بۆ بەرزڕاگرتن و شکۆداریی یادی کوچی مستەفای حەسەنە گەورە

Friday, 07/05/2021, 2:41

2922 بینراوە


من وەکو کەسێک لە بنەماڵەکەی پاکڕەوان مستەفا حەسەن گەورە بۆ بەرزڕاگرتن و شکۆداریی یادی کوچی مستەفای حەسەنە گەورە کتێبخانەکەی خۆمم لە ساڵوەگەڕی کۆچی پڕ سوێ و لەناکاویکدا. بەخشی. کتێبەکان ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی زانستی، زمان، تەندروستی، ئەدەبیات و شعر، چیرۆک، ڕۆمان، هونەری، فکری و فەلسەف بوون. کتێبەکانم دابەشکرد: هەموو کتێبە فکری و فەلسەفییەکانم پێشکەشی زانکۆی ڕاپەڕین-بەشی فەلسەفە کرد تاکو فێرخوازانی فەلسەفە سودی لێوەربگرن وە کتێبەکانیش بە زمانەکانی: کوردی، ئەرەبی و ئینگلیزی بوون و سەرچاوەی زۆر باشن، فێرخواز دەتوانێ زۆر سودییان لێ ببینێ. من خۆم ئەو بەشەم لەوێ خوێندبوو کە کتێبخانەیەکی هەژاری هەبوو ئەوکات.
هەروەها بەشی زۆریی کتێبەکانم پێشکەشی کتێبخانەی گشتی سەنگەسەر کرد، چونکە پاکڕەوان خۆی لەوێ لەدایکبووە و لەوێ گەورە بووە. تا خەڵکی خۆشەویستی سەنگەسەر سودی لێ ببینن، کتێبخانەکەشییان تاڕادەیەک هەژار بوو. کتێبەکانیش پێکهاتبوون لە بابەتی زانستی، زمان، ئەدەبیات و شعر، چیرۆک، ڕۆمان، فکری و هونەریی....هتد. لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گۆڤارەکانی "کاروان و ڕامان" کە بابەتەکانی هەردوو گۆڤارەکە بابەتی ئەدەبیی، فکریی، هونەریی، ولێکۆڵینەوەن ...هتد.
بەشەکەیتریشم پێشکەشی کتێبخانەی گربداخ کرد لە قەڵادزێ، کە کتێبخانەیەکی خۆبەخشە. خاوەنەکەی گەنجێکی ڕۆشنفکر و ڕەسەن بەناوی "دانیار ڕەسوڵ"ە. مارکێتی هەیە، لەناو مارکێتەکەیدا کتێبخانەیەکی کردۆتەوە، نیوەی زیاتری دوکانەکەی کردووە بە کتێب و دەیدات بەخوێنەران تاکو بیخوێننەوە بۆ ماوەیەک لایان دەبێت بەبێ بەرانبەر.
دەمەوێ لێرەوە و لەم یادە پڕ شکۆیەدا ئەوە بێنمەوە زمان کە ڕاستە پاکڕەوان بە جەستە لامان ڕۆشتووە بەڵام هێز و ئیرادە، فکر و ڕامان، ڕوحی ئەو هەر لەگەڵماندا دەژیت و ڕێگاکەی هەمیشە ئاوەدان دەبێت.
ئەو ئامانجەی ئەو بۆی تێدەکۆشا ئێمە و هاوڕێ و هاوڕێبازانی و خەڵکی خەباتکار ئەرکەکەی تەواو دەکەین تا ئەو جێگایەی تەمەن بوار بدات، بەشێواز و ڕەنگی جۆراوجۆر لە خزمەتی کۆمەڵگاکەماندا دەبین.
نەمر مستەفا گەورە خۆی بەها بوو، بۆیە ئێمەش لەگەڵ بەهاکانی ئەودا دەژین.
بێگومان ڕوحی ئەو هەروەها ئەو هێزەشی کە ئەو پێیداوین وادەکات ئێمەش بەڕێی ئەودا بڕۆین و تامردن خزمەتکاری خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووتی وڵاتەکەمان بین و دژبەری خەتی دەسەڵاتی ستەمکار و تاڵانی و خاکفرۆشی بین.
ژیان و تێکۆشانەکانی ئەو بۆ ئێمە و خەڵکی خەباتکار دەبێتە پێشنموونە و لێوەی فێر دەبین کە چۆن لەبەرەی خەڵکی ستەملێکراو بین دژی دەسەڵاتی قۆرخکەری ستەمکار. فێربین چۆن بەشکۆ و سەربەرزییەوە بژین و بمرین، پارە و بەرژەوەندی تایبەت کوێرمان نەکات لەئاستی هەقبێژیدا.
ڕێگای مستەفا حەسەن گەورە هەر ئاوەدان بێت، سەری گەلی کورد و هاوڕێ و هاوڕێبازانی مستەفا ساخ بێ بۆئەوەی ئامانجەکانییان بێننە دی.
بەهیواین و خەبات دەکەین تاکو ئامانجەکانی مستەفا گەورە دەهێنینە دی.
وێنەی سەرۆکایەتی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین

کتێبخانەی گشتی سەنگەسەر
وێنەی ئەو گەنجە خۆبەخشە کە بەشێک لە مارکێتەکەی کردووە بە کتێبخانە و جۆرەها کتێبی تێدایە، بێ بەرانبەر دەیدات بە خوێنەران.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە