مستەفای حەسەنە گەورە پێش ئەوەی ماڵئاوایی بکات، گیرفانیان تاڵان کرد

Saturday, 08/05/2021, 18:45

17791 بینراوە


وەک وەفایەک بۆ ئەندامێکی ستافی کوردستانپۆست ئەمساڵ یادێکی بچوکی مستەفای حەسەنە گەورەمان کردەوە. بەم یادکردنەوەیە ئەرکێکی ئەخلاقیی خۆمان بەجێهێنا، بۆ کەسێک  کە لە هەموو رۆژە سەخت و تاڵەکانی کوردستانپۆستدا لەگەڵماندا بوو، پشتگیری کردووین و یارمەتیی دەداین، نەترسانە لە ناو جەرگەی دەسەڵاتی دزی کوردیدا رایدەگەیاند، کە ئەندامی ستافی کوردستانپۆستە، هەر مستەفا بوو تیرۆرکردنەکەی سەردەشت عوسمانی ئاشکرا کرد، بەوەی لە رێگای مستەفاوە بە نهێنی وەک پەیامنێر کاری بۆ دەکردین. یادکردنەوەی مستەفای حەسەنە گەورە پەیامێکی ئێمەشی تێدا بوو، کە بە پێچەوانەی هەڵوێستی پارتەکانی باشوور، هەرئەوەندە کاریان بە کەسێک نەما، فەرامۆشیان دەکەن و لە کاتی تەنگانەدا ئاوڕ لە خۆیان  کەسوکاریان نادەنەوە، نمونەی کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی کە لە پێناوی ئەواندا ماڵ و گیانی خۆیان دادەنا ئەمڕۆ هیچ کام لەو پارتانە لێیان ناپرسنەوە.
بە ماڵئاوایی مستەفای حەسەنە گەورە ئێمەی ستافی کوردستانپۆست هەست بە تەنیایی و بۆشایی گەورە دەکەین، بەتایبەتی مستەفا کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوانی هەبوو.
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ماڵئاوایی مستەفای گەورەدا تێدەپەڕێت، چەند بەڕێزێکیش بۆ ئەو یادکردنەوەیە لەگەڵماندا هاوبەشییان کرد و ئەوەی پێویست بوو لە سەر مستەفایان نووسییەوە، بە پێی پەیوەندی و ناسیاوی دوور و نزیکی خۆیان پێناسەی ئەو کەسەیان کرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و کەسانی خەمخۆری گەل، چەند لێمان دووربکەونەوە، بە چاکە و دڵسوییان لە یاد ناچن و ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ کەسانی دیکە تا رێوشوێنیان هەڵبگرن و بە نەمری بمێننەوە.
ئەوەی ماوەتەوە شاراوەیە و باسی لێنەکراوە، دەمانەوێت بە کورتی قسەی لەسەر بکەین.
هەر کەسێک لە نزیکەوە ئەگەر مستەفای ناسیبێت، دەزانێت مستەفا کەسێکی دەستکراوە و دڵفراوان بوو، لە رووی مادییەوە یارمەتی زۆر کەسی دەدا، تەنانەت پارەی قەرز دەکرد، دەیدا بەو هاوڕێ و کەسە نزیکانەی خۆی کە دەیزانی دەرامەتیان خراپە و لێیان قەوماوە. لە زمانی یەکێک لە خوشکەزاکانی بە ناوی (ئالان) لە پەیوەندییەکدا ئەوەی بۆ گێڕاینەوە: کە ساڵی پار بەر لە تووشبوونی بە پەتای کۆڕۆنا و پێش گەڕانەوەی بۆ دانیمارک، ئۆتۆمبیلەکەی دەفرۆشێت، دەیەوێت بەشێک لە قەرزەکانی پێ بداتەوە، لەو پارەیەش 3.500 دۆلار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتەوە بۆ دانیمارک. هەر ئەو خوشکەزایەی دەگێڕێتەوە دەڵێت لەو ماوە کورتەدا کە خاڵمان تووشی نەخۆشییەکە بوو، ئیتر ئاگای لە خۆی نەما. ئەو پارەیەی کە پێی بوو دیارنەما، کەسمان نازانین کەوتە لای کێ و کێ خواردیی و شانی پێدا کرد، کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی.
لە کۆتاییدا و هەر لە زمانی ئەو خوشکەزایەوە دەڵێت خاڵم پارەیەکی زۆر قەرزدارە. من ئەرکی ئەو قەرزانەم گرتۆتە ئەستۆی خۆم، هەندێکیم داوەتەوە بۆ ئەوەی رۆحی خاڵم ئاسوودە بکەم، بڕیارم داوە هەموو قەرزەکانی بۆ بدەمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە