چین و ئەمریکا و جەنگ!

Saturday, 08/05/2021, 22:11

10629 بینراوە


هێزی ئابووری گرنگە بۆ گەلان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی و پێگەی وڵاتان لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوەخۆدا، هەروها ئامرازێکە ڕەنگدانەوەی لەسەر هاوسەنگی هێز لەسەر ئاستی جیهان و ناوچیدا دەبێت، کە بێگومان دەسەڵاتی سیاسی کۆنتڕۆڵی جۆری بەکارهێنانی دەکات، کە چین ئەمڕۆ توانیویەتی بە بەکارهێنانی ئەو هێزە نەرمە پێگەی سیاسی و ئابووریی خۆی لەجاران زێتر پتەو بکات و بگاتە ئاستێک لەگەڵ ئەمریکادا هاوشان و ئامادە بێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دنیا. 
بۆ ئەمریکا مەترسیەکە تەنیا لە هاوشانبوونی چین نییە لەگەڵ ئەو، بەڵکو نیگەرانی ئەمریکا لەوەدایە، کە بەردەوام بوونی ئەو دۆخە لە ئایندەدا چین بەرەو  ئەوە ببات ببێ بە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی دنیادا و  ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا شکۆی خۆی لە دەستبدات.  
لە چوار تا پێنج دەیەی ڕابردوودا، چین بە یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانی دنیا هەژمار دەکرا، بەڵام ئێستا بەهێزبوونی ئابووریی چین سەرئێشەی زۆری بۆ ئەمریکا دروست کردوە، ئەمڕۆ گۆڕانی هاوکێشەی هێز لەنێوان ئەمریکا و چین جیاوازی هەیە لەگەڵ جاران، لە ڕابردوودا ئەمریکا نیگەرانی ئەوە بوو کە گەشەکردنی چین وەک هاوپەیمانیەکی ڕوسی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕوسیا، بەڵام ئەمڕۆ چین خۆی بووە بەهێزێک کە لە دنیادا مەترسی لەسەر دەسەڵات و هەیمەنەی ئەمریکا دروست کردوە و هاوپەیمانێکی بەهێزی ڕوسیاش ماوە.
مێژوو پێمان دەڵێت، کە ئەمریکا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە بەهێز کردنی چین، چەند جارێک لە چەند وتارێکدا ترامپ کاتێک سەڕۆکی ئەمریکا بوو پەنجەی بۆ ئەو ڕاستییە درێژ دەکرد، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی کەمی ڕێژەی گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەی چینی بۆ نێو ئەمریکا و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا بۆ ئەو وڵاتە. بە دڵنیاییەوە لە ڕابردوودا ئەم هەڵویستەی ئەمریکا بە خۆڕایی نەبووە، ئەڵبەتە جگە لە بەرژەوەندییە ئابووریەکانیی لەگەڵ چین، ئەمریکا هەوڵی دەدا چین لە باوەشی ڕوسیا دەربهێنێت، لەگەڵ کات و گۆڕانی سەڕۆکەکانی ئەو وڵاتە گەمەی سیاسی بکات، هەوڵبدات دەستتێوردان لەگەڵ دەنگی ناڕەزایی شەقام و پارتی ئۆپۆزسیۆنی نێو چین بکات و بگات بە ئەنجامێک وەک ئەوەی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی دا، بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێت، کە ئەمریکا لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبووە، چین توانی لە ڕووی ئابووری سوودمەند بێت و بەرەی ڕوسیاش بەجێنەهێڵێت.
بۆ زێتر لە دوو دەیی دەچێت، ئەمریکا فۆکەیسی زێتر خستە سەر ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوکان، هەمیشە  لە میدیاکاندا ڕایدەگەیاند، کە دوژمنی سەرەکیی و پلە یەکی  ئەوان ئەو ڕێکخراوانەن، بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بە گۆڕەپانی جەنگ دژی ئەو ڕێکخراوانە، لەو قۆناغە مێژووییە دیاریکراوەدا، چین توانی سوودمەند بێت لەسەرقاڵبوونی ئەمریکا،  ئەو هەلە بقۆزێتەوە و کات بەفیڕۆ نەدات، بۆ پەڕەپێدان و پتەوکردنی زێتری هێزی ئابووری خۆی، بۆیە تێبینی دەکرێت کە لە سێ چوار دەیەی ڕابردوودا چین توانی لە هەژارترین وڵات ببێت بە دەوڵەمەنترین وڵات و ببێت بە خاوەنی پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاش، بەڵام دوای هێوربوونەوەی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئیسلامییە توندڕەوەکان، ئەمریکا هەنووکە ئاوڕێک لەو  هێزە دەداتەوە کە خەریکە پێگەی پێ لەق بکات، لەسەر ئاستی دنیادا و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێستا دوژمنی سەرەکیی و پلە یەکی ئەوان چینە. 
 ئەمریکا و چین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دۆست و دوژمنی خۆیان هەیە، بۆیە هەردووکیان هەوڵدەدەن هاوپەیمانیەتی دژی یەکدی لەسەر ئەو ئاستەدا دروست بکەن. بە واتەیەکی دی ئەمریکا نایەوێت چین و هاوپەیمانانی بەتایبەتی ڕوسیا لەبەرەیەکی بەهێزدا گەلەکۆمکی لە ئەمریکا بکەن، بۆیە هەندێک لە بڕیاربەدەستانی ئەمریکا جەنگیان وەک هەڵبژاردەیەک لەبەردەمدایە، دەرکیان بەوە کردوە کە ئەگەر ئەو هەڵبژاردەیە هەڵبژێرن ئەمڕۆ باشترە لە سبەی، لەبەرئەوەی ڕۆژبەڕۆژ چین لە گەشەسەندنی زێترە، شانبەشانی ئەوەش چاوسوورکردنەوەی ئەمریکا گرنگە بۆ ئەو وڵاتە بچووکانەی کە هاوسێن و لەنێو ئوقیانووسەکان دژ بە ئەمریکان تا نەوێرن دژ بە ئەمریکا جوڵە بکەن.
 لە ئاکامدا پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا چین و ئەمریکا بەبێ ئەوەی بڕیاری جەنگ بدەن، ڕازی دەبن لە دەسەڵاتی دنیادا  وەک دوو جەمسەر بەشداربن، یان  دەیانەوێت ئەو گرفتە بە جەنگ یەکلایی بکەنەوە؟
 دەمێکە جەنگی ئابووریی لەنێوان چین و ئەمریکادا هەڵگیرساوە، وێرای ئەوەش ئەزموون و مێژووش پێمان دەڵێن، کە لە هیچ قۆناغێکی مێژووی دیاریکراودا کە گرفت لەسەر کۆنتڕۆڵ و گرتنە دەستی دەسەڵات بووبێت ئەوا بەبێ هەڵگیرساندنی جەنگێکی خوێناوی نەبووە، هەروها زۆربەی چاودێرانی سیاسی و توێژەرانی مەلەفی ئەمریکی و چینی پێیان وایە کە ئەو جەنگە ڕوودەدات، بەڵام جیاوازی دەبێت لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم.
پێشبینی دەکرێت کە جەنگی نێوان ئەمریکا و چین زێتر شەڕی مووشەک بێت بەڵام لە کۆتاییدا هیچ لایەنێک بڕاوە نابێت، کۆمەڵیک لە وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور و ئوسترالیا و نیوزلەند زەرەرمەند دەبن، لەبەرئەوە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵدەدەن لەسەر مێزی گفتوگۆ هەردوو لا کۆبکەنەوە و لە ئەنجامدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێزی چین و ئەمریکا کۆنتڕۆڵی دنیا دەکەن، واتە پێشبینی ئەو جەنگە دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هێشتا تا ڕادەیەک بواری ئەوە ماوە، کە هەردوو وڵات ئەو گرفتە لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکلای بکەنەوە، ڕەچاوی بەرژەوەندیی گەلانی دنیا بکەن، کە هەرگیز لە جەنگدا کەس براوە نەبووە، ئەمریکا و چینیش دوو هێزی زەبەلاحن هەرگیز نەبەجەنگ نە بەبێجەنگ ناتوانن یەکتری لەبەین ببەن، جەنگی ئەو دوو وڵاتە زۆر جیاواتر و زەبەلاحتر دەبێت بەبەراورد لەگەڵ  جەنگی هاوپەیمانان دژ بە ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکان لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە