KURDISTANPOST
دانا هەڵەبجەیی
سێیەم نامە:
Saturday, 08/05/2021, 21:40
4797
بینراوە
لە مناڵییەوە ئەچرپێنن بە گوێدا، تەنانەت ناوەکەشت ئەگەر کوردیبێت، بە بانگی عەرەبی ناوێکی بیابانیت پێدا ئەسەپەنێنن. گەورەکانی ماڵ و داڵان، کوچە و کۆڵان و بازاڕ، خوێندنگە و دوایش زانکۆ و پارت و مزگەوت و شوێنی کارەکەت و کۆمەڵگە تۆیەک ئەخوڵقێنن کە خۆیان بتخوڵقینن و بتخولێننەوە .
هەموو خەریکی بونیادی بوکەڵەیەکن لە تۆ و داڕشتنی تۆن، تۆش وا ئەزانی بێ ئەو دروستکراوەی ئەوان کە ناوی تۆیان لێناوە، هیچ نییە بێ وان،. زۆر شانازی ئەکەیت بەوەی کە پێیانگەیاندوویت و سەر بە نەتەوە و ئایین و شار و خێڵ و ئەو گوندەیت کە ژیاویت تێیدا و هەیت. سەرقاڵ و سەرمەستیت بەو هەموو دەق و ڕق و بیر و پیرۆزییەی کە وا ئەزانیت جگە لە تۆ کەسی دیکە نە ڕاستە و نە ڕەوانە. بەڵام لەوە تێناگەیت کە تۆ دروستکراوی خۆت نیت، تۆ تەنیا وێنە و کۆپی ئەوانیت لە خۆتدا، تۆ هەڵسوڕاوی ئەوانیت بە فەرمانی سوڕانەوەی ئەوان ئەسوڕێتەوە و ئەسرەویت.
لە پێڵاولەپێکردنت تا پێخەف چوونت، هەر ئەچپێنن بە گوێدا، ئەقیڕێنن بە دەرورتا، ئەشیڕێنن بە ڕووتا. بە پەڕنووس بە کۆنووس، بە میدیا بە میوانی، بە بڵندگۆ و بە نزمگۆ، بە ئەسپایی بە خێرایی تۆ ئەکەن بە خۆیان، لێ بە خۆیانێکی بچوک و گرچک، بە گوێڕایەڵ و سەرایەڵ.
تۆ ئەگەیتە ئەو بڕوا و بیروڕایەی کە نەتوانیت بێ ئەوان خۆت بە هیچ بزانیت. ئیتر کە بویت بە خۆیان، ئەوسا تۆ مەقاش و مەعاشیت، تۆ ماڵی و کاڵیت، تۆ بۆ وانیت و لەوانیت.
هەرچەند ئەتەوێت لەو قەفەزە بێیتە دەرەوە، بەڵام نە فڕێن لە قەفەزدا مانای فڕینی بۆ دانیشتووی قەفەز ئەمێنێت، نە دنیای دەرەوەی قەفەزەیش مەنزڵگەی ئاسایشە بۆ ئالودەیەکی فێربووی ناو قەفەز.
دانا هەڵەبجەیی
© 2019- Kurdistanpost