار بوون ؟
 باشتربوو بڵێم، ئێوە ئەوانەن کە لەدەریاکە ڕزگارتان بووە؟ 
هاوار ناونیشانی ئێرەی پێداوون ؟
 هاوڕێکەم هیچ زانیاریەکی نەبوو، من هاتمە دەنگ و ووتم : نا خاڵۆگیان، ئێمە بۆیە هەواڵی گۆڕهەڵکەنەکەمان پرسی، بەر لەچەندساڵ من هاتم بۆسەردانی گۆڕستان و کاک هاوارم دی کە خۆی و سەگێکی چاوزەرد لەبەرخۆرەکەدا خەریکی هەڵکەندنی گۆڕێک بوو.
 ڕاستربڵێم گۆڕەکەی هەڵکەندبوو، منیش قسەم لەگەڵ کرد، ئێستاش کەهاتوومەتەوە ویستم تەنها سڵاوێکی لێبکەم .
 پیاوە بەویقارەکە کە دووبرۆی ئەستوری ماشوبرنجی پێوەبوو ووتی : تۆچیرۆکی سەگەکە دەزانی ؟
ووتم نا، بەڵام بیرمە گۆڕهەڵکەنە کاک هاوار ووتی : ئەم سەگەجیاوازە، ئەم سەگە ڕۆحی بەمن و هاوژینەکەم بەخشی .هەرئەوەیە بۆیە دوای ئەو ساڵانە، حەزم بەوەکرد چیرۆکی بەخشینی ڕۆحەکە ببیستم .
 پیاوە بەویقارە چاوەکانی نوقان و ووتی : هاوار وەک کوڕی خۆم وابوو باوکیشی بەرلەوەی کۆچبکات، خوالەگوناحی خۆشبێت هەرلێرە گۆڕ هەڵکەن بوو، ساڵانێکی زۆر پێکەوەبووین کارماندەکرد، دوایی هاواری وەک میراتگری خۆی جێهێشت .
بەر لە پێنج شەش ساڵ بەیانیەکیان بەفرپڕووشەی دەکرد.
ئەوسەگەی باسی دەکەیت بەخۆی وپریاسکەیەکەوە هاتبۆ بەردەم ئەم ژوورە کە تەنها هاواری لێبوو ئەوبەیانییە .
 هاوار پڕدەداتە خاکەنازێک تا سەگەکە دورخاتەوە .
 کەچی سەگەکە پرسیاسکە زەدباوە دادەنێت و چەند مەترێک دەڕواو دوای دادەنیشێت و سەری دەخاتە سەر دەستەکانی و لەهاواردەڕوانێت .
 هاواریش کە پریاسکەکە سەیردەکات مەلۆتکەیەک دەبینێت لەخاولیەک پێچراوە، کە سەیردەکات منداڵەکە نەمردوە .
ئیتر بەخێرای دەیباتەوە ماڵێ، ئاخر هاوارو ژنەکەی دکتۆرنەما سەردانی نەکەن منداڵیان نەدەبوو .
 ئەوسەگە چاوزەردە منداڵێکی بۆهێنان کە لەو بەیانیە ساردەدا لەمابەینی دووکێلدا فڕێیان دابوو.ئیتر هاوارو ژنەکەی بوونەخاوەنی کچێک کەناویان نابوو "بەفر" و سەگەکەشیان ناونا زەردە و پێشمان دەووت کڕێوە .
 کەسمان نەمان زانی لەو سەرماو کڕێوەیەی ئەو بەیانیەدا چۆن زەدە ئەو لەتە گۆشتەی نەخواردبوو ؟
کڕێوە زۆر تایبەتمەند بوو، ئەو گۆشتی نەدەخوارد، نان و ئاوبۆ ئەو بەس بوو، قەت نەدەوەڕی بەڵام سامێکی سەیری هەبوو، نەکلکی بادەدا، نە حەزی بەیاریکردو هەڵبەزوو دابەس بوو، بەردەوام سەری کاسی دەکردە سەر دەستەکانی و لە هەمووشتێکی دەڕوانی .
بەرلە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوانزەڕۆژ، هاوار چێشهەنگاوێک هات دنیا هەوربوو کزەی بایەکی باراناوی هەڵیکردبوو .ووتم: کوڕم هاوار بۆ وا درەنگ هاتی شتێکت لێقەوماوە ؟
هاواردەستی کردەگریان ووتی: زەردەجێی هێشتین کڕێوە مرد، ئەو دەڵێ خەوتووە، هاوار بەهیچ کلۆجێ ژیرنەدەبۆوە .
ڕاستی منیش و کوڕەکەشم و عەبدولی هاوکاریشمان بەو هەواڵە دڵگران بووین .
گەرچی عەبدول هەمووجارێک دەیووت ئەم سەگەگڵاوە، دەستنوێژەکەم دەشکێنێت، بەڵام کە هاوار ووتی: گۆڕی بۆ هەڵدەکەنم، ئێمە هیچمان نەووت، کەسمان نەمانتوانی قسەیەک بکەین .
چەند ڕۆژێک هاوار دیاری نەبوو، پاش پێنج ڕۆژ هاتەوە ووتی :مامە ئیتر ئێمە دەڕۆین .
ووتم :بۆکوێ دەڕۆی، کاری ترت دۆزیوەتەوە؟
هاوار ووتی : نا کارێکم نەدۆزیوەتەوە، من بۆکوێ بڕۆم هەر گۆڕ هەڵدەکەنم ئەوەکاری منە، دەڕۆین تا جیهان ببینین .
 ئاخر نابینن ئەم هەمووخەڵکە لە دەریادا نقوم دەبێت ؟
هاوار ووتی : مامە گیان کوا ئێمە لەدەریادا غەرق بواینایە، ئەی تۆ نازانی کە دنیایی ژێرئاو، زۆر ئارام بەخشە،
بێدەنگ و ئارامە، ئاوەکە زۆر بەئارامی بەدەورتدا دەڕوات، بێدەنگیەکی گەورەو شین، چەند خۆشەگۆڕەکەت لەناو دەریابێت.
ووتم کوڕم شێت بوویت ...!؟
 هیچ وەڵامی نەدامەوە، پاش کەمێک ووتی دەڕۆین گەیشتینە هەر جێگەیەک هەوڵ دەدەم ئاگادارت کەم لەژیانمان.
بۆ بەتەنها ناڕۆیت ژن و بەفری کچیشت دەبەیت؟ 
بەڵێ، مامەگیان ئەوانیش دەبەم تا جیهان بگەڕێن و ببینین، کەگەیشتین وێنەی گۆڕستانەکانی ئەوێت بۆ دەنێرم .
 پاش مانگێک پەیوەندی کرد و پێی ووتم: کە لەتورکیان .
 ئیتر دەنگیان نەما تا ڕۆژێک زانیمان بەلەمەکەیان نقومی دەریاکەبووە و لەگەڵ ٤٠کەسی تردا.
جارێک چوار لاشەیان لەتورکیا هێنایەوە کە لەدەریادا نقوم بوون، ئێمە گۆڕمان بۆهەڵکەندن .
بەڵام بیستمان هاوارو بەفرو ژنەکەی لاشەکانیان نەدۆزراوەتەوە، پێت بڵێم خۆشی هەروای ووت : کە ئاواتی ئەوەبوو لەدەریادا بمرێت، ئەودەیزانی مردن و ئەجەلی دیاربوو .
 من و هاوڕێکەم نەمان دەزانی چیبڵێن ..! من ووتم : بەڕاستی چیرۆکی کاکە هاوار چیرۆکێکی پڕئازارە، خۆزگە نەکەوتنایەتە دەریاکەوەو بەدڵی خۆیان جیهان بگەڕانایە .
 بڕوام وابوو کە بگەشتایەتە هەرجێگەیەک، لەگەڕانەوەیدا گۆڕستانەکەی دەکردە جێگەیەک کە زیندۆکانیش ئارەزووی مانەوەیان لێبکردایە ...
ماڵئاوایمان کرد ....
 هاوڕێکەم ووتی :بەڕاستی تۆ شتی سەیر دەبینیتەوە ؟
 بەردەوام بوو ووتی: خۆزگە سینەماکارێک ئەمەی دەکردە فیلم .
هەردووکمان بێدەنگ لەگۆڕستانەکە دورکەوتینەوە ...تا گەیشتینە سەر شەقامە جەنجاڵەکە هەردووکمان تاسابووین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە