سەردەشت و شیروان و دادگای تەمیز

Thursday, 06/05/2021, 0:45

3668 بینراوە


هەندێک ڕووداو هەن لە کۆتاییەکانیانەوە دەست پێدەکەن. هەندێک مردنیش هەن لە گەڵ دوا هەناسە و دوا قوڵبی‌ خوێن ئەو دەم ژیان و بەردەوامی دەدەن. هەندێک کەسایەتیش‌هەن زۆر ئاسایی دەردەکەون یان دەریشناکەون و هیچ کات تیشکیان لە سەر نیە، بەڵام کە دەڕۆن و لە بەرچاو ون دەکرێن ئەو کات بۆ هەتاییە بە دوایاندا دەگەڕێین. هەندێک نووسەریش هەن دەڵێی بە دەستی ئەنقەست مردنی تراژیدی وا بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن، تا هانمان بدەن بچینەوە سەر نووسینەکانیان کە لە کاتی خۆیدا سەرپێی خویندوماننەتەوە و درکمان بە هێماکان و ئاماژە قوڵەکانی نێویان نەکردووە و کۆدەکانیمان نەشکاندووە، تا بیاندۆزینەوە. لە نموونەی زیندووی ئەو ڕوداوە و ئەو نووسەرە و ئەو نووسین و ئەو چیرۆکە، ڕووداوی ڕفاندنی سەردەشت و مردنەکەی و نووسینەکانێتی.
بەڵێ ئەوە سەردەشت عوسمان بوو کە لە ڕووداوی تیرۆرکردنیدا کۆتایی نەهات بەڵکو ئەو لەوێوە دەستی پێکرد. ئەو کە  تیرۆر کرا، ئەنجا بوو سەرەتای چیرۆکێکی دوور و درێژ. سەرەتای چیرۆکێکی‌ تراژیدی کە ئێستا ئێمە لە ناو ڕووداوەکانیدا دەژین و کۆتایی ئەم چیرۆکە پێچەوانەی سەرەتاکەی دەبێت چونکە دواجار لۆژیک وا ئەڵێت کە تراژیدیا بە شادی کۆتایی دێت. شادییەک کە کە پڕاوپڕ بێت لە زەردەخەنە. لەو جۆرە زەردەخەنانەی کە سەردەشت عوسمان لە ئاهەنگی دەرچوونیدا لە زانکۆ بە سەر کوڕ و کچە هاوڕێکانی دەیبەخشییەوە. ئەم چیرۆکەی سەردەشت عوسمان کە بە ڕفاندنەکەی دەست پێ دەکات لە بەردەمی زانکۆکەیدا بەردەوامە تا ئێستا و هەرچ کاتێکیش گەیشتە کۆتایی، دیسان کۆتایی نایەت. ئەو هەمیشە خۆی تازە دەکاتەوە جارێک لە هۆنراوە و جارێک لە شانۆ و سبەی لە فیلمی سینەمایی و...هتد. سەردەشت ترسێک بوو بۆ پایەکانی دەسەڵاتی خێڵ و نووسینەکانی مەخزا و کۆدی هەراسانکەری تێدا بوو. ئەوەی تیرۆری کرد هیچی نەکرد، تەنها ژیانی لە سەردەشت وەرگرتەوە و ژیانی بەخشییە نووسینەکانی و تەسفییەی جەستەیەکی کرد و بەڵام کردی بە سیمبولێک کە لە نێو دێڕ و وشەکانیدا وێنە و دەنگ و ڕوخساری بۆ هەمیشە بێنە بەرچاوی بکوژانی. ئەوەی سەردەشتیش بۆی بەجێ هێشتین پەیامێک بوو بۆ بکوژانی کە ئیترخوێن ڕشتن لە سەر ڕەخنە بەو ئاسانییە تێناپەڕێ و وشەکان هەر دەنووسرێن وئاماژەکانیش ئاراستە دەکرێن، بۆ ڕێگەچارەی تر بگەڕێن یان خۆتان چاک بکەن ئەگەر دەرفەتی چاککردنتان ماوە.
ئەمڕۆش دوای چەندین ساڵ لەو چیرۆکەدا و لە کەیسی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانیدا هەمان هەوڵی تیرۆرکردن دووبارە دەبێتەوە.  بەڵام ئەمجارە بە چەکی نایاسایی حزبی و دادگا و دادوەری حزبی نەک بە چەکی ئۆتۆماتیکی. بە تۆمەتی داتاشراوی پڕ بە بەری یاساکان و دەستکراوەیی دادوەرە حزبییەکان. تۆمەتەکان هەمان تۆمەتەکانی سەردەشتن، کە ئەمانیش سەر بە گروپی تیرۆریستین. لە دۆخی سەردەشتدا دەنگیان کپ کرد بە کۆتایی هێنان بە ژیانی و لە دۆخی ئەمانیشدا دەبینین کە چۆن لە پاش دادگایی کردنیش لە هەر لێدوان و سەردان و پەیوەندییەک بە دونیای دەرەوە دابڕێنراون و دەنگیان کپ کراوە. 
جیاوازی نێوان کپکردنی دەنگی سەردەشت لە گەڵ کپ کردنی دەنگی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی لەوەدایە  کە دەنگی سەردەشتیان بە تەواوەتی و بە شێوەی تەسفییەی جەسەدی کپ کرد و ئەنجا کەوتنە داڕشتنی چیرۆکی خەیاڵی و پینە و پەڕۆی یاسایی. بەڵام لە دۆخی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانیدا چیرۆکی خەیاڵی داڕشتن و پینە و پەڕۆی یاسایی پێش کەوت تا ئامادەیان بکەن بۆ تەسفییەی حیساب نەک جەسەدی و لە سەر شەقامەکانی تیرۆر نا بەڵکو لە دادگاکانی حزبدا. من وای دەبینم کە تیرۆری سەردەشت گرێیەکی دەروونی بوو بۆیان، ویستیان بە کوشتن بیکەنەوە، بەڵام لێکەوتەکانی تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام لە دۆخی گیراوەکانی بادینان گرێی دەست بوو خستیانە دان و هەرچی بکەن تازە بۆیان ناکرێتەوە. چونکە کارەکەیان سەر لە بەری نایاساییە، جگە لە دادگا کارتۆنییەکەی هەولێر هیچ دادوەر و دادگایەکی دیکە ئەمە بە ڕەوا نابینێت. هیچ حزب ولایەنێکی دیکە ئەمه بە ڕەوا نابینن. گڕێیەکی ئاڵۆزیان خستۆتە بەردەمی دادگای تەمیز کە بە دانیش ناکرێتەوە. ئەو گرێیەی  دادگاکانی هەوڵێر بە مەبەست و بە نەزانی ئاڵۆزیان کرد، بە هەزار دادگای تەمیز ناکرێتەوە. ئێستا کەیسی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی لە نێوان حوکمی قەرەقوشی دادگای هەولێر و سووربوونی مەسروور لە سەر دادگایی کردنیان و ناڕەوایی دادگاییەکە و دوابڕیاری دادگای تەمیز لە لایەکی دیکەوە، ماوەتەوە. ئەم کەیسە وەکو دارێکە لە هەر لایەکەوە بیگری بە کەڵکی گرتن نەماوە بۆ دەسەڵات. دواجار دەسەڵات و دەزگاکانی ئاسایش و خودی مەسروریشی پێ نابووتر ئەبێت. بە پەسەند کردنی دادگاییەکە، ئەوا ئەگەر دەرگای دۆزەخێک لە ناڕەزایی شەقام بە دوای خۆیدا نەهێنێ، قوفڵێکی گەورەترلە زیندانی ئازادییەکان ئەدرێت. ئەو پەیامەی سەردەشت پێی داین تا ماوەیەکی دیکە ئەخرێتە سەر ڕەفەکان و ئازادییەکان زیاتر خەفە دەبن. گەر دادگاییەکەش پەسەند نەکرێ و ئازاد بکرێن کە خواستی هەرە زۆری شەقام و لایەنەکانە، ئەوا شکۆی دادگا و سەرۆک حکومەتەکەیان و دەزگاکانی ئاسایش بە تەواوی ئەشکێ و لەوەش زیاتر شیروانی و هاوەڵەکانی گەلێ قسەی نەوتراوی دیکەیان پێیە کە زور کاریگەرتر لەوەی کە لە سەری گیراون دەسەڵاتی پێناشرین ئەبێت. دواجار نە پێیان هەرس ئەکرێ و نە ڕێگەشەیان پێ دەدرێت. بۆیە دەڵێم گرێی کەیسی شیروان شیروانی وهاوەڵەکانیان وا ئاڵۆز کردوە وا بە ئاسانی بۆیان ناکرێتەوە. بۆیە هیچ  ڕەوا نیە شەقام پشتیان تێ بکات و بۆ دادگای تەمیز جێیان بهێڵێت. دواجار ئەمەش هەر تیرۆرە و لە فۆرمێکی دیکەدا خۆی تازەکردۆتەوە. ئەمڕۆ ئەوان سبەی یەخەی هەر هەموومان ئەگرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە